الأربعاء، 11 يونيو 2025

وردە گەڵای بەر هەتاو

 وردە گەڵای بەر هەتاو

کتێب: بیرەوەری


نووسەری ئەم بیرەوەرییانە حەمە عەباسی شاعیرە و لێرەدا وەک پێشمەرگەیەکی دێرینیش دەیناسین و ئەم گێڕانەوانەی کردوونەتە بیانوێک و ئاوڕێکی لەم قۆناغەی ژیانییدا داوەتەوە. زۆر بە وردەکارییەوە تێکهەڵکێش بە نەهامەتییە بەردەوامەکانی کورد لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەویش هاتووە نەهامەتیی و ئازارەکانی خۆی نووسیونەتەوە و زۆر ڕاستگۆ و بێ پیاهەڵدان ئەگەر لەهەندێ جێدا بە زیانی خۆشی تەواو بووبێ پێی لە ڕاستبێژی نەناوە و ڕاستییەکانی وەکو خۆی داڕشتوونەتەوە، بۆیە ئەم جۆرە نووسینانە زیاتر ئەمێننەوە و سەرنج ئەدرێن. 


لە هەمووی خۆشتر بابەتەکانی زۆر کورتن، وەک بڵێی باش مۆڕاڵی خەڵکەکەی خوێندبێتەوە و خۆی لە درێژدادڕی پاراستووە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی ئەم پەرتووکەیە. 


وەک دیارە، حەمە عەباس لە ژیانی خۆیدا زۆر نەهامەتی بینیون، هەر لە دەستپێکدا لە باسی دایکەکان، تێ دەگەین  چەند بەسەختی ژیانی تێپەڕاندووە، وەک هەر کوڕە هەژارێکی ئەم نیشتمانە، بار و بژێوی ژیان ڕێی کرێکارییان نیشانداوە و لە تەمەنێکی زۆر گچکەوە شانی داوەتە بەر ئیشی گران، هەر بەم هۆکارەش نەیتوانیوە خوێندنەکەی تەواو بکات. 


دوای ئەوەی بەتەواوی فام دەکا و لە چواردەوری خۆی ئەڕوانێ وەک زۆر لە گەنجە خوێنگەرمەکان، ئەویش چەکی پارێزگاریی لە خاک دەکاتە شان، سەرەتا لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی و دواتریش دەبێتە شیوعی، بۆ گواستنەوەی ئەم سەنگەرە ئاماژە بە دوو هۆکار ئەکات. یەکەمیان ملهوڕی بەرپرسە یەکێتییەکەیە، کە جیاوازیی لە نێوان پێشمەرگەکان ئەکات و ئەویش ئەم نایەکسانییەی پێ ڕەوا نییە و دەستبەرداریان دەبێ و هۆکاریی دووەم پاڵی پێوەئەنێ و ئەبێتە شیوعی، کە خانەوادەکەیان بە گشتی هەڵگری بیری شیوعییەت بووینە. تەنیا ئەو نەبێ وا ئەویش بە ئاسوودەییەوە لەناو ڕیزەکانی حزبی شیوعی درێژە بەخەبات دەدات. 


لە بەختی ڕەشی خۆیدا زۆری بەسەرناچێ، بریندار دەبێ، ئەوکاتەی ئەیانەوێ بە پاسێکی سەربڕاوە لە دەشتی هەولێر لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بچن، بەڵام بەداخەوە دەکەونە ناو بۆسەی دوژمن و کۆمەڵێک هاوڕێ شەهید دەبن و ئەویش لەگەڵ چەند هاوڕێی تر بریندار دەبێ. ئەم ڕووداوە زۆر ناخۆشە و کاریگەریی لەسەر دادەنێ. بەڵام ئەوەی ئاسوودەی دەکات لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناو زریان پاسەکە دەگەڕێننەوە و لەپای ئەمە لەلایەن حزبەوە هەردووکیان خەڵات دەکرێن.


قۆناغی ئەنفالەکان لەو سنوورەی تێیدایە، جوان وێنا دەکات، هەر لەو ساڵانەیە بەهۆی دەرنەچوونی مەفرەزەکەیان و خۆ ڕادەست کردنی زۆربەیان بە حکومەت ئەویش ناچار دەبێ خۆی ڕادەستی حکومەت بکاتەوە و ببێتە سەرباز، بەڵام لەسەروبەندی داگیرکاریی کوێت بە چەکێکی کلاشینکۆفەوە دەگەڕێتەوە هەولێر و وەک زۆربەی گەنجانی کورد ئەویش فیرار ئەکات و ناگەڕێتەوە و ڕاپەڕینی بەسەردا دێت و لە ڕاپەڕیندا بەهەمان کلاشنکۆف و بەکارهێنانی ئارپێچیییش ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێ. 


هەموو ئەو ڕووداوانە بۆ ئێمەی هاوتەمەنی ئەو، یان ئەوانەی ئەو قۆناغانەیان بینیوە، دەیان بیرەوەریی لە یادگەمان دەدەن، بەداخەوە زۆربەیان ناخۆشن، چونکە قۆناغەکە وابوو، چراکانی ئومێد هەموویان بەر ڕەشەبا و گەردەلوولی بیابان کەوتبوون. ئەگەر تروسکایێک شک برابا، تروسکایی پێشمەرگە بوو، ئەوانیش لە دیوی ڕۆهەڵاتی کوردستان، لە چاوەڕوانییدابوون، تا ڕۆژی هات و گەڕانەوە، بەڵام بەداخەوە ئەنجامەکەی کە تێیداین هیچ مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشیی نییە، بەهۆی گەندەڵی و مایەپووچی زۆربەی سەرکردەکان لە بەها جوانەکانی شۆڕش و کوردایەتی. کە ئەمە بابەتێکی ترە نامەوێ لەسەری بدوێم، چونکە هەرچی زار ئەکاتەوە و زمانی ئەگەڕێ دانی خێر بەو دز و گەندەڵ و چاوچنۆکانەدا نانێ و دواڕۆژێکی گەشیش لە چاویاندا ناخوێننەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق