شێوەکار
ئەم شیعرە، دێتە سەر وادەی مەرگی هونەرمەند(قەرەنی جەمیل)
۱-
بەبێ دابارین
چ باران بێ، چ بەفر
چ هەڵبوونی پەلکەزێڕینەبێ
چ شەوچرای چلورە
چەند دەستەپاچەم.
۲-
بەبێ هەڵکردنی ڕەنگ لە باخ
چەند کڵۆڵ و نابینام
ئاخر من وەک شاعیران نیم
لە وشە پەیکەر بتاشم
من بە ڕەنگەوە هەم.
۳-
لەم دواییانە
نامەیەکم بۆ خەزان نارد
زۆر دڵخۆشی کردم
لەگەڵ وەڵامەکەییدا،
مشتێک لە ڕەنگە هەرە جوانەکانی خۆیشی
بەدیاری بۆ ناردم.
٤-
ڕۆژێکیان سکێچێکم کێشا
ویستم ئارامییەکەی تاقیکەمەوە
مانگێک ڕەنگم لەسەری گرتەوە
بەوپەڕی تووڕەیی
لافیتەی ناڕەزایی هەڵگرت و
لە چوارچێوە هاتەدەر.
٥-
دیسان ویستم وێنەی مانگەشەو بکێشم
هەر شەوەی خۆی بە جۆرێک هەڵدەخست
لەبەر بزۆزییان، تا ئێستا نەمتوانیوە
وێنەیەکی بکێشم، لێی ڕازی بێ.
٥-
ڕۆژێکی پایزی تا ڕۆژئاوا چاوەڕێ بووم
وێنەیەکی ڕۆژ بکێشم
خۆ بداتە پەنای پەڵەهەورێک
لە سیلەیەک تیشکەکانی بهاوێژێ
ئای چەند مەراقی کردم
وەک مناڵێکی جینگەن، ئەوەی نەکرد و نەکرد.
٤-٦-٢٠٢٥ بێخاڵ
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق