السبت، 30 سبتمبر 2023

ئەو کتێبەی هەرای نایەوە

  


کتێبی لەبارەی شیعری جاهیلییەوە 


ئەم کتێبە، هەر تەنیا ناوەرۆکێک نییە بەڕووی ئەدەبدا کرابێتەوە و کنە و پشکنینی لەبارەی شیعر و شاعیرانی جاهیلییەوە کردبێ، بەڵکو زۆر ڕاستیی مێژوویی بەدیاردەخات لەبارەی بوونی عەرەب و ئەو نەتەوانەی بە عەرەبکراون، ئەو دەڵێ : عەرەب دابەش دەبنە سەر دوو پاژ: قەحتانییەکان، ئەوانەی جێ هەواری یەکەمیان لە یەمەن و عەدنانییەکانیش ئەوانەی جێ هەواری یەکەمیان لە حیجاز بووە،لا ٦٥  بە واتایەکی دی پاژی یەکەم عەرەبە ڕەسەنەکانن ( العاربە) و پاژی دووەمیش بە عەرەببووەکانن ( المستعربە) لا ۳۷، کاریگەریی هەردووبەرەش بە تیرە و بنەماڵە و ئەو هۆزانەی ئەکەونە ناو جغزە جوگرافییەکەی سنووری دەسەڵاتی ئەمانەوە، لەڕێی شیعر و شاعیرانییەوە بەدیار دەخات. 


ئەو دەستپێکی توێژینەوەکەی بەوە دەست پێدەکات کە دەڵێ :(یەکەمین شتیش کە بەم قسانە سەرسامت بکەم ئەوەیە، من گومانم لە بەهای شیعری جاهیلی هەیە و لەسەر گومانەکەشم مکوڕم ، لا ٤۰) هەروەها دەڵێ ( ئاخر زۆرینەی ڕەها ئەوەی پێی دەڵێن شیعری جاهیلی، فڕی بەسەر جاهیلییەتەوە نییە، بەڵکو دوای سەرهەڵدانی ئیسلام هەڵبەستراوە و دروستکراوە، ئیدی ئەم شیعرانە ئیسلامیین و دەرخەری ژیانی موسڵمانان و مەیل و ئارەزووەکانیان دەکەن، زیاتر لەوەی دەرخەری ژیانی جاهیلی بن، لا ٤۰) لە بەشێکی دیکەی باڵکێشدا دەڵێت: (لەگەڵ ئەوەشدا من ئەوە دەڵێم، کە سەردەمی جاهیلی نزیک لە ئیسلام ون نەبووە و دەتوانین بەشێوەیەکی ڕوون و مەحکەم وێنایەکی ڕوون و ئاشکرای بکەین. لێ ئەمەشیان بە مەرجێک کە پشت بە شیعر نەبەستین، بەڵکو لە لایەک پشت بە قورئان ببەستین و لە لایەکی دیکەشەوە پشت بە مێژوو و ئەفسانەکان ببەستین، لا ٤۱) بەپێی خوێندنەوەی من لەم پەرەگرافەوە دەرگا بەڕووی زمان و زارەکان و هۆکارەکانی داتاشینی شیعر لە سیاسەت و دین و چیرۆک و شعوبیەت و گێڕەرەوەکان و مێژوو و ئەفسانەکان دەکاتەوە تا دەگاتە لێواری مەبەست، بە تایبەت کە ئەگاتە بەراوردکردنی تەمەنی شاعیران بە هاتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی ناوبانگ و شیعریان لەگەڵ بانگەوازی ئیسلام، ئەوەی توێژەری خستۆتە سەر گومان، بەراوردی نێوان دەقە شیعرییەکانە بە زمانی قورئان. کە بەشی زۆری شاعیران سەر بە پاژی یەکەمن، واتا ئەو عەرەبە ڕەسەنانەی زمانیان جیاوازبووە لەگەڵ زمانی حیجازیی و قوڕەیشییەکان. 

ئەوەی باڵکێشە تێکبەستنەوەی شیعری جاهیلییە بە دین، بەو مانایەی یان شیعری جاهیلی بەو ڕووبەرە فراوانە و بەو زمانە پاراوەی کە قورئانی پێ نووسراوە بوونی نییە؟ یان بۆیان داتاشیوە و لەسەردەمی ئیسلامەوە بەپێی بەرژەوەندیی و تەنانەت بڕێ جاریش لەباتی پارە خراونەتە سەر قۆناغی جاهیلی، ئەمەش زیاتر بۆ پیاهەڵدان و ناساندنی ڕەسەنایەتی هۆز و بنەماڵە و تەنانەت کەسایەتییەکانیشەوە بووە. ئەمە ڕوویداوە و توێژەر نموونە دێنێتەوە و ئەرگۆمێنتەکان دەخاتەڕوو. 

یان زمانی قورئان بەشێکە لەو زمانەی شیعرەکانی بۆ نموونە ئیمروئولقەیس و عەمری بن قەمیئەو موهەلهیل و عەبید و جەلیلە و عەقلەمە و عەمر بن کەلسوم و حارس بن حیلززە و تەرەفە بن عەبد و موتەلەمیس پێیان نووسیوە، کە توێژەر گومان ئەخاتە سەر بوونی هەندێکیان، بەتایبەت کە باسی ئیمڕوئولقەیس دەکات، دەڵێ ڕەچەڵەکی یەمەنییە واتا قەحتانییە، کەچی بە زمانی قوڕەیشی واتا عەدنانی نووسیویەتی. 

لە بەشی شعوبیەت و داتاشینی شیعر ، لا۱٨۱، هەست ئەکەی نووسەریش لەهەندێک شوێن دەمارگیریی نەتەوەیی دەیگرێ و خەریکە بێلایەنی خۆی لەدەست بدات، بەتایبەت کە باس دێتە سەر فارس.

خۆزگە تێکستە شیعرییەکان دەکرانە کوردی، بۆئەوەی توشی پچڕان نەبین و باشتر پەیامەکەمان پێگەیشتبا.


با ئەمە وەک خوێندنەوە لەسەرم نەکەوێ، چونکە تەنیا جارێک خوێندمەوە و پێویستەکات چەند جارێکی تریش بە وردی بیخوێنمەوە، بەڵام لەبەر سەرسامیم بە ناوەرۆکی ئەم کتێبەوە بە پێویستم زانی ئەم چەند قسەیەی بۆ فێسبووک لەسەر بکەم . 

جارێکی تریش بەتوندی دەستی پاچڤەکار : شەفیقی حاجی خدر دەگوشم بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە نایابە لە زمانی عەرەبی بۆ سەر زمانی کوردی. پێی دەڵێم دەست خۆش هاوڕێ هەر بژیت .

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق