ئاوەزنامە
بۆ دەستپێکی خوێندنەوەی کتێبی ئاوەزنامە، بەپێویستی دەزانم، بە بەراورد و هاوتاییبوونێکی نێوان دوو ڕابەری مەزن دەست پێبکەم، ئەوانیش گاندی و بنگۆریۆنن. ئەو دوو ڕابەرەی مێژوویان بە جۆرێکی تایبەتتر نووسییەوە، کە لەوانەی تر ناچن.
بنگۆریۆن وێڕای ئەوەی گووتاربێژ و سیاسیێکی ژیر و داڕێژەرێکی بەتوانای ستراتیژیی نەتەوەیی بوو خوێنەرێکی زۆر جددیش بوو، لە هەر شوێنێک با کتێبخانەکەی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا و بەردەوام کاتە بەتاڵەکانی بە خوێندنەوەی کتێب پڕ دەکردەوە، ئەو کاتەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواو دەبێ، وەک سەرۆک وەزیران، بە کتێبخانەیەکی پڕ کتێبەوە ڕوو لە سارای نەقەب دەکات، ئاخر لەوێ هەژدە کەس شێوەی ژیانێکی سۆسیالیستی دەژیان و کیبوتزیان پێکهێنابوو و مەرامیان بوو ئەوێ ئاوەدانکەنەوە، بە چوونی بنگۆریۆن و خێزانەکەی بوون بە بیست کەس، کاتێ هاوڕێکانی پێداگری دەکەن لەوەی لە ئۆرشەلیم بمێنێتەوە و بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات پێویستییان پێیەتی، ئەو وەها بەرسڤیان دەداتەوە و دەڵێ؛ ئەگەر بێتو دەست لە دەسەڵاتداریی حکوومەت نەکشێنمەوە، کە یاساکانی خۆمان دامانڕشتووە، ئەوا متمانە لەدەست دەدەین و وڵات پێشناکەوێ، دووەمیش من دەمەوێ بۆ ئەرکێکی پیرۆزتر بچم ئەویش ئاوەدانکردنەوەی سارای نەقەبە، ئەگەر ئێمە هەر لە ئۆرشەلیم کۆببینەوە، ئەوا بۆ دواڕۆژ ئەم شارە تووشی هەڵاوسان ئەبێ و شوێنەکانی تریشمان لەدەست دەردەچێ، پێویستە بۆ دواڕۆژی نەوەکانمان شوێنی تری شیاو دەستەبەر بکەین، هەر واشی کرد و دواتر سارای نەقەب ئاوەدان بووەوە و بەهەزاران ئیسڕائیلی ڕووی لەوێ کرد.
گاندیش بەهەمان شێوە، دوور لە ژاوەژاو و قەرەباڵغی شارە گەورە و پڕ دانیشتووانەکان ئەویش شوێنێکی دوورەدەست و لاچەپی هەڵبژارد، کە سیڤاگرامیان پێ دەگوت. ئەتوانین بڵێین هەمان شێوەی کیبوتزی هەبووە، ئەوێش کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی بوو، هەمووان لە ئەرک و ماف یەکسان بوون، هەموویان یەک جۆر خۆراک و پۆشاکیان هەبووە. گاندی لەوێ ئاسوودەبوو، بۆ وەڵامدنەوەش ئەیگوت، ئەوانەی بیانەوێ سەردانم بکەن، ناچار ئەبن دەیان میل بە پێ بڕۆن تا دەگەنە لام، دیارە ئەوانەی ئەو زەحمەتییە دەدەنە بەرخۆیان مەبەستییانە من ببینن، بەڵام وەنەبێ گاندی تەواو خۆی دوورەپەرێزگرتبێ، بەڵکو بەخۆی و هاوەڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی پیتاک بەسەر شارە گەورەکاندا دەگەڕا و پارە و سامانێکی زۆری کۆدەکردەوە و هەوڵی دەدا ژیانێکی شایستە بۆ هەژارانی وڵاتەکەی دەستەبەر بکات، لەمەشیان هەوڵەکانی گۆڵدا مایەرم بیرهاتەوە و لە سەروکاری دروستکردنی دەوڵەت بۆ ئیسڕائیل ئەویش دەچووە نیویۆرک و شارە گەورە و پڕ نفوزەکانی ئیسڕائیلی لە ئەمریکا، بۆ کۆکردنەوەی داهات تا بتوانن چەک و پێداویستییە لۆجستیکییەکانی پێ دابین بکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانیان.
لێرەدا کە ئەو دوو نموونەیە پێکدەبەستمەوە، مەبەستمە بڵێم، دابینکردنی دواڕۆژی ڕوون بۆ نەتەوە و نیشتمان بەمجۆرەی ئەوانە دەکرێت، نەک پێچەوانەکەی، کە ئێستا لەسەر زەمینەی واقیعییدا لێرەوە و بەدیاریکراویش لەم بەشەی کوردستاندا ڕێک پێچەوانەکەی دەیبینین.
هەر لەو بەراوردکارییە دەمێنینەوە. گاندیش وەکو بنگۆریۆن خوێنەر بوو، وەلێ ئەو زیاتر پیاوێکی ئەزموونی بوو. ئەو هەموو دووشەممەیەک کاتێ سەری بەسەر دەفتەرەکەیدا دەگرت تا بنووسێت، دەیکردە ڕۆژی بێدەنگبوون. ئەو هەمیشە کردارەکانی بۆ هاوەڵانی شی دەکردنەوە و دەیویست لەسەر ئەو شتانە ڕایان بێنێ کە چۆن بتوانن پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ بکەنەوە. کە ئەڵێم ئەزموونی بوو، سوودی لە دەرفەتەکان وەردەگرت، هەر بۆ نموونە:
. نووسەر لەم بارەوە لە گرنگترین وانە، یان ڕاستتر بڵێین ئەوەی فەلسەفەی گاندی لەسەر بیناکراوە تیۆری ناتوندوتیژییە، کە ئەو بە دەستکارییەوە کردییە ساتیاگراها و هەر لەڕێی ئەم تیۆرەوە، زۆربەی شتەکانی بە میللی کرد و بایکۆتکردنی کاڵاکانی بەریتانیای مەزنی لێ کەوتەوە و توانی دوژمن لە توانا و هێز بخات و سەرکەوتن بەدەستبێنێ.
لە جوانترین وێنە ئاکارییەکانی ئەم کتێبەشدا دژایەتییکردنی درۆ و خۆ تەرخانکردنە بۆ ڕاستی، کە ئەم دوو هۆکارە بەرەو سیاسەت ڕایانکێشا. ئەم نموونانەی هێناویەتییەوە زۆر باڵکێشن. بەتایبەت خۆ سزادانی مانیلالی باوکی ئارون، لەسەر ئەوەی ئارون ڕۆژێک درۆی بەرانبەر ئەکات و ئەویش سزای خۆی دەدات لەبەرانبەر ئەو درۆیەی کە کوڕەکەی واتا ئارون کردوویەتی و ئەڵێ، بۆیە خۆم سزادەدەم ئەبێ لە پەروەردەکردنی کوڕەکەمدا کێماسیێک هەبێ، بۆیە ئەبێ ئازاربچێژم و بیربکەمەوە و بزانم هەڵەکە لە کوێدایە. هەر لەبارەی درۆ وە نووسەر لەزاری گاندییەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ:"درۆ وەک لم وایە، ناتوانێ بناغەیەکی پتەو دروست بکا. هەر شتێکی لەسەر ڕۆ بنێی لەرزۆک و شڵۆقە و جێگەی بڕوا نییە..."
ئەمە و دەیان وانە و پەندی تر، کە هەریەکەیان بەبەشی خۆی سوودبەخشن.
لە بەشێکی دیکی ئەم کتێبەدا ئارون دەڵێ، بۆ سەردانی باپوجی لە باشووری ئەفریقاوە هاتینە سیڤاگرام، هەفتەی یەکەم هەر سێ ژەمەکەی هەر کولەکەیان دەرخوارد داین، هیچ یەکێکیش لەوانەی لەوێ بوون قسەی نە دەکرد و ناڕەزایەتی نیشان نەدەدا، تا ڕۆژێک ئێلای خوشکم، کە تەمەنێکی گچکەی هەبوو، چوو و دەرگای لە باپیرم گرت و سکاڵاکەی پێشکەش کرد. دەربڕینی ئەم ناڕازییبوونەش بوو بە وانەیەکی نوێ و گاندی بە جۆرێکی دی دایڕشتەوە. یان لە نموونەی فڕێدانی قووتەقەڵەم لەلایەن ئارونەوە و پێداگیرییکردنی گاندی لەسەر دۆزینەوەی قووتەقەڵەم و شیکردنەوەی وانەیەک دەربارەی بەفیڕۆدان، کە ئەگەر بێتوو هەرکەسەی لەلای خۆی دەست بەو شتە گچکانەوە نەگرێ و بەفیڕۆیان بدات، ئەوا بەرانبەر شتە گەورەکانیش کەمتەرخەم دەبێ و زۆر دەرفەتی لەدەست دەچێ، لە درێژەیدا دەڵێ:"بە فیڕۆدانی هەر شتێک لە خوویەکی خراپ، زیاترە. ئاخر بە فیڕۆدانەکە دەربڕی بێ باکییە لەبارەی جیهان و توندوتیژیی نواندنیشە بەرانبەر سروشت"
کەواتە کتێبی ئاوەزنامە، پوختەی ئەو ڕووداو و کار و ئامۆژگاری و وانە و پەندانەیە، کە ئارونی نەوەی گاندی لە باپیرییەوە فێریان بووە. ئەو هاتووە لە یازدە بەند کۆی کردوونەتەوە و بەشێوەیەکی جوان دایڕشتوونەتەوە و وەرگێڕی بەتواناش شەفیقی حاجی خدر ئەو بەرهەمەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی و ئەو پێویستییەی پڕکردۆتەوە، کە دەلاقەی کتێبخانەی کوردی پێویستی بەمجۆرە کتێبانە هەیە، یان لێی کەمە.
سروشتی ئەم کتێبە زیاتر لە خانەی پەروەردە و فێربوون، یان چوارچێوەیەکی کۆمەڵناسی و دەروونناسییانە خۆی دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە وەک ئەزموونێک کە لە کەسێکی سەرکەوتوو و پێشەنگ بەجێ ماوە بخوێندرێتەوە و وانەی لێ وەربگیرێ. بەتایبەت بۆ ئەوانە باش و گونجاوە، کە لاپەڕەی سپیین و دەیانەوێ دواڕۆژێکی گەش بۆخۆیان دیاری بکەن، چونکە هەر ئامۆژارییکردن نیین، بەڵکو ڕاهێنان و پەند و نموونەی ڕابردووشن.
ئەم کتێبە لە بەرگەوە بۆ بەرگ پڕە و شایانی خوێندنەوە و لێ وردبوونەوەیە، سێ نووسەری کوردی بە تواناش پێشەکییان بۆ نووسیوە، کە ئەمەش لەخۆیدا داهێنانێکی نوێیە بۆ بەرهەمێکی بە کوردیی کراو.
.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق