نووسەری ئەم ڕۆمانە دەڵێ:
ڕۆمانەکەی من لە بەشێکی زۆر گوندیی ناوچەیەکی مەکسیک ڕوودەدات. کێشەگەلێکی قووڵ لە مەکسیک هەن، بەتایبەت لەنێوان ژنان و پیاوان. چەندین جۆر توندوتیژی هەن. "نزا بۆ ڕفێنراوەکان " جۆرێک توندوتیژی دژی ژنان نیشان دەدات، کە لە گوریرۆ ڕوودەدەن. کچان دەڕفێنرێن و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە دەبنەوە. زۆربەیان تەنانەت بە زمانی ئیسپانیش قسە ناکەن، تەنیا دەتوانن بە زمانە خۆجێیەکان قسە بکەن. دایکەکان، بۆ پاراستنی کچەکانیان هەوڵ دەدەن ناشیرینیان بکەن. قژیان کورت و ددانیان ڕەش دەکەن و وەکو کوڕ جلیان لەبەر دەکەن. یان دەڵێ : دایکێک، باسی ئەو بیرۆکەیەی بۆ کردم کە چاڵیان هەڵکەندوون بۆئەوەی کچەکانیان خۆیانی تێدا بشارنەوە . هەروەکو چۆن کەروێشک ئەم کارە دەکات.
نووسەر دەڵێ : شەوان نەمدەتوانی بخەوم. کارێکی تۆقێنەرە، کچێکی یانزە ساڵان بیت و لەناو چاڵێک خۆت حەشار بدەیت، بۆئەوەی خۆت لە قاچاخچیانی ماددەی هۆشبەر بشاریتەوە. ئەمە ئەو وێنەیە بوو کە بە گیری هێنام و بە هیچ کڵۆجێک کۆڵی لێ نەدەم.
ئەمەی سەرەوە پوختەی بیرۆکەی نووسینی ئەم ڕۆمانەیە،کە نووسەر جێنفەر کلێمنت بەهەستێکی جوان و مرۆدۆستانە هێناویەتە بەرباس و کردوویەتی بە پڕۆژەی ڕۆمانێک، تا دونیای لێ وەئاگابێنێ.
جنێفەر کلێمنت لەساڵی ۱۹٦۰ لە مەکسیک لەدایک بووە. جیا لە ڕۆمان کە بەم بەرهەمەیان زیاتر بە دونیای دەرەوەی وڵاتەکەی ناسرا، شیعریش دەنووسێ .
شایانی باسە، ئەم ڕۆمانە لەلایەن ئارام ڕەشید لە فارسییەوە کراوەتە کوردی و خۆماندووکردنی ئەوی پێوە دیارە، دەستی خۆشبێ. هەروەها ئەم ڕۆمانە لەسەر ئەرکی دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان لە چاپ دراوە.
هیوادارم ئەگەر کاتتان هەیە بیخوێننەوە .
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق