الأربعاء، 11 يونيو 2025

سەرەقەڵەمێک لەسەر پەیکەرى وەرداش

 سەرەقەڵەمێک لەسەر پەیکەرى وەرداش

 هەندرێنى

زۆرم پێسەیربوو کە بینیم هەردوو قائمقامى رەواندز و سۆران و بەشێکى دانیشتوانى شارى رەواندز بەشاییەوە پەردەیان لەسەر پەیکەرى وەرداش هەڵدایەوە، ئەمە وەک پڕۆژەیەک کە رۆژى پازدەى ئەم مانگە  پەیمانگاى هونەرە جوانەکان پێی هەڵسابوو!، سەرسوڕمانیی من لەوەوەیە، بڕیاردان لەسەر دروستکردنى پەیکەرو بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنى کەسێکى شایستە تا پەیکەرى بۆ دروستبکرێ و بڕیاردان لەوەى شوێنێکى شایانى لەگۆشەیەکى شار پێببڕێ، بڕیارى قوڕسن، نەدەبوا بڕیارێکى ئاوا بەئاسانى بەسەر هاوشارییەکانم تێپەڕیبا. ئەمە بەو مانایە نیە کە من وەردشم خۆشناوێ، بەپێچەوانەوە زۆر کەیفم دەهات کە ئەمدى پۆل پۆل هاوشارییەکانم سەردانییان ئەکرد ئەوکاتەى لەنەخۆشخانەى ئاشتى لەسۆران خەوێنرابوو، خۆشم چووم سەردانمکرد، بەڵام بابەتى نەخۆشی و جولاندنى سۆز شتێکەو دانانى پەیکەریش شتێکى دى. 

 ئەوەى ئەمخاتە گومان ئەوەیە چۆن ئیدارەى شار ئاوا خێرا بڕیارییان لەسەر کارێکى ئاوهادا؟!. لەکاتێکدا هەموومان شایەتى ئەوەین تا پەیکەرێک بۆ پاشاى گەورە، کە رەمزى ئەم شارەیە دانرا، چ ئاستەنگیێک دروستکرا!. 

 دواى ئەوەش مادام بوارێک هەیە بۆئەوەى پەیکەر بۆ کەسایەتییەکان دروستبکرێن، ئەکرێ بەر لەهەر کەس و بەڕاوێژ بیر لەو سەربازە ونانە بکرێتەوە کە لەدەرەوەى رەواندزەوە هاتوون و جێپەنجەیان بەسەر لایەنى پیشەیی و رووناکبیریی و رۆژنامەوانى و ئیعمارو پەروەردەی ئەمشارەوە دیارە، چوار لەوانە ( وەستا رەجەب و حوزنى و سەید تەهاى نەهرى و فەوزى سائیب بەگ) ن، کە بەرهەمى ئەم زاتانە لەم بوارانەدا دیارو بەرچاون. 

 لەلایەکى دیکەوەو لەگۆشەیەکى فێس بووکدا، من هاوارمکرد و بابەتێکى رۆژنامەوانییم لەسەر مەزارە بێنازەکەى سمایل بەگ بڵاوکردەوە، ئەفسووس کەس بەدەنگمەوە نەهات، کە بەشێکى زۆرمان ئەزانین ئەم پیاوە لە سییەکانى سەدەى رابردوو نائیب بووە لەبەغدا و کەسێکى زۆر کایگەربووەو پڕۆژەى دەوڵەتیش یەکەمجار ئەو هێناویەتییە بەرباس و مەلیک رقى زۆرى لێداگرتووە. ئەپرسم سمایل بەگ شایستەتربوو یان وەرداش؟، ئەگەر هەر کەسێک یەک هۆکارم پێبڵێ بۆ وەرداش من دە هۆکارى ئەخەمە بەردەست بۆ سمایل بەگ. یان ئەو رۆشنبیرو هومەرمەندو مامۆستاو پێشمەرگە خەباتکارانەى بەشێکیان ئەناسیین هەر بەپێوە شەهیدبوون، شایستەترن یان وەرداش؟!. بۆیە  ئەڵێم ئەم بڕیارە لەجێێ خۆیدانەبوو، ئەکرا پەیمانگاى هونەرە جوانەکان لەگۆشەیەکى پەیمانگا وەک چالاکییەکى خوێندکارەکانى دایاننابا نەوەک لەدووڕێیانێکى بەرچاو کە پەیکەرەکەى وەرداش زۆر دیارترە لەپەیکەرى پاشاى گەورە! هەر رێبوارێک بێتە ئەمشارە هەقى خۆیەتى لێیتێکبچێ و پەیکەرى وەرداش بەپەیکەرى پاشاى گەورە تێبگات، چونکە هەموو کوردێک ئەزانێ ئەمشارە رۆژگارێک پایتەختى میرنشینى سۆران بووە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق