السبت، 30 سبتمبر 2023

دیدەنی تاران

 

دیدەنی تاران، کتێبێکی گەشتنامەیە، نووسەر (کەریم کاکە) لە توێی سەد و سی و هەشت لاپەڕەدا نووسیویەتی.

دوێنێ بیست و حەفتی سێی دوو هەزار و بیست و سێ دەستم بە خوێندنەوەی گەشتنامەکە کرد  و ئیمڕۆ بیست و هەشتی سێ لێیبوومەوە. مانای ئەوەیە، کە سەرت خستەسەر وشەکانی ناتوانی بەئاسانی دەستبەردارییان ببیت 


 لەم کتێبەدا نووسەر هۆکارێکی بەدەستەوەیە تا ئەم بەرهەمەمان بخاتە ناو چنگان، ئەویش نەخۆشی هاوسەرەکەیەتی، کە نەخۆشی دڵی هەبووە و دوای ناوبانگی دکتۆرانی تاران دەکەوێ و لە هەولێرەوە بەرەو ئەوێ دەکەوێتەڕێ. 

دەستپێکی گەشتەکە بە شاری کرمانشان دەستپێدەکات، لەوێ دەچێتە ناو ئەو خەیاڵانەی کە لەم شارەدا شیرین و فەرهادییان خستۆتە ناو یادگەیەوە و هەموو ئەو جوانییانەی لەم شارەدا دەیانبینێ بەزمانێکی ئەدەبی جوان تێکەڵ بە هەستێکی کوردانەیان دەکات و  حەسەن زیرەکیش دەهێنێتە ناو ناوان بەهۆی ئەوەی بەچاک و خراپ  گۆرانی  بە کرماشاندا هەڵداوە. دواتر بە پاس بەرەو شاری هەمەدان دەڕوات، لەوێش یادێک لە بابەتاهیری هەمەدانی دەکاتەوە و لەگەڵ کوڕێک کە دیوانە شیعری بابەتاهیری بەدەستەوەیە دەکەوێتە گفتوگۆ. باسەکەیان زیاتر لەسەر بابەتاهیر دەبێت، نووسەر بە کوڕەکە دەڵێ دەزانی بابەتاهیر بە کوردی شیعری نووسیوە. ئەو وەڵامدەداتەوە: نەمدیوە ئەوەی هەیە فارسییە.  پێی دەڵێ فارسی نەبووە کراوەتە فارسی لە کاتی خڕکردنەوە و چاپکردنی هەر وشەیەکی کوردی کە لە فارسیدا نەبووە فڕێیان داوە و  وشەیەکی فارسییان داناوە. ئیتر نە کوڕەکە، کە لەکاتی یەکترناسییندا دەردەکەوێ بانەییە دەیسەلمێنێ کە بابەتاهیر بە کوردی نووسیوە و نە کەریم کاکەش بۆی دەسەلمێنێ، بۆیە بە بێدەنگی گفتوگۆکەیان دادەخەن. 

بەو پاسەوە دەگەنە تاران، کە دەگەنە ئەوێ دەڵێ: ئێرە تارانە پایتەختی پاشای قاجار و پەهلەوی و ئاخوندانە. پایتەختی خوێن و تاوانە. پایتەختی کونە ڕەشەکانی قەجەر و ئەوینە. پایتەختی بەداراکردن و لەخوێن گەوزاندن و سەربڕینە، بەڵام شاری سەرهەڵدانیشە، شاری شیعر و سترانیشە، زێدی گوگش و داریوشە، هایدەی کرماشانی لێرەوە دونیای پڕ کرد لە چریکەی ئەفسووناوی، شاملوو کوڕی ئەو شارەیە و دونیای پڕکرد لە شیعری ورشەدار و گوڵاوی، شاری ژنە سوورپۆشەکەشە.

هەر وەک گوتمان، ئەو بۆ ئەوە هاتووە کە دڵی گوڵەی هاوسەری چاککاتەوە، بۆیە ئەگەر دڵی ئەو چاکبێتەوە ئەوە خۆشییەکان دەبن بە دوو خۆشی.

بە ڕای من لەم گەشتنامەیەدا جوانترین بابەت ئەو بابەتەیە، کە ڕۆژێک لە تاران دەچێتە شەقامی پێڵاوی ژنان، شەقامێک تا چاو هەتەر دەکات درێژ و نێوان جادەکانی پڕن لەو درەختانەی تەمەنییان دەچێتەوە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی محەمەد ڕەزا شا، لەوێوە هەرچی دەبینێ، هەر کچ و ژنی شۆخ و بە لەنجەولارە، بەڵام لەنێو هەموویان یەکێک سەرنجەکانی دەبەن و بە دوای ئەو شۆخەدا دەکەوێ، لەو وەسفەی بۆی دەکات، جوانی وای لە ژیاندا نەبینییوە، ئەمە لە کاتێکدا هێشتا لە ڕووەوە نەیدیوە و هەرگیز نایشی بینێ! بەڵام لەدواوە بەژنێکی زراڤ و ناوقەدێکی باریک لە پێشییەوە لەنجە دەکەن، لەنجەیەک دەکات مەگەر تاوس بتوانێ ئەو لەنجەیە بکات، یان دەڵێ ماینە کەحێل بیبینێ حەزەکات لاسایی بکاتەوە. چەفیەیەکی بە سەرەوەیە وەک ئەوەی بەزۆر بەسەریانەوە دادابێ. نووسەر هەر بەدوایەوە دەبێ، لە دڵی خۆی دەڵێ تا قیامەت لەدوات دێم. ئیتر کچکەکە لە دەروازەیەک دەچێتە ژوور ئەم دەروازەیە دەیانباتە ژێر زەمینی ئەم شارە. لەبن عەرد هەر بە دوایەوە دەبێ، لەبەرئەوەی یەکەمجاریەتی تاران ببینێ، توشی سەرسوڕمان دەبێ کە لە بن عەرددا تارانێکی تر هەیە، یان بەشی زۆری ژمارەی دانیشتووانی تاران لەوێ لە بن ئەو عەردەوەن. ئەو بن عەردە بازاڕێکی مەزنی لێیە، بەڵام قەرەباڵغییەکەی بێ سنوورە.  

هەر بە دوای ئەم کچە دەکەوێت و لە بەڵێنەکەی ژیوان نابێتەوە. لە پڕ ئەو کچەی لێ وون دەبێ. ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەرگایەک دێتەپێش، کاتێ کچەکە دەڕوات دەرگاکە بەڕووی کەریم کاکە دادەخرێ، ئای خودایە، ئەمە چ نەفرەتیێک بوو هاتە پێش، دەڵێ دەمتوانی بەسەر دەرگاکە بازدەم و خۆم ئاودیو بکەم، بەڵام چاوی پولیسێکم کەوتەسەر و زانییم بۆ کردنەوەی دەبێ بلیتێکی بۆ بکڕم، وام کرد و دەرگاکەم لێ بووەوە. جا لەوێ دەڵێ پارەی کاغەز دەرگای ئاسنیش دەکاتەوە.  کە دەرگاکەی لەسەر دەبێتەوە هەمان کچ دەبینێ، ئۆخەیەک دەکات، بەڵام چەند هەنگاوێکی تر دەڕوات کچێکی تر بەهەمان لەنجەولارەوە دەردەکەوێت ئیتر ئەمەو چەندانی تر بەهەمان شێوە دەبینێ، لە خۆی دەکەوێتە گومان، ئەمە خەونە یان ڕاستییە؟ بەڵام بۆی دەردەکەوێ کە ڕاستییە، بۆیە لێی تێکەڵ دەبێ و دوای یەکێکیان دەکەوێ کە پێی وایە ئەمەیان خۆیەتی و ئەمجارە نایەوێ بە هیچ جۆرێک لەبەرچاوی لاکەوێ، دەڵێت: هەتا بۆ نوقاندنی چاویش یەک یەک چاوەکانم دەنوقاندن نەبادا ئەمجارەش لێم ون ببێ، ئیتر بە دوای دەکەوێت تا هەنگاوەکان  دەیهێننەوە  بۆ سەرزەوی، لەوێوە جارێکی تر لێکدادەبڕێن، بەڵام خەیاڵی هەر لای ئەو کچەیە کە یەکەم جار بە چەفیەکەوە بینیبووی. بە نابەدڵی دەگەڕێتەوە میوانخانەکەی تا لە پەنجەرەکەیەوە بەسەر جوانییەکانی شاردا بڕوانێ. 

ئەم گەشتەی پڕە لەم بەسەرهاتە خۆشانە و زمانی گێڕانەوەکەی بەدوای وشەکانتدا دەخات و ناهێڵێ بەئاسانی دەستبەردارییان ببیت. 

دەست خۆشانەی لێ دەکەم و دەڵێم شایانی خوێندنەوەیە.


حەسەن هەندرێنێ  ‌٢٠٢٣/٣/٢٨ هەولێر

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق