الأربعاء، 11 يونيو 2025

سەمای بڵێسەكان

 سەمای بڵێسەكان


ئەمجارەیان ...؟

لەنێو چەمی ئاگرەوە، مەراقەكانی هەڵدەڕژێ‌.

خۆی لەبەر پرووشەی تاڤگەكان هەڵەخا و 

چنگی لە ئازار گیرئەكات،

تا خۆر بەدیكا ... تا ئازادبوونی خۆی بدۆزێتەوە.


ئەو لەسەر ڕێی سەفەرێكدایە،

بەرەو دۆزینەوەی خۆرێكی دی،

بەرەو پاكیزەبوونەوە لە جەستەیەكی ئازاددا،

پشت لە زەمینەیەكی درۆزن.


یەكەم مانیفێست، بەڕق دەنووسێتەوە و 

تژی دەكات لە وشە قوتوكراوەكانی ژیان،

كە سەردەمی بەسەرچوونیان تیا نەنووسراوە.

تژی دەكات...

لەوهەناسانەی بە ئاهی چێژ لێیان وەرگرت.

ئەو مانیفێستێك دەنووسێتەوە؛

دوور لە كیبریای كەسێكی ئازاد.

قووڵ لە ناسۆرەكانی یەكەم دەركەوتن وەك مێ!

یەكەم قوربانی، كە هەر رۆژ چەقۆی لەسەر مل بێ!

كە هەرساڵ، 

پیتێك دەدۆڕێنێ لە وشەی سواوی ئازادی.


ئەو مانیفێستە تژییە لە تكا.

تژییە لە نەفرەت.

تژییە لە نزا.

مانیفێستێكە بەرد بیرەخاتەوە، بیری یەكەم هاویشتن.

ڕق چاپدەكاتەوە لەسەر كالانی یەكەم خەنجەر.

نەفرەت دەگێڕێتەوە ناو بازنە.

ئەو هەموو بازنانە دەنووسێتەوە،

كە ڕەنگ بە ژیانەوە ناهێڵن، لە ناوەوەدا.


تازە ئەو قاچاغە بە ژیان.

ئاخر ئەو نایەوێ‌ وەك كوكوختیێكی شەرمن،

لە پەراوێزی ژیان بگیرسێتەوە.

نایەوێ‌ لە عەرشی لەنجە دایبگرن.

دەیەوێ‌ ئاگر سەمای بڵێسەكانی خۆی پێببەخشێ،

تا دڵەكان بینووسنەوە.

تا ئەشكەكان حیكایەتی بگێڕنەوە.

*                             *

ئەشكێكم بەر لە ڕژان گوتی؛

بەر لەوەی بێتە وجودم

لەنێو تەمی تەنیاییدا، وەك جێماوێكی بێ ئۆقرە،

یەكەم سەفەری سەرسامیم،

پەلكەزێڕینە خۆی بە تەنافی هەڵواسی!

ئاگر بەو مەزنییەی خۆیەوە،

نەكەوتبووەوە لە هەناسەكانی نێوانمان.

ئاگر بەو هەموو ئامادەییەوە،

بەری یەكەم لافاوی پێنەگیرابوو.

چزووەكانی  پێنەبەخشیبووم.

ڕاینەگواستبوومە بەردەم یەكەم پەرستگای.

هێشتا زووبوو لەوە بگەم.

ئەو هەموو مۆسیقایە دەكوژێ‌،

كە لە سینەی "یار" هێشتا مابوو قوڵپ بدەن.

كە لە لەنجەی "یار" هێشتا مابوو بپشكوێن. 

كە لە پێچی ئەگریجەیدا هێشتا مابوو بخرێنە سەر ژێی كەمان.

نەمدەزانی، 

باوەشی درۆیین بۆ "یار" دەكاتەوە.

"من" وەك نامەیەكی قەدكراو .

لەنێو پەڕەی یادگارییەكانی ڕۆحییدا گڕدەدا.

وەك بۆنێكی جێماو لەنێو ئەگریجەكانیدا،

دەمكاتە بۆیاخێكی خۆڵەمێشی و 

ڕەشەبایەك سواقدەدات.

نەمدەزانی ئەو هەموو پەنجەمۆرانەم  وەك پەروانە هەڵدەوەرێن.

نەمدەزانی ئەو هەموو چیرۆكانەم بێ باڵ دەمێننەوە. 

لە قیژە زیاتر وشەیەك ئەدا ناكەن.


ئەی یار، ئێستا كونجێك نەماوە لە ڕۆحما، 

مەشخەڵێكی تیا نەبینی.

نۆتەیەك نەماوە، ئاوازەكانی قیژەی نەچووبنەسەر. 

چەند هاوارێكی خنكاوم. 

چەند توڕەیێكی فەرامۆشكراو و 

چەند موسافیرێكی بێنەوام.

چەند ڕاهیبێكی غەمین و تاق و تەنیام!

*                                      *

ئەی یار، فەرامۆشیم بە ئاگردێت،

كە لە خەیاڵمەوە وەك ئاو دەڕژێتە سۆمام. 

كە لە دڵمەوە بەردەبێتە یادگارییەكان.

وەك پەڕەی سووتاوی دەم " با"....دەمبا

دەمبا...دەمبا. 

دەمكات بە گەرووی دەربەندێك، وەك شاژنێك هەرتۆی تێدا.

دەمخاتە ئەو بۆشاییەی لە تەك ناوت بێ ناونیشان ماوەتەوە !

من لەمەولا بە تەنیانیم.

لەگەڵ بۆنتا، پێچدەدەم بە كۆڵانەكانی عیشق. 

لەگەڵ هاوارەكانتدا، كوچە كوچە وەك سەدایەك بە شوێنتەوەم.

تۆ نابینی بوومەتە چەتری ئەو بەردانەی بە دوای سەرتەوەن.

تۆنابینی بوومەتە سەفیری تۆ. 

ئەو هەموو كەللەپووچانەم كردوونەتە بەردەباز و

وڵاتی ئەو هەموو دڵە دەبڕم ...تا بێنمەزمان سووتانی تۆ؟


22/10 _28/10/2012 هەولێر


تێبینی: ئەم چامەیە لەناو  کتێبی شیعری (وەرە لە باخ پێت دەڵێم) دایە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق