السبت، 17 مايو 2025

 موقتەدا سەدر لەنێوان پێكهێنانی حكومەت‌و ئۆپۆزیسیۆنبووندا

 

حەسەن هەندرێنی

لەدوای پرۆسەی رزگاركردنی عێراق لە 2003‌و بەدیاریكراویش لەدوای دیاریكردنی پۆل بریمەر وەك حاكمی عەسكەری‌و سوپای ئەمریكا وەك سوپایەكی داگیركەر لەلایەن چین‌و توێژەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عێراق پێناسەكرا، ناوێك كەوتە سەر زمانی عێراقییەكان ئەویش موقتەدا سەدربوو، بەتایبەت كە هەڵگەڕانەوەیەكی توند هەڵگەڕایەوە لەئەمریكییەكان‌و بەداگیركەری ناوهێنان‌و هێزی سەربازی لەدژ پێكهێنان بەناوەكانی سوپای مەهدی‌و لیوای ( یوم الموعود) ‌و لەم دواییانەش ( سرایا السلام)‌وكەوتە دژاریەتییكردنیی ئەمریكییەكان. تا كار گەیشتە ئەوەی سەرۆكی ئەوسای ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا( جۆرج بۆش)، موقتەدا بەدوژمنی ئەمریكا لەقەڵەم بدات، ئەمەش دوای ئەوە هات كە لەناو جەرگەی شاری بەغدا، دەیان سەربازی ئەمریكی كوژران‌و برینداربوون، دوای راگەیاندنی دژایەتیی سەدر بۆ حاكمی عەسكەری پۆل بریمەر‌و داگیركاری ئەمریكا.

موقتەدا سەدر لەم توندڕەوییەی خۆی هەر بەردەوامبوو، نەوەك بەرامبەر ئەمریكییەكان، بەڵكو پەلی بۆ وڵاتێكی وەك سعودییەش هاویشت، دوای ئەوەی بەدەستتێوەردەری زانی لە بارودۆخی یەمەن، ئەو ئەیەویست وای نیشانبدات،كە لەهەر شوێنێك شیعەیەك هەیە‌و دەچەسەوێنرێتەوە، هانای بۆ بەرێ، یان لەدژی ئەوانە بێتە دەنگ كە بەرامبەر شیعە دەكەونە جەنگ. 

 هەڵوێستە توندەكانی رێكدەهاتەوە لەگەڵ باری نائارامی دەروونی خەڵكی عێراق، كە دەیان ساڵە لەناو كورەی ئاگری جەنگ دەتلێنەوە، بەڵام ئەوەی ئەو جیاوازتر نیشانی ئەدا، ئەوەبوو لایەنی ئەوانەی دەگرت كە كەسانێك بوون لەكۆمەڵگا فەرامۆشدەكران‌و كەمترین حسابیان بۆدەكرا‌و لایەنگری دەسەڵات نەبوون، هەموومان گردبوونەوەكانی سەر ناوچەی سەوزمان لەبیرە ‌و چۆن توانی بچێتە ناوییەوە، كە ئەم هەنگاوە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوپەڕی سووكایەتییپێكردن بوو، بۆیە لەوێ ڕۆژێوە كێرڤی دەنگەكان‌و هاوارەكان لەپشت گوتارەكانی موقتەدا سەدر بڵندتر‌و دلێرتربوون.

 ئەوەی سەدری زیاتر جیاكردەوە لەسەركردە شیعییە تەقلیدییەكانی دی ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییەی بوون لەكۆتایەكانی ساڵی 2017 بۆ هەریەك لە قەتەر‌و سعودییە‌و ئاشتبوونەوە لەگەڵیان. كە ئەمە جورئەتێكی زۆر گەورەبوو كەسێك لەمەرجەعیەتێكی شیعەوە دوای داوەتنامەی نەیارانی ئێران بكەوێ. ئەتوانین بڵێین، لەو رۆژەوە نەخشەیەكی نوێ بۆ گۆڕانكاریێكی گەورە لەعێراق كێشرا، كە هیچ بەدوور نازانرێ ئەمریكا دیزاینەرەكەی بووبێ، بەڵام خۆ ئەگەر هەریەك لە ئێران‌و ئەمریكا گەڕی پێشوو لەسەر عەبادی هاوڕابوون، تۆبڵێی ئەمجارەش ئەو هەلە بدەنە سەدر‌و بەربژێرێكی ئەو واتا (عەلی دووای) بچێتە سەر كورسی سەرۆك وەزیران؟ ئەم پرسە كاری لەسەر دەكرێ‌و سەدریش دەزانێ هیچ پێكهاتەیەك لەعێراق نەگەیشتۆتە رێژەیەك كە زۆر شانازیی بەدەنگە زۆرەكانییەوەبكات یان بتوانێ بێمنەتانە حكومەت پێكبێنێ، بۆیە سیناریۆ گەلێك دەخرێنەڕوو، گومانی تێدانییە هەریەك لەئەمریكا‌و ئێران هەوڵی جدی خۆیان دەدەن، وەك لەپێشووتردا داویانە. 

ئەگەر سەیری ئەم چوارساڵەی رابردووی حوكمی عەبادی بكەین، ئەو سەركەوتووبووە لەڕاگرتنی باڵانسی ئێرانی ئەمریكی‌و توانیی هەر دوو لا لەیەكلاكردنەوەی كێشەی داعش بێنێتە سەریەك سفرە‌و بەقازانجی خۆی بەنمرەی یەكەم‌و گەلانی عێراق بەكاریانبێنێ. ئەم هاوكێشە قورسە زۆر زەحمەتە بەكەسێكی وەك سەدر، كە باكگراوندێكی پڕ لەتوندوتیژی هەیە بەرامبەر ئەمریكییەكان تاسەر بتوانێ لەگەڵیان بسازێ، بۆیە باشترین بژاردە، هەر ئەو سیناریۆ كۆنەیە، كە كۆمەڵگای دەولی لەگەڵی راهاتوونە‌و ئێرانیش گرفتێكی ئەوتۆی لەگەڵییدانیە. بۆیە بەدووری نابینم سەدر رێ بەوانەدەدات بەتایبەت عەبادی كە لەواجیهەدابێ، بەڵام بە مەرجەكانی ئەو، واتا حكومەتی ئاییندەی عێراق لەمۆركی تەواو تائیفی دووربخرێتەوە‌و مەرجەكانی سەدریش بەباشی تێیدا جێبگرن، ئەگینا ئاسانترین رێگا بۆ سەدر ئۆپۆزیسیۆنبوونە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنبوونی ئەمجارەی زۆر جیاوازتردەبێ لەجارەكانی پێشوو، بەتایبەت كە ئەو لەئەوجی هێزەوە دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن‌و جولاندنی شەقامیش بۆ ئەو ئاسانترین كارێكە كە بیەوێ دەستی بۆببات.   

 

ئەتوانی لەسایتى شارپرێسیش بیخوینیتەوە

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق