الخميس، 1 ديسمبر 2016

رۆمانی گرگن



خوێندنەوەی : حەسەن مستەفا
رۆمانێكە لەتوێی 283 لاپەڕەدا لەنووسینی پیێر لاگەر كڤیست و وەرگێڕانی بۆ زمانی كوردی خەبات عارف. 
گرنگی چاپكردن‌و وەرگێڕانی ئەم رۆمانە بۆ زمانی كوردی لەوەدا دەبینمەوە كە نووسەرەكەی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە. ئەگینا شتێكی تازە لەم رۆمانەدا نابینییەوە هەستت ببزوێنێ. یان جیاوازیێكت پێببەخشێ لەگەڵ چیرۆكێكی جەنگ كە لاپەڕەكانی مێژوو پڕیانە لەمجۆرە چیرۆكانە.
رۆمانەكە لەزاری كەسێك دەگێڕدرێتەوە بەناوی پیكۆلینۆیە. كە تەنها یەكجار لەم رۆمانەدا ناو ی هاتووە لەسەر زاری ئەنجێلیكا . ئەو لەزۆر جێگەدا وەسفی خۆی دەكات كە كەسێكی گرگنە ‌و هەمیشە دەڵێت: منی گرگن یان ئێمەی گرگن. هەر لەدەستپێكدا دەڵێ: بەژنم تەنها بیست‌و شەش ئینج درێژە ‌و ئەندامەكانی لەشم لەگەڵ یەكتردا گونجاو ‌و پێگەیشتوون. رەنگە سەرم نەختێك لەسەری ئاسایی زلتربێت. قژم وەك قژی خەڵكی ئاسایی رەش نییە. بەڵكو مەیلەوسوورە، زبر‌و چڕە لە لاجانگەكانمەوە، هەروەها لەسەر ناوچەوانە پانوپۆڕەكەم، كە هێندەیش بەرز نییە، بەرەودواچووە. دەموچاوم بێ ریشە، بەڵام وەكوتر كتومت وەكو دەموچاوی هەر پیاوێكی ترە. برۆكانم پەیوەستن. لەشم زۆر بەهێزە ...هتد. ئەم وەسفەم بۆیە نووسینی چونكە رەنگە زۆربەمان ئەم جۆرە كەسانەمان نەبینییبن. 
رۆمانەكە زۆر دوورناكەوەێتەوە لەكۆشكی میرێك كە ئەویش وەك هەر میرێكی دیكە رۆژانە لەپێشوازی شاعیران ‌و رۆشنبیران‌و ئەستێرەناسان‌و فەیلەسوفان‌و زانایان‌و هونەرمەندا...هتد. دایە كە هەریەكەی بەجۆری خۆی دەیەوێ خزمەتێك بەمیر ببەخشێ. 
 هەروەها وەك هەر كۆشكێكی دی پڕیەتی لە چیرۆكی عەشقبازی میرژن ‌و كچەكەی، كە میرژن ( تیۆدۆرا) دەیان دۆست دەگرێ‌و بەڕیێان دەكات، بەڵام عەشقەكەی بۆ دۆن ریكاردۆ شتێكی دیكەیە كە میرژن زۆر عاشقی ئەو پیاوە دەبێ، هەرچەندە ریكاردۆش وەك سەرجەم عاشقەكانی دیكە لەناودەبرێ، بەڵام مردنەكەی ئەو جیاوازتر لەوانی پێش خۆی كە شاژن دەستی هەیە لەكوشتنیان لەمەیاندا پێدەچێ میر بەئەنقەست لەگەڵ ئەو میوانانە دایبنێ كە بەنیازە ژەهرخواردیان بكات‌و بەژەهرخواردن كۆتایی بەژیانی دێت . لەدوای مردنی ریكاردۆ میرژن دەكەوێتە بارێكی دەروونی زۆر خراپ‌و گۆشەگیری هەڵدەبژێرێ‌و  رۆژەكانی بەپاڕانەوە لەخوا‌و پەیكەری لەخاچدراوی مەسیح دەباتەسەر ‌و پەنا بۆ رۆحی مەسیح دەبات كە بیبورێ هەر بەم دەردەیشەوە سەر دەنێتەوە‌و تا كۆتایی بەژیانی ئەویش دێت. 
 چیرۆكی عەشقی كچەكەیشی لەگەڵ كوڕە میر جیۆڤانییە، كە دەكاتە كوڕی ئەو میرەی دوژمنایەتی هەیە لەگەڵ باوكی ئەنجێلیكا . هەرچەندە  میری باوكی جیۆڤانی‌و نزیكەی لەدووسەد سوارچاكیی لەپیلانێكی نامەردانەدا بەدەستی باوكی ئەنجێلیكا یان ژەهر خوارددەكرێن یان سەریان دەپەڕێنرێت لە دوای جەنگێكی ماڵوێرانكەرە...بۆ ئاشتی، بانگی كۆشكی خۆیان دەكات‌و لەداوەتەكەدا بەم كارە رادەبێ. بەڵام هەموو ئەو رووداوە ناخۆشانە رێگە لە  جیۆڤانی ناگرن كە بەدزی سەردانی ئەنجێلیكا بكات‌و عەشقی لەگەڵ بگۆڕێتەوە. بەڵام بەهۆی هەستپێكردنی گرگن بەم رووداوە ‌و ئاگاداركرنەوەی میر لێی‌و گەورەكردنی رووداوەكە بەوەی دوژمن دزەی كردووە بۆناو كۆشك ئیدی سەری جیۆڤانی لەلاشەكەی جوێدەكەنەوە‌و فرێی دەدەنە ناو رووبارەوە، هیچی وایشی پێناچێ ئەنجێلیكایش خۆی بەرووبارەكەدادێرێ وەك وەفایەك بۆ عەشقە پاكەكەیان . چیرۆكی عەشقی ئەم دووانە زۆر لەچیرۆكە رۆژهەڵاتییەكانەوە نزیكە كە خۆشەویستی ‌و مەرگ ئاوێزانی یەكتر دەبن بۆ ئەوەی چیرۆكیی ئەویندارییەكە بەنەمری بمێنێتەوە. 
بیرناردۆ كەسێكە كە رۆڵی لەهەمووان زیاترە لەم رۆمانەدا بەحوكمی ئەو هەموو كارە زۆرانەی ئەو پیاوە پێی رادەبێ هەر لە دەستی هونەری ‌و پەیكەرتاشیی كە شوێنە ئایینی ‌و بورجەكان تژی دەكات لە وێنەی مەسیحی باوك‌و گێڕانەوەی چیرۆكی بەهەشت‌و دۆزەخ‌و بەشینەوەی نان‌و شەرابی پیرۆز ‌و دروستكردنی وێنەی  میرژن ‌و گرگن ‌و هەموو ئەو كەسانەی كە میر حەزبكات بیانكێشێ...تادەگات بەئەناتۆمیی كە هەڵدەستێ بە شیكردنەوەی (تەشریحكردنی) لاشەی مردووان‌و بەدیاریكراویش لاشەی فرانسیسكۆ لەم رۆمانەدا، هەروەها  فیكرو فەلسەفە‌و لێكۆڵینەوە لەپرسە ئاڵۆزەكانی ژیان‌و سروشت ‌و گەردوون تا ئەستێرەناسیین ‌و دیاریكردنی ئاییندەیەك بۆ میر‌و دەسەڵاتەكەی ‌و دیارییكردنی رۆژانی بەخت‌و شەڕ‌و ئەمجۆرە شتانە...هەروەها پزیشكی ‌و شارەزا لەدروستكردنی تۆپ‌و چەكی جۆراوجۆر‌و لەهەمانكاتیشدا جەنگاوەرێكی زۆر ئازایە. بەلای خۆمەوە هەرچەندی سەرنجی ئەم كەسایەتییە دەدەم  زۆر بەنزیك لە كەسایەتی لیۆناردۆ دافینشی دێتەبەرچاوم كە ئەویش لەزۆر بواردا بەهرەمەند بووە ‌و كەسێكی مەسیحیش بووە.  
 هەڵگیرسانی جەنگ‌و بڵاوبوونەوەی پەتا بەشێكی زۆری ئەم رۆمانەداگیردەكات بەبێئەوەی بەدەرئەنجامێكی روونمان بگەیەنێ ئەوەنەبێ وڵات وێران دەبێ ‌و دیسان هەوڵی بووژانەوەدەدەن. 
ئەم رۆمانە زیاتر وەك رۆمانێكی مێژوویی ئەژماردەكرێ، كە باس لەسەردەمی زێڕینی ئایینی مەسیحی‌و رۆڵ‌و كاریگەریی ئەم ئایینە بەسەر كۆمەڵگای رۆژاوادا. پێدەچێ رووداوەكانیشی لە ئیتاڵیا‌و ئەو دەورووبەرەدابن. 
هیچ رۆمانێك نیە خاڵی بێ لەستاتیكا ‌و جارجار زمانی شیعری، بەڵام ئەوەی تێبینییمكرد لەم رۆمانەدا خاڵی پۆزەتیڤی ئەوتۆی تیانەبوون كە بمباتەسەر كانیی جوانی، نازانم كارگەریی وەرگێڕانەكەیە لەسەری یان هەرخۆی ئاوا هیشك‌و بریشكە. هیچی نوێی بەمن نەبەخشی كە پێشتر نەمبیستبێ . ساردت ناكەمەوە لەخوێندنەوەی ... بیخوێنەوە بەڵكو خوێندنەوەیەكی تازە بەتۆ ببەخشێ.   

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق