الأربعاء، 11 يونيو 2025

بازنەی گەمارۆ

 بازنەی گەمارۆ


کتێبێکی کۆکراوەی بابەتە نووسراو و ئەرشیفکراوەکانی شەهیدی سەرکردە حەسەن کوێستانییە، کە لە لایەن مامۆستا جەرجیس ئیبراهیم گەڵاڵی و  ئەنجام ساڵح کۆکراونەتەوە و بە چاپ گەیەنراوە.


حەسەن کوێستانی، ناوێکی دیار، فەرماندەیەکی سەربازی کارامە و سەرکردەیەکی سیاسی ئازا و بە زیپک و زاکوون، هۆشمەند و خاوەن ڕا و بڕیاربووە. 


ئەگەر پێویستی کردبێ، پێشمەرگەبێ، پێشمەرگە بووە، ئەگەر ڕووشیان لێنابێ فەرماندە بێ، ئەوا بەوپەڕی لێهاتووییەوە ڕابەرێتی کردووە و پلان داڕێژەرێکی زۆر سەرکەوتوو بووە، چونکە ئەو کەسێکی تەقلیدی نەبووە، بەڵکو ئەوەی لەسەر زەمین دەیکرد هەمووی وەک ئەزموون بینیبوو، یان لە ئەزموونی خەباتی گەلاندا خوێندبوویەوە، بۆیە هەمیشە لەو شەڕانەی ئەو سەرکردایەتی کردووە قەوارەی زیانەکان زۆر کەم بووە. 


فەرماندەیی دەیان نەبەردیی کردووە، لە سەروویانەوە داستانی کۆڕێ، کە تا کەسێک مابێ یادی ئەم داستانە مەزنە بکاتەوە، ئەبێ بە ڕێزەوە ناوی کوێستانی بێنێ.


ئەو لە تەمەنێکی زوو ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی کراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی لێوەشاوەیی و زرنگییەکەیەوە بووە. زۆر خێرا پلەکانی پێشمەرگایەتی وسیاسی لەنێو حزب و کۆمەڵەدا بڕیوون، بەڵام ئەو خۆی زیاتر مەیلی بەلای سیاسەت و ڕێکخستندا بووە، بۆیە دەبێتە بەرپرسی مەڵبەندەکانی هەولێر و بادینان. 


کوێستانی کەسێکی خوێنەوار و خوێنەرێکی جدیش بووە، زۆر بە جوانی شەنوکەوی ڕووداوە سیاسییەکانی کردوون. لێرەدا لەو بەرهەمە کەمانەی لەبەردەستدان تواناکانی ئەومان باشتر بۆ بەدیار دەکەوێت. لەڕووی تیۆری و هەڵسەنگاندنی سیاسی و فیکری ئاستێکی باڵای هەبووە، کەسێکی هۆشیار و دڵسۆز بووە بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەی. 


ئەوەی لەم کتێبەدا بەردەستن، دڵۆپێکی دەریایەکن لە نووسیینەکانی، چونکە زۆربەی ئەرشیفەکەی بەهۆی شەڕ و نەهامەتییەکان لە دەست چوونە. ئەو کەمە بەرهەمانەی ماویشن، گەواهیی لە ڕاستیی و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری ئەم قارەمانە دەدەن.


بەداخەوە ئەم سەرکردە مەزنە، بە مەبەستی هێنانەپێشی پرۆسەی ئاشتی و  بە نیازپاکی خۆی کەوتە تەڵەی ناپاکی و لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی گەیشتنە کاروانی نەمران، ڕۆحیان شادبێ.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق