بەرسیرین
۱- بەرسیرین
وەک سێبەرێکی قوڕس و گران
لەدومدەخشێ
تا دەروازەکانی شکۆ.
۲- هەموو ساڵێ، لەیەک کاتدا
بەرسیرین
ناڵینێکی پێیە، ئاگرین
لەدومنابێتەوە
تا دامێنی ئاوارەیی.
٣- بەرسیرین
چیدی گوندێک نییە بە باسکێکەوە
دوو باڵی فریشتەییە
کۆتەڵی داربەڕووێکی بەکۆڵداداوە
تا ئەودیوی بەربەڕۆژ.
٤- هەموو ئێوارەیەک،
بەرسیرین
دەکەوێتە داڵغەی بینینەوەی باڵایەک
پێی لە بەژنی دارسەروو جوانتر بوو.
٥- هەندرێنی باپیرم دەیگوت:
بەرسیرین، بەشەوێک پیر بوو
لە خەونی هەمان شەودا، دوو ددانی کەوتبوون
ترسی لێ غالب بوو
بە کێوان کەوت
بە پرچ و ڕیشێکی تێکەڵ
لەسەر تەپۆلکەیەک کڕ کەوت
فریای هەڵگرتنەوەی پردیش نەکەوت
لە خوارەوە وەک ڕایەڵێک جێیهێشت
لەو ڕۆژەوە
هەموو ئێواران کەزییەکانی دەکاتەوە و
بە ڕووباریان دادێرێ
خەمین زۆر خەمین، بە کراسێکی بۆر
بە ڕیزێک ددانی کلۆر
بیر لە پیربوونی خۆی دەکاتەوە
بیر لەو هەموو لاوکانە دەکاتەوە
بێباکانە
ڕۆیشتن و سەرێکیان لێ نەدایەوە.
تێبینی:
بەرسیرین، ناوی گوندێکە کەوتۆتە ناوچەی باڵەکایەتی، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای ڕواندزە. لێرەدا وەک ناوێکی سیمبولی بەکارم هێناوە و ڕۆڵی بکەرێکی خەمناک دەگێڕێ، لە پای شەهیدبوونی سەید مستەفای باوکم دا لەوێ.
غالب: زاڵ
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق