چیرۆك
حەسەن مستەفا
پێش ئەوەی باسی ئەو كوڕە بكەم، كە ئێستا بەدواییدا دەگەڕِێین، پێی گوتم؛ ئەگەر نەمكەیتە پاڵەوانی سەرەكی ناو چیرۆكەكەت، تكایە ناوم مەهێنە...باوكیم دەناسی، ئەوە نەك هەرمن، بەڵكو تەواوی دانیشتوانی شارو تەواوی ئاواییەكانی دەوروبەریش وەك گەورەی خۆیان و بەڕێزەوە لێیان دەڕوانی....ئەو نالی ناس و مەحوی ناس و خۆی بە موریدێكی مەولەوی دادەنا... گوتبووی؛ یەكەم رۆژ كە گەیشتمە قۆناغی ناوەندی و لەناوپۆلداو لەكاتی هاتنە ژووری مامۆستای جوگرافیا، كە هەموومان لەبەری هەڵساین، رووی لەمن كردوو پێی گوتم؛ ئەوە بۆ هەڵناستی، گوتم؛ هەڵساوم جەناب، لەپشتی رەحلەكەوە خۆم خشاندە تەنیشتی رەحلەكەو راوەستام، كەزانی باڵام هەرئەوەندەیە، كە ئەو دەیبینی لەجێی خۆی تەریقبووەوەو داوای بوردنی كرد. لەو رۆژەوە لەبەرچاوی مامۆستاو خوێندكارەكان باڵای دەكرد و گەورە دەینواند... ئەو هەرچەندە قەدێكی كورتی هەبوو، بەڵام لەناو چاكەت و پانتۆڵە هەمیشە ئوتوكراوەكان و بەستنی بۆینباخە سادەكان شیك دەینواند. لەوەتەی بەبیرم بێت و بینیبێتم، سیدارێكم بەسەریەوە بینیوە، كە دواتر زانیم لەباپیرە گەورەیەوە بۆی بەجێمابوو، ئەو كەسێكی زۆر رێزداربوو لەگەورەیی و خۆشەویستی بەبابەشێخ ناویان دەهێنا، ئەگینا لە بنەڕەتا ناوی مستەفا بوو، باوكم هاوتەمەنی ئەوبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو نەیخوێندبوو، دەیگوت؛ جارێكیان پیاوێك لەپایتەختەوە هات، سەرەتا پێش ئەوەی سەردانی هیچ فەرمانگەیەكی حكومی بكات، سەردانی بابەشێخی كرد... بابەشێخیش هەواڵی بۆچەند دۆستێكی ناردبوو، كە لە دانیشتنەكەدا ئامادەبن، یەكێك لەوانەش من بووم، ئەو میوانە پێدەچوو پلەیەكی باڵای هەبێت لە حكومەت و حزبدا، زۆر بەڕێزەوە لەگەڵ بابەشێخ دەئاخڤی و تەنانەت چەند جارێك گوێم لێبوو بە مستەفا بەگ ناوی هێناو ئێمەش ئەوانەی لەوێ بووین هەموومان سەیری یەكتریمانكردو سەیری بابەشێخمانكرد، پێمان سەیربوو كە ئەوە چەندین ساڵە ئێمە نەمانزانیوە ئەو پیاوە لە بنەڕەتدا ناوێكی دیكەی هەیە...میوانەكە بەپێداگرییەوە دەیگوت؛ فەرمانم پێیە، ئەمجارە جەنابتان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دەخەینە لیستەكەمانەوە، بەڵام بابەشێخ ئەو فەرمانەی رەتكردەوە و بەمیوانی گوت؛ رەنجتكێشاوە و لەدوورەوە هاتوویت تاكو فەرمانی سەرۆكم پێبگەیەنی، من ئەگەر خەڵكەكە داوام لێنەكەن هەرگیز ئامادەنیم بەپاڵپشتی سەرەوە هیچ پۆستێك وەربگرم.
ئەوەتا دەبینن ئەمڕۆ پێش دیارنەمانی دڵشادی كوڕی بابەشێخ كە خۆی بەجێگرەوەی باوكی دادەنا، دوو كەسێتی جیاواز هەستپێدەكەین... دڵشاد كوڕێكی كەڵەگەت بوو، بەخێرایی پلە وەزیفییەكانی دەبڕی، لەماوەیەكی زەمەنی كورتدا، بەو هیوایەی خۆی گەیشت، كەزۆر مەبەستی بوو، ئەویش چوونە پشت مێزێكی گەورەبوو، بەڵام هەر لەیەكەم رۆژی دانیشتنی لەپشتی مێز، كە قەدو باڵاكەی نەیدەهێشت سەرنج لەمێزەكەی بەردەمی بدرێت، هەستمان بەدابەزینی كێشی دەكرد... یەكەم رۆژبوو لای ژنەكەی گوتبووی؛ خەمت نەبێت، ئەگەر كار وابڕوات لەماوەی ساڵێكدا و لەساڵیادی ئەو رۆژەی كە چوومەتە پشتی مێزە گەورەكەوە، ڤێلایەكی بەدڵی تۆمان دەبێ و كام ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل نوێشە دەخەمە ژێرم... لەهەمووی سەیرتر سەد رۆژ بەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستەیدا تێنەپەڕیبوو، كێشی ئەوەندە دابەزیبوو، كە بەئاستەم لەپشتی مێزەكەو سەر كورسیەكە دیاریدەدا، هەرچەندە لەڕووی سامانەوە زۆر دەوڵەمەندببوو، بەڵام رۆژبەڕۆژ ئەو پیاوە لەكەمی دەدا، ئەوەتا ئێمە لەساڵیادی دامەزراندنیدا بەهەموومان بەدوایدا دەگەڕێین، پشت مێز و ژێر كورسی و ناو قەلەمدان و چەكمەزەكان نەما بەدواییدا نەگەڕێین، كەچی ئەو نادۆزینەوە. لەپڕ لەنێو ئاپورەكەدا یەكێك بەدەنگێكی گڕەوە كەهەر لەدەنگی بابەشێخی رەحمەتی دەكرد گوتی؛ بێهودەیە بەدواگەڕانی، بگەڕێنەوە سەركارەكانتان، پێدەچێ بووبێتە ئاو و بەناو درزی دیوارەكەدا چووبێتەخوار.
17/ 8/ 2012 هەولێر
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق