باران
بە ڕەنگێکی (تەڵخ، مات، پووت...)ەوە بەرەو باخ چووم
لەوێ کە بەیەکگەیشتین
هەر گەردێکم ڕەنگێکی دەدا، گەش گەش
وەک ئەوەی تازە
گەرد و تۆزی لەسەر مندا داماڵیبێ،
دەستی باران.
هەر دڵۆپێکی کە دادەبارێ
حەسرەتی دەریا و
ژانەکانی هەوری پێیە
بەر هەر کوێی زەوی بکەوێ، ئاوازێک دەردەکات
هێشتا هیچ ئامێرێک نەیتوانیوە تۆماریکات،
دەنگی باران.
لە دڵۆپێکییدا ، تەواوی ژیانم بەدی کرد.
تەواوی ڕەنگەکان، چاوەڕێی گەردێکی خۆر بوون
لەهەناویدا بەربنەوە.
گەردوون بەو هەموو فراوانییەوە، بوو بە گەردێک، لەسەر
چاویلکەکانی باران.
پایزی ۲۰۲۳
حەسەن هەندرێنی
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق