السبت، 30 سبتمبر 2023

تارمایی ناو تەم

 چیرۆکى ( تارمایی ناو تەم) 

پێشکەشە، بە گیانى بەرزەفڕى ڕابەرى هونەر ( مامۆستا زرار محەمەد مستەفا).

دەتوانن ئەم چیرۆکە لێرە، یان لە ژمارە ٢٣ ى گۆڤارى دیوان بخوێننەوە. 


تارمایی ناو تەم

  ئەو هەمیشە دەیگوت: هەرچەندە شەڕی ناوەخۆ، هەموو هیواكانی ژاكاندووم، بەڵام ئەم حەوت خوێندكارەم بەتەواوی فێری موزیک ببن، هیچ خەمێكم نامێنێ‌ و بەڵێن دەدەم لەجیاتی دەنگی بێزاركەری تۆپ و ویزەویزی گوللەی وێڵ، شار پڕ لە ئاواز و موزیک بکەم. ئەمە بێگومان بۆ من خۆشیێكی بێ كۆتایە. بۆیە دەڵێم خودایە وەك ئەوەی لە بەشێكیان بێبەشت كردووم، ئەو ئومێدەم مەژاكێنە. ئەم دیالۆگە رۆحییە هەمیشە سرووتی ڕۆژانەی مامۆستا بوو، كە لەبەرخۆیەوە وەك نزا و پاڕانەوەیەك، یان ڕاستتر وەك نوێژی دەروێشێك كە لە چۆلەوانی و لەوپەڕی تەنیاییەوە بە ئومێدی بەدەنگەوەهاتنی یەزدان دایدەبەست و ئەو کاتانەی كە دڵیشی ڕوون دەبووەوە بە خۆی دەگوت: ئیدی دەڕۆم و بە دوای خەونەكەمدا دەچم … بە دوای تارمایی ناو تەمەكەدا سەری خۆم هەڵدەگرم!

 ئەو هەمیشە وا بوو، زۆبەی كات لەگەڵ خۆیدا دەدوا، بۆیە بە لای هەندێك كەس وەك كەسێكی خەیاڵی دەردەكەوت ‌و بە لای هەندێكی دیكەیشیانەوە ڕۆحزل ‌و خۆپەرست دەبینرا. سەرەڕای ئەو هەموو بارگرژییانەی کە شاریشی گرتبووەوە و شەڕ بەر قاپی لێ گرتبوون، شار وەك كەندڕێكی درێژ، كە سەدان حەفارە كاری تێدا كردبێ و كردبێتی بە سەنگەرێكی گەورە، دەردەكەوت. کەچی ئەو هەر سووربوو لەسەر پێگەیاندنی ئەو دەستە خوێندكارە، تا هیچ نەبێ خەونەكەی بێننەدی. زۆرجار لە كەسە نزیكەكانیشی دەیبیست، كە ئەوان بەتوانجەوە پێیان دەگوت، "مامۆستا وا دەبینی شەڕ هەموو كونوكەلەبەرێكی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە، لە وڵاتێكی وا وێراندا، كە مرۆڤ بەهایەكی نەماوە، موزیک چ سوود و پەیامێکی دەبێ". کەچی ئەو بە سوكە بزەیەكەوە وەڵامێكی كورتی دەدانەوە و دەیگوت: من و جەنەڕاڵەكان خەونێكی هاوبەشمان هەیە و دەمانەوێ گرەوەکە ببەینەوە، مەیدانی ئەوان خوێنە و مەیدانی منیش ئاواز و میلۆدییە. بەو وەڵامە كورتە ناخهەژێنە خۆی لە پرسیار و گومانەكان دەدزییەوە.  

 هەر حەوت خوێندكار‌، ڕۆژانە بە بەرگێکی ڕێكوپێك و خاوێن، هەر یەكەیان بە ئامێری موزیکی تایبەتی خۆیەوە، كاتی دیاریكراوی خۆیان بۆ پرۆڤەی موزیک دەزانی. مامۆستاشیان بە بێ دوودڵی ‌و بەئەسپایی و بەوپەڕی هێمنییەوە، چارەكێك پێش کاتی لە ماڵەوە دەکەوتە ڕێ تا بە فێرگەی موزیک ڕابگات،  وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی بە شەقامی بەرباخچاندا دەهات و لەبن لێوەکانیەوە، نەرمە ئاوازێكی نیانی دەچڕی، كە پێدەچوو بەشێك بێ لە ڕاهێنان و پرۆڤەی ئەم ڕۆژەیاندا. ئەو هەر وابوو، بۆیە هەر كەسێكی ئەم شارە ئەگەر تەنها سێبەرەكەیشیان بدیبا، دەیانزانی ئەوە مامۆستایە، چونكە زۆر بەڕێكی بە ڕێگادا دەڕۆیشت و كەمتر ئاوڕی بەملاوئەولا دەدایەوە، قووڵ لە بەردەمەكەی دەیڕوانی. وەک نەریتێکی خۆشی تا دەگەیشتە هۆڵەكە یان فێرگەكە، دەیانجار دەستی بۆ گرێی بۆینباخە گوڵگوڵییەكەی دەبرد ‌و لەگەڵیشیدا دەستێكی بە قژە لەلا شەقبووەكەیدا دەهێنا ‌و سمێڵە ‌بۆیەكراوەكانی لەگەڵ ئەو نەرمە ئاوازەدا بسكەیان دەهات. ئەو لەو كەسانە بوو كە هەمیشە پێڵاوەكەی بریقەی دەدا ‌و هەر دەتگوت تازە لە دەستی بۆیاخچییەكەی وەرگرتۆتەوە. ئەو زیاد لە پێویست گرنگی بە جوانی لەشولار و ئاکار و سیمای خۆی دەدا، بۆیە هەردەم ئارەزووی بوو، خوێندكارەكانیشی وەک خۆی پۆشتە ‌و پەرداخ بن. هیچ كات هێندەی ئەو دەمە پەست ‌و دڵتەنگ نەدەبوو، كە خوێندكارێكی بە پیسوپۆخڵی بدیتبا. یان ئامێرەکەی بە بێبایەخی لە نێو جانتاکەیدا هەڵگرتبا، واوەیلا بۆ شوختێك کە بەر ئامێرەكە دەكەوت، چۆن سەرزەنشتی دەکردن ‌و ئەركی ڕۆژانەی لەسەرقوڕستر دەكردن. من هەر وام دیبوو و هەر واشم دەناسی كە ڕەفتارەكانیم دەخوێندنەوە، هەمیشە پێم كەسێكی هێمن ‌و كەمدوو بوو، بەڵام خوێندكارەكان پێچەوانەی ئەوەیان پێ ڕادەگەیاندم. ئەوان لە توڕەیی مامۆستاکەیان زۆر دەترسان، پێیان سەیربوو كە پێم دەگوتن؛ بە ڕاستی ئەو كەسێكی ئارامە! دوایی بۆم دەركەوت، ئەوان ڕاستیان دەكرد. ئەو لە كاتی وانە گوتنەوەدا زۆر كەسێكی پێداگر بوو. هەر ئەوەش بوو وای لە خوێندكارەكان كرد بە ماوەی چەند ساڵێكی كەم، تەواو فێری ژەنینی ئامێرە موزیکییەكان ببن. ئەم جیهانەی ئەوان  هەرچەندە زۆر بچووك بوو، بەڵام لە ناوەوەدا … لەناو ئەم چوار دیوارەدا، لەو شەپۆلە بێكۆتاو نائارامانەی دەریا دەچوو، كە كەشتییە گەورەكانیش لەسەر پشتیاندا وەك خاڵێكی بچووك دەدرەوشێنەوە و شەپۆلی ئاوازەكان بەرەو لەیادچوونەوە هەڵیدەگرتن. كە كەوانەی ئامێرە ژیدارەکان یان ڕیشەی ئامێرە لێدەرەکان هاوشان لەگەڵ پەنجەكانیان لەسەر ژێیەكاندا دەهاتن ‌و دەچوون سەریان سوك ‌و (تەن)یان وەك پوشكەیێكی دەم بای لێ دەهات ‌و هەستیان بە باڵەفڕکێ دەكرد و دەفڕین ... فڕینێک بەرەو تەمێكی حەوتڕەنگ، كە هەمیشە مامۆستا بەدوایانەوە وێڵ بوو.  

    بەرلەوەی پرۆڤەكان دەست پێبكەن، مامۆستا بۆ چەند ساتێك لەدیار ئەم تابلۆیە دادەما ‌و قووڵ ڕادەما، كە کاری لەسەر دەکرد. وێنەی هەمان تابلۆشی لە ژووری نووسینگەكەی، لە ماڵی خۆیدا کاری لەسەر دەکرد.  پاشان ڕووی لە قەپەنگە گەورەكەی هۆڵەكە دەكرد، كە لا دیوارێكی لە ناوەڕاستدا بۆش دەکرد ‌و بانگی دوو لە خوێندكارەكانی دەكرد تا بیكەنەوە … ئەو قەپەنگە گەورەیە بەسەر خەرەنددا دەیڕوانی، لەنێوان دیواری هۆڵەكە ‌و لێواری خەرەند باخێكی فراوان نێوانی دەکردن. كە كاتی خۆی سمایل بەگ یەكەم شەتڵی نەمامی لەم باخچەیەدا ڕوواندبوو، بەڵام مەرج نییە درەختەكانی ئەم باخچەیە هەمان ئەو درەختانە بن، كە باخەوانەكەی سمایل بەگ بە حەزێكی شێتانەوە خزمەتی دەکردن، چونكە ئەم شارە هەمیشە سەربەگۆبەند بووە. هەر كات و سەردەمێك فیشەكێك لەم هەرێمەدا تەقا بێ، زایەڵەی لەم شارەدا داوەتەوە ... هەڵدانەوەی هەموو ڕۆژێی هەر دوولای قەپەنگەكە، بۆ ئەوە بوو تا ئاوازەكانی ناو هۆڵ، هاڕمۆنیایەك لەگەڵ ئاوازەكانی ناو خەرەنددا پێكبێنن. شنانەوەی گەڵا تێكچڕژاوەكانی باخچەكەش لەگەڵ ئەم كۆكتێلە ئاوازە تێكەڵ دەبوو. ڕۆژانە دوو كاتژمێر ئەم هۆڵە جمەی دەهات. هەرچی پەپوولەی سەر ئەم شارە هەبوون لەوێ‌ كۆدەبوونەوە. سەرەتا پێش ئەوەی هەردوو لای قەپەنگەكە بكرێنەوە باڵەكانیان لە میناكانی دەخشاند ‌و سەرمەستانە خۆیان بە مینای قەپەنگەكەدا دەدا. لەگەڵ كردنەوەی قەپەنگەكە ‌و واڵابوونی لایەكی هۆڵەكە، بە ماوەیەكی كورت پەپوولەكان دەڕژانە ناوی، وەك ڕژانی سەربەرەوخواری تاڤگەیەكی پڕ ڕەنگ، كە تیشكی خۆر پەلكەزێڕینەی بۆ دروست دەكات. ئەوان هەموو ڕەنگەكانیان بە باڵەكانیان هەڵگرتبوو، كەچی مامۆستا هەر لە سیحری بە دەستهێنانی ڕەنگی هەشتەم دەگەڕا … ئەو ئیلهامی لەو هەموو ڕەنگە وەردەگرت ‌و كاری لەسەر تابلۆكەی دەکرد، بەڵام ڕەنگەكان دەگۆڕان لەگەڵ هەر جووڵەجووڵێكدا ڕەنگی تری بۆ بەدیاردەكەوت. بۆیە سەرسام دەبوو، زۆرجار بێهودەیی لە دۆزینەوەی ڕەنگەكان دایدەگرت. ئەو كە ڕەنگێكی وەنەوشەیی دەبینی تا ماوەیەك ڕەنگی شینی لەبیردەچووەوە، كە پەپوولەیەكی باڵ پەمبەیی لەسەر ژێیەكانی كەمانچەكەی هەڵدەنیشت، گومانی لە ڕەنگی سوور پەیدادەبوو، كە ئەو پەپوولە سپییە خاڵ ڕەشەشی دەهاتە سەر بۆینباخە گوڵگوڵییەكەی، یەك بە یەك خاڵەكانی نۆتەی سەر كاغەزەكە بە ژوورەكەدا بڵاودەبوونەوە ‌و بە بەرچاویەوە بەسەر باخچەكەدا دەفڕین ‌و بۆ ناو خەرەند ون دەبوون.

مامۆستا خەریك بوو لەو كۆتاییە نزیك دەبووەوە، كە ئاواتەكەی بێنێتە دی، بەتایبەت كە بینی ڕۆژبەڕۆژ خوێندكارەكان دەست و پلیان لەگەڵ ئامێرەكان نەرم دەبێ و لەو ئاوازە نزیك دەبنەوە، كە لەناو ڕۆحی مامۆستادا جمەی دەهات ... ئەو ئاوازەی دەمێك ساڵ بوو مامۆستا ناوی نابوو (چریكەكانی خەرەند).

هەرچی منداڵی گەڕەك هەبوون، تەنانەت هەندێكیان لە گەڕەكە دوورەكانیشەوە دەهاتن و ڕۆژانە لە پشتی ئەو دەرگا كۆنەوە خۆیان مەڵاس دەدا، كە پێدەچێ  ئەم كۆنە دەرگایە لە كولتوری باوانەوە ... كە بۆ زەمەنی پاشای گەورە دەگەڕێتەوە، مابێتەوە. لەو دەرگایانە بوو كە لە فیلمەكان دەمانبینی، كاتێ لەشكرێك كۆدەبێتەوە و دەیەوێ هێرش بۆ سەر قەڵایەك بەرێ، بەڵام دەبینن دەرگای قەڵاكە، پێویستی بە گوشارێكی زۆر هەیە تا بشكێ و لێیەوە بچنە ناو قەڵاكەوە ... لەم جۆرە دەرگایانە بوو، وەلێ بە تێپەڕینی كات مێخەكانی شل ببوونەوە و درزیش كەوتبووە نێوان تەختە ئەستوورەكانی، بۆیە منداڵە چەتوونەكان بەئاسانی دەیانتوانی لەو درزانەوە، ناو فێرگەكە ببینن و بە ئاسانی گوێیان لە دەنگی ئامێرەكان ببێ. ڕۆژبەڕۆژ هۆگرانی ئەم خۆ ماتكردنە لە پشت دەرگا زیاد دەبوون، تا وای لێ هات كوڕگەل و پیاوە بە تەمەن و ژنەكانی گەڕەكیش ئارەزوو بكەن، گوێ لە جادووی ئەم موزیکە بگرن. هەندێكیان ئەوەندە لەپشتی دەرگاكە دەمانەوە، لەبیریان دەچوو، وڵات پڕە لە ئاژاوە و شەڕ.  

هەموو دانیشتوانی شار ئەو بەرەبەیانەیان لەبیرناچێتەوە، كە هێزەكەی ئەوبەر بەوپەڕی هۆڤانە، وەك لە بەیانە عەسكەرییەكانی ڕادیۆوە گوێمان لێ بوو بەپاڵپشتی کاتیۆشاكانی وڵاتێکی دراوسێ، كە بۆ هاوكارییان هاتبوون، شاریان كوێرانە بۆمباران كرد، زۆربەی بۆمبەكان و کاتیۆشاكان بەر ناوبازاڕ كەوتن، كە ئاپۆرەی خەڵكی تێدابوو، هەندێك لە کاتیۆشاكانیش گوایە ئاڕاستەی بارەگای سەرەكیی فەرماندەییەكە كراون، بەر خانووە قوڕەكان كەوتن و دەیان بریندار و شەهیدی لێكەوتەوە، ئەوەی بۆ ئێمەش كاریگەری هەیە وەك گێڕەرەوەی ئەم چیرۆكە ئەو ڕەتلە هاوەن و کاتیۆشایە بوو بەر ئەو فێرگە كەوت، كە وانەی موزیکی تێدا دەدرایەوە و تەواوی خانووەكەی بەسەریەكدا ڕماند و ئەو هیوایەی ژاكاند، كە خەریك بوو لەناو دڵی مامۆستادا چرۆی دەكرد. لەوەشیان كارەساتبارتر بە لای ئەوەوە تەپینی لایەكی دیوارەكە بوو بەسەر ئەو تابلۆیەی، كە ڕەنجێكی زۆری بۆی دابوو! دوای نەمانی گرمەی بۆمبەكان ‌و ئەو تەمە خۆڵەمێشییەی شاری گەمارۆدابوو، كوڕگەل یەك یەك و دوو دوو سەریان دەردەهێنایەوە و بە غار بەرەو ئەو شوێنانە هەنگاویان دەنا كە دەزانرا بۆتە نیشانەی تۆپهاوێژەكان، بەڵكو بتوانن كەسێك لە ژێر دار و پەردوودا ڕزگار بكەن. 

 گەیشتنی هەواڵە ناخۆشەكە بە مامۆستا لە ڕێی یەكێك لە خوێندكارەكانەوە، دڵی مامۆستای خستە ناڕەحەتی و خەریك بوو لە تاو ئەم هەواڵە تەواو ببورێتەوە، بۆیە هیچی پێ نەما جگە لەوەی پرسیاری تابلۆكە بكات. بەڵام كە زانی تابلۆكە تەواو شێواو و شكاوە، ئیدی بێئومێدی دایگرت و لە جێی خۆی هێزی ئەوەی نەبوو بجوڵێ، بەڵام دڵی خۆی بەوە دایەوە، كە دانەیەكی لە هەمان ئەو تابلۆیە لە ماڵەوە هەیە و پێ بەپێ لەگەڵ ئەو وێنەیەی ناو هۆڵ، كاری لەسەر دەكات.  

 هەموو ئەو ڕۆژانەی ماندووبوون و پرۆڤەی، وەك نەوارێكی سینەمایی هاتنەوە بەر دیدە و داخی بۆ ئەوە دەخوارد، چۆن توانییان چەقۆ بخەنە سەر ملی موزیک و شەڵاڵی خوێنی بكەن؟ ئەو ڕۆژانەی بیركەوتنەوە كە خوێندكارەكانی بەحەزەوە دەیانگوت، ناتوانن لە هیچ هۆڵێكی تر جگە لەم هۆڵە ئاواز بژەنن. نایانەوێ‌ ئاوازێك ببەنە دەرەوە تا ئیلهامی شەڕی لێ وەربگیرێ‌. ئەو وای دەزانی هێشتا ماویانە تا بتوانن قسە لە سیحری موزیک بكەن، بەڵام مامۆستا بە زەردەخەنەیەكی درێژەوە ڕووی لە خوێندكارەكانی كرد ‌و پێی گوتن: ئێوە ئازادن تازە پێویستیتان بە من نەما. هەموویان وەك ئەوەی كۆرسێك بن بۆ تەواوكردنی پارچەیێكی گۆرانی، لە پڕ ‌و بە یەكدەنگ گوتیان : نا نا مامۆستا ئێمە لێرە ناچینە دەرەوە ‌و ناتوانین لە شوێنێكدا موزیک لێ بدەین، كە بۆنی بارووت داغانی كردبێت. چۆن دەتوانین ئاوازێكی ئاوا نەمر لەنێو فەزایەكی ئاڵۆزكاو بە شەڕ بژەنین. نا.. نا ئەم ئاوازە هەرگیز بەنێو تەلەكاندا گوزەر ناكات.

 قسە سەرەتاییەكانی مامۆستا هەر بۆ ئەوە بوو تاقییان بكاتەوە، تا بزانێ‌ ئەوان چەندە ڕاستگۆ ‌و سوورن لەسەر پەیامەكەیان. بۆیە  مامۆستا قەت هێندەی ئەو ڕۆژە ئاسوودە نەببوو، هەر لەبەرئەوەش بوو هەستی بە پەشیمانی زۆركرد بەرانبەر ئەو خوێندكارانەی، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان خۆی لێ زوێركردبوون.  سەرسام بوو، كە بینی ئەوان زۆر لەسەرەوەتر  لەوەی ئەو بۆی چووبوو، بیردەكەنەوە. ئیدی دوای ئەم بەرسڤ ‌و ڕەتكردنەوەیە، بۆ ڕۆژانی دواتر مامۆستا بە گوڕوتینێكی زۆرترەوە وانەی تازەی فێر دەكردن. 

داتەپینی تەواوی فێرگەكە زۆر كاری لە مامۆستا كرد و وای لێهات تیپەكەیان پەكی بكەوێ و  لەبەریەك هەڵوەشێتەوە. كەچی مامۆستا ڕۆژانە لەسەر هەمان ڕیتم بەرەو هەمان شوێن ڕێی دەکرد ‌و، بەیادی ئەو ڕۆژانە لەسەر پێچكە دیوارێك دادەنیشت و وەك كوكوختیێكی بریندار ناڵەی لە  كەمانچەكەی هەڵدەستاند و بە یادی ئەو ڕۆژانەی پێشووش، یەكێك لەو پارچانەی دەژەنی كە ناویان نابوو (چریكەكانی خەرەند). 

كە بەوپەڕی لەش داهێزرانەوە دەگەڕایەوە ماڵەوەش، كاری لەسەر تابلۆكە دەكرد ‌و شتێكی بۆ زیاد دەكرد، كە ساڵانێك بوو بۆی تەواو نەدەكرا، ئەویش دروستكردنی تارمایی مرۆڤێك بوو لەنێو تەمێكی حەوتڕەنگدا، كە وای هەست دەكرد ڕۆژێك ئەو تەمە لە خۆدا ونی دەكات، وەك چۆن فێرگەی هونەرەكەیان نوقمی تەمێكی خۆڵەمێشی بوو و تەواو لە خۆیدا ونی كرد. بەڵام وەك بڵێی لەم دواییانەدا چاوەڕێی هاتنەوەی خوێندكارەكانی بێت، تا جارێكی تر بەیەكەوە چریكەكانی خەرەند بژەنن ‌و ئەویش بە نێو ڕاڕەوەكانی ئەم تەمە حەوتڕەنگییەدا لەوپەڕی ئومێدەوە خۆی ون كات. ڕۆژبەڕۆژ لە گەڕانەوەی خوێندكارەكاندا ئومێدی دادەنا ‌و ڕەنگەكانی سەر تابلۆكەش كاڵدەبوونەوە ‌و هەموویان لەیەك ڕەنگدا دەتوانەوە، ئەویش ڕەنگێكی خۆڵەمێشی بوو، بۆیە بەلای ئەوەوە ئەم تابلۆیەش لە تەلیسمی خۆی كەوت وەك چۆن (چریكەكانی خەرەند) لەدوای ونبوونی خوێندكارەكان ڕۆژبەڕۆژ ناڵەیان لێ هەڵدەستاند ‌و ئەویشیان بەرەو خەڵوەتێكی نادیار ڕاپێچ كرد. ئەو تەواو خۆی لە حەشاماتدا شاردەوە و چون تارمایی ناو تابلۆكە، ئەویش بەتەواوی لە بەرچاوان ونبوو. ئەمڕۆ دوای سێزدە ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕۆژانی شەڕ و پازدە ساڵ بەسەر وەشاندنی دوایین فڵچە بەسەر تابلۆكەدا، لە یەكەم پێشانگەی تابلۆدا لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی شاردا. تازە مامۆستا هەڤاڵ خەریكە ئەم تابلۆیە بۆ قوتابییەكانی شیدەكاتەوە، ئەوەی مامۆستای هونەر بەسەرسامییەوە باسی دەكات، ناوی سەر تابلۆكەیە  (تارمایی ناو تەمە حەوتڕەنگییەكە) كە نە تارمایی تێدا دەدۆزێتەوە ‌و نە ڕەنگەكانی دەبینێ، بۆیە نەیدەزانی لە كوێدا‌ بە تابلۆكەدا بچێتەوە. ئەمە نهێنییێك بوو مامۆستا هەر بەشەی لای یەكێك لە هاوەڵە هەرە خۆشەویستەكانی باس كردبوو، گێڕانەوەی هەر یەكەیان، پارچەیەكی لەم كارەدا تەواو دەكرد، كە هەریەکەیان بەشێكیان لێ دەزانی. وەلێ ئەوەی سەیر بوو و وەك گرێیەك كەس پێی نەزانی، عەوداڵیی مامۆستا بوو بە دوای ڕەنگی هەشتەم و لەناویشیدا ئەو تارماییە بوو، كە تەواوی ژیانی بۆ تەرخان كرد و نەیتوانی بیدۆزێتەوە. هەندێك وای بۆ دەچن، ئەمە تارمایی دڵخوازێکی خۆیەتی، کە بە خەیاڵ ئافراندوویەتی. هەشبوو دەیگوت: ئەمە تەنها شوبهاندنێكە و هیچی دی، شوبهاندن بە كەسێك كە لە بنەڕەتەوە بوونی نەبووە.


قەپەنگ: لە زۆربەی تەلارسازیی خانووە کۆنەکانی ڕەواندزدا، لایەکی دیوار دەکرا بە پەنجەرەیەکی گەورە بۆ ڕوانیین بەسەر باخچە یان دەرێدا. 

١٥/٥/٢٠١١ ڕەواندز

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق