پەخشانە شیعرێک، بۆ یادی (دالیدا نەوزاد)ی جوانەمەرگ، ناسراو بە نێرگز.
ئەو بەیانییە چەند لە گوڵی دالیا دەچووی
چەند نەرمین دەهاتیتە بەر دیدە
چەند بە گرانی پێت دادەنان
چەند بە ڕقەوە بزەت دەتۆراند.
ئەو بەیانییە
خەیاڵت تەپوتۆزی دنیای لەسەر نیشتبوو
ئومێدت وەک پەککەوتەیەکی بێکەس لەناوجێدا کرم لێیدابوو
حەزت بۆ هیچ خوشیێک باڵی لێکنەدەدا
دڵێکت هەر لای دایکت بوو، ئەتگوت
لێم ببوورە ئەگەر تا ئەبەد ڕەنگی ڕەش ئەکەمە هاودەمت
ئاوڕێکت هەر لای کوڕەکەت بوو، پێت دەگوت
لێم ببوورە ئەگەر جارێکی دی
چاوەکانت تێر لەمێرگی چاوەکانم چڵە نێرگز ناچننەوە
هەستێکت هەر لای تاقە خوشکت بوو، بە چپەی نێوان دوو خوشک
پێت دەگوت، نیگەران مەبە ڕوحێ، ژیان هەر هێندە بەشی داین.
دەمدیت و نەمدەدیت
چاوێکت هەر لەسەر بالکۆنەکەبوو،
ناو بەناو سەیرێکی خوارەوەشت دەکرد
ئەو کاتەی لەبەراوردی خەرەند و ئەوێ بوویتەوە
دڵت زەنگێکی ترسناک لێیدا
ڕقت هاتە کوڵ
هەستت لەناخدا وردوخاشبوون
زۆر خێرا وەک خێرایی دەرچوونی باشووکەیەک لە لانە
دوو باڵی ئاوریشمت لێ ڕووان
چاوت لەسەر ئەو پنتەبوو، واتدەزانی کوڕەکەتە و بە گاگۆڵە لە ئاگر نزیک دەکەوێتەوە
ئەو بەیانییە بوو، چاوەکانت هەورێکی ڕەنگ پەمۆیی نیشتەسەریان
ئەو بەیانییە بوو گوتت، چ شاخەوان و دارڤانێک ئەتوانێ پێم بگات
لەهەمووان پەرۆشتربووی بۆ ڕزگارکردنی ...
بازێک و خۆهەڵدانێک نێوانی مان و نەمانت بوون.
ئیتر ئەو نەبوو، سەرابێک بوو
تۆی فەنا کرد
وەک پەڕە سپییەکانی نێرگز، لەدەست مناڵێکی چەتوون
پەڕپەڕببێ،
وەک مێرگێکی سوور لەدوورڕا
سیحری خوێنی لێ کرابێ.
لەو خوارەوە،
لەنێو هەرێزدا، هەر خوێنی تۆ بوو لە خۆڕا دەڕژا
هەر خوێنە ئەڵێ: بۆ هەر ئەبێ من لەخۆڕا بڕژێم
هەر خوێنە ئەڵێ: بۆ هەر ئەبێ من ببمە فەرشی سوور
هەتا مردن دێت
هەر خوێنە ئەڵێ: خێراکە زوو جێم بێڵە و بڕۆ
با ژیان جێ پێت بسڕێتەوە
زۆر خێرا پێت لە شەختەی منداڵی هەڵخلیسکا
زۆر هێواش لەسەر پشتی کۆماوی باپیرت گەورەبووی
ناز باوەشێک بوو نەتناسیبوو، تا نەتبەخشییە کوڕەکەت
خۆشی مێرگی نێرگزەجاڕ بوو نەتدیبوو،
تا ڕۆژێک چڵێکت نەدا لە کۆچکی کوڕەکەت.
ڕۆژێ سەدجار خۆت هەڵدەدا بۆ گرتنی ئاوات
بەڵام ئەو، ئەستێرەیەک بوو پێت دانەدەگیرا
تێنەگەیشتم، لێشی تێناگەم
چۆن توانییت ئاوا خێرا بە ژیان بڵێی بڕۆ تۆ هیچی.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق