السبت، 30 سبتمبر 2023

لە کرۆکی دەوڵەت - نەتەوەدا

 لەكرۆكی دەوڵەت - نەتەوەدا...مێژوو بەڵایە یان مقەوەمات بۆ كورد

حەسەن هەندرێنی

  لەباسی خوێندنەوەی نەتەوەدا بۆ كورد، نابێ زۆر دووركەوینەوە لەمێژووی نووسراو، ئەگەر بمانەوێ بەشێوەیەكی زانستی باس لەپێكهاتەی نەتەوە بكەین. بەتایبەت لەدوای تێكبەستنەوەی ناسیۆنالیزم بەنەتەوە... واتا، بەپێی ئەو تیۆرانەی باس لەوەدەكەن كە  نەتەوە بەرهەمی ناسیۆنالیزمە یان ناسیۆنالیزم بەرهەمی نەتەوەیە، ئەمە مشتومڕی لێكۆلیارانی لەسەرە‌و لەوێش دابەشبوون هەیە. بەڵام ئەگەر قسە لەمێژووی نووسراوی جەنگ‌و نەهامەتییەكان یان دابەشكارییەكان لەسەر بنەمای ئایینی یان مەزهەبی‌و فراوانكردنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەكان بكەین، ئەوا لەگەڵ مێژووێكدا بەریەكدەكەوین، كە كورد وەك پێكهاتەیەكی زوڵملێكراو بەدیاردەكەوێ، جگە لەماڵوێرانیی‌و سەرگەردانی، كوشتن‌و بڕین شتێكی دڵخۆشكەرە بەدیناكەین.

گەر زۆر دوورنەكەوینەوە‌و لەچاڵدێرانەوە ( 1514) تێهەڵچوونەوەیەكی مێژوویی بێنینەوە بیر، كە لەوێش دوای وەستانی جەنگ لەنێوان عوسمانی‌و سەفەوییەكان، كورد پێشێلی نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە دەبێ‌و مۆركی دووبەرەكیێكی مێژوویی بەنێوچاوانی كوردەوە دەنرێ، كە تائەمڕۆ لەنێوان ئەم فۆڕمی دووبەرەییە رزگاری نەبووە. گەر روونتر بدوێین، لەو مێژووەوە كورد لەنێوان ئەو دووبەرداشەدا، داشێكی یارییە. كەواتە كورد بەر لەمۆدێرنە‌و دوای مۆدێرنەش وەك نەتەوە لەسەر تەوەرێكی جێگیر دەخولێتەوە. نەیتوانیوە گۆڕانێك لەبنەماكانی... لەرەگەزەكانی پێكهاتنی بكات، كە بگونجێ  لەگەڵ پێناسەیەكی تەواو سەردەمی یان هەوڵێكی جدی بۆ ناسینی خۆی وەك دەوڵەتێكی نەتەوەیی، كە بتوانێ بۆ خۆی جیاوازتر لەوانی دیكە بژییێت، چونكە پێیوایە، دووركەوتنەوە لەنەتەوەی سەردەست  واتا راگەیاندنی مەرگ... ئەمەش بنەمایەكی پێچەوانەیە بۆ كۆی ئەو نەتەوانەی توانیان نەخشەی ئاییندەی خۆیان دابنێن‌و ئەمڕۆ خاوەنی دەوڵەتی تایبەت بەخۆیانن.

كەواتە مێژوو وەك مقەوەماتێك كەم شتی جێی شانازی پێیە بۆ ئێمە وەك كورد ، كە بتوانین دیوارەكانی دەوڵەتی لەسەر بینابكەین، بەدیوێكی دیكەش، وانەكانی مێژوو بۆ كورد، كاسەی سەری تاك بەتاكی كوردیان بەدوژمنایەتی‌و دووبەرەكی ئاخنییوە، بەتایبەت لەگەڵ ئەو پێكهاتانەی هاوسنوورن لەگەڵیدا، بۆیە كە قسە لەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی دەكرێ، بەموجەڕەددی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەی كورد دێتە بەرچاو، ئەمەش بنەمای كاری شۆفینیستان‌و دوژمنە قین لەدڵەكانی هاوسێی كوردە، كە ئەم كاردانەوەیەی بۆ كورد دروستكردووە، بەڵام  ئەم سەردەمە تێڕوانینی لەمچەشنە وەخۆناگرێ، چونكە مێژووی بەیەكەوە ژیان لەگەڵ پێكهاتە نەتەوەیی‌و نەژادیی‌و مەزهەبی‌و ئایینەییەكانی دیكە لەسەر ئەو خاكەی كە قەولە وەك خاكی دەوڵەتی كوردستان بناسرێ، تەواو بەناویەكداچووە، واتا حوكمەكانی مێژوو، هەندێك شت فەرزدەكەن‌و دەبێ نەتەوەی زۆرتر یان نەتەوەی بەمشورتر بۆ هەڵنانی بەردی بناغەكانی دەوڵەت، دڵفراوانتر مامەڵەبكات، تا چوارچێوەیەكی بێكێشە دروستدەكات. چونكە مەعلومە لەڕابردوودا‌و لەپرۆسەیەكی تەواو سیاسییدا، بۆ سەر خاكی كوردستان ئەو نەتەوە‌و مەزهەبانەیان وەك خاشاك هەڵڕشتووە، تابۆ ئەبەد ببنە كێشە‌و بەڵا بەسەر كورددا، كە ئەمڕۆ رەگەكانیان لەسەر ئەو خاشاكە قلیچكەی داوە‌و بەناوی رەسەن، وەك عەرەبی رەسەن یان توركمانی رەسەن... خۆیان ناوزەددەكەن، هەرچەندە ئەمە واقیعێكی تاڵە، بەڵام حوكمە بەهێزەكانی دیموكراسی، وەك چارەسەرێكی تەوافوقی‌و ناوەڕاست لەهەموو چارەسەرەكانیی دیكە، موەفەقتر دەبینرێ. جگە لەم چارەسەرەش بیركردنەوە لەهەر خیارێكی دیكە جگە لەمەرگەساتیی دیكە، مژدەی دەوڵەتی كوردستانی بەدوادانایەت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق