السبت، 30 سبتمبر 2023

دە شیعری زۆر کورت

 دە شیعری زۆر کورت

١

چەند جوانە گوڵەدەمەشێر لەدەست " با"

وەك ئەو جوانەی لەم ئێوارەیەدا بینییم، 

پرچی پەرێشانی لەسەر ڕووخساری لادەدا. 


٢

بشخۆیتەوە ، ئەو شەرابە لێوت تەڕ ناكا

چونكە دڵت بۆ عیشق مەیلی شەڕ ناكا


٣

بێ عیشق، مرۆڤ لە پیتی میم دەچێ 

كە بەرەو پیری  مەرگ دەچێ.


٤

لە دەمی ئاخاوتنتا 

زەمەن لە گوێیەكانمدا لەنگەری گرت 

ئای چەند شیرین بوو ئەو ساتە!


٥

ئاوێنە  ...

لە ڕژانی وێنەی تۆ دەچێ‌،

لەبەردەم نیگای شەكەتم.


٦

شەقام دەبڕێ‌ لەبەرپێمدا 

خەیاڵم هەر تەواو نابێ‌، لەسەردا.


٧

هاتوچۆی بەگوڕمان بۆ بازاڕ 

لەتەمەنی پیاسە دەكوژێ‌.


٨

ئەوەندە لە سەگ تێگەیین

كە بەر دامەنی جلەكانمان نەكەوێ‌

وەفامان خستە ناو بەردەقانییەك‌و فڕێماندا

كەچی نەمانزانی بەر ماڵە شووشەییەكەمان دەكەوێ‌‌و

هەپڕوون هەپڕوونی دەكا.


٩

بە لێكئاڵانی دووماری عاشقە‌و ماشقە

پەڕەیەك ئەگاتە سەر تەلە باریكەكانی دڵم‌و

ئەیخاتە سەر لەرەوە

هۆشیش پێم دەڵێ‌: حەیفێ‌

نەمتوانی ئەو زەمەنە ئەزموون بكەم

كە مار خۆی تیا لەبیر دەچێتەوە.


١٠

لەچایخانەی مەچكۆ

لەگەڵ هیتلەر لەسەر یەك مێز دانیشتبووین 

لە جیاتی دۆمینە داوای نەخشەی جیهانی كرد.


حەسەن هەندرێنی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق