الأربعاء، 11 يونيو 2025

بینایی

 بینایی


گۆچانێک بە هەمیشەیی لەگەڵم ڕێ دەکات

لەسەر نووکی پەنجەکانی پێشم دەکەوێ و 

دەستم دەگرێ

ئاخر ئەو دوو چاوی ساغی منن

ئەو نەبێ، کوا دەتوانم دەست لە نەرمایی گوێی گیا بدەم

دوای خۆ ڕاتەکاندنی لە دەست خوناو

ئەو نەبێ، حەرامەبێ لێم 

هاژەی قەڵبەزە و  مەجلیسێکی سەر کانی

ئەوە ئەو دەمباتە نێو کۆڕی یاران

هەر ئەوە دەمگەیەنێتە، ڕۆخ باخێکی پڕ لە نووکتە

کە مەلایەکی نابینا

 بە لەفزێکی شیرین، ترش و خوێیان ئەکات.


نامەوێ گلەیی کەس لەسەر خۆم بێڵمەوە و دەڕۆم

وەک قورینگێکی دوای ڕەوە

دەکەومەڕێ

ئەو ڕێگایەی، هەرگیز چاوساغێک، حسابی بۆ ناکات.


ئەتوانم هەزار فرسەخ بە پێی خەیاڵ بڕۆم

پێش هەمووتان بکەومەوە

ئەتوانم تا بەیان، دەردە دڵی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە

لەوەشیان هەمووتان جێ بێڵم.


ئەوە منم خوێناوی خۆم دەخۆمەوە و

بە بەخەندەیەکی درۆزن، گەزۆ دادەبارێنم 

وەک ئەوەی هەرگیز نەزانن بەڕاستییم نییە.


خۆ ئێوە لەناو کولی دڵی من نیین

نازانن، چەندین گۆیلە و لاوکی تێدان 

هەر خۆم

تەنیا خۆمیان پێ ئەلاوێنمەوە.


لەو ڕۆژەی شنەیەک

 پەڕەی نووسراوێکی لە بارەی ئەنفال، بۆ خوێندمەوە

بۆنی هیچ گوڵێک نەیتوانی بییسڕێتەوە و کاڵیکاتەوە

لە هەستم.


ئەوە منم فرمێسکەکانم دەڕژێنە ناو دڵم

خەمەکانیشم، تنۆک تنۆک بەسەر کوڵمەکانم خلۆر دەبنەوە.


ئەوە منم بیناییم ڕێنادا شیعرێک تێپەڕێ

بێئەوەی ئەزبەری نەکەم

چیرۆکێک هەرچەندە سرکیش بێ

لە دەستەکانم ڕزگاری نابێ

موزیک هەرچەندە ئازادیش بێ

پەڕی باڵەکانی لەنێو مشتی مندان، ناتوانێ خۆی ڕاتەکێنێ

گەر باوەڕ ناکەن وەرن بەسەر دڵم دابنۆڕن

بزانن چ کۆنسێرتێک دەگێڕێ

ئاخر، هەموو حەسرەتەکان لای من گل دەدرێنەوە و نافەوتێن

منم پاشای خەون و ڕوئیا

منم لە خەمی نەزەر ڕەخسیووم

دڵم تەپەی دێ، کە خشپەی پێی نازدارێک ئەبیستم

باوەڕ ناکەن، بە تەپەی ڕەوتی ڕۆین،

 ئەتوانم جوان لە جوانتر جوێکەمەوە

ئەتوانم، کام چرپە ناسکترە بیناسمەوە.

ئەتوانم...

ئەوە منم من ئەتوانم.


٢٩/٣/٢٠٢٥ هەولێر

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق