نەخشە
لەوەتەی هەم
نەخشەیەکی پیرم لەسەر پشتە
سەدە بە سەدە دەیگێڕم
بە هەردوو چاوەکانی
بە دەنگە کرخەکەی بە گوێم دادەدات
لە پەردەی پێش مێژوو بێمەدەرێ
پێیەکانم بخەمە ناو ، هەرێزەکانی مێژوو
ناو باخی عەدەنیی دەسەڵات
سەرگێژ
بەژێر سێبەری شمشێر
بەناو تەپ و تۆزی سمی ئەسپ و فیل
بەناو چڕە دووکەڵی ئاگری جەنگەکان، تێدەپەڕم
دەمەوێ هەناسەکانم لێ نەبڕێ
بەشی ئەوە هەناسەم پێ بمێنێ
بەرانبەر ڕۆژێکی نوێ، سنگی خۆمیان بۆ واڵاکەم
لەوەتەی هەم ئەوە بەشمە
هێشتا مێژوو، وەک میوانێکی ڕەزاسووک
وەری نەگرتووم
یاساکان ژەنگیان هەڵێنا
ئەو یاسایانەی پێیانەوە
دەیان جار چوومەتە بەر پەتی سێدارە و
وەک پەرجوێک گەڕاومەتەوە
وا بزانم لە دوای مەسیح
یەکەم قوربانی من دەبم
لە مردن بگەڕێتەوە ژیان
ئەو بە خاچێک زۆر لە کێشی خۆی قووڕستر
منیش بە نەخشەیەک زۆر لە باڵام بەرزتر.
بەرەبەیانی ۲۰۲٤/۱۲/٧ هەولێر
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق