الأربعاء، 11 يونيو 2025

گۆشەی تەنیایی من

 گۆشەی تەنیایی من


گۆشەیەک تەنیاییمی کردۆتە ماڵ بەسەر خۆیدا

بەدیار چاککردنی سەروگوێلاکی پرسیارێک

دانە دانە دەنکە خڕ و گەورەکانی تەسبیح بەردەدەمەوە.

هەرچەندی ئەکەم، هەڵێم

بازدەم... دیوار قاچەکانی تووند گرتووم


هەرچەند ئەکەم و هەوڵەدەم بەقاچاخیش بێ

بازگە ترسناکەکانی وەرگرتنی باجی ئومێد ببڕم 

بەناویاندا ڕێ نابڕم.


لەو گۆشە تەنیاییەی ئومێدەمدا

ڕەچەتەیەک داواکارییم داوەتە دەست یاساوڵی بەردەرگا

بەڵکو تیشکە زێڕینەکانی خۆرم بۆ بکڕێ

ئەویش دڵی وەک دڵی هەموویان بۆتە بەرد

 نایەوێ بێ باج ئەوەم بۆ بکات.


چەند بەحەسرەتم بۆ دیدەنییت، ئەی خۆر

چەند دڵ پڕ مرازم بۆت، ئەی دەنگێک لەو دیوەوە 

هیچ نەبێ شنەیەک بە نەرمی هەڵیگرێ و بۆم بێنێ

با دڵنیاببمەوە لەوەی لە ژیان ماوم


ئاخر ژیان بێ گفتوگۆ و مشتومڕ،

بێ تووڕەبوون و ئاشتبوونەوە،

بێ ڕق و میهرەبانی، چییە چی؟


ئاخر ژیان

 بێ بینینی تیشکی گزنگ

بێ هەوایەکی تام گرمخا

بێ ئاوێکی چڵکن و خۆنەشۆر 

ببێتە ئاوات، چۆن غەرقی گومان نابییت لەخۆ

لە بوون

لە مان، لە ژیان


چاو پڕ بوون لە عەزابی دیتنی

ئەو شیشە باریکانەی بە دەرگا، ناویان دێت

دڵ تژی بوو، بۆ حەسرەتی  دیدارێک

ڕۆح وەک پارچە مقەبایەکی دەست با

ئەمسەر و ئەوسەر ئەکات

هەر ڕۆژ لەدەست جەلادێک خۆ ڕزگار ئەکات


نابینم، بینینم تواوەتەوە لە تاریکی

سەرم، لێوڕێژە لە خەون

زمانیشم وا خەریکە هێدی هێدی لەناو خۆمدا جێمدێڵێ

ئەوەی باشە، خەون لەخۆدا کۆی دەکاتەوە و نایەڵێ بمرێ


هەرچەند ئەکەم و ئەکۆشم

سیماکان بێنمەوە پێش چاو

دێن وەلێ وەک خەیاڵی شاعیرێکی سوڕیالی

چاوەکانی شۆخێک ئەوەی لەودیو پێم دەگوت کارمامز

بە دوو ڕەنگی تێکەڵ

دەچنە سەر کەللەسەری، نەوەکەم، 

ئەوەی هەموومان لە نەرمونۆڵی ناومان نابوو پشیلۆکە


ئێرە دنیایەکە لەناو دنیا

ئۆقیانۆسێکە،  لەوەتەی ژیان هەیە دۆزراوەتەوە،

بەس کەس حەز ناکات، پێی تێخات

ڤیزاکەی هەمیشە لەدەست ملهوڕانە

هەرکات بیانەوێ لەسەر باڵە سیمرخییەکان ئەتگەیەننە ئەوێ


لێرە، هەموو شتێکت لێ دەمرێ، تەنیا خۆت نەبێ

لەناو بۆتەیەکی تەنک، جار جار دەگاتە دەمی ئاویلکەدان

وەلێ هەناسەکانی نادۆڕێنێ

وەک کوپێکی هەزار ساڵە

شێداریی نەیهێشتبێ، بۆ دواجار قاچەکانی ڕاکێشێ، 

بۆ وەرگرتن و دانەوەی هەناسە، دەمێنیتەوە و نامرییت.


لێرە ئەوەی دەتبا هەر تەنێ خەیاڵە

بەدەست خۆت نییە، گەر وەکو شەهید مەلا عەلی 

بکەویتەوە بیری دەستە تەزیوەکانت

ئەوانەی لە شەوێکی زستان، لەناو کڕێوەدا لێت بەجێمان.


لێرە لە هەدادان دەکەویت

ئەوەی لەخۆتدا بە زیندووی دەبینی سەرێکی پڕ خەیاڵ و خەونە

ئەوەی بۆی دەژییت،

 بینینەوەی سایەیەکی بێزارە لەدەست تیشک

گفتوگۆیەکە لەگەڵ ئەوی تر

ڕامانێکی قووڵە لە دیار قەڵبەزە

خۆ ڕووتکردنەوەیە لەبەر باران

چپاندنی جارێکی دی ئەو وشەیەیە، کە کارمامز حەزی لێ بوو

بۆنکردنی گوڵەباخێکی سوورە

ئەوەی یەکەمجار وەک دیاریی خۆشەویستی وەرتگرت


درێژن زۆر درێژ

 ڕەچەتەی ئەو شتانەی ئەتەوێ بۆیان بژییت

دەژییت و نامرییت

هەندێ جار ئەڵێی بۆ تاقیکردنەوەی خەم گلدراومەتەوە

جار جاریش ئەڵێی نا، ئەیانەوێ بزانن چیرۆکی ئەیوب 

هیچ ڕاستیێکی تێدایە

ئەیانەوێ پلەی توانەوەت لە شەو و ڕۆژێکدا بزانن

ئەیانەوێ بزانن، 

ئاخۆ ڕاستە مەراق دوژمنی باوەکوشتەی مووی سەرە

دیدار مۆرانەی چاوەڕوانییە

ئەیانەوێ بزانن لەو گۆشە تەنیایەدا،

دڵ هەروا ترپەکانی وەک عادەتی بەرێ دەژمێرێ

 ئومێد وەک هەڵدانی گوللەیەکی وێڵ چەند بڕ دەکات.


دەمێنمەوە و ئەژنۆکانم توند لەباوەش دەگرم

خەیاڵم لە خاڵێک چڕ دەکەمەوە

نە بادا کسپەی خەمێکی تر لەگەڵ خۆی بیبات

نە بادا لەخۆم دوورکەومەوە و خۆم پێ کۆنەکرێتەوە.


٢٩/٣/٢٠٢٥ هەولێر

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق