ئەگەر لێیان پرسیت، کام کتێبەیە دەتگریێنێ و هەندێک جاریش وەخەندەت دەخات؟ بێ دوودڵی وەڵامییان بدەوە و بڵێ: ( بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر)، بەڵام خۆ دەبێ ئەم کتێبەت خوێندبێتەوە و ئاماژە بە هەندێک برگە و بابەتی بکەیت، تا بەرانبەرەکەت ڕازیی بکەیت. بۆیە بە پێچەوانەی باو لەو سەرەتایەوە پێتان دەڵێم، ئەم کتێبە بە بەهایە بخوێننەوە.
لەم دونیایەدا وەک چۆن پەنجەمۆری هیچ کەس لەوەی تریان ناچێ، ئاواش بیرەوەری هیچ کەسێک لەوەی تر ناچێت.
گیڕانەوەی بیرەوەرییش لەزاری ئەوانە خۆشە و بە پێنووسی ئەوانەش جوانتر بریسکەئەدا، کە لە ژیانییاندا سەروکاریان لەگەڵ نووسیندا هەبووە. ئەگەر وانەبێ بەسەر کۆمەڵێک بابەتی تێکەڵ و پێکەڵ و کرچ و کاڵ و لە گێڕانەوە ناخۆشدا دەکەوین، وەک چۆن لە بیرەوەری هەندێک کۆلکە نووسەری سیاسییدا دەیانبینیین، کە خۆیشی نازانێ لە کوێ دەستی پێکردووە و ئەبێ لە کوێش کۆتایی پێبێنێ.
بیرەوەرییەکانی ئاپێ موسا عەنتەر، دەچنە خانەی گێڕانەوەکانی نووسەرێکی بە ئەزموون. جا چۆن گێڕانەوەیەک! هەموو بەشەکانی کورتن، بەڵام پوختن.
ئەو، کە باسی ژیانی گوندەکەیان دەکات، وەک ئەوەیە تۆ لەبەردەم خوێندنەوەی بەشێکی کتێبی داغستانی منی ڕەسوڵ حەمزەتۆڤدابیت، یان وەک ئەوەی کوردەکان دەڵێن، داغستانی عەزیز گەردی.
لە باسی عەشق و خۆشەویستی و جێهێشتنی ژیانی لاوێتی و سەرسەرێتیشدا بەسەر خەزێنەیەکی پڕ گەوهەری وشەی ڕۆمانسیی و ڕێز و خۆشەویستییدا دەکەویین، ئەوەی ئەم خۆشەویستییەش بۆ ژیانی گەنجێکی وەک ئاپێ موسا جوانتر دەکات، تێکەڵبوونیەتی بە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و شاعیر و کوردپەروەری وەک بنەماڵەی عەبدوڵڕەحیم ڕەحمی زاپسووە. کە لەوێ باسی لەبارەوە کردووە و من دووبارەی ناکەمەوە.
کە دێتە سەر زیندانیش، ئەو بەشەی کرۆکی باسە و زۆرترین پانتایی ژیانی ئەم تێکۆشەرەی وەخۆگرتووە و نووسینی ئەم بیرەوەرییانەشی لێکەوتۆتەوە، ڕێک ئەو بلۆکبەندییەت دەکەوێتە بەرچاو، کە جۆرج ئۆروێل لە کتێبە ناودارەکەی ١٩٨٤ دا بە دوور و درێژی لەبارەیەوە، نووسیوەیەتی، جا ئەگەر ئەم ڕۆمانەتان خوێندبێتەوە، پێویست ناکات لێرەدا بە یەک بەیەکی ئەو بەشانەدا بچمەوە و زیندان بە زیندان چاوەکانیان بکەمەوە و زومی کامێرا بخەمە سەر کاراکتەرەکەمان لە کونجێکی ئەم زیندانانەدا، چونکە نە تۆ دەزانی کامیان لەوەی تریان نالەبارتربوون، نە نووسەریش بۆی دەستنیشان کردووین، ئەوەندە هەیە و پێمان دەڵێ، کە لە زیندانەکان هاتمە دەرێ، بە هۆی ئەوەی ئەفسەرێک لێیدام و پاڵی پێوەنام و سەرم بەر سەکۆیەک کەوت چاوێکم کوێر بوو و گوێیەکیشم نابیستە. جومگەکانیشم توشی ڕۆماتیزمێکی قورس هاتوون بەهۆی زیندانە تاکەکەسییەکان و هەر بەهۆی زیندانیشەوە توشی نەخۆشی وەرەم (سیل) هاتم و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرام! جا چ پێویست دەکات بە یەک بە یەکی ئەو هەموو زیندانانەدا بێین و شەرحی حاڵی ئەوتان بۆ بکەم؟ ئەوەندە دەڵێم، کە لە یەکێک لە دادگاییەکان، دادوەر ناسنامەکەی بە نووسەری دادگا نووسی و لێی دەپرسێت، چ کارێک دەکەیت؟ موسا بە حەنەکەوە، وەڵام دەداتەوە: کوردایەتی. بەو وەڵامەی داواکارە گشتییەکە سەرومیزاجی تێکدەچێ، بەڵام سەرۆکی دادگا بە خەندەوە لێی دەپرسێت: ئەوە چ کارێکە؟ وەڵام دەداتەوە، لەسەر کوردایەتی تاوانبارکراوم، دادگای تێهەڵچوونەوەش بڕیارەکەی پەسەند کرد، ئێستاش لێرە لەبەر کوردایەتی لە چەنەقەلە لەژێر چاودێرییدام، لای ئێوەش لەسەر کوردایەتی دادگایی دەکرێم، بۆیە لە دۆخێکی ئاوا گەر پیشەکەم کوردایەتی نەبێ دەبێ چی بێ. لا ٣١٢.
لە گێڕانەوەدا ئەوەندە پڕ و دەوڵەمەندە، دەتخاتە بەردەم ئەفسانەی نەتەوەیەک، کە هەرچی لەناوییدا دەگوزەرێ، بە ڕێگای خۆی نیشانت دەدات، هەر لە شۆڕشەکانی کورد لە شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دێرسیم و دکتۆر ئیحسان تا دەگاتە سەردەمی زێڕینی پەکەکە، کە نیازی خۆی دەربڕیوە لەبەشەکانی سێ و چواردا زیاتر لەسەر خەباتی پەکەکە و گیانفیدایی ئەوان هەڵوەستە بکات.
لە باسی سەید ڕەزادا ئەوەندە دیمەنێکی تراژیدی ئەخاتەڕوو، مەگەر ئەو دڕندەییە هەر لە دەسەڵاتدارە شۆڤێنیستەکانی تورک بوەشێتەوە، ئاخر نە سەید ڕەزا و نە کوڕەکەی لە تەمەنی لەسێدارەداندا نەبوون، بەڵام بەپەلە تەمەنی هەردووکیان ڕێک ئەخەن ، بۆئەوەی خێرا لە سێدارەیان بدەن!
لە باسی شەهید قاسملۆشدا، کە ئاپێ موسا لەسەر ئەرکی خۆی بەرەو پاریس بەڕێیکردووە، لەم بەشەدا جیاوازیێک لەنێوان خۆی و شەهید قاسملۆدا دەکات و دەڵێت: ئەو لە من بە بەختتر بوو، چونکە ئەو مردنەکەشی شەڕەفمەندانە بوو، بۆیە گەر منیش شانسم هەبێت و لە ڕێی خەڵکەکەم شەهید ببم، بۆ من زۆر گەورەییە .. لا ١٩٤ . بەداخەوە هەمان ئاواتی هاتەدی، گەر بۆ ئەو شانس بێت، بەڵام بۆ کورد خەسارەتێکی مەزن بوو، چونکە ئاپێ موسا، وەک خۆر وابوو لەهەر لایەکبا ڕووناکییەکە لەوێوە دەردەچوو، شێوازی شەهیدبوونی لەگەڵ شەهید قاسملۆ زۆر لەیەک دەچێت، ئەوەی قاسملۆ دەستەیەک لە پیاوانی ئاخوندی تیرۆریان کرد، ئاپێ موساش لە ئێوارەیەکی درەنگی بیستەمین ڕۆژی مانگی ٩ ی ١٩٩٢ بە چەند فیشەکێک بە دەستی بکوژی نادیار شەهید دەکرێ، تا ئێستاش گومانەکان لەسەر گروپێکە بەناوی ژیتەم.
هەزاران دروود بۆ گیانی شەهیدی قەڵەم و تیکۆشان بۆ ڕزگاریی کورد، ئاپێ موسا عەنتەر.
١٢/ ٦/ ٢٠٢٣ هەولێر
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق