الأربعاء، 11 يونيو 2025

نیشتمان

 نیشتمان 


١-  

لەسەر عارەبانەیەک

وەک لێفێکی کۆن گرمۆڵە بوومەتەوە و 

سەر لە خۆم دەرناکەم

دەست بۆ ئەو سۆندەیە دەبەم دەریبێنم

نەوەکەم توند دەستم دەگرێ

نەکەی بابە، ئەوە سۆندەی میزەکەتە...


بە داماوی لە گۆشەیەک ڕادەمێنم

یادگارییەکان دەملاوێننەوە

ئاگام لێیە

نەوەکەم دەپرسێ باوکە، کێت خۆشدەوێ؟

- نیشتمان

زەردەخەنەیەک دەکات و گومانی بۆ ژنێک دەچێ

ئەی چییت پێ خۆشە؟

- ئاشتی

زەردەیەکی تر و پرسیارێک

ئەی چییت پێ جوانە؟

- چیای بەفرین

- ڕووبارێکی کەفچڕ بەبەر ماڵان هاژە بکات

- کانیاوێکی سازگار، کە هەر قومێکی تامی سەد ماچ دەدات


نەوەکەم تەریق دەبێتەوە

پەشیمان دەبێتەوە بچێتە لای نەنکی و پێی بڵێ:

باپیر باسی ژنان دەکات

یەکەم ئەوینیشی ناوی نیشتمان بووە! 


٢-

 درۆیە تۆ نیشتمانی من نییت

نیشتمانی من پیر نابێ

من پیر بووم 

کەچی نیشتمان وەک منداڵێک لە گڕ و گاڵ ناکەوێ

"ئەوە" ڕۆحم بە ئاگا دێنێ

هەر نەقیزەیەک، شمشێرێک

تیرێک، گوللەیەک

بەر جەستەی بکەوێ، ڕۆحم دەسمێ

ئاخر شەوان ئەو لەوێ دەخەوێ

ڕۆژانیش وەک پشیلەیەکی نازۆنی

خۆی لەناو پێخەفە نەرمەکانی ڕۆحم لوول دەدا.


٣- 

نیشتمانی من بێ ڕەنگە

کەچی دوای هەموو بارانێک

پەلکەزێڕینەی تیا هەڵدێ


نیشتمانی من وەک ڕۆح نە دەبینرێ و نە دەشگیرێ

کەچی بێ ئەو نە دەتوانم هەناسە بدەم

نە بڕازێم


٤-

هیچ مۆنۆمێنتێک هێندەی نیشتمانی من 

کەللەسەر و لولاقی شەهیدی تیا نیین

لە خۆوە نییە بە شەهیدستان ناوی دێنم. 


٢-١٢-٢٠٢٤ هەولێر

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق