السبت، 30 سبتمبر 2023

کێ بەگەورەیی دەمێنێتەوە


  حەسەن هەندرێنی


سەردەمی نوێ... 

سەردەمی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕا دەربڕینە، بە واتای ئازادیی ڕاگەیەندنكار ‌و ڕۆژنامەوانانە تا بتوانن بە ئازادانە هەڵسوڕێن بۆ دەستەبەركردنی هەواڵی گەرم و گەیاندنی بە جەماوەر.


سەردەمی بازاڕی ئازاد و دۆزینەوەی هەلی كارە تێیدا، بە واتای كار بۆ هەمووان بەشێوەیەكی یەكسان و كرانەوەی هەلی كار بۆ هەمووان بەشێوەیەكی  گونجاو و بە پێی لێوەشاوەیی لە ئەزموون، ئەم بڕگەیە زیاتر ڕووی لەو كەسانەیە كە پیشەكارن یان لەبوارێکدا دەستڕەنگینن یان بە پێی هەبوونی بڕوانامە و دابەشكردنیان بەسەر كەرتەكان بە پێی لێوەشاوەیی و نزیكی بڕوانامەكانیان لە بوارەكە. نەوەك كرانەوەی دەرفەت و هەلی كار لەپێش ئەوكوڕ و كچانەی كە نزیكن لە كەسانی ناو دەسەڵات!


 سەردەمی نوێ زیاتر وا خۆی پێناسە ئەكات، كە سەردەمی دەركەوتنی ڕایەڵەی ئینتەرنێتە ئەوەش لەڕێی ڕابوون ‌وشۆڕشی نوێی تەكنەلۆژییە، بۆیە كارئاسانی گەیاندن و دابەزاندنی نرخ بۆ هاوڵاتییان یەكێکە لە ئەركە بنچینەییەكانی هەر دەسەڵاتێك. بۆ ئەم مەبەستە، كاركردن بە یاسای پێشكەوتوو لە ئەركە لە پێشەكانە بۆ بەکارهێنان و لە سەرووشیانەوە چاودێریی نەكردن و كۆنترۆڵ نەكردن لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكان، مافێكە لە چوارچێوەی دیموكراسییەت و فەراهەمكردنی ئازادی. 


 سەردەمی نوێ سەردەمی لە گۆڕنانی دیكتاتۆرەكانە، سەردەمی هاوڵاتیبوون و دەرخستنی تواناكانی تاكە لە ناو كۆمەڵدا، بەو مانایەی ئەم سەردەمە زۆر دوورە لە وەرگرتنی دەسەڵات لەڕێی مانەوە ‌و پشتاوپشتكردنی دەسەڵات. ئەگەر نموونەیەكیش مابێ لەم شێوە دەسەڵاتانە ئەوا دەسەڵاتێكی لەرزۆك و بێ بنەما دەبێ، چونكە هەمیشە لە ژێر زوومدا ئەبێ و لە هەڵەكانی نابوردرێ. با بۆ چەند ساڵێكیش حوكمڕانێتی بكات و حكومەت بە شێوەیەكی پۆلیسی بەڕێوەبەرێ، بەڵام دەرەنجام هەر كۆتایی هاتنییەتی بە شێوەیەكی تراژیدی. وەك چۆن كۆتاییە پڕ لە تراژیدییاكانی هەموو دیكتاتۆرەكانی ڕابردوومان بینییون. 


ئەی كەواتە كام حوكمڕان بە گەورەیی ئەمێنێتەوە؟ 

لە وەڵامدا ئەڵێین؛ ئەوانەی كە ڕێز لە ڕا و بۆچوونی جیاواز  ئەگرن و لێی ناترسن و دەرفەت بۆ ڕەخنەگران دەهێڵنەوە ‌و ڕەخنەكانیان بە هەند وەرەگرن نەوەك لەسەر ڕەخنەیەك یان كۆمێنتێكی ناو سۆشیال میدیا، دەرگای زیندانیان بەڕوودا بكرێتەوە و بە ساڵان حوكم بدرێن. 


لە وەڵامدا ئەڵێین؛ ئەوانەی بە لێهاتوویی وتواناكانی خۆیان نەوەك بە پاڵپشتی بنەماڵەكانیان جڵەوی حوكم ئەگرنە دەست. لە مێژووی كۆن و نوێش هەر ئەوانە بە گەورەیی ماونەتەوە، گەر ڕۆڵەكانیان  نەبووبنە جێی شەرمەزاری ‌و كاردانەوەشیان هەبووبێ لەسەر ناوبانگی باوانییان.


لە وەڵامدا ئەڵێین؛ ئەوانەی ڕێزیان لە دادگا و دادوەران گرتووە، هەمیشە سەربەرزانەتر ‌و دادپەروەرانەتر بەدیاركەوتوون.


لە وەڵامدا ئەڵێین؛ ئەوانەی لە خەمی هەژارانن پێش ئەوەی خەمی دەست و پێوەندەكانییان بێ ... ئەڵێین ئەوانەی دەرفەتی كار بە هاوبەشیی و یەكسانی ‌و بە پێی لێوەشاوەیی یان بڕوانامەكان ئەخوێننەوە و دەرفەتیان لەبەردەمدا ئەكەنەوە... ئەڵێین ئەوانەی بە شێوەیەكی دیموكراسی پرانسیپ و دیسپلین بۆ سەرپەرشتییكردنی كۆمەڵ دائەنێن نەوەك لەڕێی دەزگا تایبەتەكانییان ‌و شێوازە قێزەونەكانی ئیستیغلالكردن.


لە وەڵامدا ئەڵێین؛ ئەوانە بە گەورەیی ئەمێننەوە، كە لەسەر خاك ‌و داگیركارییەكانی بە جواب دێن‌و هێز بۆ بەرانبەر دوژمنان كۆئەكەنەوە، نەك سێرە لە نوزە یان نركە یان دەردەدڵێكی هاوڵاتی بگرێ، كە لەڕێی كۆمێنتێك ئەم دەردە دڵە دەرئەبڕێ.


ئەڵێن؛ ئەو كەسە  گەورەیە ‌و بە گەورەیی ئەمێنێتەوە، كە دەسەڵات لە تەنها دەستێك كۆناكاتەوە ‌و كاری دەستە جەمعی ئەكات بە بنەمای حوكمڕانێتی.


تێبینی :ئەم بابەتە فێسبووک بیری خستمەوە، بە هەندێک دەستکاری لە ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕێنووس و پاش و پێشکردنی وشەکان دامڕشتەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق