حەسەن مستەفا
گۆڕینی ستراتیژی سیاسی- دیبلۆماسیو پەیوەندییەكانی توركیا ئەوەندەی لەسەر ستراكتۆری پەرچەكردارو پەراوێزكەوتنی لەلایەن رۆژاواوەیە، ئەوەندە عەقلانیو دامەزراوەیی نیە، یان وەك هەندێك ئەڵێن، پەشیمان بوونەوەیە بۆ تێزەكەی داود ئۆغلۆ "
سفركردنەوەی كێشەكان" بەڵام سفركردنەوەی كێشە لەگەڵ كێ ؟ ، ئایا كێشە بونیادییەكانی توركیا لەگەڵ روسیاو عێراقن یان لەگەڵ سوریا (بەهۆی دەستخستنە ناو كاروبارە سیاسیەكەی ئەم وڵاتە) یان كوردە بەشێوەیەكی گشتی لەباكور- رۆژاوا- باشوری كوردستان، بۆیە گومان ئەكەوێتەسەر هەنگاوەكانی لەسفركردنەوەی كێشەكان.
ئەمە سفركردنەوەی كێشە نیە ئەوەندەی قوڵكردنەوەی كێشەكانە بۆ ئاراستەی ناوخۆی وڵات، هەروەك دەبینین
جەهەپە وەك گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر زاری
سەرۆكەكەی داوای گۆڕینی حكومەت دەكات، كە لەگەندەڵیو ناعەدالەتیو تیرۆر نوقمبووە، هەروەها
هەدەپەش كە بەدووەم گروپی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ولاتە دێ رووبەڕووی چ ئاستەنگییەك هاتوون لەدەست عەقڵیەتی سەرەڕۆیانەی
ئەردۆغانو بردنی وڵات بەرەو كەناری نائارامیو سوتاندنی خەرمانەی دیموكراسی كە چەندیین دەیەیە ئەم وڵاتە شانازی پێوەدەكات. ئەمە سەرەڕای دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی سەر بەگولەن لەكارەكانیان ( هاوشێوەی هەنگاوە بەراییەكانی پۆل بریمەر لە
ریشەكێشكردنی بەعسییەكان لەنێو دامودەزگاكانی وڵاتو غەرقكردنی وڵات لەتیرۆرو تیرۆریستان، ئەمە بابەتێكی دیكەیە) هەروەها داكشانی زۆر لەبواری ئابووریی كە دادو گەشەپێدانی گەیاندە پۆپی دسەڵات.
ئەوەی زۆر روونو سەتحییەو كەمترین لێكدانەوە هەڵئەگرێ، هەوڵە دیبلۆماسییەكانی توركیا، لەرووكردنە روسیا بۆ فشارخستنەسەر رۆژاوای كوردستانەو بۆعێراقو هەرێمی كوردستانیش دروستكردنی فشارە بۆ وەردەرنانی هێزەكانی پەكەكەیە لەشەنگال یان ئەگەر بۆی چووەسەر ئۆپەراسیۆن كردنە سەر قەندیلە.
ئەم وەرچەرخانە ناسروشتییە لە پەیوەندییەكانی توركیادا، لەو رۆژەوە دەستپێئەكات، كە گڵۆپی سەوزی بۆهەڵكرا تاهێزەكانی بچێتە جەرابلوسو ناچاری هێزەكانی پەیەدەبكرێ لەمنبج بكشێنەوەو دواتریش پێشڕەویەكانیان بەرەو باب بڕوات، تائێرە توركیاو هاوپەیمانان بەدیاریكراویش ئەمریكا كێشەیەكیان نەبوو، بەڵام لەگەڵ هەڵكشانی داواكارییو داخوازییەكانی توركیاو جیانەكردنەوەی داعش لەپەیەدەو نیشاندانی مەیلی زیاتر بۆهەڵمەت بردنەسەر خاكی كوردستان یان ئەو ناوچانەی كە بەخۆسەری دیموكراتی لەلایەن پەیەدەو هاوپەیمانەكانی بەڕێوەدەبرێن، ئەوا لەم خاڵەدا بەریەككەوتن روویدا لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو لێدوانی توندی ئەردۆغانی لێكەوتەوە" ئەمریكا پاڵپشتی داعش دەكات" بەدوایشیدا ئەمریكا هاتەوەڵامو جارێكی دیكەیش پەیەدەی وەك هاوپەیمانی زەمینی ئەمریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دانا. كاتێك ئەردۆغان بینی ئەمریكا جدییەو هیچ درزێك نیە بۆ راماڵینی هێزە كوردییەكان یان تەنگ پێهەڵچنینیان، ئەوا 180 پلە رووی وەرچەرخاند بەرەو روسیاو ئەو بەرەیەی هەڵبژارد.
یەكێكی دی لەدیوە بێزاركەرەكانی سیاسەتی توركیا، ئەوەیە رۆژبەڕۆژ كرداری سەیرو پاشگەزبوونەوەمان لەحوكمڕانانی توركیا گوێ لێدەبێ، ئەمە سەرەڕای پێچدانەوەكانی ئەردۆغان، بەرامبەر روسیاو ئیسرائیلو سوریاو ئێرانو عێراق، شەشی ئەم مانگە جێگری سەرۆك وەزیرانیش رایگەیاند" ئەوان لەسەرەتای كێشەكانی سوریا ستراتیژێكی هەڵەیان هەبوو، بەرامبەر بەگۆڕینی
بەشار ئەسەد" ئەم دانپیانانە دوای ئەو راستیانەدێ كە هاوپەیمانەكانی رژێمی سوریا توانیان بەشار ئەسەد لەكەوتن رزگاربكەنو حەلەبی دووەم گەورە شاری سوریا بكەوێتەوە دەست سوپای سوریاو دوای ئەم رووداوە وڵات گەلێكی زۆر پیرۆزبایی سەركەوتنیان بە بەشار ئەسەد گەیاند.
لەم دەستپێكەوە ئەوە بەدیاردەكەوێ كە نەخشەی ناوچەكە بەو مەیلە وەرناچەرخێ، كە پێشتر پێشبینیی دەكرا، بەتایبەت لەسەر نەخشەی سوریا، كە ئەمڕۆ توركیا دوای شەش ساڵ رای خۆی دەگۆڕێو داوای یەكپارچەیی خاكی سوریادەكات، بەرمەبنای ئەم خواستەش زۆر روونە لەبەر هەڵكشانی تواناكانی كوردە لەسوریاو دیفاكتۆی فیدراڵییەتە بۆ سوریا كە كورد هێزێكی بنچینەیی دەبێ تیایداو ئەم سنورەش درێژترین سنووردەبێ لەگەڵ توركیا، بۆیە ئەمە بەهێڵی سوور دەزانێو تەواوی هەوڵەكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ خستنی ئەم خەونە.
ئایا پەیەدە ئەكەوێ.. ؟
ئەمە ئەو پرسیارە هاوشێوەیەیە كە بۆچەندین ساڵ دەچێ و لەچەندین وێستگەدا خۆی دووبارەدەكاتەوە، پێشتریش هەمان ئەوپرسیارەكرا، كاتێك توركیا ساڵی 1999 هەڕەشەی لەسوریاكرد، كە پاڵپشتی رێكخراوی پەكەكەو
ئۆجەلان نەكات،ئەوەبوو سوریا لەبەر زروفی تایبەتی خۆی كە زۆر موئەهەل نەبوو ئۆجەلانی لەبیقاع وەدەرنا... تا كاربەوەگەیشت ئۆجەلان بكەوێتە دەست تیمێكی توركیو بەفرۆكە بهێنرێتەوە بۆ توركیا، لەو سەروبەنددا، پرسیار و گومانەكان ئەوەبوون تازە پەكەكە تەواو لەبەرئەوەی رابەرەكەی دەستگیركرا، ئیتر ناتوانێ لەسەر قاچی خۆی بووەستێ، كەچی پێچەوانەی هەموو ئەو كەسانەی پێشبینیی رووداوێكی لەمچەشنەیان دەكرد، پەكەكە رۆژبەرۆژ بەهێزترو رۆڵی لەمەیدانەكە خورتتردەبوو.
ئەمڕۆ وەك دەبینین لەهەر چوارپارچەی كوردستان رێكخراو گەلێك هەن، پەكەكە و ئۆجەلان بە سێبەرو مەرجەعی خۆیان دەزانن، بۆیە توركیا هاواری لێهەڵساوە، كە دەبینێ، پەكەكە لەسەر هەموو ئاستەكان درێژە بەسیاسەتی خۆی دەداتو سەركەوتووشە، تەنانەت لەپارچەیەكی گرنگی كوردستان (كە رۆژاوای كوردستانە) تەواوی دەسەڵات لەدەست ئەواندایەو پاڵپشتی دەولیشی بۆخۆی مسۆگەركردووەو لەبەرەی هاوپەیمانان دژ بەتیرۆر سەركەوتووترین جەنگی درێژەپێداوەو تائێستاش براوەبووە تیایدا، بۆیە توركیا، بەرژەوەندییەكانی لەوەدادەبینێتەوە... لەجیاتی دوورتر بڕوانێو چاوی لەبەزەییەكانی رۆژاواو ئەمریكابێ كە خواستەكانی بەدیبێنن، بۆ لەڕەگەوە دەرهێنانی پەكەكەو نەهێشتنی هەژموونی پەیەدە بەسەر رۆژاوای كوردستان، هەنگاوەكانی كورتكردوونەتەوەو لەدەرگای كرملین دەچێتە ژوورەوەو دەیەوێ گوڵەكانی ئومێدی لەگەڵ گوڵە ژاكاوەكانی عێراقو سوریا چەپك بكات.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق