حەسەن هەندرێنی
هەردوو ڕۆمانی ( کوڕەزاکەی زیتۆ و کچانی مەلەک تاوس) لە نووسینی نووسەر و چیرۆکنووسی بەتوانا (محەمەد فەریق حەسەن)، بوون بە توێشووی بیر و ئەندێشەم لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا. هەردووک ڕۆمان خاوەن تایبەتمەندێتی خۆیانن و دەکرێ بۆ هەر یەکەیان لە گۆشەنیگای تایبەت بەخۆیانەوە لێیان بڕوانرێت و خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. ئەمەیان هەڵدەگرین بۆ لێکۆڵەرانی بواری ڕۆمان و چیرۆکی کوردی.
هەردووک ڕۆمان تێکەڵن بە هەست و سۆزی نەتەوەیی، ئەو پاشخانە پڕ غەدرەمان بیرەخەنەوە، کە گەلی ئێمەی پێدا تێپەڕیوە. بەو واتایەی هەردوو ڕۆمان ڕابردووێکمان بیرەخەنەوە، تاڵ. بێئەوەی توانیبێتمان پەندێکیان لێوەرگرین و وەک گەلانی سەربەرزی دونیا ژیانێکی ئاسوودە لەژێر هەژموونی دەسەڵاتێکی دادپەروەرانە بگوزەرێنین. هەردوو ڕۆمان هەڵگری کۆی خەسڵەتەکانی جینۆسایدن، یەکەمیان بۆ ئەنفالی گوندەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە لە ساڵی ١٩٨٨ لەسەر دەستی ڕژێمی (بەعسی عەفلەقی – سەدامی) و ڕۆمانی دووەمیش باس لە جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی دەکات بە دەستی ئەو پاشماوە شۆڤینییانەی بەرگێکی ئایینیان کردوونەتەبەر و بەناوی داعش بەرببوونە وێزەی کورد، کە تێیدا لەناوبردنی کوردانی ئێزیدی بە بنەما گیرابوو.
بە خوێندنەوەیان هێندێک سەرنجم بۆ دروست بوون، لەبارەی تەکنیکی نووسینی ڕۆمان و جیاوازییەکانییان لەگەڵ گێڕانەوەیەکی ڕووتی بێ هونەر و تێکەڵ بە جادوو و شتە ناباوەکان، کە زیاتر بە هەقایەت و چوونە ناو قاڵبی ئەفسانەیان دەزانیین. بە تایبەت لە ڕۆمانی کوڕەزاکەی زیتۆ، زیاتر بەرکەوتنمان لەگەڵ ئەفسانە یان شتی باوەڕنەکردە دەبێت. نووسەر لە ڕۆمانی کوڕەزاکەی زیتۆدا بە تێکەڵکردنی پارچەکانی مێژوو ویستوویەتی کەرەستەیەکی تازەمان بۆ بینێتەبەر، ئەویش مۆنتاژکردنی دوو زەمەنی جیاواز، زەمەنی لە ژیانمانی وەستا ڕەجەب، کە هەموومان بەو ناوە ئاشناین و کارەکتەرێکی سەرەکیی ناو ئیماڕەتی سۆران و بەرفەرمانی ڕاستەوخۆی میر محەمەد (پاشای گەورە) بووە و چەکسازێکی بلیمەتی سەردەمەکەی خۆی بووە و ئێستاش بەرهەمەکانی دەستکردی ئەو، گەواهیی ئەو ڕاستییە مێژووییەمان بۆ دەدەن، کە چەندە کەسێکی لێهاتوو بووە و بەداخەوە تا ئێستاش دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە ماڵئاواییکردنی کەس لەنێو کورددا نەیتوانیوە لەم بوارەدا شان لەشانی بدات. زەمەنی تریش زەمەنی دوای ئەنفالەکانە، واتە ماوەی نێوان ئەم دوو زەمەنە زیاد لە سەد ساڵ دەبێت، ئاساییە لە ڕۆماندا سوود لەناو و کار و پیشەی کارەکتەرەکانی ڕابردوو ببینرێ، بەڵام ئەستەمە بۆ خوێنەری سەردەمی ڕۆمانی نوێ، ئەم تێکەڵکردنە دوور لە واقیعە باوەڕی پێبێنێ. ئاساییە فەنتازیا کار لە هزری خوێنەربکات، بەڵام بەمجۆرە نا کە هیچ پەردەیەک لەنێوان ئەفسانە و واقیعدا نەهێڵدرێت و وەک یەک زەمەن مامەڵەی لەتەکدا بکرێت. لەپاڵ ئەم هەڵە بەکارهێنانەشدا، بەڵام ئەو گومانەش ناشارمەوە کە بەڵکو ڕۆماننووس ویستبێتی بەم ڕێگایەوە پێمان بڵێت: ئێمە لەنێو بۆتەیەکی داخراوی مێژووداین، هەموو ڕووداوەکان وەک خۆیان و بەپێی سەردەمەکان بە شێوازی نوێ دووبارە دەبنەوە. دەیەوێ پێمان بڵێ فەرمانەکان لەسەرمان دووبارەن، بە گۆڕانی نەوەکان هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت یان دەیەوێ پێمان بڵێ: ئەگەر دوێنێ بەهێزترین دەسەڵاتی کوردی بەرجەستەبوو لە ئیمارەتی سۆران بەدەستی عوسمانییەکان لەباربرا و پاشاکەیشیان گۆڕغەریب کرد، ئەوا ئەمڕۆش بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بەدەستی بەعسییە فاشیستەکان لەباردەبرێ و لە هەردووک ڕێگەشەوە دەیەوێت بمانباتەوە سەر ئەو تولەڕێیانەی بە مێژووی ڕابردوومان ئاشنا دەکەن.
بۆ منی خوێنەر، ڕۆمانی کچانی مەلەک تاوس سەرنجڕاکێشتربوو، بەوەی کە خەیاڵت پەرت ناکات و هەموو ڕووداوەکەی بەستۆتەوە بە ژنێکی دووگیانی ئێزیدی، کە ئەویش وەک هەزاران لەو ژن و منداڵ و خورتانەی ئێزیدی کەوتنە بەر فەرمانی حەفتاو چوارەم و لەوێ دوای لێک هاوێرکردنی پیر و گەنج و کچ و ژنە بەتەمەنەکان، ئەو بەر ئەو دەستەیە دەکەوێ کە دەبرێتە بازاڕی فرۆشتن و دەدرێتە موجاهیدێک بەناوی ئەبو عومەری سعودی، ئەم ژنە کە ناوی زەریفە، دەبێتە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە و لەو ژیانە دیسپلینکراوەی داعشییەکان ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی بەهەر جۆرێک بێ هەڵبێت و لەگەڵ کۆرپە تازە لەدایکبووەکەی بگەڕێتەوە کوردستان، تا ئەو کچەی کە لای خۆی ناوی نازدارە و لای مێردە تازەکەی ناوی ڕوقیەی بەسەردا بڕاندووە لە دواڕۆژدا نەبێتە سەبییە و نەکەوێتە بەردەستی ئەم و ئەو. کەواتە ئەم دوو پاڵنەرە، یەکەمیان لانەدان لە ئایینی خۆیان و دووەمیشیان هێزی دایکایەتی گوڕو تینی پێدەدەن تا بگاتەوە کوردستان. کورتەی چیرۆک ئەوەیە لەو خەونەدا سەردەکەوێ و لەڕێی باپیری مێردەکەیەوە دەگاتەوە کوردستان. بەڵام لەم نێوانەدا ڕووداو و چیرۆکی خەمناک هەن نامەوێ بە گێڕانەوەیان لە چێژی خوێندنەوەتان بکەم.
شایانی باسکردنە، هەردوو ڕۆمان بە زمانێکی پاراوی کوردی و بێ گرێ و گۆڵ نووسراون، کە شایانی ئەوەیە لەبەر زمانەکەی چەندینجار بەسەریاندا بچینەوە و بیانخوێنیینەوە.
لەم گۆشە بەتەرسکە هیچم نەماوە، ئەوەندە نەبێ دەست خۆشانە لە نووسەر بکەم، کە هەردووک تاوان و کارەساتی بۆ خستووینەتە ناو چوارچێوەیەکی ئەدەبی جوان، جیا لەو سەرنجانەی خستمانەڕوو.
٢٦/ ٣/ ٢٠٢٣ هەولێر
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق