السبت، 30 سبتمبر 2023

هاوڕێم جەمال


"لەنێوان شیعر‌و پەخشاندا تێكەڵەیەك"

 بۆ هاوڕێ جەمال حوسێنی جوانەمەرگ، ئەو پیاوە باڵابەرزەی لەگەڵ هەوری ڕاپەڕیندا دابارییە سەر گوڵەگەنمەكانی پێدەشتی یەکترناسیین، لەو وەختە ناسیم، كە ڕۆژنامەی ئازاد وەك ڕێواس قلیچكەی دەردەكرد، هەلهەلەی سەركەوتنەكانی ڕاپەڕین گوڵی شادییان هەر بە بەرۆكەوەبوو، سیاسەت باسێك بوو هەمووان ئەیانتوانی ئازادانە لەبارەیەوە بدوێن. لە ئێوارەیەكدا بینیم، مەراقەكانی لە نێو دوكەڵی جگەرەیەك دەسووتان. ئەو ماوەیە زیاتر ناسیم، كە هەستەكانییم خوێندنەوە، زیاتر بەلای بەرانبەرەكەیدا دایدەشكاند. ئەمەش گەورەییێكە ... پلەیەكە لە جوانی،  هەموو كەس بە ئاسانی پێی ناگات. ئەو ڕۆژە زۆر شەكەتباربووم، كە بروسكە هەواڵێكی ناوەخت وەك زەنگ كە تا ئەبەد بیرنەچێتەوە‌و لە گوێكانم بزرنگێتەوە، هەواڵی كۆستكەوتنی ئەوی پێڕاگەیاندم!

ئەوەندەم پێ كراوە بۆی بنووسم، ئەو هەمیشە لەگەڵ ئەوەبوو بنووسم، بەڵام نووسین پرۆسەیەكە، ئەگەر مەبەستی نەبێ نایەت، دەستت ناگرێت، من ئەوەم بەسەرهات لە ساتی گیان لە دەستدانی ئەو، چەندی زۆری لە خۆم دەكەم بۆم نانووسرێ، كە شایان بێ بە گەورەیی ئەو پیاوە، بەڵام بەڵێنم بەخۆمدا كۆڵنەدەم، تا دەتوانم دێڕ بە دێڕ یادگارییەكانی ... شتە جوانەكانی لە توێی تێكستێكی ئەدەبییدا بنووسمەوە.  


 بەشی یەکەم 

پێنووسێك لە كۆتا ڕۆژەكانی زستان، دوا دڵۆپەكانی ئاوا لەسەر بەفر ڕژابوون:

من كوڕی كوێستانەكانم،

 سەرم پڕە لە بارانی وەفا ... بارانی نمەك.

دەمەوێ داببارم بەسەر دڵە ڕەقەكان. 

بیاننوێنمەوە وەك پەشمەك. 

دەمەوێ "خەندە"١ بڕوێنم لەسەر ڕووخسارە توڕەكان.

"هاودەنگ" ٢ بم لەگەڵ ناڵەی جودایی ئەو ئاوارانەی لە وڵات دوورن.

دەمەوێ ئەو "هاوژینانە" ٣ بدوێنم، كە باسی یەكەم خۆشەویستی خۆیان دەكەن.

دەمەوێ ببمە پردی ئەو "خەرەندەی" ٤ لێكمان ئەكات.

ژینێک بژیین، وەک "کۆژینی" ٥ پڕ لە ئومێدی ڕاپەڕین.

پڕ بەدڵ حەزەكەم، ئاشتی ... ئاشی ئەم كایە هەڵسوڕێنێ. 

             *                      *                         *

ئەمجارەشیان بەخێرایی ... وەك خێرایی " با" 

نامەیەكی پەلەی جێهێشتبوو، هەر ئەم چەند دێڕەم بۆ خوێندرانەوە، 

(نەمدەزانی ئەم بەهارە بێ ئێوەنابم ... هاوڕێیان).

خۆ من خەتایەكم نەبوو " بەهار "

نێرگزەكانت لێ تۆراندم.

خەندە ‌و بزەكانت لێ شاردمەوە. 

كێ لە بیری ئەوەدابوو، جارێكی دی " قەڵا" ٦ سێبەر ناكاتەوە بەسەر باڵام.

" سەندیكا" ٧ دەرگاكەی بێ من دەكاتەوە.

" مەچكۆ" ٨ دەستم ناگرێ بۆ چایێك. 

" ئاوێزان" ٩  خەیاڵەكانم ناخواتەوە‌ و مەستم ناكات. 

" نووسەران" ١٠ داوەتنامەیەكی تەڕم بۆ نانێرێ. 

"سلێمانی، بۆ كۆڕێك ... كۆبوونەوەیەك بەكێشم ناكات.

" دایكم چەپكێكی تەڕی نێرگزم لەو مناڵە ئاوارەیە بۆ ناكڕێ. 

" هەمین"  ١١ جارێكی دی زەنگم بۆ لێنادات ‌و پێم بڵێ: ها جەمال بە سەلامەتی گەیشتن؟

             *                      *                         *

منیش خەم نایەڵێ دەردەڵی خۆمت بۆ بڵێم: هاوڕێ جەمال ... 

ئەگینا هەر من دەزانم، 

چەند مەراقت بۆ ئەو خوێنە ڕژاوانە دەخوارد، 

كە ڕۆژنامەنووسێكیان تیا ئەگلاند.

میلی ڕادیۆت چەند بادەدا.

چەندت كلیك لەسەر گەرمترین هەواڵ دەكرد

كە لە ڕۆژاوا پێشڤەچوون دەبوو

لە باكور كۆمەڵكوژی،

لە ڕۆژهەڵات مەرگی تاقانەكان بەسەر دارەوە،

لێرەشەوە، نەتدەزانی ئاخ  بۆ بەژنی كام شەهید هەڵبكێشی. 

تۆ چ دڵێكت هەبوو هاوڕێ:

گەرمیان ‌و كوێستان،

پێدەشت ‌و گوڵەگەنمەكانی، 

ڕەز ‌و گوڵەباخەكانی ،

ڕووبار‌ و هاژەكانی، 

چیا ‌و بەفر ‌و هەوری سەری.

قەڵا‌ و منارە‌ و ئەزمڕ‌ و بەمۆ.

ئەڵوەند‌ و پردی دەلال، مەهاباد ‌و كەركوك. 

ئامەد ‌و قامیشلۆ،

هەمووت لەوێدا كۆدەكردنەوە.

نەتدەزانی ئەو دڵەت بەرگەناگرێ.

دەتگوت: خۆ من ڕۆژنامەنووسێكم، 

گەر خەفەت بۆ " وان " نەخۆم .

بۆ مناڵێكی جزیرە نەنووشتێمەوە. 

بۆ كۆڵبەرێكی مەریوان نەگرییم.

چ پێناسەیەكی هەڵەم هەڵگرتووە. 

ئەبینی هاوڕێ ... چەند سەیر ‌و سەمەرەیە "كات"

بە ئارەزووی خۆی دەمانگوێزێتەوە، چاوشاركێمان لەگەڵ دەكات.

  *                                               *                                        * 

بەشی دووەم

هاوڕێم جەمال... 

هەر كولوكی جەژنە لەبەرپێی تەنیاییم دەتەقنەوە،

كەچی گوڵ ڕەنگی پەڕەكانیم لێ دەشارێتەوە!

مەلەكان دێن لەسەر كۆتەڵی تەنیاییم هەڵدەنیشن.

خەندەكانم لێ دەبەن.

بە دەنووكیان لە گۆمیچكە ئاوی چاوم ... تێراودەبن.

دەگەڕێنەوە ئاسمان.

نازانم ئەوێ بە ماڵی یەكەمیان ناوبنێم،

یان ئەم زەمینە كەمڕەنگە؟

خۆ بۆ ئێمەش وایە،

ئەوە نییە پیری ئاین دەڵێ: ئێرە ماڵێكی كاتییە ماڵی ڕاستەقینەتان وا لەوێ! 

      *        *          *

ئەم بەیانییەش  ...

سەری خۆڵەمیشیم هەڵكێشاوە لە یادەوەرییەكانی تۆ.

باڵام هەڵكێشاوە لە ئاوی ڕەنگ.

خەیاڵم دوور دەڕوا دەیەوێ پێت بگات.

دەیەوێ، مەجلیسێك بۆ خەم دانێین.

تاوتوێی نەهامەتییەكانی تەمەن‌ و

كراسە ڕەشەكانی دایكمان ‌و

هەژاری ئەو ڕۆژانە بكەین، كە بێ خۆشەویستی تێدەپەڕن!

بۆ ساتێكیش دەنووك لە ئاوی ئایدیۆلۆژیا ‌و

كاسەی خەمی ئەو دڵانە بدەین. 

كە كۆستی ڕۆژانەی شەهیدێك قەرەباڵغی كردوون.

   *             *              *

هاوڕێم جەمال ...  

من نامەوێ ئەو نیشتمانەت بیرخەمەوە،

كە لە دابەشكردنی خۆشییەكانییدا لەوێ نەبووین.

نامەوێ چاوچنۆكی هەندێك كەست بیربێنمەوە،

كە دەیانەوێ پاروو لە دەم بڕفێنن!

دەمەوێ ئەوەت پێ بڵێم:

ئێرە هیچ جەمالێكی تیا نەماوە.

خەندە، بستێك لەسەر ڕوو ڕادەكشێ، بە درۆ!

خۆشەویستی هەر وەك خۆیەتی، لەنێو مەسیجی مۆبایل خۆی حەشارداوە.

خەم ... هەروەك چۆن جێتهێشت لەنێو دڵمدا وا لەوێ كزكز دەسوتێ.

لێرە بۆ هەر خیانەتێك، پاساوێكیان حەڵاڵكردووە.

ئاهورامزداش زۆر بە كەمی سەر بە ماڵی ئەم نیشتمانەدا دەكات.

خۆت دەزانی ئەوشوێنەی یاساوڵی درۆی لێبێ،

ئەو پێی پیاناكات.

ئێرە پڕ بووە لە كۆشكی هاڕونەكان.

لە ڕوودا وەك " عەلی" فرمێسك بۆ هەژاران دەڕێژن، 

لە پشتەوەش كۆشكەكانیان پڕكردووە لە كەنیزەك‌ و ژێرزەمینەكانیش پڕ لە دراو.

هەر شەهادەی تەزویری كوردایەتییە دەبەشرێتەوە بەسەر ئەم و ئەو.

ئەوانەیش بێبەشدەكرێنەوە، كە لە ڕووی سوڵتانا دەڵێن " نا".

     *         *         * 

هاوڕێم جەمال ...

لە نامەكانی دواتردا لەو هەواڵانە ئاگادارت ئەكەمەوە كە نیشتمانی پیاگوزەر دەكات ... دوورنییە دۆڕاندنی نیشتمان، ببێتە سەردێڕی هەواڵەكانی داهاتوو.

ئەوەنییە، داوەتی ئەردۆغان ئەکەن تا بێت زەمانەوەندەکەی لەبەر هەیوانی دڵە هەلاهەلابووەکەمان بگێڕێ و لەسەر لاشەی گەریلادا نەخشەی دەوڵەتی عوسمانی پانکاتەوە!

ئەوەنییە ... لە نیشتمانی خۆمان بە بارمەتەگیراوین و  

گۆڕدراوینەتەوە بە دراوێکی داشکاو و هەرزان، 

لە گیرفانی خەیرییەکان، وا خەریکە ئێکسپایەر دەبین و کەڵکی مامەڵەشمان پێوە نەماوە! 

ئەوە نییە، هەموومان هەریەکەی بە ڕەنگێ دەچینە ناو سیناریۆ بێتامەکان، کە هیچ بینەرێک تاقەتی نەماوە بیانبینێ. 

ئەوە نییە، لەو پارچە دڵەی ڕۆژهەڵات، ژن باڵا دەکات، کەچی حزبەکان لە قۆزاخەی خەیاڵدان و دەیانەوێ  بە بەیاننامەیەک وەڵامی ژیان و ئازادییمان بدەنەوە.

چیترت بۆ بگێڕمەوە لەو سەربردانە، کە کەمیان تامی ئازادی دەدەن

کە کەمیان بۆ یەکسانی پێماوە. 

کە پنجێک نەماوە بەناوی ئومێد دەستی بۆ ببەین.  

کە پنجێک نەماوە بەناوی ئومێد

کە پنجێک نەماوە. 

کە پنجێک 

کاکە ... 


پەراوێز: 

١- ( ١-٢-٣-٤-٥- ١١ ) : ناوی کچ و کوڕ و هاوسەری جەمالن)

٢- قەڵا: قەڵای هەولێر

٣- سەندیکا: سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

٤- مەچکۆ: چایخانەی مەچکۆ

٥- ئاوێزان: یانەیەکە لە هەولێر

نووسەران: یەکێتی نووسەران


٢١- ١- ٢٠٢٣ هەولێر

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق