الأربعاء، 11 يونيو 2025

دەوڵەتی میرنشینی سۆران (۱٨۱۳-۱٨٤۷)

 دەوڵەتی میرنشینی سۆران (۱٨۱۳-۱٨٤۷)


ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە باش و پوخت و دەوڵەمەندەکان لەبارەی میرنشینی سۆرانەوە.


هەروەها گرنگی زۆری هەیە بۆ ئەوانەی عەوداڵی ڕاستییە مێژووییەکانن لەبارەی ئەم میرنشینەوە،چونکە بە شێوەیەکی زانستی پشتی بە سەرچاوە بنەڕەتییەکان بەستووە،  هەروەها  پشتی بە زانستی بەراوردکاریی بەستووە و لەم ڕێیەوە باشتر مەبەستەکەت بۆ ڕوون دەکاتەوە.


لە هەمووی گرنگتر پرسیارێکی وەڵام داوەتەوە،  کە کەم کەس لە مێژوونووسەکان و توێژەران بە لای داچوونە ئەویش ئایا میرنشینی سۆران دەوڵەت بووە ،یان نا؟ تەنانەت ناوی کتێبەکەیشی لەژێر ڕۆسنایی ئەم وەڵامە داناوە.


بێگومان  هەیە ئەو پرسیارەی بەلاوە زۆر گرنگ نییە و دەڵێت: جا ئەم میرنشینە دەوڵەت بووبێ، یان نا بە ئێمە چی؟ نووسەر لەم کتێبە بەوانە دەڵێت: گرنگی ڕوونکردنەوەی ئەم باسە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی پێیان وایە کورد هیی ئەوە نییە دەوڵەت بەڕێوە ببات، هەر لەم کتێبە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە کورد توانیویەتی لەڕێی پاشایەکی مەزنەوە بە باشترین شێوە حوکمدارێتی بەڕێوە ببات، کە بۆ ناوەخۆ دەسەڵاتێکی دادپەروەربێ و بۆ دەرەوەشی تۆقێنەر.


لێرەدا نامەوێ لەسەر ناوەرۆکی ئەم کتێبە زیاتر بڵێم، چونکە  لە سەرچاوە مێژووییەکان  زۆر لەبارەی میر محەمەد(پاشای گەورە)ی ڕواندز گوتراوە و نامەوێ پاتەی بکەمەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم کتێبەدا هەندێ شتی نوێن، کە پەیوەندییان بە ڕۆڵی مەلای خەتێوە هەیە و نووسەر دوای شەنوکەوکردنی ڕای زۆر لە نووسەران و توێژەران و خستنەڕووی ڕایان، دواجار لەسەر ئەم پرسە ئەویش وەک توێژەرێک ڕای خۆی دەردەبڕێت. 


هەروەها بە گرنگییەوە باس لە ڕەوایەتی دەسەڵاتی پاشای گەورە دەکات، کە بەردەوام لە فراوانخوازییدا بووە و مەرامیی بووە ببێتە سەرداری کوردان و بنیاتی دەوڵەتێک دامەزرێنێ، چ بە تێگەیشتنی ئەوسا، چ بە دەستنیشانکردنی ڕەگەزەکانی دەوڵەت لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆی ۱۹۳۳ .


هەروەها وەڵامی ئەوانەش دەداتەوە، کە پێیان وایە میرنشینی سۆران غەدری لە کوردە ئێزیدییەکان کردووە.


ئەم کتێبە لەلایەن ئارێز عەبدولڵاوە دانراوە و لە پێشەکیێک و پێنج بەش پێکهاتووە، کە دوو بەشی کۆتایی بۆ باسی مەلا محەمەدی خەتێ تەرخان کراون و بەسەر یەکەوە دووسەت لاپەڕەیە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق