مناڵێک لەسەر مانگە
پیاوێک لە خانەقایەکی شاری سلێمانی کەشکۆڵێک جێدێڵێت و وەک ڕۆمانێک دەکەوێتە بەر دیدەی ئێمەی خوێنەر.
یەکەم ڕستەی ئەم ڕۆمانە، سەرنجمان بۆ بابەتی خەتخۆشی ڕادەکێشێ و نووسەر زۆر بەجوانی هەڵوەستەی لەسەر ئەم هونەرە جوانەدا کردووە، هونەرێک خەریکە تەکنەلۆژیای نوێ ئەویش دەپێچێتەوە، وەک هەموو ئەو جوانییانەی مرۆڤ لەڕێی دەست و هزرییەوە ئافراندوونی و خەریکە تەکنەلۆژیا بێ بەهایان بکات و نرخێکیان بۆ دانەنێ.
تەکنیکی ڕۆمانەکە وایە، نابێت سەرنجت لەسەر ڕووداو و وێنەکان لابچێ، چون هەمووی گرێچنن و بەیەکەوە ئەم ڕۆمانە تەواو دەکەن، هەرچەندە لە ڕوودا وا بەدیار ناکەوێ، بەڵام هەموو بڕگەکانی پێکەوە گرێدراون.
لێرەش وەک ئەو قسە باوەی هەمیشە گوێمان لێ دەبێ، هونەر ناتوانێ دابینی ژیانی هۆنەر بکات، بۆیە بەسەر ژیانی کولەمەرگی سەید موحسیندا دەکەوین، کە ئەویش وەک هونەرمەندێک تا دەمرێ کرێچییە، بەڵام جوانترین تابلۆی خەتخۆشی لەدوای خۆی بەجێدێڵێ، کە سەرمایەی تەواوی ژیانی بوون. بە کۆچی دوایی سەید موحسین، ڕۆڵی ئەو وەک کاراکتەرێکی ناو ئەم ڕۆمانە دوایی نایێت، بەڵکو ئەبێتە گوێزەرەوەی پڵۆت و گرێچنی ڕووداوەکانی دوای خۆی، کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ پیاوێک بەریەک دەکەوین، تەواوکەری کار و خولیاکانی سەید موحسینە، لێرەدا و لە بەشەکانی دواتر، کە زۆربەی ڕووپەڕی ڕۆمانەکە داگیر دەکات، بەرکەوتنمان لەگەڵ سێ کاراکتەری سەرەکی دەبێ، پیاوێک، کە ئەشبێتە گێڕەرەوەی هەمووشتزان، منداڵێکی ئیفلیج بەناوی سیا و ڕاژۆ، کە تا بەشەکانی کۆتایی وا دەزانین باوکی سیایە.
ئەم پیاوە بۆ ماوەی ساڵێک لە خانەقایەک لە شاری سلێمانییدا دەژیێت و خۆی سەرقاڵی نووسینەوەی شیعری شاعیران و دواتر دۆزینەوەی چەند غەزەلێکی مەحوی شاعیر و بۆنکردنی هەبوونی ئەم غەزەلە وایلێدەکات سەرهەڵبگرێ و بەرەو سابڵاخ بڕوات، بەڵام لەسەر سنوور بەڕێکەوت ، ڕاژۆ دەبینێ. لە وەسفی کات و شوێندا دەڵێت: لە شەوێکی شین دا، ئەم شەوە شینە سەرخۆشی کردم و لەپڕ لەژێر کۆمەڵێک دارگوێزدا چاوم کردەوە و سیام لە باوەش گرت، ئەم ڕووداوە کتوپڕە ڕێڕەوی ژیان و چارەنووسی دەگۆڕێت، چونکە ئەو مەرامێکی تری هەیە، کەچی ئەم ڕووداوە دێتە پێش و ناتوانێ بەسەرییدا بازبدات. هەر لەوێ لەژێر تریفەی مانگ خێرا ڕاژۆ جێ دەهێڵێ و دەبینێ چۆن دەکوژرێ. بۆ ڕۆژی دواتر کە خۆڵباریینە، سواری پاسێک دەبێ و بەرەو شارێکی دوور دەڕوات، لە گوندێکی سارای عەرەبنشین دەگیرسێتەوە، تا کۆتایی چیرۆکەکە لەوێ دەگوزەرێنێ.
ئەوەی لەم بەشەدا گرنگە، قووڵبوونەوەی نووسەرە بەناو دنیای عیرفاندا لەڕێی کاراکتەرەکەیەوە، هەمیشە جەدەلێک دروست دەکات، بۆ خۆ دۆزینەوە و تێگەیشتن لە بوون و خودا، ئەم بەشەی زۆر بالکێشە.
وەک زۆربەی چیرۆکەکان، کۆتایی ئەم چیرۆکەش لەگەڵ مردنی یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام ئەوەی نایەوێ دەستهەڵبگرێ و بکەوێ کەشکۆڵەکەیە، کە هەموو ئەو شوێنانە دەکات و دواجار خانەقا ئەبێتە دوا مەئوای، هەروەک چۆن لەسەرەتادا ئەوەمان بەگوێدا دەچرپێنێ، کە تەواوی ڕووداوەکە کەشکۆڵێک کۆیان دەکاتەوە.
ئەم ڕۆمانە، هیوا قادر نووسیویەتی و ۲۲٤ لاپەڕەیە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق