السبت، 30 سبتمبر 2023

ڕێگا

 ڕێگا


لە سەرێكی دەمانبات و 

لە سەرەكەی تری دەمانهێنێتەوە

كەچی لامان دیار نییە ...

كام سەرەیە دەمانبات و 

كام سەرەشە دەمانهێنێتەوە.


ڕێگا پڕە لە نهێنی ‌و 

لە مەبەستی هاتن ‌و چوونیش ورد نابێتەوە

گرنگ ئەوەیە دەمانگەیەنێ ‌و

دەمانهێنێتەوە.


ئێمەی مرۆڤ، بۆ زۆر شت ڕێ هەڵئەبژێرین

بەرەو دەرگاكانی زانست

بۆ سەربەخۆیی نیشتمان

بەرەو بەهەشت


هەر ڕێگا بوو، ئایینەكانی پارچە پارچەی سەر مەزهەب كرد

هەر ڕێگا بوو، سۆفیزمی پارچە پارچەی تەریقەت كرد.


ڕێگا بۆ ژیانێكی ئازاد گەورەترین پانتاییە

زیندانییەكیش ناتوانێ دوای ئازادبوونی

ڕێگایەك هەڵنەبژێرێ

كوێریش خوازیارن بە ڕێدا بڕۆن


ئەسپێك دوای شەهیدبوونی سوارەكەی 

مێرووێك بەر لە شەهیدبوونی، بە كەوتنە بەر پێی ڕێبوارێ

لە چاویلكە بێ جامەكانی ڕێگاوە

بە پشتی كۆماوی خەفەت

ڕێدەكەن ‌و خۆ دەگەیەننەوە قەتارێ.


بە دەست لێكبەردانی، دەنكە باران ‌و پەڵەی گەڕۆكی هەور

دوای لێكجیابوونەوە ... بەڵێن دەدەن ئاوێزان ببنەوە

ئەمەی دەیڵێم ڕێگەیەكی دیاریكراوە

لە ڕۆمانی قەبارە گەورەی دەریاوە

ئاماژەیەكی بۆ كراوە.


نە چیا ئەتوانێ‌ كۆتایی بە ڕێگا بێنێ

نە ڕووبار ئەتوانێ ڕێڕەوێك نەگرێ

نە هەوریش سەری خۆی هەڵنەگرێ.


كام سەفەرە بە بێ بڕینی ڕێگا لە سەفەركات

سەفەری دەریا ‌و ئاسمان؟

سەفەری خاك؟

دەتۆش هاوڕێ ڕێگایەكم نیشان بدە

سەری گێژم لە نهێنی ڕێگا دەركات.

مەگەر لە حیكمەتی ڕێگا تۆش هەر ئەوەندە فێر نەبووی

تەواوی ژیان ...

بڕینی ڕێیەكی كورتە 

لە منداڵدان بۆ منداڵدان؟


٤/١٠/٢٠٠٦  ڕەواندز

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق