رامان بەدیار برینەكانی باكوورو دەوڵەتی كوردی
حەسەن مستەفا
داود بنگۆریۆن پێش ئەوەی لەگەڵ هاوكارەكانییدا دەوڵەتێك بۆ ئیسرائیل رابگەیەنێ، بانگی هەموو جوولەكەكانی دەكرد بێنە وڵاتی بەڵێن پێدراو، ئاوەدانی بكەنەوە. ئەمە نیشانەی پارێزگارییكردن بوو لەو گیانە نەتەوەییە راستەقینەییەی كە ئەم سەركردەیە وەك ئەركێك ئەیبینی، ئەم خواستە راستەقینەیەی بەهیچ دروشمێك گرێنەدا، بەڵكو بەكرداریكرد.
دیارە كرداری راستو دروست، كە سەرچاوەی خواستەكانی گەل بێ، ئەركی راستەقینەی هەر كەسێكە خۆی بەسەركردە بزانێ، جا گەر هاتوو گەلەكەی، لەقۆناغی رزگاریی نیشتماندابێ، یان بۆبەجێگەیاندنی ئەركە دیموكراسییەكان هاتبێتەسەرپێ، (وەك حاڵەتی باكور كە لەدۆخێكی لەمچەشنەدایە). ئەوا دەبێ وەك بنگۆریۆن، بێ لەبەرچاوگرتنی سنوورەكان بانگی نەتەوەییو پاڵپشتی خۆی رابگەیەنێ، بۆ خواستەكانی هاوخوێنیی.
توركیای نوێ دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەستپێكەكانی بە پەیمانە درۆینەكانی تەعالیو تەرەقی دروستبوو، كە خواستێك...ئارەزووێك هەبوو بۆ پێكەوەژیان لەدەوڵەتی توركیای نوێدا. بەتایبەت لەنێوان گەلی توركو كورددا، وەك دوو نەتەوەی زیندووی ئەم وڵاتە. بەڵام لەبەرئەوەی ستراتیژو بیركردنەوەی توركەكان جیاوازبوو لەهی كوردان، ئەم ئارەزووی بەیەكەوەژیانەیان هێنایە پێش تا سەرنجی كوردی پێڕابكێشێو خۆی لەسەر پێ رابگرێ.
وەك روونە ستراتیژەكەیان بەرەو چ ئاراستەیەكی سامناك رێچكەی گرت، سەری بە چ دەوڵەتێكی ترسناكدا گەیشت. كە شۆفینییەتی توركی زاڵكرد بەسەر هەموو تایبەتمەندییە نەتەوەییەكانی گەلانی ئەوێ، بەتایبەت كورد كە پێكهاتەیەكی سەرەكی ئەم كۆمەڵگایەیە.
ئەگەرچی دەستەواژەی یەك كۆمەڵگا، كورتهێنانیش بێ لەو رۆحە پەروەردەكراوەی ناسیۆنالیزم بەبەر نەتەوەكانییدا دەكاتو كوردی وەك نەتەوەو گەل ناچاركردبێ كە بەچارەنووسی پێكەوەژیان رازییبێ لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی هەمان ژینگەدا. بەڵام دواجار رێبەرایەتی كورد لەباكوری كوردستان لەڕێی پارتی تایبەت بەخۆیان، گەیشتنە ئەو باوەڕەی دەبێ پانتایی خەباتو ئاسۆی بیركردنەوەو رامان بۆ ئاییندە بەئاراستەی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەبێ بۆ كۆمەڵگای توركیاو دیموكراسییەت تەوەربێو هەموو بەدەورییدا زنجیرببەستن. لەهەنگاوە سەرەتاكانیشدا بینییمان كورد لەم رێگەیەوە دەتوانێ چ رێگریێكی گەورە لەهەژموونی ناوەندێتی بكاتو رێ لەتاكڕەوی سەرۆك بگرێ، بەڵام لەدواییدا پیلان لەدژی دیموكراسی كەوتنەگەڕ، مانۆڕ بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی گیرانەبەر، گەر پانۆرامای دوو ساڵ لەڕووداوەكانی توركیا سەیربكەین تێدەگەین، چ خواستێكی جەهەننەمی هەبووە بۆ لەگڕێژەنەدەرچوونی دیموكراسی. ئەو دیموكراسییەتەی خەریكبوو وەك نموونەیەكی جوانی ئەداكردن بۆ توركیا ببێتە پێناسە.
ئەبینین ئەمڕۆ شارەكانی باكور دەرگایان بەڕووی چ دۆزەخو ئاگرێك بۆكراوەتەوە، ئەم دۆخەی ئەوێ هیچی كەمتر نیە لەدۆخی هەشتاكانی سەدەی رابردوو كەباشوری كوردستان پێیداتێپەڕی، بەجیاوازی قۆناغو هەلومەرجی نێودەوڵەتیو ئاڵۆزتربوونی رەوشی وڵاتانی هەرێمییو دروستبوونی بەرەی نوێی سیاسی. بەبەرچاوی هەموومانەوە دیارە، گەلی ئێمە لەباكور جینۆساید دەكرێت، سەركردەكانیان ئەوانەی بۆ ئاشتی هاتوونەتەسەرپێ تا كۆمەڵگایەكی دیموكراسی ئاوابكەن لەسەختترین دۆخدان لەزیندانەكان. ئەپرسین بانگی یەكێتی بۆ رۆژێكی وەك ئەمڕۆ نەبێ، دوای لەدەستچوونی دەرفەتەكان چ بەهایەكی هەیە؟ ئەپرسین كوان ئەوانەی شەڕی ئەوەیانە سەركردەن یان ئەیانەوێ هەر بەسەركردەیی بمێننەوە ؟ ئایا ئەم بارودۆخە نابینن؟ یان بەخۆخەریككردن بەشتە لاوەكییەكانو بەرژەوەندییە تەسكەكانی ماددیوحزبییو وەلانانی پرسەگرنگو بەهادارەكان كە ستراتیژییەتی نەتەوەیی دەپارێزن، ئەیانەوێ پشت لەگیانی نەتەوەیی بكەن ؟ كە لەهەر كاتێك زیاتر كورد پێویستی بەپارێزگارییكردن لەوگیانە هەیە.
ئەگەر دوو هەنگاوی نەتەوەییو جدی نەهاوێژرێن لەلایەن سەركردەكانەوە بۆ پاڵپشتیی راستەقینەی كوردانی باكور، قسەكردن لە كوردایەتیو دەوڵەتی كوردی چ بەهایەكیان هەیە.؟
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق