وەرن با بیدۆزینەوە
وەرن
تاوانبارێک لێرەیە، بیدۆزنەوە
دەستەکانی بەخوێن سوور نیین،
وەلێ زمانی باش ناگەڕێ.
لەڕوودا ئارام بەدیاردەردەکەوێ،
وەلێ پەنجەکانی کە قەڵەم دەگرن،
خەرمانەی ترس بەدەوری سەری هەمووماندا دەگەڕێ.
ئەو لە کیشوەرێکی ون دەچێ،
نە هێشتا دۆزرابێتەوە
نەدەستی هیچ شارستانیەتێکی پێ گەیشتبێ.
جارجار جل و جامانەی دەگۆڕێتەوە بە قات،
وەلێ ئەقڵ و بیرکردنەوەی
هەمان ئەقڵ و بیرکردنەوەی جارانن، ڕەنگە باش پێنەگەیشتبێ.
ئەو چاوەکانی لەچاوی مەڕێکی نەخۆش دەچن،
وەلێ لە بیستندا، گوێیەکانی دەچنەوە سەر تایەفەی مشک.
بزەش، وەک خۆر و تاریکەشەو،
هەمیشە تۆراوە لە لێوەکانی.
بینییم بەو دوو چاوانەی خۆم بینییم
لەنێو داروپەردووی دەسەڵاتی پێشوو
دەیان واژۆی سەر ڕاپۆرتی ئەوم بینین،
وەلێ ئێستا کە دەیبینم، حوکمی شار و وڵات دەکات، دەمەوێ بمرم و نەمێنم.
دڵنیام ئێوە دەیناسنەوە
خۆ هیچ نەگۆڕاون خوو و خدەی
هەر هەمان سیخوڕەکەی جارانە،
وەلێ ئەمجارە، وەک قەلەڕەشێکی قیغ قیغکەر
زمانی لە کوردایەتی دەگەڕێ،
ئای کە بێنوێژیان کرد ئەم چەمکە
ئای چەند بێمیهر لە سۆزی هەموومانیان هێنایەدەر.
وەرن تا زەمەن دوورتری نەبردووین
تا زاکیرەمان بەتەواوی لەدەست نەداوە
تا وشە نوێیەکانی ئەو
ڕستە پتەوەکانی ناو دێڕەکانی
نەبوونەتە ئایەتێکی نوێ
نەبوونەتە سرووت
نەبوونەتە نوێژ و تاعەت
با بیدۆزینەوە و ڕایبگرین.
من ئامادەم،
خوێنمە وەک ئەسپێکی لاسار هاتۆتە سەر پاشووەکانی
دڵمە بۆ خۆشیێکی ئەو کاتە لێدەدات، کە دەیدۆزنەوە
مشتەکانمن بێ دروشم هەڵدان، لەهەوادا دەلەرنەوە
وەرن، کات وەک ڕووبارێکی بێ هاژە
ئارام ئارام تێدەپەڕێ ،
تا دوورتربکەوینەوە، زەمەن زاکیرەمان دەهاڕێ
وشە نوێیەکانی ئەو
دەم لە کوردایەتی دانی ئەو
دەبنە نوێژێکی ئیجباری
دەبنە سرووتی ڕۆژانە و
دەبنە یەقین،
بە ناچاری ئەبێ ڕۆژێ، بە پیرۆزییەوە بۆیان بچەمێینەوە
ببنە ئەڤین.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق