الجمعة، 13 يناير 2017

زۆنی قەشەنگ لەنێوان ململانێی ئیقلیمیی‌و دەولییدا

حەسەن مستەفا
وەك دانیشتووانی باشووری كوردستان هەموومان هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی یەكگرتوو ناودەنێین، بەڵام لەواقیعدا لەسێ زۆن پێكدێ (زەرد‌و سەوز) كە كابینەیەكی وەزارییان پێكهێناوە‌و نیمچە یەكگرتوون تیایدا، بەڵام زۆنی (قەشەنگ) كە لێكدراوەی (قەندیل+ شەنگال)ە، لەدەرەوەی ئەم پێكهاتە حكومەتییە دەبینرێ‌و لەدەرەنجامی شەڕی ناوخۆ‌و دروستبوونی بۆشایی عەسكەری‌و هاتنی داعشدا وەك دیفاكتۆیەك خۆیان سەپاندووە.  ئەگەر جاران زۆرترین قسە لەسەر زۆنی زەرد‌و سەوزبوو، ئەوا ئەمڕۆ قسەی زیاتر لەسەر زۆنی ( قەشەنگ) ە، بەتایبەت لەجوڵەی سیاسی‌و دیبلۆماسیی گەرموگوڕی سەرانی ئەنقەرە بۆهەریەك لەمۆسكۆ‌و بەغدا‌و هەولێر، ئەوە خوێنرایەوە كە هەموو خواستەكانی توركیا لەسەر وەدەرنانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانە‌و بێڕۆڵكردنییانە لەمەیدانی سیاسییدا.  بۆقەندیل پێم وانییە هیچ لایەنێك ( بەدەر لەتوركیا) بەلایەنی كوردییشەوە زۆر جدی بن لەسەر وەدەرنان یان راستتر بڵێین شەڕكردنی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، چونكە ئەمە لەنەوەدەكانی سەدەی رابردوو تاقیكرایەوە‌و ئەو دەرەنجامەی لێكەوتەوە، كە هەیە‌و وەك رێككەوتنێكی رانەگەیەننراو هەرسێ لایەنی ( پارتی‌و یەكێتی‌و پەكەكە) بێدەنگیان لێكردووە‌و سنووریان بۆ چالاكییەكانی یەكتری داناوە.  هەروەها خواستی ئەمریكا‌و هاوپەیمانانیش لەسەر ئەوەنیە كە پارتی كرێكارانی كوردستان لەقەندیل نەمێنێ، مەگەر بیانەوێ ئەزموونی باشووری كوردستان بەتەواوی لەبەین بەرن‌و وەك ئەفغانستان تۆرابۆرایەك بۆ هێزە توندڕەوەكانی ئیسلامیی لەقەندیل بكەنەوە‌و بیكەنە هێزی فشار بۆسەر هەرێمی كوردستان. بەواتایەكی دی هەبوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەقەندیل بوونی هێزێكی پراگماتییە بۆ هەرێمی كوردستان‌و لەلایەكی دیكەیش كوردانی باكور هێزی مەعنەوی خۆی لێوەردەگرن. ئەوەی زۆرتر فۆوكەسی ئەكەوێتەسەر لەزۆرنی ( قەشەنگ) شەنگالە، بەڵام ئەویش بەمەرجی هەموو ئەو لایەنانە بەستراوەتەوە، كەبەشدارن لەخواستی ( نەمان یان مانەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان ) لەشەنگالدا. لەسەرووی هەموویان‌و وەك خواستی راستەقینە‌و داخوازیێك كە لەهەولێر‌و بەغدا كرابێ، توركیابووە كە بەگەرمی لەسەر هێڵە بۆ وەدەرنانی هێزەكانی پەكەكە لەشەنگال. ئەمەیشی بەمەرجی هێشتنەوەی هێزەكانی سوپای توركیا، لەبنكەی باشیك بەستۆتەوە، كە لەسەرووبەندی راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ ئەم هێزانە لەلایەن توركیاوە جوڵەیان پێكراو لەوێ نیشتەجێكران، بەمەبەستی بەشداریپێكردنیان لەشەڕی رزگاركردنەوەی موسڵ، بەڵام كە حكومەتی عێراق سووربوونی خۆی نیشاندا لەسەر بەشداریی پێنەكردنیان‌و كشانەوەی ئەم هێزە بۆ وڵاتەكەیان (بۆ ئەم مەبەستەش پاڵپشتیی ئەمریكای بەكارهێنا)، ئەوا توركیا ئەم هێزەی هێشتەوە‌و وەك كارتێك بۆ ئێستا لەبەرامبەر هەبوونی هێزەكانی پەكەكە لەناوچەكە، بەكاری دێنێ، كە لەبنەڕەتیشدا هەر بۆئەم مەبەستە جێگیرییكردن.  وەك روونە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیش بەهەمان شێوە لەئەنجامی دروستبوونی بۆشایێكی عەسكەری ترسناك لەم ناوچەیەدا كە هێزێكی وەك داعش باڵادەستیی بەسەردا نواند، ئەم هێزە بەدیاركەوتن‌و وەك پاڵپشتێك بۆ هاونەتەوەییە ئێزییدەییەكان بوون بەپشت‌و پەنا‌و هێزی رزگاركەری دەیان هەزاریان، ئەمەش وەك دیفاكتۆیەك هێشتنییەوە لەناوچەكەدا تائەمڕۆ. لایەنی دووەمیش لەم هاوكێشەیەدا حكومەتی عێراقە كە ئەویش هەر لەسەرەتای جوڵەپێكردنی ئەم هێزەی توركیا، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كشانەوەی ئەم هێزەی توركیای كرد لەخاكی عێراقدا‌و ئەوەبوو گرژی‌و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو سەرۆك دروستبوو لەئاستی دیبلۆماسییدا. بەڵام بەپێچدانەوەی ئەردۆغان‌و پەشیمانبوونەوەی لەم بڕیارە‌و كردارە، ئەوەبوو سەرۆك وەزیران ( یەلدرم)ی نارد بۆ بەغدا‌و لەوێ گەیشتنە رێككەوتنێك بەو مەرجەی سەرەتا دەبێ توركیا تەواوی هێزەكانی بەقۆناغ بكشێنێتەوە‌و ئەوانیش فشاری خۆیان دروست دەكەن‌و بەهەماهەنگی لەگەڵ هەولێر بۆ وەدەرنانی پەكەكە لەشەنگالدا.  لایەنی سێیەمی كێشەكە (پارتی كرێكارانی كوردستان) ە ئەوانیش یەك مەرجیان هەیە ئەویش دڵنیابوونە لەپاراستن‌و پارێزگاری تەواوەتی ئێزیدییەكانی ناوچەكە كە جارێكی دیكە ناكەونە بەر هەڵمەتێكی لەچەشنی هەڵمەتەكانی سەرەتای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە. ئەگەر تەواو دڵنیابوونەوە ئەوا بوونیان لەوێ بەزیاد دەبینن.  بۆ كۆكردنەوەی هەرسێ ئاراستەكەیش، ئەمریكا قسەی تری هەیە، ئەویش ئەم كێشانە بەرێگای سیاسی چارەسەربكرێن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق