الأربعاء، 11 يونيو 2025

یەکەم بەردی سەنگەر

 یەکەم بەردی سەنگەر 


بۆ خوێنەر زۆر خۆشە هەر کتێبێک کە دەیخوێنێتەوە بە تەواوی لەگەڵییدا ئاوێتە ببێ، ڕستە بە ڕستە و ڕووداو دوای ڕووداو بیخاتە چاوەڕوانی دوا دێڕەکانی.


بۆ من کتێبی یەکەم بەردی سەنگەر، لەو کتێبە ناوازانەبوو، کە بۆ خۆی کێشی دەکردم. هەرچەندە ڕووداوەکانی ناو کتێبەکە و بەسەرهاتی بەشێک لە کاراکتەرەکان بۆ من نوێ نەبوون، یان ڕاستتر بڵێم ئەوەندەم گوێ لێ ببوون دەمزانی چیان بەدوادادێت، بەڵام لەبەرئەوەی وەک پێویستیێک لەم کتێبە دەڕوانم، کە ئەگەر درەنگیشە بۆ نووسینەوەی ژیانی سەرکردەیەکی گیان لەسەر دەستی وەک شەهید سەید سەلیم، بەڵام نووسینەوە و ئامادەکردنی لەلایەن هیوای کوڕە گەورەی شەهید ئەمەکداریێکی مەزن و کارێکی زۆر پێویست بوو.


بەشێوەیەکی گشتی ئەم کتێبە لە پێشەکیێک و دوابەند و پازدە بەش پێک دێت، وەک بابەتیش لەسەر سێ تەوەر ڕۆنراوە ئەوانیش (بیرەوەری، پێشمەرگایەتی، بەڵگەنامەیی)ن.


واتا هەر بە تەنیا یادی شەهید سەید سەلیم نەکراوەتەوە، بەڵکو ئەکرێ وەک ئینسکلۆپێدیایەکی ناوچەیی تەماشا بکرێ، کە ئاوڕ لە ڕابردووی خەباتی سەدان تێکۆشەر لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ ئەداتەوە. 


لا لە ئازایەتی و گیانفیدایی و خۆڕاگری ئەو پێشمەرگانە کراوەتەوە، کە بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان ڕایەڵەیان لەگەڵ شەهید سەید سەلیم دا هەبووە. مەرج نییە ئەوانەی لەم کتێبەدا ناویان هاتووە لەگەڵ ئەو، یان لەژێر فەرمانی ئەودا پێشمەرگە بووبن، بەڵکو ئەشێ لە شەڕێک، یان جەولەیەک، یان ئەرکێکی پێشمەرگایەتی هاوەڵییان کردبێ. 


لە وێستگە گرنگەکانی ئەم کتێبە، ئەو شەڕانەن کە شەهید سەید سەلیم فەرماندەی یەکەم بووە و ئاوڕ لەتەواوی ئەو شەڕانە دراوەتەوە و تا توانرابێ بە وردەکارییەوە باسیان لەبارەوە کراوە. من لێرەدا ناوی سێ وێستگە بە کورتی و وەک نموونە دەهێنمەوە، یەکەمیان شەڕی گرتنەوەی سەنگەرەکانی گۆڕنۆک لە لا٦۹ و بەشداری لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لا ۱٤۲ و داستانی سماقولی لا۱٦۳ کە ئەم داستانە بە خوێنی ئەو و شەهید شینە بۆڵی دەنووسرێتەوە.


لەم کتێبەدا دەگەینە چەند ڕاستیێک :

یەکەم: شەهید سەید سەلیم کوڕە هەژارێکی دەڤەری ڕواندز بووە و لە بنەماڵەی سەیدەکان بە بیروباوەڕی کوردایەتی پەروەردە کراوە و جوامێرێکی هەڵکەوتوو بووە و ئازایەتییەکەی ئەوی گەیاندۆتە ئەو پایە. 


دووەم: شەهید هەموو خەسڵەتەکانی سەرکردەی تێدابوونە، بۆیە دوای چل و پێنج ساڵ لە شەهیدبوونی ناوی لەسەر زاران و وەسفی لەناو کۆڕانە، هەرکاتێ ناوی ئەو دێت بە شکۆوە باسی لەبارەوە دەکرێ.


سێیەم: شەهید، لە مەیدانی شەڕدا فەرماندەیەکی زۆر ئازا و زۆر شارەزاش بووە، هەموو ئەو شەڕانەی ئەو فەرماندەیی کردوون بە کەمترین زیان لێی دەرچووە و لە بەرانبەریشدا زۆرترین زیانی لە دوژمن داوە.


چوارەم: لە دەرەنجامی شەڕی دەستەویەخەی کوڕەک/ گۆڕنۆک، ڕووبەڕووی تراژیدیا دەبێتەوە لەلایەن سەرانی شۆڕش و لەپای سەرکەوتن زیندانیی دەکرێت، ئەمە لەکەیەکی ڕەشە بۆ بەرپرسانی ئەوکات. شەهید بەو بێ ڕێزییە زۆر خەفەت دەخوات، بەڵام لەبەرئەوەی کەسێکی زۆر بە دیسپلین بووە، ئەمەشی تەجاوزکردووە و جارێکی دی و لەبەرەیەکی دی سەنگەری دامەزراندوون.


پێنجەم: لەپاڵ ژیانی شەهید، باسی خەباتی سەید عومەری برا گەورەشی بە تەواوی کراوە، ئەتوانم بڵێم هەموو ژیانی سیاسی ئەویش باسکراوە و پێویست بە نووسینەوەی ناکات.


شەشەم: چیرۆکی بەدیلگیرانی ساڵح عەباس ئاکۆیی  بە برینداری و دواتر لە سێدارەدانی سەرنجڕاکێش بوو بۆ من. ڕۆحی شادبێ.


حەوتەم: لەزاری شەهید موحسین بایزەوە ئەگێڕدرێتەوە و ئەڵێ، لە گەرمەی شەڕی دەستەویەخە، بەهەڵەداوان چووینە لای شەهید عەوڵاسوور، گوتمان فیشەکمان پێ نەماون، ئەویش وەڵامی داینەوە و گوتی من لێرە لەناو ئاودەستەکانی مزگەوت شەڕم کردووە و لەو دەلاقانە هەندێک جوندییم کوشتوون بڕۆن فیشەکەکانی ئەوان بەکاربێنن. ئەڵێ کە چووین نزیکەی ۲٥ جوندی کوشتبوون. ئەوەم لە چەند کەسێکی تریش بیستووە، ئەمە ئازایەتی ئەو قارەمانە بەدیاردەخات، دڵنیام بکرێتە فیلم زۆر کەس ئەم ڕاستییە باوەڕ ناکات. بەداخەوە ئەو قارەمانە لەشەڕی ناوخۆ بەناهەق شەهید کرا.


لەکۆتاییدا زۆر سوپاسی هاوڕێ هیوا سەید سەلیم دەکەم، کە ئەم دیارییە بەنرخەی پێشکێش کردم.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق