ڕانانێکم بۆ کۆمەڵە چیرۆکی (سەربازانی خوا) لە نووسینی (یەشار کەمال) و وەرگێڕانی لە فارسییەوە، لەلایەن (ڕێباز مستەفا) کردووە و لە ژمارە ۱۳۳٨ ی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بە بەرواری سێشەممە ۲/٥/۲۰۲۳ لە لەپەڕە ۱۱ ی ئەدەب بڵاوکراوەتەوە.
ئەگەر مەجالت هەبێ ئەتوانی لێرەش بیخوێنیتەوە.
سەربازانی خوا
بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بە سەر ناوەرۆکی کتێبی سەربازانی خوا، دەبێ چاوێکمان لەسەر جیهانی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانی ناو ئەم چیرۆکانەبێ، کە دەچنەوە سەر ڕێبازی ڕیالیزم، ئەو ڕێبازەی بووە جێی سەرنجی نووسەرە ناودار و ڕەخنەگرەکانی ئەدەبی فەرەنسی لە نموونەی ستانداڵ و بلزاک و فلۆبێر و مۆپەسان، ئەم بەهرەمەندانە، کۆی بەرهەمەکانییان بەشێوەیەکی تەواو ڕیالیستی خستوونەتەڕوو و نەمرییان بۆ خۆیان تۆمار کردووە، کە سەیری بەرهەمەکانی نووسەر گی دۆ مۆپەسان، دەکەین، بە تایبەت یەکەم ڕۆمانی لەو شەش ڕۆمانە بە پێزەی پێشکەشی کتێبخانەی فەڕەنسی کردووە بەناوی ( بەسەرهاتی ژنێک) تەواو دەچینە ناو ژیانی ژنێک لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە تا پیری، لەم ڕۆمانەدا نووسەر وا بە نێو سروشتدا دەتگێڕێ، حەزدەکەی بێ چاوساغ بەو ناوچانەدا بڕۆیت و ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە بکەیتە دەلیلی خۆت. ئێستاش دوای سەد و سی ساڵ کە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی بۆسەر زمانی شیرینی کوردی دەخوێنینەوە، وا هەست دەکەین ئەم بەرهەمانە بۆ کۆی ویژدانی مرۆڤایەتی نووسرابن، لە ڕوانگەی ستاتیکییەوە ئەوەندە بەرز و جوانن، مەگەر یەشار کەمالی بە ڕەچەڵەک کورد توانیبێتی بگات بە ئاستی ئەو وەسفە ورد و جوانەی لە توێی بەرهەمەکانی مۆپەساندا دەیانبینین، ئەو لێکچوونە زۆرەی نێوان ئەم دوو بەهرەمەندە بەتایبەت کە ئێمە دەمانەوێ باسێک لە کۆچیرۆکی سەربازانی خوا بکەین، بەراورد بە هەردوو ڕۆمانی پییر و جان و بیل ئام، ڕووبەڕووی هەمان کەشی خوێندنەوە و جوانیی سروشت و شێوە ژیانی تەنیای کاراکتەرەکانی نێو ئەو بەرهەمانە دەبین، خاڵی هاوبەش لەنێو ئەم دوو نووسەرەدا گەلێک زۆرن، ئەگەر کەسێک بیەوێ بەراوردێکیان بکات و بە وردی شەن و کەوی بەرهەمەکانییان بکات. ئەوەی بۆ من جێی تێڕامان بوو، کەشی ناو چیرۆکەکانی سەربازانی خوا و ڕۆمان و نووسینەکانی مۆپەسان بوو. ئەگەر چیرۆکەکانی یەشار کەمال لەم کۆ چیرۆکەدا زیاتر بەسەر دەریا و ناو پارکی فلۆریا و کوچە و کۆڵان و شێوە ژیانی کەسە پەراوێزخراوەکانی شارێکی گەورەی وەک ئەستەبۆڵ بن و باسی گەرمییان لە تەوەری ڕاوە ماسی و گرتنی باڵندە و ئەم جۆرە ئیشانەدا بسوڕێتەوە، کە هیچ تێچووێکی نییە بۆ کەسەکان، ئەوا لە ڕۆمانی پییر و جانی مۆپەسانیش، لە دێڕەکانی یەکەمی ئەم ڕۆمانەدا و بە دیاریکراویش کە بەناوی بابە ڕوڵاند دەست پێدەکات، ئەو پیاوەی ئارەزووی لە ڕاوە ماسییە، دەچینە ناو هەمان کەشی ئەو چیرۆکانەی یەشار کەمال دایڕشتوون، لەوێ مێرمنداڵەکان نەوەک هەر بۆ ئارەزوو، بەڵکو بەندەکانی ژیانییان بە ڕاوە ماسییەوە گرێدراوە، بەڵام لای مۆپەسان ئارەزوو زیاتر باڵادەستە تا دەرکردنی بژێوی لەسەر ڕاوە ماسی، ئەگەر بە وردی سەرنج لەم پەرەگرافە بدەین ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ بەدیاردەکەوێ، کە دەریا چ جادووێک لە مرۆڤ دەکات "جان بە باوکی دەڵێت: باوکە خێرە موجامەلەی مێوانەکەمان ( روزمیلی) ناکەی! جەنابی ڕولاند شڵەژا و تەوازی هێنایەوە و گوتی: ببورە خات روزمیلی، من ئاوام، خانمان دەعوەت دەکەم، چونکە حەز دەکەم لەگەڵیاندا بم، پاشان کە دەگەمە ناو ئاو و خۆم بەسەر ئاوەوە دەبینم ، خۆم لەبیر دەکەم و تەنیا بیر لە ماسی دەکەمەوە. لا 18 ڕۆمانی پییر و جان" . تا زیاتر لەگەڵ ئەم دوو نووسەرەدا بڕۆین، زیاتر خاڵی هاوبەشیان لەنێواندا دەدۆزینەوە.
بە حوکمی ئەوەی لە نێو ڕێبازی ڕیالیزمدا پاڵەوان یان کاراکتەری سەرەکی ناو چیرۆک و ڕۆمان ... پێبەپێ لەنێو ڕووداوە ڕاستەقینەکاندا گەشە دەکات و دەردەکەوێت، نەک وەک ئەوەی لە نێو ڕێبازەکانی بەرایی ( کلاسیزم و ڕۆمانسیزم) دا ، کە پاڵەوان ئامادە دەکرا و پێشکەش بە خوێنەر دەکرا. ئەم نموونانە لە ڕۆمانەکانی (تاوان و سزا و برایانی کارامازۆف) ی دیستۆفسکی ڕۆماننووسی ڕووسییشەوە بەڕوونی بەدیاردەکەون و نموونەیەکی ڕاستەقینەمان بۆ بەرجەستە دەکات. هەروەها گۆگۆڵ و لیۆ تۆڵستۆی و چیخۆف نموونەی زیندووی ترن لەم بوارەدا. بە تایبەت جەنگ و ئاشتی و ئاناکارنینای لیۆ تۆڵستۆی، تا ئەمڕۆش زەنگەکەیان لە هۆشیاریی خوێنەراندا دەزرنگێتەوە.
جیهانی ناو ئەم چیرۆکانەی یەشار کەمال لەم خاڵەدا ڕێک دەچێتەوە سەر ڕێبازی ڕیالیزم، بەوەی نووسەر پێبەپێ پاڵەوانمان پێدەناسێنێ و لە چاوەڕوانی کارەسات یان ڕووداوی گەورەتر دەمانهێڵێتەوە. یان ڕووبەڕووی بویەرێکی ترمان دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە، نەک هەر پاڵەوانەکان تەنانەت شتەکانی دەوروبەریش خۆیان دەدوێن، بەتایبەت ئەوەم لە چیرۆکی ( دەتگوت ئەو ڕۆژانە لە ئاسمانەوە باڵندە دەبارن) لە چاوی باڵندەکاندا خوێندەوە.
بۆئەوەی هیچ گومانێکیشمان نەمێنێ لەوەی ئەم چیرۆکانە یان ڕاستتر بڵێم چیرۆکە هەواڵانە ( فیچەر) سەر بە ڕێبازی ڕیالیزمن، پاراوی و ڕاشکاوی ئەو زمانە سادەیەیە کە نووسەر بەکاری هێناوە یان لەسەر زاری کاراکتەرەکانی دەیانخاتەڕوو، ئەوەی کە لە دەروونییاندایە بەو زمانە سادەیە هەڵیدەرێژن و هەموومان بە ئاسانی تێیان دەگەین.
هەروەک دەزانین، لە ڕیالیزمدا زۆرتر گرینگی بە چیرۆک دەدرێ تا ژانری تری وەک شیعر، بۆیە کەمترین زمانی شیعری لەنێو ئەم هەشت چیرۆکەدا بەدی دەکەین، ئەوەی دەیبینیین هەمووی گێڕانەوەی ڕووتە، تێکەڵ بە هەست و سۆزن، دوورن لە ڕووداوی خەیاڵکرد.
لە کتێبی سەربازانی خوا، بەسەر خوێندنەوەی هەشت چیرۆکی ناوازەدا هەڵدەبین. کە هەریەکەیان تام و بۆی لەوەی تریان خۆشترە. بەڵام بێ ئاخ هەڵکێشان و هەڵڕشتنی فرمێسکیش تەواو نابن. لەبەرئەوەی چیرۆکەکان ڕووداوی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەن، کە لە پەراوێزی کۆمەڵگادا ژیان دەگوزەرێنن، بەتایبەت ئەوانەی کە بێ سەرپەرشت ماونەتەوە، لە ئەنجامی کێشەی خێزانی یان دروستبوونی تەنگ و چەڵەمەی دیکە بۆیان و بەناچاری کەوتوونەتە سەر جادەکان و ڕۆژان لەنێو کوچە و کۆڵانەکانی ئەستەنبۆڵ بۆ بەدەستهێنانی بژێویی خۆیان خەریکی گیرفانبڕینن یان دەکەونە کێشە و بێشە و دروستکردنی شەڕ و ئاشووب یان لەنێو پارکی فلۆریا ڕۆژ و شەو ئەوێ بە ماڵی خۆیان دەزانن، یان ژێر زێرابی ئاوەڕۆکان دەبێتە خۆشترین جێی خەوتنیان! یان هەیانە خواستی دزی و گیرفانبڕینی نییە و خۆی بە ڕاوەماسی لە دەریا یان ڕاوکردنی باڵندەکان لە وەرزی زستاندا بە تۆڕ و تەپکە، لە نێو پارکەکان خەریک دەکات. یان وەک موحتەرەم یوغون تاش، هەر ئیشێک بێ دەیکات بۆ ڕازییکردنی دڵی بەرانبەر تا بتوانێ جێی خۆی بکاتەوە و بە سکی برسی ڕۆژ نەکاتەوە.
هەر چیرۆکێک لەم هەرشت چیرۆکە بابەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و هەموویان لە ڕێی چاوپێکەوتنی نووسەرەوە لەگەڵ کاراکتەرەکاندا سەرنج دراون و تێبینی کراون و داڕێژراونەتەوە و خراونەتە بەردیدەمان، هەر چیرۆکێک لەو چیرۆکانە دەخوێنیتەوە دەڵێی ئەوەیان کاریگەرتر بوو لەوەی پێشتر، وەلێ هەموویان بە سەر یەکەوە یەکتری تەواو دەکەن و دەکرێ وەک ڕۆمانێک لێیان بڕوانین.
لەبەرئەوەی ئەمانەش گێڕانەوەن و لە چوارچێوەی ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەوانیشدان، دەکرێ وەک چیرۆکە هەواڵ (فیچەر) بیان ناسین، ئەگەر پەردەی ئەوەشیان لەسەر لابدەین کە نووسەر مەبەستی نەبووە لایانبدات، بێگومان دەچنەوە سەر جیهانی ئەدەب و نێو ژانری چیرۆک و نۆڤلێت، لەبەرئەوەی کۆی چیرۆکەکان ڕاستەقینەن و ژینگە و کەسەکان دیارن و لەگەڵ سەربردەی هەر یەکەیان بەرخورد دەکەین، دەکرێ بڵێین کۆمەڵە چیرۆکێکی ڕیالیزمین و سەر بە جیهانێکی ڕاستەقینەن. بەڕای من ئەوەی وەک کێشەی ئەدەبی دێتە بەردەمیان، ئەوەیە چیرۆکەکان چارەسەریان لەگەڵ دانییە، ئەوەی هەیە گێڕانەوەیەکی ڕووتی زاری ئەو مێرمنداڵانەیە، کە لەو مەینەتیانەدا دەژیین، بێ ئەوەی چارەسەرێک دۆزرابێتەوە، تەنیا ئەوەی لەلای خوێنەر تێبینی دەکرێ هەڵچوونێکی سۆزدارییە، لەگەڵ ئەم شێوە ژیانەی تێیدا دەژیێن، دەکرێ لە دەرەوەی چیرۆکەکان نووسەر بەو ئامانجە دایڕشتبنەوە کە دەوڵەت فریایان بکەوێ و چارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە.
لە ڕەگەزە هەرە بەهێزەکانی ئەم چیرۆکانە، ژینگە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و دەوروبەرە، کە کاریان لە ژیانی تاک بە تاکی ئەو کاراکتەرانە کردووە و لە خۆیان نزیک خستووینەتەوە و وایان لێکردووین بە حەزەوە کۆتایی چیرۆکەکانییان ببینین، کە وەک جارێکی دیکەیش دەیڵێمەوە، ناخهەژێن و کارەساتبارن.
هێنانەزمانی ئەو مێرمنداڵانە، هەر لە بەهرەمەندێکی وەک یەشار کەمال دەوەشێتەوە، وەک خۆی لەنێو چیرۆکەکاندا دانی پێداناوە، کە چەندان مانگ بە دیارییانەوە بووە و ئەم بەرهەمەی لێ هەڵێنجاوە. بەهرە و تواناکانی وەرگێڕ ڕێباز مستەفاش لێرەدا باشتر بەدیارکەوتوون، لە بە خۆماڵییکردنی زمان و ئاسان لێتێگەیشتنی.
٢١/٤/٢٠٢٣ هەولێر
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق