ئەمڕۆ بەشداریمکرد لەبەرنامەی گەرماوگەرم لەسەر پرسی رزگارکردنەوەی موسڵ و قۆناغی پۆست داعش، کە لەدەستپێکدا ئەمڕۆ بەپێی پلانێکی تۆکمە هێزەکانی پێشمەرگە توانیان پانتایی ٢٠٠ کم پاکبکەنەوە، هەرچەندە ئەم پانتاییە لەچاو کۆی پانتایی رووبەڕی موسڵ کە خۆی لە نزیکەی 40 هەزار کم دەدات کەمە، بەڵام لەڕووی سیاسیی و مەعنەوییەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزە بەشداربووەکان بۆئەوەی هیچ نەبێ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێشبخات. هەروەها لەسەر ئایندەی موسڵ و بەیەکەوە ژیانی پێکهاتەکان قسەکرا، کە موسڵیش وەک کەرکوک شارێکی ئاڵۆزە لە بوونی چەندین پێکهاتەی جیاجیا تیایدا، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیش ئەجێندای دەرەکیشی تێکەوتووە، بەڵام پێموایە بەرنامەی سەرەتا و کۆتایی ئەم شەڕە هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا ناهێڵێت لەکۆنترۆلی خۆی دەربچێت، بەتایبەت کە متمانەی بەهێزەکانی عێراق بەخشیوە بۆئەوەی لەداڕشتنی تەواوی بەرنامەکە باوەڕ بەخۆیان بکەن و سەرکەوتنی کۆتایی لەسەر دەستی ئەوان بێتەدی...هەرچەندە ئەمڕۆ هەنگاوی یەکەم بەسەرکەوتوویی نرا، بەڵام پێئەچێ ئەم دۆخە درێژەبکێشێ، چونکە تا داعش هێڵی دواوەی هەبێ بۆ سوریا توانای مانۆڕی بەبەردەوامی دەبێ. بەڵام ئیرادە هەیە بۆ سەرکەوتن. ئەوەش ئەبینین کە کورد بەدەستکەوتی مەزن دێتەدەرەوە ئەگەر لەسەر ئەم رۆحە هاوکارییە بەردەوام بێ لەگەڵ هێزەکانی عێڕاقی. چونکە هەر ئەم رێگایە کورد لەپەرتەوازەبوون و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەپارێزێ و تەواوی مەرامە سیاسییەکانیشی لەم رێگایەوە بەئاسانی بەدەستدێنی..
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق