الاثنين، 26 ديسمبر 2016
الأحد، 25 ديسمبر 2016
بەرنامەى گەرماوگەرم ٢٥-١٢-٢٠١٦
ئەمڕۆ ٢٥- ١٢-٢٠١٦ لەگەڵ د. بەختیار شاوێس بەشدارییمکرد لەبەرنامەى گەرماوگەرم، لەسەر پرسە هەڵواسراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەساڵى ٢٠١٦ و ئەو مەلەفانەى بەسەر یەکدا کەڵەکەبوونە لەم نێوانەدا، هەروەها لەپرسیارى ئەوەى بۆ ساڵى ٢٠١٧ ئەم پرسانە چ ئاراستەیەک وەردەگرن.
لەبەرنامەکەدا تیشکم خستەسەر ئەو کێشەو ئارێشانەى لەنێوان هەرێم و بەغدا وەک گرێیان لێهاتووەو کردنەوەیان بووەتە شتێکى مەحال بەهۆی دڕدۆنگى و نەمانى متمانە لەم نێوانەدا. بەتایبەت جەختم لەسەر گرنگترین ماددەى دەستورى کردەوە کە کورد وەک دەستکەوتیکى گرنگى نەتەوەیی و نیشتمانى ئەبینی ئەویش ماددەى ١٤٠ ە بەڵام ئەوە چەندین ساڵ بەسەر تێپەڕبوونییدا تێپەڕیوە کەچى وەک مەرەکەبیکى سەر کاغەز ماوەتەوە بەتایبەت لەو سەردەمانەى کە کورد و پێگەى کورد لەبەغدا زۆربەهیزتربوو لەوەى ئێستا هەیەتى ، ئەم ماددە دەستوورییە دەستاودەستى پێکراوە، بۆ ئەمڕۆ ئەگەر حوکمى عەسکەرى لێدەرکەین کە کوردبەهۆى قارەمانیتى هێزى پیشمەرگە توانییویەتى سنورەکانى خۆى دیاریبکات، بەڵام رام وایە بۆ یەکلاکردنەوەى تەواوى ئەم کێشەیە پێویستە ئەم بابەتە هەر بەیاسا چارەسەربکرێ، نەوەک وەک بابەتێکى خۆسەپاندن ، چونکە ئەمە دەبێتە بابەتیک و دەرفەت بۆ دوژمنان دەکاتەوە کە بەئارەزووى خۆیان بێن تەراتین لەناوچەکە بکەن و دەستی تێبخەن، کە ئەمە کێشەکە ئاڵۆزتردەکات.
بابەتەکان زۆربوون و پرسیارەکانیش زۆر ... بۆیە خۆت ئەتوانى گوێبیستى بەرنامەکە ببیت لەڕێی ئەم مەلەفانەى دەنگ و رەنگ.
الأربعاء، 21 ديسمبر 2016
وه‌ره له (باخ ) پێتده‌ڵێم
حه‌سه‌ن مسته‌فا
باخ…ئه‌مڕۆ ده‌ستی له‌ده‌ستی باران به‌رداوه
په‌لكه‌كانی ئه‌وه‌نده گه‌شن،
ئاو له‌چاو دێنن…
رۆح ده‌خرۆشێنن.هه‌رچی ره‌نگ هه‌یه، لێره باریونه‌ته سه‌رپه‌ڕه‌ی گوڵ
وه‌ره ره‌نگی دڵی خۆتم پێبڵێ و …مه‌ڵێ ره‌ش
وه‌ره باڕه‌نگی دڵی خۆت پێ‌بڵێم.
ناڵێم ره‌ش.
ئه‌مڕۆ ده‌ستم له ده‌ستی خه‌یاڵ دایه و
به‌سه‌رێكی پڕ ئومێده‌وه به‌ره‌و باخ ده‌ڕۆم
دڵم زه‌مزه‌مه‌ی دێ كه به‌ره‌و ئه‌وێ هه‌نگاو ده‌نێم.
ده‌مه‌وێ زوو بگه‌مه‌وه به‌ده‌نگی بولبووله‌كان،
كه له‌ژێر سێبه‌ری گه‌ڵاكاندا خۆ حه‌شارده‌ده‌ن…تا ره‌نگه‌كه‌یان كاڵنه‌بێته‌وه.
تاده‌نگیان هیچ شوختێكی به‌رنه‌كه‌وێ!!.
من هیچم نیه بیچنمه‌وه له‌ده‌نگی ئه‌وان زیاتر .
تینی خۆر… سێبه‌رم ده‌كاته هاڵاو،
كه عه‌سران وه‌ك هێڵێكی درێژ و ره‌زاگران رێنوێنیم ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه.
سینه‌م پڕه‌بێ پڕ له‌ئاواز
بۆ ناو ژووره‌كه‌میان دێنمه‌وه
وشه دۆزراوه‌كانی نێو ورشه‌یه‌كی نه‌رمیی سروه و
به‌یه‌كدادانێكی هێواشی ده‌نكه گێڵاسه‌كان.
به‌سه‌ر كاغه‌زه سپییه‌كانیان هه‌ڵده‌ڕێژم… خوێنی هه‌ناره دڵگه‌رمه‌كان و
ره‌نگه نه‌دیوه‌كانیی شادی، كه له‌قوڕگه غه‌مگینه‌كه‌ی كه‌نارییه‌كان داده‌بارن!!.
وه‌ره با سه‌ماكه‌ین تا چیتر ئه‌و مۆسیقایه به‌فیڕۆ نه‌ڕوات
كه له‌ده‌ماری باخ وه‌ك فواره‌ی خوێن هه‌ڵچووه
وه‌ره… با وه‌ك نیشتنه‌وه‌ی په‌ڕی به‌باچووی چۆله‌كه‌یه‌ك، له‌سه‌ر قه‌راغی كارێزێك
ئه‌و مۆسیقایه بنیشێته سه‌ر رۆحمان…زه‌ویمان له‌بیر بباته‌وه!!
كه دزێوی پڕیكردووه له‌هێلانه.
وه‌ره ئه‌و په‌پوولانه هه‌ڵمه‌فڕێنه كه له‌دابی نزادان
نزا بۆ پڕ ره‌نگگبوونی گوڵ.
وه‌ره ئه‌و ئاوه نۆشكه
كه‌له‌سه‌ر په‌ڕی پونگه ده‌ماره‌جۆیان به‌ستووه.
وه‌ره ئازیز .. ئه‌م باخه چه‌ند جوانه كه ده‌ستی ژه‌نه‌ڕاله‌كانیی به‌سه‌ره‌وه نیه.
وه‌ره له‌وێ پێتده‌ڵێم…تۆ هه‌رزوو دوو باڵی فریشته‌ییت هه‌بوو
رۆحت له‌رۆحی باخه‌وان ده‌چوو.
وه‌ره له( باخ ) پێتده‌ڵێم…
ئای! چه‌ند داغه ناوشار…
ئای! چه‌ند غه‌مباره گه‌ڕه‌ك، كیژه‌كان هێشتا نا‌وێرن سه‌رده‌ركه‌ن!!
هێشتا كۆڵان پڕنه‌بووه له‌سێبه‌ریان.
شوره‌كان نایه‌ڵن ده‌نگیان ده‌رچێ…
به‌ئاواز و قیژه‌ی تێكه‌ڵ، له‌ودیو حه‌ساره‌كان جمه‌یان دێ…
وه‌ره با ئه‌م جه‌نگه‌ڵه به‌تاڵكه‌ین..
وه‌ره با ئه‌م ته‌ختی شه‌تره‌نجه‌یان بۆ جێبێڵین .
وه‌ره تۆ نابینی ؟
شه‌پۆلی باخ به‌سه‌ر باڵی ئاوازه‌وه
تاسه‌ر كه‌ناری (شار) درێژبووه‌ته‌وه.
وه‌ره له‌وباخچه پڕ له‌نووره
تیشكه‌كانم به‌پێی ئاره‌زووی دڵی تۆ چه‌پك كردوون
من ئه‌وه‌نده وه‌سفم كردووی
دره‌خته‌كان هه‌ر له‌دووره‌وه ده‌تناسن
هه‌ر له‌دووره‌وه مه‌ست ده‌بن…راده‌هه‌ژێن
ئه‌وه‌نده گێژده‌بن…بۆنی خۆیان ناناسنه‌وه
به‌هێڵنجه‌وه ده‌ست له‌به‌ژنی خۆیان ده‌ده‌ن…
ئێ ئه‌وان ، خۆیان بیرناكه‌وێته‌وه
حه‌زه‌كه‌ن بفڕن… ده‌كه‌ون به‌سه‌ر دارشه‌قی جۆگه‌له‌دا.
حه‌زه‌كه‌ن بمرن، پۆلێك باڵنده ده‌ستیان ده‌گرن و راستییانده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر تۆ بێیت
گۆرانییه‌كان به‌شه‌ونمه‌وه دێنه ئێره
كۆتره‌كان گمه‌گمی ژه‌نگاوییان… بیره‌چێته‌وه
كه‌نارییه‌كان ، چیدی له‌ده‌ست وێنه‌كێشه‌كان راناكه‌ن.
دایكم ، چیدی رێشمه‌ی خه‌م راناكێشێ!!
…كۆڵان ده‌كه‌وێته سه‌ما و
كیژه‌كان، له به‌رگی تاریكی دێنه‌ده‌رێ.
منیش … چیدی به‌شه‌رمه‌وه گۆرانی ناڵێم
وه‌ره له‌باخ پێت ده‌ڵێم…
په‌لكه‌كانی ئه‌وه‌نده گه‌شن،
ئاو له‌چاو دێنن…
رۆح ده‌خرۆشێنن.هه‌رچی ره‌نگ هه‌یه، لێره باریونه‌ته سه‌رپه‌ڕه‌ی گوڵ
وه‌ره ره‌نگی دڵی خۆتم پێبڵێ و …مه‌ڵێ ره‌ش
وه‌ره باڕه‌نگی دڵی خۆت پێ‌بڵێم.
ناڵێم ره‌ش.
ئه‌مڕۆ ده‌ستم له ده‌ستی خه‌یاڵ دایه و
به‌سه‌رێكی پڕ ئومێده‌وه به‌ره‌و باخ ده‌ڕۆم
دڵم زه‌مزه‌مه‌ی دێ كه به‌ره‌و ئه‌وێ هه‌نگاو ده‌نێم.
ده‌مه‌وێ زوو بگه‌مه‌وه به‌ده‌نگی بولبووله‌كان،
كه له‌ژێر سێبه‌ری گه‌ڵاكاندا خۆ حه‌شارده‌ده‌ن…تا ره‌نگه‌كه‌یان كاڵنه‌بێته‌وه.
تاده‌نگیان هیچ شوختێكی به‌رنه‌كه‌وێ!!.
من هیچم نیه بیچنمه‌وه له‌ده‌نگی ئه‌وان زیاتر .
تینی خۆر… سێبه‌رم ده‌كاته هاڵاو،
كه عه‌سران وه‌ك هێڵێكی درێژ و ره‌زاگران رێنوێنیم ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه.
سینه‌م پڕه‌بێ پڕ له‌ئاواز
بۆ ناو ژووره‌كه‌میان دێنمه‌وه
وشه دۆزراوه‌كانی نێو ورشه‌یه‌كی نه‌رمیی سروه و
به‌یه‌كدادانێكی هێواشی ده‌نكه گێڵاسه‌كان.
به‌سه‌ر كاغه‌زه سپییه‌كانیان هه‌ڵده‌ڕێژم… خوێنی هه‌ناره دڵگه‌رمه‌كان و
ره‌نگه نه‌دیوه‌كانیی شادی، كه له‌قوڕگه غه‌مگینه‌كه‌ی كه‌نارییه‌كان داده‌بارن!!.
وه‌ره با سه‌ماكه‌ین تا چیتر ئه‌و مۆسیقایه به‌فیڕۆ نه‌ڕوات
كه له‌ده‌ماری باخ وه‌ك فواره‌ی خوێن هه‌ڵچووه
وه‌ره… با وه‌ك نیشتنه‌وه‌ی په‌ڕی به‌باچووی چۆله‌كه‌یه‌ك، له‌سه‌ر قه‌راغی كارێزێك
ئه‌و مۆسیقایه بنیشێته سه‌ر رۆحمان…زه‌ویمان له‌بیر بباته‌وه!!
كه دزێوی پڕیكردووه له‌هێلانه.
وه‌ره ئه‌و په‌پوولانه هه‌ڵمه‌فڕێنه كه له‌دابی نزادان
نزا بۆ پڕ ره‌نگگبوونی گوڵ.
وه‌ره ئه‌و ئاوه نۆشكه
كه‌له‌سه‌ر په‌ڕی پونگه ده‌ماره‌جۆیان به‌ستووه.
وه‌ره ئازیز .. ئه‌م باخه چه‌ند جوانه كه ده‌ستی ژه‌نه‌ڕاله‌كانیی به‌سه‌ره‌وه نیه.
وه‌ره له‌وێ پێتده‌ڵێم…تۆ هه‌رزوو دوو باڵی فریشته‌ییت هه‌بوو
رۆحت له‌رۆحی باخه‌وان ده‌چوو.
وه‌ره له( باخ ) پێتده‌ڵێم…
ئای! چه‌ند داغه ناوشار…
ئای! چه‌ند غه‌مباره گه‌ڕه‌ك، كیژه‌كان هێشتا نا‌وێرن سه‌رده‌ركه‌ن!!
هێشتا كۆڵان پڕنه‌بووه له‌سێبه‌ریان.
شوره‌كان نایه‌ڵن ده‌نگیان ده‌رچێ…
به‌ئاواز و قیژه‌ی تێكه‌ڵ، له‌ودیو حه‌ساره‌كان جمه‌یان دێ…
وه‌ره با ئه‌م جه‌نگه‌ڵه به‌تاڵكه‌ین..
وه‌ره با ئه‌م ته‌ختی شه‌تره‌نجه‌یان بۆ جێبێڵین .
وه‌ره تۆ نابینی ؟
شه‌پۆلی باخ به‌سه‌ر باڵی ئاوازه‌وه
تاسه‌ر كه‌ناری (شار) درێژبووه‌ته‌وه.
وه‌ره له‌وباخچه پڕ له‌نووره
تیشكه‌كانم به‌پێی ئاره‌زووی دڵی تۆ چه‌پك كردوون
من ئه‌وه‌نده وه‌سفم كردووی
دره‌خته‌كان هه‌ر له‌دووره‌وه ده‌تناسن
هه‌ر له‌دووره‌وه مه‌ست ده‌بن…راده‌هه‌ژێن
ئه‌وه‌نده گێژده‌بن…بۆنی خۆیان ناناسنه‌وه
به‌هێڵنجه‌وه ده‌ست له‌به‌ژنی خۆیان ده‌ده‌ن…
ئێ ئه‌وان ، خۆیان بیرناكه‌وێته‌وه
حه‌زه‌كه‌ن بفڕن… ده‌كه‌ون به‌سه‌ر دارشه‌قی جۆگه‌له‌دا.
حه‌زه‌كه‌ن بمرن، پۆلێك باڵنده ده‌ستیان ده‌گرن و راستییانده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر تۆ بێیت
گۆرانییه‌كان به‌شه‌ونمه‌وه دێنه ئێره
كۆتره‌كان گمه‌گمی ژه‌نگاوییان… بیره‌چێته‌وه
كه‌نارییه‌كان ، چیدی له‌ده‌ست وێنه‌كێشه‌كان راناكه‌ن.
دایكم ، چیدی رێشمه‌ی خه‌م راناكێشێ!!
…كۆڵان ده‌كه‌وێته سه‌ما و
كیژه‌كان، له به‌رگی تاریكی دێنه‌ده‌رێ.
منیش … چیدی به‌شه‌رمه‌وه گۆرانی ناڵێم
وه‌ره له‌باخ پێت ده‌ڵێم…
الاثنين، 12 ديسمبر 2016
دوایین کۆپڵە لەقەسیدەى تەمەن ، کەساڵانیک بەر لەئێستا نووسیوومە.
هەرجار بە بینینت تەڕ دەبمەوە
وەك تەڕبوونەوەی لێو بە ماچ
بە غەمزەی چاوەكانت دەزانم، ئێستاكە پێم ناڵێی ( نا)
بەڵام كە دڵم وەك فوارە هەڵچووبێ
كە چاوەكانم كەوتبنە پشتی زوومێكی قۆقزی چاویلكەوە
كە ژان هاوڕێیەكی هەمیشەیی جومگەكان و
كە قاچەكانم لارەلارەیان بێت لەدەست رۆیشتن
كە ماندووبوون وەك سێبەرێكی رەزاگران لەدوام بخشێ.
ئەم (ئا) یە لە ( تا) یەك زیاتر چیم پێدەبەخشێ
الثلاثاء، 6 ديسمبر 2016
دیكامیرۆن؛ هەڵدانەوەی پەردە لەسەر نهێنییەكان
حەسەن مستەفا
زەحمەتە میللەتێكی خاوەن زمانی زیندوومابێت بە چیرۆكەكانی نووسەری بە ناوبانگی ئیتاڵیا ( جیۆڤانی پۆكاشیۆ) لە ڕێی دیكامیرۆنەوە ئاشنانەبووبێ. دیكامیرۆن: واتە دەڕۆژ( دیكا واتە دە، میهرۆ واتە رۆژ) كە تیایدا سەد چیرۆك لەلایەن حەوت كچ و سێ كوڕەوە كە تەمەنیان لە نێوان ( 18- 25 ) ساڵدایە دەگێڕدرێنەوە. هۆكاری بەیەكگەیشتنی ئەم دەكەسەش لە كەنیسەی (نوێی سانتیا ماریا ) بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوروپای ئەوكات واتە ساڵی 1348 دووچاری پەتای تاعون دەبێت وئەم پەتایە چارەگێكی دانیشتوانی كیشوەری ئەوروپای راماڵی. لە تەخمینێكدا دەڵێت: 25 ملیۆن كەس لە كیشوەری ئەوروپا بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانیان سپاردووە. بۆیە ئەوانە لەترسی مەرگ روو لە كەنیسە دەكەن ، كە لەوێ هەواكە پاكترە و یەكتری دەگرنەوە و بەپێی رێككەوتنێك بۆ دەڕۆژ روو لە قەسرێكی گەورەی گوندێكی نزیك شاری فلۆرەنسا دەكەن و لەوێ دەمێننەوە تا ئەوڕۆژانە دوور لە مۆتەكەی مەرگ بەخۆشی و بەگێڕانەوەی چیرۆك بەڕێبكەن.
دروستكردنی دەروازەیەكی ئاوا بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆكانەی كە ئەوكاتە لەوێ باوبوون یان ئەگەر روویاندابێت و دەربڕینیان بەشێوەی چیرۆكی كورت لەلایەن نووسەر كە بەوپەڕی شارەزایی لە هونەری گێڕانەوە و زمانی پەخشان نووسین و خەیاڵی بەرفراوان و نزیكبوونەوە لە واقیع و گرتنی وێنەی گرنگی رووداوەكان كە سەردەمێك وێنادەكەن و كۆكردنەوەیان لەچیرۆكێكدا و بەو پەڕی بوێرییەوە دەریبڕیون و تێكڕای چیرۆكەكان لەڕووی ناوەرۆكەوە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە رۆژێكەوە لەیەكتر نزیكن چ لەڕووی فۆڕمەوە چ لە ناوەرۆكدا كە تیایاندا ئاماژە بۆ خۆشەویستی و عەشق و رۆحی بەرز و فڕوفێل‌و گوناه و سزا و خیانەتی هاوسەری و ئیرەیی و تاوان و جوامێری و ئارامگرتن و زیرەكی و ئاگاهی و ئازارچێشتن‌و كۆتایی دڵخۆشكەر ودووڕوویی پیاوە ئایینییەكان ....دەردەكەوێ. ئەوەی گرنگە لە چیرۆكەكاندا لە سەرەتادا باسی شوێنێكت بۆ دەكات كە چیرۆكەكەی تێدا روویداوە، واتە كەم چیرۆك هەیە ئاماژەی بۆ شوێنێك .. ماڵێك.. كەنیسەیەك نەكردبێ لەگەڵ بەكارهێنانی ناوی رەمزی و واقیعی كەسەكان ئەگەر پێویستی كردبێ . بە تایبەت نووسەر ناوی هەندێك لە نیگاركێشی ئەو سەردەمەی هێناوە و تەواوی چیرۆكەكانیش بێناونیشانن.
خاڵێكی تری گرنگ لە چیرۆكەكانی پۆكاشیۆ پیشاندانی رووی نادیاری ئەو كەسانەیە كە كۆمەڵگا زۆرجار وەك فریشتە لێیان دەڕوانێ. بەڵام لە واقیعدا بەجۆرێكی تروەك لەوەی كە هەن بەدیاردەكەون. بەتایبەت ئەو هاتۆتە سەر گێڕانەوەی ئەو چیرۆكانەی كە لە ئاینی ئەواندا هەندێك دیاردە هەیە حەڕامكراوە، بەڵام پەنجە خستنەسەر دیاردەكان ودەستنیشانكردنی بكەرەكان كە زۆربەی پیاوانی ئاینین و گێڕانەوەی لەتوێی چیرۆكەكاندا بەشێكی بۆئەوەیە بڵێت ئەوانیش وەك هەر یەكێكمان مرۆڤن و پێویستیان بە ژیان و رابواردن و دەربڕینی غەریزەی سێكسی هەیە ، لەدیوەكەی تریش ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەوانیش قابیلی هەڵەكردنن بۆیە نابێت بە پیرۆز لێیان بڕوانرێ. دەربڕینی چیرۆكەكان بەمشێوازە خۆی لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیەدا یەكیگرتەوە كە هاتە سەر وادەی تەمەنی لاوێتی پۆكاشیۆ، واتە ئەوكاتەی هزر وەرچەرخانێكی مەزنی بەخۆیەوەدی بەوەی كەوتە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتە رەهاكانی كەنیسە، كە ئەوكات هەردوو دەسەڵاتە زەمینی و ئاسمانییەكەی لەدەستدابوو، بەڵام بەهۆی كارئاسانییەكانی ئیمپراتۆر فریدریك و گومان و پرسیاری سۆفیستاییەكان و پێشكەوتنی بازرگانی لەڕێی بانقەكان و پێشكەوتنی زانستی پزیشكی‌و دەرچوونی ئەدەب لە قالبی ستایشی ئایینی بۆ ئەدەبێكی كراوە و دەرچوون لە زمانی نووسینی باو كە ئەو زمانە پبرۆزەبوو كتێبی پیرۆزی پێنووسراوەتەوە. هەروەها تەشەنەسەندنی هونەری پەیكەرتاشی و ئەناتۆمی و زانستی میعماری . ئەمانە و دەیان هۆكاری تر كە چینی بۆرژوای تازە لەگەڵ دەركەوتنیدا هێنانیە ئارا. لەلاكەی تریشەوە زەمینەی پۆكاشیۆ بۆ كاری ئەدەبی زۆر لەبارتربووە لە زەمینەكانی تری ئەزموونكراودا. بۆیە ئەدەبێك هاتە نووسین كە زۆرجیاوازتر لە چاخەكانی پێش خۆی .
لە چیرۆكەكاندا لایەنی هیومانیستی و رۆحی بەرز زۆر بەرچاودەكەوێت، ئەگەر لە چیرۆكێكا هەق بەلای پیاواندا بشكێنێتەوە ئەوا لەهەمان رۆژدا و لە چیرۆكێكی تردا هەق بەلای ژن‌دا دەشكێنێتەوە. واتە هەتا توانیبێتی ئەو بەلانسەی راگرتووە، سەرەڕای دواكەوتنی باری كۆمەڵایەتی كە ژن كەمتر حیسابی بۆدەكرا لەچاو ئەو گەشە و پێشكەوتنانەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیویەتی.
چیرۆكەكان ئەوەندە بە زمانێكی سادە و پاراو و میللی گێڕدراونەتەوە كە تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا لێی تێبگەن و سوودمەنبن لێی. زۆربەی چیرۆكەكان وانە و پەندیان تێدایە، واتە لەوپەڕی بێئومێدی ئومێد بە مرۆڤەكان دەبەخشێ. كە تیایاندا بەجوانترین شێوە كەرنەڤاڵی خۆشەویستی و جوانی و خۆشیی دەربڕیوە، وەك وەسفدەكرێت دیكامیرۆن سندوقی چیرۆكە نهێنییەكانە.
زۆربەی چیرۆكەكان گێڕانەوەی باری بابەتی - كۆمەڵایەتی ئەوسای ئیتالیا و دەوروبەرین هەندێك جاریش دزە دەكاتە رۆژاوای وڵاتانی عەرەبی لەسەر دابونەریتەكانی ئەوانیش چیرۆكی هەڵچنیوە.،هەر بۆ نموونە لەچیرۆكێكدا زۆر ستایشی جوامێری سەلاحەدینی ئەیوبی دەكات. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی چیرۆكەكانی لەدابونەریتی رۆژاوا دەدوێن و رۆچوونەتە نێو وردەكارییەكانی كۆمەڵایەتی ئەوسای كۆمەڵگای رۆژاوا و دیمەنەكانی كەمتر بازدەدەنە نێو كۆشك و تەلارەكان و رابواردنی شازادەكان وەك ئەوەی كە لە پەرتووكی عاشقە ناودارەكان بەجوانی هەڵوەستەی لەسەركراوە، كە تەواوی رووداوە ئیرۆتیكی و سێكسییەكان لەنێو كۆشك و تەلاری پاشایاندایە واتە بنەماڵەی لویسەكان، بەڵام چیرۆكەكانی پۆكاشیۆ لێرەو لەوێ لە خەونی هەندێكیاندا نەبێت بەلای ئەم شوێنانەوە ناچن. زۆربەیان لەنێو هەژارنشین و بازرگانە دەوڵەمەندەكان و قەشە و راهیبەكان و كەنارەكانی فلۆرانس خولدەخۆن.
لەزۆربەی نووسینەكاندا ستایشی ئەم چیرۆكانەكراوە، بەڵام لەدیوێكی تریش كە تیایدا زۆرباس لە خیانەتی هاوسەری و توندوتیژی دەكات ئەمانە ئەگەر لایەنە كۆمیدییەكەی لێدەركەی ئەوا قێزەونترین دیاردەن كە كۆمەڵگا بەدەستیانەوە دەناڵێنێ و لەم پەرتوكە پانتاییەكی فراوانیان داگیركردووە، بەڵام نابێت ئەوە لەیادبكەین كە ئەم چیرۆكانە 600 ساڵ زیاتر دەبێت نووسراون و پارێزراون و دەستاودەستیان پێكراوە و زۆرجار لەناوهەندێك چیرۆكی میللی و فۆلكلۆری میللەتانی تری رۆژهەڵاتیش تەوزیفكراون و مۆركی خۆماڵیان وەرگرتووە. ئەمانە بەسەر یەكەوە بۆ ئیتالیا و مرۆڤایەتی میراتێكی دەوڵەمەندی میللین . ئەم جۆرە هەوڵانە لەنێو زۆربەی میللەتان هەوڵی بۆدراوە، مەرج نیە لەشێوازی چیرۆكدا دەركەوتبن و فۆڕمێكی ئاوایان وەخۆگرتبێت، ئەوەتا لەڕێی مامۆستای خوالێخۆشبوو علادین سجادی خەرمانێك لە چیرۆك و نوكتە‌و قسەی نەستەق كۆكراونەتەوە كە تایبەتن بە كورد لە كتێبی رشتەی مرواری كۆكراونەتەوە. بێگومان بەهۆی ئەم هەوڵانەوە ئێمەش وەكو میللەت دەكرێ بڵێین خودانی سامانێكی دەوڵەمەندین لە وێژە و هونەر .
چەند جوانە سەرئاوەلڵابوونی نیشتمان...كە كۆترەكانی هەڵدەفڕن
شیعر
حەسەن مستەفا
تۆ داناتربوویت حەوا، یان بێئۆقرەتر؟
ئادەمت لەخەودا جێهێشت و دوای خەونی خۆت كەوتی.
بیرت لەتەنیایی ئێمە نەكردەوە!!...
بیرت لەجاویدانیی رۆح و
چێژی ناكۆتا نەكردەوە...!!!
نازانم چەند رۆژ بەدیار ئەم سێوە دانیشتوویت؟
چەند شەو هاتۆتە خەونت.؟
چەندجار بە پەنهانی رایتەكاندوویت؟
ئێمە لەو نیشتمانە بزربووین...كە لەخەونی تۆدا خەمڵی.
كە بەدەستی تۆ نەخشێنرا.
ئەو نیشتمانەی، لە ئەزەلەوە تاوێرەكانی سوورن بە خوێنی براكان.
ئەو نیشتمانەی، شەپۆلی رووبارەكانی پڕن،
لە پەلی بەجێماوی هاوار.
كە نیشتمان پڕبێ لەگۆمە خوێن
دەستە بەخوێنەكانت بۆ دەشاریتەوە قابیل؟
ئێمەش وەك تۆ لە قوربانییەوە... شكستمان هێنا!!
تۆ ئازیزێكت دۆڕاند و بەرنەفرەتی ئادەم كەوتی
ئێمەش نیشتمانمان نەبردەوە و بەرنەفرەتی دایكان كەوتین.
تۆ سەركردەیەكی دۆڕاوبوویت ...كە سەرسامانە هاتیتە سەر لاشەی هابیل
تۆ ویژدانێكی تۆقیوبوویت...كە ژیان لەبەرپێت بەچۆكداهات.
ئێمەش سەركردەی بێباكین...كە نیشتمان نەزیفبووە لەبەرپێمان .!!
من جووتیارێكی ئەو گوندانەم، كە رەنگە نەسلم لەتۆبێ...قابیل
لەپشت كەڵەكەبەردەكانی كێڵگەی تۆ
كەڕەنای یەكەم جەنگ لێدرا..
كەوایە...
دەنگی خوێنی هابیلە
ئەمڕۆ لەجەستەی شەكەتم قوڵپەدا
ئەو سیحری ئاشتییە كاڵەكاتەوە
كە من و براكەم وەك هاوخوێن ... هاوسەفەربووین.!!.
بۆ ئەم سەفەرەی كۆكردنەوەی براكان
نوحێك لەكوێ بدۆزینەوە
بەكەشتییەكەی هەڵمانگرێ و نیشتمانێكمان بۆچێكات.
نیشتمانێك دوور لە زایەڵەی دەنگی یەكەم قوربانیی...
دوور لە توڕەیی یەكەم كەس، كە هەمووی راهێناین لەسەر كوشتن.
دوور لەشەپۆلی نائومێدی ئادەم، كە بەر كەناری دڵمان دەكەوێ.!.
كەس نەبوو پێت بڵێ:
دونیات چەند بچووككردەوە ...ئەی نوح
دەڵێی پێشبینی ئەمڕۆت كردبوو
هەمووت لەكەشتیێك جێكردنەوە.
ئێمە هەموو لەو نیشتمانە خەیاڵیەی تۆداین...ئەی نوح
ئێمە هەموو لەو نیشتمانە جاویدانییەی تۆداین
كە پڕیەتی لەسەرنشینی وێڵ.
كە پڕیەتی لە بەختەوەرییەكی رێپێنەدراو.
كە تەژییە لە چاوەڕوانیی ....ئومێد.!!.
ئەو ئومێدەی پەنجەرەیەك دەدۆزێتەوە تا پێی بڵێ:
وەرە سەیركە...
چەند جوانە سیمای نیشتمان ...دوای نیشتنەوەی شەڕ
چەند جوانە پەیوەندی نێوان ...مرۆڤ و خاك
پەلكەزێڕینە گرێبەندی بكات.
چەند جوانە سەرئاوەلڵابوونی نیشتمان...كە كۆترەكانی هەڵدەفڕن.
چەند پڕئومێدە لەنگەرگرتنی نیشتمان، كە لە كێوی ئارارات دەدات.
زۆر دەترسم
نیشتمان قلیچكەی ئومێدی لەسەر هەڵنەتۆقێ و
بەدەرگاكانی ئاشنامان نەكات.
زۆر دەترسم ... زۆر
حیلەی ئەسپەكانی بیابان
بگەنەوە گوێی نیشتمان.
زۆر دەترسم... كەشتیەكەمان
خۆی بەئارارات نەكێشێ و ئەو ساتە كۆمیدییەبێتەوە،
كە خواوەند سەعاتی راگرتبووەوەو
ئێمەش چاوەڕێی كۆتربووین.!
13/6/2013 رواندز
سێیەم چیا كە لێمەوە نزیكە
چیرۆك
حەسەن مستەفا
دادگاییكردنەكانی ناوەوەم نەیاندەهێشت چێژ لەهیچ شتێك ببینم، هەمیشە خۆم لەوانە پێتاوانبارتر بوو كە یەكەم فیشەكیی شەڕی براكوژییان تەقاند. گرێیەك هەمیشە بیرم لێیدەكردەوە و بۆم نەدەكرایەوە. نزیكەكانم هەستیان بەشپرزەییی من دەكرد.. رەنگم وەك پەڕەی گوڵەبەڕۆژەكانی هاوینی لێهاتبوو. بەردەوام سەردانی پزیشكەكانم دەكرد، كەچی پێم ئاسایی نەبوو سەردانی پزیشكێكی دەروونیی بكەم.. زیاتر بۆ ناخم دەگەڕامەوە. بای ئەوەندە ئازانەبووم گرێی دەروونم ڤاڵاكەم، نەوەكو كارەساتێك لەدوای گێڕانەوەكەمدا سەرهەڵبدات.
كە پەنام بۆ ئیشێك دەبرد هەر بۆ ئەوەم بوو لەو پرسیارە برینداركەرەی ناوەوەم راكەم، بەڵام ئەو هەر زیاتر تۆختر دەبووەوە و زیاتر مێشكی بەخۆوە سەرقاڵدەكردم. لە هیچ شوێنێك ئۆقرەم نەدەگرت. لە سیمای هەندێك كەسیشدا دەسڵەمیمەوە. زەنگە ناوەختەكانی مێشكم ئەوەندە زیادیانكردبوو، خەریكبوو تەواو شێتیاندەكردم، شەوانە لەخەو رادەپەڕیم، ئارەقەم دەردەدا.. وڕێنەم دەكرد، دڵەكوتەم زیادی دەكرد.. هەناسەی قووڵم هەڵدەكێشان ، بەڵكو ئۆقرەیەك بگرم. كەمێك باشتر دەبووم، بەڵام هەر كە رووداوەكەم بیردەهاتەوە تەواوی لەشم شڵاڵی ئارەقەدەبووەوە. زوو زوو ئیشم دەگۆڕین، لە هیچیشیان بەردەوام نەدەبووم. پێم سەیرە بەو شپرزەییەشمەوە بڕیاری بوونە چەكدارییمدا!!. لە یەكێك لە فەوجەكان بەهۆی خزمێكمەوە دامەزرام. شەوان تینم بۆ دەهات، بیرۆكەی خۆ كوشتنیش بە مێشكمدا دەهات. ئەم بیرۆكە بێبنەمایە گیری كردبووم و پەستانی دەخستە سەر قەفەسی سینگم و تەنگەنەفەسیی كردبووم، راچڵەكینە ناوەختەكانم هەمووی هی ئەوەبوون وامدەزانی یەكێك پەنجەكانی لە قوڕگم گیركردوون و منیش هاواردەكەم و دەنگم دەرنەدەچوو، تا لەپڕ رادەپەڕیم و سەرەتا ئەوانەی دەوروبەریشم تەواو بێزاركردبوون، تا وردە وردە لەگەڵ ئەو دیاردە ناحەزەم راهاتن. دەیان چیرۆكی ترسناكتر بەدوای ئەم بیرۆكە خەمۆكییەمداهاتن. رۆژ بەرۆژ هەستم دەكرد هۆكاری هەڵگیرساندنی كارەساتێك لە ملی مندایەو دەمەوێ لە خەڵكی بشێرمەوە و خاكبەسەری بكەم. دانیشتنە تەنهاكانم لەسەر تارمەی رەبایەكە سەرنجی هەمووانی بەلایخۆیدا رادەكێشا... ئای چەندە شێواو و سەرگەردان بووم، هەموو هەستەكانم ببوونە گوێ، گوێیەكانیش پڕ ببوون لە تەپەی دڵ، كە تەپەی ترپەكان زیادیاندەكرد بێوستی خۆم هەڵدەستام، وەك لە خەوێكی ناخۆش رابپەڕم ئاوام بەسەردەهات. ئەو راپەڕینەم ئۆخەیەكی بە دڵ دەبەخشیم، وەك ئەوەی ئۆكسجینم لێبڕابێت و خێرا فریای كەمامەكە كەوتبم. لەولاش دەمدیت ئەوان قاقا لێدەدەن و یاری كۆنكان دەكەن و ناوەناوەش دەخوێننەوە و چەك پاكدەكەنەوە و بەیەكەوە دەچنە سەر رووبارەكە بۆ مەلەوانیی‌و حۆشووشتن، ئیرەییم بەوان دەبرد بە تایبەت كارە دمبك، كەوا چۆن دەتوانێ ئاوا بە گۆرانیی كۆڕیان بۆ گەرم بكات.. لەوێ لە دووری دەمەتر دەمارە دەرپەڕیوەكانی ملیم دەبینین ئەوەندە "با"یان تێچووبوو خەریكبوو دەتەقین، كەچی ئەو هەروا تەزبیحە دەنك قەزوانەكەی لەم دەست بۆ ئەو دەست تێهەڵدەدا و ملی بەملاو بەولادا بادەدا و هەمووی دەخستنە پێكەنین و خۆشیی. وەك پیشەیەكی رۆژانەی مام سولاحیش ئەوەی لەهەموومان بەتەمەنتربوو بەیانیان زوو هەڵدەستا ریشی دەتاشیی و دەجار زیاتر سەربەرەوخوار دەستی بەلاڕوومەتەكانیدا دەهێنا. منیش بەبێهودەییەوە سەیرم دەكرد و جارجارەش بە بزەیەكی بن سمێلە بۆیەكراوەكانی بانگی دەكردم ؛وەرە مام سۆفی ریشەكەت بتاشە.. سۆفیایەتیت لێنایەت. منیش بێئومێدانە لێم دەڕوانیی و زەردەخەنەیەكی تەڵخم بۆدەكرد تا نەڵێت گرنگی بە داواكارییەكەی نادەم و بە بێتاقەتی دەستێكی "نا" م بۆ بەرزدەكردەوە. رابەر سیاسییەكەشمان هانی دەدام بخوێنمەوە، دەیگوت: ئێرە بە خوێندنەوە نەبێت بۆ ئێمەمانان ناڕوات. ئەو راستی دەكرد، بەڵام من زۆر لە خوێندنەوە دەترسام، بە تایبەت ئەو كتێبانەی ئەو دەیخوێندنەوە لەگەڵ سەلیقەی من و باری دەروونییم نەدەگونجان، هەر بەناونیشانەكانیان دڵم تێكهەڵدەهات، چجای ئەوەی پەڕەكانیان هەڵدەمەوە و بكەومە نێو دەریای بێ‌بنی خوێندنەوەیان. وام هەستدەكرد ئەگەر دەستیان بۆ ببەم و بیانخوێنمەوە ئیتر وەك مەلەوانە نەزانەكە دەبێت دەست لەخۆم بشۆم .كەچی ئەو هەر وازی نەدەهێنا و دەیگوت: باش بوو خوێندەوارێكی وەك تۆ هاتە فەوجەكەمان، هەوڵدە بخوێنەوە منیش هانت دەدەم تا بۆ دواڕۆژ ببیتە ئەفسەرێكی ناودار...پف ..پف .ئەفسەرت دۆزییەوە، من لە سێبەری خۆم دەترسم .. لە كتێب دەترسم ، چی هەیە بەرامبەری بوەستم و چاونەترسانە قوڵ لێیڕامێنم، ئەم قسانەم لەگەڵ دەروونیی خۆم دەكردن و لە مێشكمدا سەدایان دەدایەوە، دواڕۆژ ببیتە ئەفسەرێكی ناودار.. دواڕۆژ ببیتە ئەفسەرێكی ناودار.. دواڕۆژ ببیتە ئەفسەرێكی ناودار. رۆژان تێدەپەڕین و رامانەكانی منیش لەسەر ئەو بوونەوەرانەی دەوروبەرم رۆژ بەرۆژ سیمایان بەرەو كرانەوە دەبردم.
جەنگ هەندێك رەنگت لەلا شیرین دەكات و لە ئاوەزت دەیهێڵێتەوە، رەنگبێ ئێوەش كۆدی نهێنی رەنگە هاوشێوەكانی تەواوی لەشكرەكانی دونیاتان دۆزیبێتەوە، كەدوو لەشكری رەقیبیش دەچنە بەرەكانی شەڕ لەدوو تیمی جیاوازیی گۆڕەپان ناچن ئەوەندەی یەكڕەنگیی لە خۆیاندا بەرجەستە دەكەن. پێكهاتەی هەموو لەشكرێكیش لە سەرباز و ئەفسەر‌و پلەدارەكانی خوار ئەفسەرەوەیە، ئەو جەنگە دەروونییەی نێوان سەرباز و ئەفسەرەكانیش هیچی كەمتر نیە لە شەڕەبەرەییەكەی بەرامبەر دوژمن. كەچی لەوێ نە ئەفسەرمان دیاربوو نەعەریف، هەموومان جەنگاوەربووین، خاكی ببووینەوە وەك رەنگی رەبایەكە.. تۆزی هەڵنیشتووی سەر روخسارمان هەمووی یەكسان كردبووینەوە، وەك ئەوەی هەموومان بەیەك زگ لەدایك بووبین. تەمی ئەو ترسەش، كە لەسەرەتادا هەمبوو بەیەكجاری لە مێشكمدا رەوییەوە. نەفەرمانێك لەگۆڕێ بوو نەبڕیارێكی خۆسەپێن، كەچی ئیشەكان وەك ژووری شانەهەنگ بە رێكوپێكی دەڕۆیشتن. ئەوەنەبێ جارجار مام قادر مەنجەڵ و قاپەكانی تێفڕێدەدایە خوارەوە، بە تایبەت كە سامانی لێنزیك دەبووەوە و پێی دەگوت كابان چیمان هەیە بۆ نیوەڕۆ. .. شیڕە و هاوار و جوێنەكانی مام قادر وەك تەمێك چۆن وردە وردە بەسەر چەمێكدا دەنیشێ ئاوا سەدای بە دۆڵەكەدا بڵاودەبووەوە و دەنیشت... سەگباب باوكت كابانە، دوو تەمەنی تۆم تێدان عەیب ناكەی پێم دەڵێیت كابان. هەمووان بە منیشەوە دەماندایە قاقای پێكەنین و دەچووینە لای مام قادر و ساردمان دەكردەوە و مەنجەڵ و قاپ و قاچاغەكەشمان سەردەخستنەوە.
ئەو بڕیارەم لە هەموو بڕیارەكانی تر توندتر و پڕ ماناتربوو، بوون بە چەكدار.. ترسم لەوە هەبوو ژیان بەڕێبكەم لەگەڵ كۆمەڵێك پیاوكوژ .. لە گەڵ كۆمەڵێك كە هەر ئەو رۆژە دەمبینین، زۆربەیان مێردمنداڵبوون لەگەڵ یەك دووانێكی بەتەمەن، كە ئەوانیش زۆر لەوان بە ئاوەزتر نەبوون. ترسم لەوە هەبوو لەوێ هەست بە گیانی لێبوردن نەكرێت. وەك ئەوەی راسپێردرابم تۆوی لێبوردن بچێنم، ئەوەشم بە خەیاڵدادەهات كە لێرەو لەوێ دەمبیست ئەوان: " دیلەكان ناگەیەننەوە بارەگای سەرەكیی هەر لەوێ دەشتڕێژیان لێدەكەن و خۆڵبەسەریان دەكەن" . سەرەتا كە چووم زۆر رەخنەی ئەو كارانەم كرد، كەچی لەسەرێ خواستەكە بەجۆرێكی تر بوو، نەمدەزانی ئەوانەی دەوریشم ملكەچ بوون، دەبێت رابەر سیاسییەكە وەك تووتی بیڵێتەوە وبڕیارەكەش بۆ كاتی روودانی رووداوەكە جێدەهێڵن. ئەم كارەم سەفەرێك بوو پڕ لە رەنگی خۆی. لە هەموو ئەو سەفەرانەشدا ئەو چیایەی دڵخواستمە دەهاتە خەونم و لەگەڵ خەیاڵەكانم پاندەبووەوە و رەنگەكانی لە هیچی ئەو رەنگانەی نەدەكرد كە لەوێ دەمبینین. رەنگەكانی خەیاڵم كە لە دیمەنەكەی ئەوێدا هەڵدەقوڵین گەشتر و رازاوەتربوون، لێرە رەنگەكان مردووتر و خامۆشترببوون. رەنگی دوكەڵ و خاك و رەنگی تۆزلێنیشتووی هاوسەنگەرەكانم .. رەنگە سەرەكییەكانی بەردیدەم بوون. هۆشم وای پێدەگوتم: ئەو رەنگانە لەگەڵ رەنگێكی خۆڵەمێشیی تۆخ لە تۆدا بەرجەستەبوون، تازە ناتوانی خۆیان لێبتەكێنییەوە. . تازە بوویتە جەنگاوەر و دەبێت لەو جانەوەرانە بچیت كە بە هەواوە گۆشت بۆق دەخۆن و كام زەڵكاو پڕیەتی لە ئاوی گەنیو دەبێت خۆتی لێبدەیت و ترس تەڵاقبدەیت. ئەم وشەیەی دواوە بەردەوام لە مێشكم دووبارە دەبووەوە..تەڵاقدانی ترس، ترس لە چی ؟ خۆ شتێكی ئەوەندە ترسناك رووبەڕووم نەبووەتەوە تا لێی بترسم؟ ئەوەی لێی دەترسم و بەردەوام راوەدووی دەنام ترسەكانی ناوەوەم بووە؟ ترس بووە لە بیرەوەریێكی خەمناك و پڕ ئازار، كە ئێرە شوێنی بەرهەمهێنانی دەیان چیرۆكیی ترسناكترن لەوەی بە خەیاڵی من دەگوزەرێن.
ئەو رەبایەی تێیدا دەماینەوە، گەورەترینی رەبایەكانی ئەم ناوەبوو، لە چوار لای شوێنی پاسەوانیی تێدابوو، دوژمن زۆر بە ئاسانی نەیدەتوانی زەفەری پێببات، لە ناوەڕاستیی گۆڕەپانێكی چوارگۆشەی لێ‌بوو، لە رۆژئاواشیدا قولەغێك دروستكرابوو، لە خانۆچكەیەك دەچوو، پێدەچوو بۆ دە كەسێك دروستكرابێت، بە شەش كۆسپە بۆی دادەبەزین، كە دەچوویتە ناوییەوە هەوایەكی فێنك و شێداری هەبوو، بەڵام پڕی بوو لە كێچ و ئەسپێ، هاوسەنگەرەكانم لەگەڵ ئەم رەوشە راهاتبوون، منی بێئۆقرە كە سەدجار ئەو ژیانەم بە نەحلەت دەكرد، دەچوومە دەرەوە و یاتاغەكەم لەسەر بانەكە رادەخست و خوم بە رادیۆیەكی قیسارەوە گرتبوو، ئەوە هەر پیشەی من نەبوو، هەموویان یەكەو رادیۆیەكی بە بن گوێیەوە دەگرت و بە خرۆشەوە گوێمان بۆ هەواڵەكانی شەڕ رادەگرت.. ئای لەو خۆشییەی هەموویان دەریاندەبڕی، كە هەواڵێكی تری سەركەوتنیان دەبیست لە قۆڵێكی تری بەرەكان... منیش وەنەبێ بەم هەواڵانە خۆشحاڵنەبم، بەڵام نەمدەتوانی وەك ئەوان دەریببڕم و ناوە ناوە پەنجە بنێم بە پەلاپیتكەی تفەنگەكەم و چەند فیشەكێك بۆ دەربڕینی ئەو خۆشییە بە هەواوە بنێم... خۆشیی و خۆشحاڵیی ، ئەوە منم ئەم وشانە دەدەبڕم؟! ئەوە پەیڤی سەرزمانی خاوبووەوەی منە لە بەستەڵەكیی ئەم جۆرە وشانە؟ ! بڕوام نەدەكرد، ئەوانیش بڕوایان بەسیمام نەدەكرد كە زەردەخەنەیەكیان لەسەر دەبینی، خۆ ئەوێ شوێنی زایینی خۆشیی نەبوو ئەوەندەی هەواڵی خەمناكت بەرگوێ دەكەوتن، چ سیحرێك لە گوێم دەكرا و شنەی چ بایەك ئەو وشانەی بە پەردەی گوێیەكانمدادەدا، خۆ لەوێ هەموومان مەرگی كتوپڕی ئومێدمان بینی.. ئومێد خەمناكترین كوڕ كەلەوێ ناسیم. تۆزێك لەوانی تر بە تەمەنتر بوو، بەڵام تازە خێزانی پێكەوەنابوو، وەك خۆم كەمدوو خەیاڵاوی بوو بەردەوام لە داڵغەدابوو، زۆرجار لە ئێشكگرتن دەیانبوارد، ئەوەندەمانزانیی ئێوارەیەكیان كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. باشترین هەلیش بۆ رەشكردنەوەی نهێنییەكانی ناوەوەی ئەو ئێوارە ئێشكگرییەی بوو، كە بەتەنها لە قولنیچكی سەنگەرەكەدا كە لەشێوەی پیتی " ئێڵی " ئینگلیزی لەترسی هاوەنەكانی دوژمن هەڵكەندرابوو، كۆتایی بە گیانی خۆیی و نهێنییە قانگدراوەكانی ناوەوەی هێنا... ئەو رووداوە وەك هەڵكردنەوەی بەكرەیەك، هەڵیكردمەوە سەر دۆخی پێش هاتنم، بەردەوام بیرم لە خۆكوشتنەكەی دەكردەوە.. سەدان جار لەگەڵ خۆم ئەو پرسیارە بێوەڵامەم دەجوویەوە، گومانیشم نەبوو هیچیان نەیاندەزانی ئومێد بۆچی خۆی كوشت؟!!دەنگێك لە ناوەوە هەمیشە پێی دەگوتم: غیرەت سەگ بتخوا ، ئومێدی برادەرت، ئومێدی هاوسەنگەر و هاوڕەنگت، خۆی كوشت تۆ بۆ خۆت ناكوژی؟ ئەو دەنگە ناوەكییە تەواو بێزاری كردبووم، هەمیشە لێدەدرایەوە، لەسەر نانخواردن ،لەسەر تارمەی رەبایەكە، لە چوونە خاڵی پاسەوانییەكە، ئەو شوێنەی لە شوێنی ئەو دەچوو، ترسم بۆ ئەم شوێنە زیاتر دەبوو.. دەنگەكە لەوێ زیاتر فشاری بۆ مێشكم دەهێنا، دەمەویست ئارام ببمەوە، كەچی وڕەوڕێك لە مێشكم زیادی دەكرد، سەدای ئەو دەنگە ناوەكییە ئەوەندە بەسەر یەكەوە لێیدەدا هەراسانیی كردبووم.. لەو سەرمایەی دەرێ كە وەك مووس دەموچاوی دەبڕین ، من هەستم بە گەرما و ئارەقەدەردان دەكرد.. ئای چەند كارەساتێكی ناوەخت بوو، تازە خەریك بوو بە زەردەخەنە ئاشنادەبوومەوە.. تازە هەستم بە باڵاكردنی منداڵی ناوەوەم دەكرد.دیسان دەكەوتمەوە نەفرەتكردن لەوشوێنە. ئەوێ سروشتی چای هەبوو لە ناوەوە تاڵ، كە تۆزقاڵێك شەكرت تێدەكرد شیریندەبووەوە، هیچ شوێنێك هێندەی ئەوێ تاڵیی و شیرینی تێكەڵ نەدەبوون، ئەزموونێك بوو بۆ من لە ئەزموونیی چوونە شێتخانەم بەچاكتر دەزانی. ئەو رەوشە هەروا پێچی دەدام .. تا وردە وردە ئاسایی بوومەوە و تێكەڵ بوومەوە بە كۆمەڵبوونەوەیان . كردنەوەی ئاگر پیشەیەكی رۆژانەمان بوو، بە تایبەت كە ئێوارە دادەهات لە دواوەی ستارەی رەبایەكە، كە شوێنێكی پەنهان بوو دووریش بوو لە گوللەكانی دوژمن دەمانكردەوە. لەبەر تینی گەرماكە و بینینی ئەوەی قساندەكات دەستەكانمان دەكردنە پەرژینی چاوەكان و لێیڕادەماین. زۆربەی بەسەرهاتەكان سەرمەد دەیگێڕانەوە. كە چۆن رێ‌یان لەخەڵكی دەگرت و رووتیان دەكردنەوە، چۆن باجیان خستبووە سەر ئەو دوكاندارانەی كە بازاڕیان گەرمتر بوو لەوانی تر. ئەمانەی بە جوامێری دەزانین و ئەوەشی دەخستەسەر كە چەند كەسیان بەدیلی كوشتووە. ئەم قسانەی ئەو سامێكی بەلای هەموومانەوە دروستكردبوو، ترسی خستبووە دڵی هەموومان ، كەچی دواتر كە تەقەیەكیش دەبوو دەماندیت وەك مشك خۆی بە زەویدا دەموچراند و تفەنگەكەی دەگۆڵمەی دەنا و لەبەر دەمەكەی خۆی دەیڕوانی. "تەنیا"ش باسی ژووانەكانی بۆ دەكردین ، بە قسەی خۆی هیچ كچێكی هاوتەمەنی خۆی نەبووە لە شارۆچكەكەیاندا كە حەزی لەو نەكردبێت و نەچووبێتە باخەڵیەوە. بەو قسانەی زیاتر كونیلەكانی هەست و دڵی گەنجەكانی دەكردەوە و دەیخرۆشاندن و هانی دەدان ئەوانیش نهێنییە قەتیسماوەكانی ناو دڵیان، وەك كۆمەڵێك دەنكە مرواری هەڵڕێژنە بەرپێیان و ئەو پەتەی كە چەندین ساڵ بوو دەنكەكانی كۆكردبوونەوە دەیانپچڕاند. زۆرجار هەستم پێیدەگوتم دەی تۆش نهێنییەكەت بدركێنە خۆ هی تۆش هەر ئەوەندەی ئەوان شەرمهێن و قێزەونە. غیرەتم نەدەكرد، هەرسەفەرێك كە دەچووینەوە و ئەو دانیشتنانە سازدەبوون، چیرۆكی گەرمتریش دەهاتنە ئارا، بەڵام سەرەتا كەسێك چیرۆكێكی لە زاری منەوە نەبیست، هەتا ئارامتردەبوومەوە و وڕێنەكانم وردە وردە كەمدەبوونەوە و بەرەو نەمان دەچوون وئارەقەدەردانم كەمتربوەوە، تای گێڕانەوەی نهێنییەكەش ساردتر دەبووەوە، تا دواجار گەڕامەوە سەر ریتمیی ئاسایی خۆم و ئەمجارە منیش چیرۆكم دروستدەكردن و خۆم دەخستە مەیدانی گێڕانەوەیان، بەڵام ئەوەی هەرگیز نەمگێڕایەوە و ناشمەوێ بیگێڕمەوە، نەوەكو چیای سێیەم لێم یاخی ببێت و نەهێتە خەونم و لێم زویرببێت و رەنگەكانی خۆیم پێنەبەخشێ.
29\9\2010 رانیە
الاثنين، 5 ديسمبر 2016
بەرنامەی گەرماوگەرم
ئەمڕۆ بەشداریمکرد لەبەرنامەی گەرماوگەرم لەسەر پرسی رزگارکردنەوەی موسڵ و قۆناغی پۆست داعش، کە لەدەستپێکدا ئەمڕۆ بەپێی پلانێکی تۆکمە هێزەکانی پێشمەرگە توانیان پانتایی ٢٠٠ کم پاکبکەنەوە، هەرچەندە ئەم پانتاییە لەچاو کۆی پانتایی رووبەڕی موسڵ کە خۆی لە نزیکەی 40 هەزار کم دەدات کەمە، بەڵام لەڕووی سیاسیی و مەعنەوییەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزە بەشداربووەکان بۆئەوەی هیچ نەبێ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێشبخات. هەروەها لەسەر ئایندەی موسڵ و بەیەکەوە ژیانی پێکهاتەکان قسەکرا، کە موسڵیش وەک کەرکوک شارێکی ئاڵۆزە لە بوونی چەندین پێکهاتەی جیاجیا تیایدا، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیش ئەجێندای دەرەکیشی تێکەوتووە، بەڵام پێموایە بەرنامەی سەرەتا و کۆتایی ئەم شەڕە هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا ناهێڵێت لەکۆنترۆلی خۆی دەربچێت، بەتایبەت کە متمانەی بەهێزەکانی عێراق بەخشیوە بۆئەوەی لەداڕشتنی تەواوی بەرنامەکە باوەڕ بەخۆیان بکەن و سەرکەوتنی کۆتایی لەسەر دەستی ئەوان بێتەدی...هەرچەندە ئەمڕۆ هەنگاوی یەکەم بەسەرکەوتوویی نرا، بەڵام پێئەچێ ئەم دۆخە درێژەبکێشێ، چونکە تا داعش هێڵی دواوەی هەبێ بۆ سوریا توانای مانۆڕی بەبەردەوامی دەبێ. بەڵام ئیرادە هەیە بۆ سەرکەوتن. ئەوەش ئەبینین کە کورد بەدەستکەوتی مەزن دێتەدەرەوە ئەگەر لەسەر ئەم رۆحە هاوکارییە بەردەوام بێ لەگەڵ هێزەکانی عێڕاقی. چونکە هەر ئەم رێگایە کورد لەپەرتەوازەبوون و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەپارێزێ و تەواوی مەرامە سیاسییەکانیشی لەم رێگایەوە بەئاسانی بەدەستدێنی..
الأحد، 4 ديسمبر 2016
زوڵمی تەئریخی
حەسەن مستەفا
ئەبێ ئەمریكیێك یان ئێرانیێك یان ئینگلیزێك یان جولەكەیەك...مەسیحیێك یان هەر بیانیێكی لەمەولاو لەولا هاتوو بۆ هەرێمی كوردستان چۆن لەئێمە بڕوانن، یان ئایا كە ئێمە بڕێك زانیاریی دووراودوورمان لەسەر شێوازی ژیان‌و كولتور‌و فەرهەنگی ئەوان چنگ كەوتووە و هەر یەكەی لەخانەی پێشكەوتن، مرۆدۆستی، بەرژەوەندپەرستی، دەیانبینین دەبێ ئەوان چۆن لەئێمە بڕوانن؟
ئەگەر چەند هەنگاوێك لەهەستی كوردبوونی خۆمان دووركەوینەوە‌و بەچاوێكی واقیعی‌و رەخنەگرانە لەئاكار‌و هەڵسوكەوت‌و رەفتارە سیاسی‌و مەدەنی‌و ئینسانی‌و ئابووریی‌و فەرهەنگییەكانی خۆمان بڕوانین، هەندێك راستی دەبینین كە ئەو هەستە پەنگخواردووەی كوردایەتی بەربینی پێگرتووین‌و هەڵناكەوێ بەئاسانی‌و بەڕوونی وەك چاوی بیانیێك... خۆمان ببینین.
بەڵام زۆر پێویستە ئەوە تاقیبكەینەوە‌و هەمیشە هەڵسەنگاندن بۆ كۆی ئەو بابەتانەبكەین كە زۆرجار بەملی مێژووی دادەدەین‌و وەك زولمێكی تەئریخی ناویان دەبەین، كە لەكورد كرابێ. هیچ نەبێ هەڵوەستەیەك لەسەر ( زوڵمی تەئریخی ) بكەین‌و بزانین ئایا زاراوەیەك...چەمکێك هەیە بەوناوە كوردی بەگیروگاز هێنابێ یان حەزەكەین هەمیشە شكستەكانمان وەك چەقۆیەكی ژەنگاوی بكەین بەملی ئەو رۆژگار‌و تەئریخە بەسەرچووانە، كە كورد وەك هەر میللەتێكی دیكە زیندوو نەیتوانیوە كە پێویست بكات ( سیاسەت بكات، سیاسەت بكات) یان پێویستی كرد باڵانسی بەرژەوەندییەكانی رابگرێ، ئەو باڵانسە بپارێزێ یان بۆ باڵانسی هەڕەشەكان لەسەری دۆستی زیاتر بۆ خۆی پەیدابكات... تا دەگات بەئەزمەی سەركردەیەك كە جامع‌و لەخۆبردوو یان چەند پلەیەك هەڵكشاوتربێ لەهاوكارە سیاسییەكانی نەتەوەكەی یان بەزمانی سەردەم كاریزمابێ. ئەمانە كێشەی بونیادیین نەوەك تەئریخ بەزاڵم بگرین. تەئریخ چی لەمیللەتان دەوێ ئەگەر میلەتێكی وەك كورد نەتوانێ باشترین هەلە مێژووییەكانی خۆی بقۆزێتەوە‌و لەبەرژەوەندیی خۆی بەكاریان بێنێ یان بەقوربانی بەرژەوەندییە تەسكە حزبی‌و شەخسی‌و بنەماڵەییەكانی بكات. تەئریخ شاهیدی رووداوەكانە بەسەریەكەوە، لەكۆی ئەو رووداوانەی لەم چەند ساڵە بەسەریەكدا روویانداوە، كە نەوەك هەر رۆژنامە‌و كۆوار تەنانەت سەتەلایتەكانیش خەریكە بەتەواوی فریای پەخشكردنیان ناكەون. چیمان چنیووەتەوە، لەجیاتی بەرەوپێشچوون لەهەندێ مەسەلەی بونیادی و گرنگ بۆ دواڕۆژی نەتەوەیی زۆر پاشەكشەمان كردووە...ئەگەر لە 2005 بەبێ ترس‌و دوودڵی باسمان لەڕیفراندۆم دەكرد بۆ چنینەوەی ئەو دەنگانەی دەڕژانە سندوق بۆ دابڕان لەدەوڵەتێك كە سەدساڵە بەناهەق بەیەكەوە لكێنراوین ئەوا ئەبێ ئەمڕۆ كە 2016 یە بەچاوی گومان‌و دڵێكی پڕ لەڕاڕاییەوە هەنگاوهەڵێنین، ئایا ئەو پرسیارەمان لەخۆمان كردووە ئەمە بۆ؟
بۆ ئەوەی وەڵامێكی ژیرانەمان چنگ كەوێ‌و بێلایەن بین لەحوكمی ویژدان‌و راستییەكان وەك خۆی ببینین، بەئاشكرا پاشەكشەمان بۆ بەدیاردەكەوێ لەشێوازی حوكمڕانێتی، واتا لەسیاسەتی خۆ بەڕێوەبردن‌و ئیدارەدانی چەند شارێكی ئازادكرا‌و و خۆحوكمڕان، لەباری گوزەران‌و ژیان، لە ئابووری خەڵك‌وبازاڕ، لەهەڵسوكەوتی تاكەوە تا دەستەجەمع و ئازادییەكان،تەواوی گۆڕانێك ئەبینین لەئاییندەیەكی سەوز‌و پڕ بەرهەم بۆ ئاییندەیەكی نادیار‌و ناكام، لەبەرهەمێكی زۆر‌و زەوەندی سامانە سروشتییەكانی خاكی كوردستان بۆ چككردنیان‌و خاڵیبوونەوەی گیرفانی میللەت، لەدڵێكی گەرم كە لێیدەدا بۆ سەربەخۆیی بۆ بۆشایێك كە رۆژانە هەزاران دوعا و گلەیی تێفڕێ دەدرێ... لەخەریكی دەركەوتنی سەركردایەتیێكی یەكگرتوو‌و خاوەن بڕیار بۆ هەڵوەشانەوە‌و لێكترازان... لەخۆشگوزەرانی هاوڵاتیان‌و خەونی وڵاتە جوان‌و سەرنجڕاكێشەكان بەرەو خۆزگە خواردن بۆ سبەینێیەك كە هەواڵی موچە لەزاری وتەبێژی حكومەت ببیستین، لەدونیابینییەكی دیموكراسی‌و ئاشتیانە كە كۆمەڵگای كوردی پێیدەنازی بەرەو تاكڕەوی‌و ئاوازی شەڕ... ئەمانە‌و دەیان خاڵی نێگەتیفی دی كە هەر هەموویان دەچنە خانەی پاشەكشەكردن، بۆیە ئەمە زوڵمێك نیە تەئریخ بیكات، بەڵكو ئەمە ئەو زوڵمەیە كە خۆمان لەخۆمانی ئەكەین.
السبت، 3 ديسمبر 2016
دره‌ختێك له‌باوه‌شی نه‌گرتم
چیرۆک
حه‌سه‌ن مسته‌فا
وه‌ك زۆربه‌ی ئێوارانی وه‌رزی هاوین به‌نێو شه‌نگه بییه‌كانی خوار ماڵان و به‌نێو شه‌به‌نگی ره‌نگێكی كه‌سك هه‌نگاوم به‌ره‌و رووبار ده‌نا، ئه‌و رێچكه باریكه‌م ده‌گرت كه ده‌یگه‌یاندمه ئه‌وێ. ئه‌و توله رێیه‌ی له چوار ڕییانه‌كه جیاده‌بووه‌وه و به رووباری ده‌گه‌یاندم چناره به‌رزه‌كان له‌خۆدا ونیان ده‌كرد.. تا ده‌گه‌یشتمه سه‌ر رووبار ده‌ستم به خوناوی سه‌ر لاسكه گیاكان ده‌شووشت. به‌هه‌ڵبه‌زینه‌وه و نه‌رمه‌غارێك هه‌نگاوم به‌ره‌و پێش ده‌نا. كاله‌كه‌م نوقمی ئه‌و نه‌رمه خۆڵه ده‌بوو، كه رێبواران وه‌ك ئارد هاڕیبوویان. ئه‌و نه‌رمه غاره له‌سه‌مای ده‌كرد.. سه‌مایه‌ك له جیهانی ته‌نهای خۆیدا، جارجار فیكه‌یه‌ك له‌ده‌مم ده‌رده‌چوو، وام هه‌ست ده‌كرد هه‌زاران گوێ لێم وه‌رده‌گرنه‌وه و هه‌زاران رۆحی نادیار سه‌دا ده‌ده‌نه‌وه... ناو به ناویش پۆله په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ك تیژ و نه‌وی به سه‌مایه‌كی نیوه بازنه‌یی به‌ده‌وری سه‌رم خولیان ده‌خوارد. ئه‌م توله رێیه‌ی ده‌یگه‌یاندمه سه‌ر رووباره‌كه، زنارێكی ناو رێگا خواری كردبووه‌وه، به‌پێچكردنه‌وه‌یه‌ك تا ناوقه‌دم بزرده‌بوو، كه دوا كه‌وانه‌ی سه‌ریشم ته‌واو ون ده‌بوو، رووباره‌كه له‌ڕێی شه‌پۆله‌كانییه‌وه باڵێكی بۆ به‌رزده‌كردمه‌وه و پێده‌چوو ئه‌مه‌ی بۆ شكاندنی تۆقی ته‌نیاییه‌كه‌م بێت...هه‌رچه‌ند نزیكتر ده‌بوومه‌وه هه‌ستم به قه‌ره‌باڵغییه‌كی زیاتر ده‌كرد، حه‌زمده‌كرد وه‌ك ئه‌و مۆسیقاژه‌نه ته‌نیایه‌ی ئێواران بم ، كه هێدی هێدی ده‌هات ئاوازی له‌شه‌پۆله‌كان وه‌رده‌گرت و كۆڵانی پڕده‌كردین له هاژه‌هاژی رووبار. یان وه‌ك به‌یبونی نیگاركێشبم، كه خاڵی خاڵی ده‌هات و پڕ به‌هه‌گبه‌كه‌ی ره‌نگی له رووبار وه‌رده‌گرت... ئای چۆن ده‌یتوانی ئه‌م هه‌موو ره‌نگه له تابلۆیه‌ك ئاوێته بكات؟، بێ ئه‌وه‌ی ره‌نگێك كار له‌شێوانی ره‌نگێكی دی بكات یان باڵاتر به‌دیار بكه‌وێت.
ئه‌م هاتنه‌م بڕیارێكی پێشوه‌خته نه‌بوو تا هانم بدات و سوورم بكات له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌وێ، به‌ڵكو پیاسه‌یه‌كی ئاسایی بوو بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئاره‌زوویێك... یان ره‌نگبێ ئاسكی حه‌زێك فریوی دابم و حه‌زبكه‌م شوێنپێیه‌كانی هه‌ڵبگرم یان ده‌ستگیری بكه‌م... به‌چه‌ند هه‌نگاوێك له‌و دیو گاشه‌به‌رده‌كانی قه‌راغ رووبار، گردێك ده‌كه‌وته پێشمه‌وه، كه وه‌ك لا مه‌مكی ژنێكی گه‌ڕاوه ده‌ینواند و دره‌ختێكی تاقانه‌ی له‌سه‌ر رووابوو، هه‌ر گه‌ڵایه‌كی ناوێكی پێوه‌بوو... سه‌یر له‌وه‌دابوو ناوه‌كانی هه‌مووی نێرینه‌بوون، ناوی مێینه‌یێَك له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌كی تۆمارنه‌كرابوو، هه‌ستم پێی ده‌گوتم: تۆبڵێی ده‌ستێك هه‌بێت له‌نووسینی سه‌رگه‌ڵاكاندا كه ئه‌و ره‌گه‌زه‌ی نه‌ناسیبێ یان به‌هیچی نه‌زانیبێ؟ یان ئه‌م دره‌خته كچێك به‌لایدا گوزه‌ری نه‌كردبێ!!؟ تا ئه‌و ده‌مه زۆر ئاسایی بووم، بۆیه به‌هێوری ده‌گه‌ڕام به‌دوای ناوی یه‌كێك كه ناوی گوڵێكی له‌خۆگرتبێ، وه‌ك گوڵه‌ندام یان گوڵخاتر یان گوڵه‌باخ یان گوڵیزار.. به‌داخه‌وه ناوه‌كان نێرن هه‌ر گه‌ڵایه‌و مۆركی یه‌كێكیانی پێوه‌یه . ئاخر سه‌یره ناوی وای تێدایه كه‌سێتییه‌كه‌ی پولێك ناهێنێ، كه‌چی ناوی شێره‌ژنێكی وه‌ك شیلان سۆرانی تێدا نیه، كه دوژمنه‌كانی به به‌كری به‌كرێگیراو ده‌رمانخواردیانكرد، چونكه له‌هه‌موو هۆزه‌كه‌یان زیاتر حیسابیان بۆ ئه‌و ده‌كرد .. ئه‌ی وه‌نه‌وشه‌ی پارێزه‌ر كچه‌كه‌ی حاجی مه‌لاوسو بۆ ناڵێی هه‌ر ئه‌و نه‌بوو كه‌یسی كوشتنی شیلان خانمی گه‌یانده دادگا و بكوژه‌كانی له به‌ندیخانه قایمكرد.. یان بۆ شلێركاكه‌بایز ناڵێی ئه‌ی ئه‌و یه‌كه‌م كچ نه‌بوو هاته سه‌ر شانۆ و شه‌ڕی دابه ناشیرینه‌كانی كۆمه‌ڵگای كرد.؟
له‌ساتی تاسان و واق وڕمانم به‌رانبه‌ر به پرسیاره زۆره‌كان ، تارمایی پیرێكی گۆچان به‌ده‌ست، ورده‌ورده له‌نێو په‌رده‌یێكی لێڵ ده‌هاته‌ده‌ر و به‌ره‌و پێش ده‌هات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دواوه‌ی نایلۆنێك خۆی حه‌شاردابێ یان له‌نێو ته‌مێكی شین بێته‌ده‌ر به هه‌نگاوی سست به‌ره‌و پیرم ده‌هات، ئه‌و پیرێكی نورانی سه‌روڕیش تێكهه‌ڵی سه‌رتاپا سپی بوو.. سپی وه‌ك په‌ڕه‌ی په‌ڕاوی وێنه‌كانم، له‌نێو ئه‌و هه‌موو سپیایه‌تییه‌دا چه‌ند په‌ڵه‌یه‌كی قاوه‌یی و بۆر به‌حه‌شاردراوی گوزارشتیان له روخساری ده‌كرد... روخسارێكی خه‌مگین، ته‌واو له‌و روخسارانه ده‌چوو، كه جاروبار مامۆستا هێمنی ئارت ناچاری ده‌كردین، وێنه‌یه‌ك له په‌ڕاوی وێنه‌كاندا بكێشین، منیش هه‌ر ئه‌م وێنه‌یه ده‌زانم بكێشم، كه له‌م ئه‌تمۆسفێره شینه‌دا كه‌سێك به روخسارێكی ته‌ڵخ به‌رانبه‌رم وه‌ستاوه و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵم بدوێت... له‌وێ له‌م قه‌راغ چه‌مه‌دا هاڵاوێك هه‌ڵده‌ستا، نه‌مده‌زانی له زه‌وییه‌وه هه‌ڵده‌ستێ یان وه‌ك شنه‌ی( با) له‌لایه‌كه‌وه هه‌ڵیكردووه و نه‌وازش له‌گه‌ڵ ریشه درێژه تاسه‌ر سنگ هاتووه‌كه‌ی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنیدا بۆنێك به‌باده‌كات له بۆنی مقه‌بایه‌كی كۆن ده‌چێت، كه له عه‌مبارێكی شێ‌دار هه‌ڵگیرابێت.. له‌گه‌ڵ راوه‌شاندنی شاقه‌لی كراسه درێژه عاره‌بییه‌كه‌ی په‌لكه داره‌كان ده‌شنانه‌وه، ناوه‌كان به‌ئاشكرا دیارده‌كه‌وتن ، خوازیاربووم ناوێك ببینم گوزارشت بێت له ناوی مێینه‌یێَك ... له ته‌واوی باڵه‌كانی دره‌خته‌كه‌م رووانی، به‌خێرایی بروسكه چاوه‌كانم به‌ڕاست و چه‌پی قه‌ده‌كاندا خشاند له ره‌نگه تێكهه‌ڵه‌كانی په‌لكه‌كان وردبوومه‌وه، بێهوده ناوێكی مێیینه‌م نه‌دۆزیه‌وه.
پیره پیاو: ئه‌ی ئاده‌می چیتر مه‌گه‌ڕێ... ئه‌وه‌ی تۆی به‌دوادا هاتووی بۆت مه‌یسه‌ر نابێت.. ئه‌وه‌ی تۆی به‌دوادا هاتووی گوناهێكی گه‌وره‌یه، ره‌نگبێ هۆزه‌كه‌ت ئه‌وه‌ت لێ قه‌بوول نه‌كه‌ن .. ئه‌وه‌ی تۆی به‌دوادا ده‌گه‌ڕێی شانازی هۆزه‌كه‌ت له‌كه‌دارده‌كات. رووی سووریا‌ن بۆ ناهێڵێته‌وه. ئه‌وه‌ش بزانه ره‌نگه ناوێك گه‌ر به‌هه‌ڵه له‌سه‌ر په‌لكێك تۆماربكرێ دوورنیه ره‌شه‌با ره‌گه‌كانی هه‌ڵكێشێ، تۆ به چ ئه‌قڵێك به‌دوای تۆماری ناوی مێینه كه‌وتووی تا پیره‌دارێك بتوانێ‌ٍ ناوه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێ .
بۆ یه‌كه‌مجار گۆچانه‌كه‌ی نێوده‌ستی هه‌ڵبڕی و تاڕاستی كه‌مه‌ری به‌رزیكرده‌وه له‌جیاتی به‌ده‌ست ئاماژه‌یه‌ك بۆ دره‌خته‌كه بكات، گۆچانه‌كه‌ی به‌كارهێنا: تا ئێستا كه‌س ته‌مه‌نی ئه‌م دره‌خته نازانێ، وه‌لێ ئه‌وه‌ی لێی ده‌زانن ئه‌وه‌یه ئه‌م دره‌خته جاران ئه‌وه‌نده به لقوپۆپ نه‌بوو ئه‌وه‌نده په‌لكه‌ی له‌خۆ بارنه‌كردبوون...په‌لكه‌كان هه‌مووی له‌چه‌ند ره‌نگێك پێكده‌هاتن، كه‌چی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌به‌رچاومانه و ده‌یبینی هه‌رچی ره‌نگ هه‌یه و به‌رچاوت كه‌وتووه له په‌لكه‌كان به‌رجه‌سته‌بوون.
زۆر به‌ترسه‌وه لێم ده‌ڕوانی، ته‌نها بۆجارێك له‌چاوه‌كانی وردبوومه‌وه خه‌ریكبوو ببورێمه‌وه، دووچاوی قووڵ، وه‌ك دوو مۆمی زه‌یتونی كزكز ده‌سووتان، ده‌نگه‌كه‌شی وه‌ك ده‌نگی ئاسایی ئێمه نه‌بوو .. هه‌ستم پێی ده‌گوتم: له‌پشت گرده‌كه‌وه یه‌كێك ده‌دوێ و به‌و پیاوه‌ی ده‌رده‌بڕێ.. له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه سسته‌كانیشیدا كه به‌ره‌ولام ده‌هات، هه‌ستم ده‌كرد یه‌كێك به‌توندی پاڵم پێوه‌ده‌نێ. فشارم ده‌خاته سه‌ر سنگ و ده‌یه‌وێ قرتقرتۆكم بگرێت‌و بمخنكێنێ، ده‌مه‌ویست رابكه‌م ، كه‌چی قاچه‌كانم له‌نێو پارچه‌یه‌ك زه‌وی قورقوشمین پاوانه‌كرابوون... ده‌شترسام هاواربكه‌م و ئه‌و له‌و ترسه‌م وه‌ئاگابێنم و نیازپاكیه‌كه‌ی به‌دیوه‌كه‌ی تر وه‌رچه‌رخێ و هیچ چاره و ئومێدێكم له‌و كایه شینباوه‌دا نه‌مێنێ.. تا زیاتر ده‌مامه‌وه زیاتر تینم بۆ ده‌هات، گڕه زه‌یتوونییه‌كه‌ی ناو چاوه‌كانی هه‌روا بلێسه‌یان ده‌دا، تا نزیكتر ده‌كه‌وته‌وه گه‌رمایی له‌شم پتر ده‌بوو، ده‌ترسام ئه‌و گڕه بمسوتێنێ، به‌ته‌واوی شةڵاڵی نێو ئاره‌قه ببووم، خه‌ریك بوو هۆش له‌ده‌ست بده‌م و ئه‌ژنۆكانم كه‌وتبوونه له‌رزین، تاكه ئومێد هاواركردن بوو، بۆیه ناچار پڕ به گه‌رووم هاوارم كرد، دایه.. دایه، له‌گه‌ڵ ئه‌م هاواركردنه‌م سه‌رم له بالیفه‌كه راست ببووه‌وه و ئه‌و ده‌مه‌ی وه‌ئاگاهاتم و به‌ته‌واوی هاتبوومه‌وه‌سه‌رخۆم، سه‌رم له‌سه‌ر كۆشی خوشكه گه‌وره‌كه‌م بوو، تازه له‌رز به‌ریدابووم، به‌ڵام ته‌واو نغرۆی نێو ئاره‌قه‌ببووم، وڕێنه‌كانیشم ببوونه مایه‌ی خه‌فه‌ت بۆ خوشكه‌كه‌م. تنۆكه فرمێسكه‌كانی به‌ر روخسارم كه‌وتبوون، ئه‌وه‌نده به‌گه‌رمی له‌باوه‌شی گرتبووم هێدی هێدی فێنكی ده‌كردمه‌وه، فرمێسكه‌كانی زیاتر ئاگاداریان كردمه‌وه، كه به‌شی ئێمه هه‌ر فرمێسك رشتنه ..هه‌ر په‌راوێزخستنه.. نه‌موێرا خه‌ونه‌كه‌ی بۆ باس بكه‌م نه‌بادا ئه‌ویش رقی توندتربێت به‌رانبه‌ر به ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر، ئاخر ئه‌و ده‌زگیرانداربوو.. ئه‌وه‌نده هۆگری ده‌زگیرانه‌كه‌ی بوو هه‌میشه ناوی له‌سه‌ر زار بوو، شانازی پێوه‌ده‌كرد كه پیاوێكه له كۆژانی ژنان تێده‌گات
پیاوێكی بچووك لەپشت مێزێكی گەورەوە
چیرۆك
حەسەن مستەفا
پێش ئەوەی باسی ئەو كوڕە بكەم، كە ئێستا بەدواییدا دەگەڕِێین، پێی گوتم؛ ئەگەر نەمكەیتە پاڵەوانی سەرەكی ناو چیرۆكەكەت، تكایە ناوم مەهێنە...باوكیم دەناسی، ئەوە نەك هەرمن، بەڵكو تەواوی دانیشتوانی شار‌و تەواوی ئاواییەكانی دەوروبەریش وەك گەورەی خۆیان و بەڕێزەوە لێیان دەڕوانی....ئەو نالی ناس و مەحوی ناس و خۆی بە موریدێكی مەولەوی دادەنا... گوتبووی؛ یەكەم رۆژ كە گەیشتمە قۆناغی ناوەندی و لەناوپۆلداو لەكاتی هاتنە ژووری مامۆستای جوگرافیا، كە هەموومان لەبەری هەڵساین، رووی لەمن كردوو پێی گوتم؛ ئەوە بۆ هەڵناستی، گوتم؛ هەڵساوم جەناب، لەپشتی رەحلەكەوە خۆم خشاندە تەنیشتی رەحلەكەو راوەستام، كەزانی باڵام هەرئەوەندەیە، كە ئەو دەیبینی لەجێی خۆی تەریقبووەوەو داوای بوردنی كرد. لەو رۆژەوە لەبەرچاوی مامۆستا‌و خوێندكارەكان باڵای دەكرد و گەورە دەینواند... ئەو هەرچەندە قەدێكی كورتی هەبوو، بەڵام لەناو چاكەت و پانتۆڵە هەمیشە ئوتوكراوەكان و بەستنی بۆینباخە سادەكان شیك دەینواند. لەوەتەی بەبیرم بێت و بینیبێتم، سیدارێكم بەسەریەوە بینیوە، كە دواتر زانیم لەباپیرە گەورەیەوە بۆی بەجێمابوو، ئەو كەسێكی زۆر رێزداربوو لەگەورەیی و خۆشەویستی بەبابەشێخ ناویان دەهێنا، ئەگینا لە بنەڕەتا ناوی مستەفا بوو، باوكم هاوتەمەنی ئەوبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو نەیخوێندبوو، دەیگوت؛ جارێكیان پیاوێك لەپایتەختەوە هات، سەرەتا پێش ئەوەی سەردانی هیچ فەرمانگەیەكی حكومی بكات، سەردانی بابەشێخی كرد... بابەشێخیش هەواڵی بۆچەند دۆستێكی ناردبوو، كە لە دانیشتنەكەدا ئامادەبن، یەكێك لەوانەش من بووم، ئەو میوانە پێدەچوو پلەیەكی باڵای هەبێت لە حكومەت و حزبدا، زۆر بەڕێزەوە لەگەڵ بابەشێخ دەئاخڤی و تەنانەت چەند جارێك گوێم لێ‌بوو بە مستەفا بەگ ناوی هێناو ئێمەش ئەوانەی لەوێ بووین هەموومان سەیری یەكتریمانكردو سەیری بابەشێخمانكرد، پێمان سەیربوو كە ئەوە چەندین ساڵە ئێمە نەمانزانیوە ئەو پیاوە لە بنەڕەتدا ناوێكی دیكەی هەیە...میوانەكە بەپێداگرییەوە دەیگوت؛ فەرمانم پێیە، ئەمجارە جەنابتان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دەخەینە لیستەكەمانەوە، بەڵام بابەشێخ ئەو فەرمانەی رەتكردەوە و بەمیوانی گوت؛ رەنجتكێشاوە و لەدوورەوە هاتوویت تاكو فەرمانی سەرۆكم پێبگەیەنی، من ئەگەر خەڵكەكە داوام لێنەكەن هەرگیز ئامادەنیم بەپاڵپشتی سەرەوە هیچ پۆستێك وەربگرم.
ئەوەتا دەبینن ئەمڕۆ پێش دیارنەمانی دڵشادی كوڕی بابەشێخ كە خۆی بەجێگرەوەی باوكی دادەنا، دوو كەسێتی جیاواز هەستپێدەكەین... دڵشاد كوڕێكی كەڵەگەت بوو، بەخێرایی پلە وەزیفییەكانی دەبڕی، لەماوەیەكی زەمەنی كورتدا، بەو هیوایەی خۆی گەیشت، كەزۆر مەبەستی بوو، ئەویش چوونە پشت مێزێكی گەورەبوو، بەڵام هەر لەیەكەم رۆژی دانیشتنی لەپشتی مێز، كە قەدو باڵاكەی نەیدەهێشت سەرنج لەمێزەكەی بەردەمی بدرێت، هەستمان بەدابەزینی كێشی دەكرد... یەكەم رۆژبوو لای ژنەكەی گوتبووی؛ خەمت نەبێت، ئەگەر كار وابڕوات لەماوەی ساڵێكدا و لەساڵیادی ئەو رۆژەی كە چوومەتە پشتی مێزە گەورەكەوە، ڤێلایەكی بەدڵی تۆمان دەبێ و كام ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل نوێشە دەخەمە ژێرم... لەهەمووی سەیرتر سەد رۆژ بەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستەیدا تێنەپەڕیبوو، كێشی ئەوەندە دابەزیبوو، كە بەئاستەم لەپشتی مێزەكەو سەر كورسیەكە دیاریدەدا، هەرچەندە لەڕووی سامانەوە زۆر دەوڵەمەندببوو، بەڵام رۆژبەڕۆژ ئەو پیاوە لەكەمی دەدا، ئەوەتا ئێمە لەساڵیادی دامەزراندنیدا بەهەموومان بەدوایدا دەگەڕێین، پشت مێز و ژێر كورسی و ناو قەلەمدان و چەكمەزەكان نەما بەدواییدا نەگەڕێین، كەچی ئەو نادۆزینەوە. لەپڕ لەنێو ئاپورەكەدا یەكێك بەدەنگێكی گڕەوە كەهەر لەدەنگی بابەشێخی رەحمەتی دەكرد گوتی؛ بێهودەیە بەدواگەڕانی، بگەڕێنەوە سەركارەكانتان، پێدەچێ بووبێتە ئاو و بەناو درزی دیوارەكەدا چووبێتەخوار.
17/ 8/ 2012 هەولێر
الجمعة، 2 ديسمبر 2016
لەنیشتمان تەنیاتر
كورتەچیرۆك
حەسەن مستەفا
لەبەرئازاری جەستەم نا...لەبەر بۆنێكی نامۆ كەپێشتر و لەڕۆژانی دیكە لەم ژوورەدا بەرلووتم نەكەوتبوو بەئاگاهاتمەوە...لایەكی بەتانییەكەم هەڵدایەوە كە لەژێر خۆم رامخستبوو، لەئارەقەیەكی تەنك بەولا هیچم نەبینی...جارێكی دیكە لێی راكشامەوەو دەستەكانم خستنە ژێر سەرم و ئەمجارە وەك هەر جارێك، كە تەواو دڵم دەگوشرا سەیری بنمیچەكەم كرد، بەڵام ئەم بەرەبەیانە، لەسوچێكی بنمیچەكەدا چاوم بەپەڵەیەكی تەڕكەوت . تۆزێك هەڵسامەوەو دەستەكانم بڵاوكردن وكەمێك سەرم بۆلای سەرەوە بەرزكردەوە و چاوەكانم هەڵگڵۆفین. ئەمجارە هەستم بەبینینی دڵۆپەیەك ئاوی قاوەیی ...یان زەرد، لەم نێوانەدا رەنگێك ،كرد. كە ئەوەندەی نەمابوو بتكێتە سەر نێوچەوانم...هەر كە ئەم دڵۆپە ئاوە تكا، ئیدی دڵۆپەیەك و دڵۆپەیەك و دڵۆپەیەكی دیكە سەریانكرد...دواجار وەك چۆڕاوگە، ئاو سەریكرد و بەخوڕ داِژایەسەر بەتانییە بۆرەكەم. ئاوەكە ئەوەندە بەخوڕباری، فریانەكەوتم خۆم لادەم. من كە بەسەیركردنی بنمیچەكە مژۆڵ بووم، لەژێریشەوە تەڕایی و بۆنە دژوارەكە سەریانكرد و ئاوێكی مەیلەو سەوز و بۆر، كە هەر لەئاوی زێرابی دەكرد، لەقوژبنەكە هاتەدەر... لەم نێوانەدا ئەوەندەم پێما بەتانییەكەی سەرم لەخۆم لوولدەم و هەڵسمەوە سەرپێ، بەڵام لەماوەیەكی زۆر كورت ژوورەكە ئاو دایگرت، دەمەویست بەهەرجۆرێك بێ بەتانیەكەی سەرم تەڕنەبێ، بەڵام هەر سوودی نەبوو، چونكە دەترسام ژوورەكە پڕببێ لەئاو و كەس دەرگانەكاتەوە... ئەم ترسەم لێببوە یەقین.
ئەوەندە تینم بۆهات، ناچار هاوارمكرد، بەڵام قامچی وەشێنێك لەپشتی پەنجەرەوە بەگورزێكی خێرا زرمەی لەپشتم هەڵساند...ئەوەندە بەئازاربوو هەر لەگەستنی ماردەچوو، كە لەناكاو دەتگەزێ. قامچیێك و قامچیێكی دیكەو یەكێكی دیكەیش بەداوی یەك بەرپشتم كەوتن. بەتانیەكە لەدەستم خزی و لەناو گەناوەكە نوقمبوو، كراسە بەخوێنەكەم كە شەقارشەقارببوو، جارێكی دیكە خوێن وەك سەركردنی خونچەگوڵێك ناوبەناو چزورەیان بەست، بەڵام لەپڕ بوون بەدەمارێكی ئەستووری خوێن و بەسەر كراسەكەم بڵاوبووەوە، ئەوەندەی لێچۆڕا بكەوێتە ناو ئاوە رەنگ كایی و قەوزەییەكانی بەرپێم... لەوێ كەوتم، جارێك هەڵسامەوە..دیسان كەوتم، هەوڵمدا هەڵسمەوە، هەڵسامەوە...دیسان كەوتم، خەونم بەهەڵسانەوە بینی..كەچی ئەفسووس تائەمڕۆ لەناوبۆنی بۆگەنیوی ئاوە رەنگ كایی و قەوزەیی و سوورەكەدا لەپەل و پۆكەوتووم ...هاوارەكەم ئەوەندە خنكاوە لەژوورەكەم ناچێتەدەر!!.
الخميس، 1 ديسمبر 2016
رۆمانی گرگن
خوێندنەوەی : حەسەن مستەفا
رۆمانێكە لەتوێی 283 لاپەڕەدا لەنووسینی پیێر لاگەر كڤیست و وەرگێڕانی بۆ زمانی كوردی خەبات عارف.
گرنگی چاپكردن‌و وەرگێڕانی ئەم رۆمانە بۆ زمانی كوردی لەوەدا دەبینمەوە كە نووسەرەكەی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە. ئەگینا شتێكی تازە لەم رۆمانەدا نابینییەوە هەستت ببزوێنێ. یان جیاوازیێكت پێببەخشێ لەگەڵ چیرۆكێكی جەنگ كە لاپەڕەكانی مێژوو پڕیانە لەمجۆرە چیرۆكانە.
رۆمانەكە لەزاری كەسێك دەگێڕدرێتەوە بەناوی پیكۆلینۆیە. كە تەنها یەكجار لەم رۆمانەدا ناو ی هاتووە لەسەر زاری ئەنجێلیكا . ئەو لەزۆر جێگەدا وەسفی خۆی دەكات كە كەسێكی گرگنە و هەمیشە دەڵێت: منی گرگن یان ئێمەی گرگن. هەر لەدەستپێكدا دەڵێ: بەژنم تەنها بیست‌و شەش ئینج درێژە و ئەندامەكانی لەشم لەگەڵ یەكتردا گونجاو و پێگەیشتوون. رەنگە سەرم نەختێك لەسەری ئاسایی زلتربێت. قژم وەك قژی خەڵكی ئاسایی رەش نییە. بەڵكو مەیلەوسوورە، زبر‌و چڕە لە لاجانگەكانمەوە، هەروەها لەسەر ناوچەوانە پانوپۆڕەكەم، كە هێندەیش بەرز نییە، بەرەودواچووە. دەموچاوم بێ ریشە، بەڵام وەكوتر كتومت وەكو دەموچاوی هەر پیاوێكی ترە. برۆكانم پەیوەستن. لەشم زۆر بەهێزە ...هتد. ئەم وەسفەم بۆیە نووسینی چونكە رەنگە زۆربەمان ئەم جۆرە كەسانەمان نەبینییبن.
رۆمانەكە زۆر دوورناكەوەێتەوە لەكۆشكی میرێك كە ئەویش وەك هەر میرێكی دیكە رۆژانە لەپێشوازی شاعیران و رۆشنبیران‌و ئەستێرەناسان‌و فەیلەسوفان‌و زانایان‌و هونەرمەندا...هتد. دایە كە هەریەكەی بەجۆری خۆی دەیەوێ خزمەتێك بەمیر ببەخشێ.
هەروەها وەك هەر كۆشكێكی دی پڕیەتی لە چیرۆكی عەشقبازی میرژن و كچەكەی، كە میرژن ( تیۆدۆرا) دەیان دۆست دەگرێ‌و بەڕیێان دەكات، بەڵام عەشقەكەی بۆ دۆن ریكاردۆ شتێكی دیكەیە كە میرژن زۆر عاشقی ئەو پیاوە دەبێ، هەرچەندە ریكاردۆش وەك سەرجەم عاشقەكانی دیكە لەناودەبرێ، بەڵام مردنەكەی ئەو جیاوازتر لەوانی پێش خۆی كە شاژن دەستی هەیە لەكوشتنیان لەمەیاندا پێدەچێ میر بەئەنقەست لەگەڵ ئەو میوانانە دایبنێ كە بەنیازە ژەهرخواردیان بكات‌و بەژەهرخواردن كۆتایی بەژیانی دێت . لەدوای مردنی ریكاردۆ میرژن دەكەوێتە بارێكی دەروونی زۆر خراپ‌و گۆشەگیری هەڵدەبژێرێ‌و رۆژەكانی بەپاڕانەوە لەخوا‌و پەیكەری لەخاچدراوی مەسیح دەباتەسەر و پەنا بۆ رۆحی مەسیح دەبات كە بیبورێ هەر بەم دەردەیشەوە سەر دەنێتەوە‌و تا كۆتایی بەژیانی ئەویش دێت.
چیرۆكی عەشقی كچەكەیشی لەگەڵ كوڕە میر جیۆڤانییە، كە دەكاتە كوڕی ئەو میرەی دوژمنایەتی هەیە لەگەڵ باوكی ئەنجێلیكا . هەرچەندە میری باوكی جیۆڤانی‌و نزیكەی لەدووسەد سوارچاكیی لەپیلانێكی نامەردانەدا بەدەستی باوكی ئەنجێلیكا یان ژەهر خوارددەكرێن یان سەریان دەپەڕێنرێت لە دوای جەنگێكی ماڵوێرانكەرە...بۆ ئاشتی، بانگی كۆشكی خۆیان دەكات‌و لەداوەتەكەدا بەم كارە رادەبێ. بەڵام هەموو ئەو رووداوە ناخۆشانە رێگە لە جیۆڤانی ناگرن كە بەدزی سەردانی ئەنجێلیكا بكات‌و عەشقی لەگەڵ بگۆڕێتەوە. بەڵام بەهۆی هەستپێكردنی گرگن بەم رووداوە و ئاگاداركرنەوەی میر لێی‌و گەورەكردنی رووداوەكە بەوەی دوژمن دزەی كردووە بۆناو كۆشك ئیدی سەری جیۆڤانی لەلاشەكەی جوێدەكەنەوە‌و فرێی دەدەنە ناو رووبارەوە، هیچی وایشی پێناچێ ئەنجێلیكایش خۆی بەرووبارەكەدادێرێ وەك وەفایەك بۆ عەشقە پاكەكەیان . چیرۆكی عەشقی ئەم دووانە زۆر لەچیرۆكە رۆژهەڵاتییەكانەوە نزیكە كە خۆشەویستی و مەرگ ئاوێزانی یەكتر دەبن بۆ ئەوەی چیرۆكیی ئەویندارییەكە بەنەمری بمێنێتەوە.
بیرناردۆ كەسێكە كە رۆڵی لەهەمووان زیاترە لەم رۆمانەدا بەحوكمی ئەو هەموو كارە زۆرانەی ئەو پیاوە پێی رادەبێ هەر لە دەستی هونەری و پەیكەرتاشیی كە شوێنە ئایینی و بورجەكان تژی دەكات لە وێنەی مەسیحی باوك‌و گێڕانەوەی چیرۆكی بەهەشت‌و دۆزەخ‌و بەشینەوەی نان‌و شەرابی پیرۆز و دروستكردنی وێنەی میرژن و گرگن و هەموو ئەو كەسانەی كە میر حەزبكات بیانكێشێ...تادەگات بەئەناتۆمیی كە هەڵدەستێ بە شیكردنەوەی (تەشریحكردنی) لاشەی مردووان‌و بەدیاریكراویش لاشەی فرانسیسكۆ لەم رۆمانەدا، هەروەها فیكر‌و فەلسەفە‌و لێكۆڵینەوە لەپرسە ئاڵۆزەكانی ژیان‌و سروشت و گەردوون تا ئەستێرەناسیین و دیاریكردنی ئاییندەیەك بۆ میر‌و دەسەڵاتەكەی و دیارییكردنی رۆژانی بەخت‌و شەڕ‌و ئەمجۆرە شتانە...هەروەها پزیشكی و شارەزا لەدروستكردنی تۆپ‌و چەكی جۆراوجۆر‌و لەهەمانكاتیشدا جەنگاوەرێكی زۆر ئازایە. بەلای خۆمەوە هەرچەندی سەرنجی ئەم كەسایەتییە دەدەم زۆر بەنزیك لە كەسایەتی لیۆناردۆ دافینشی دێتەبەرچاوم كە ئەویش لەزۆر بواردا بەهرەمەند بووە و كەسێكی مەسیحیش بووە.
هەڵگیرسانی جەنگ‌و بڵاوبوونەوەی پەتا بەشێكی زۆری ئەم رۆمانەداگیردەكات بەبێئەوەی بەدەرئەنجامێكی روونمان بگەیەنێ ئەوەنەبێ وڵات وێران دەبێ و دیسان هەوڵی بووژانەوەدەدەن.
ئەم رۆمانە زیاتر وەك رۆمانێكی مێژوویی ئەژماردەكرێ، كە باس لەسەردەمی زێڕینی ئایینی مەسیحی‌و رۆڵ‌و كاریگەریی ئەم ئایینە بەسەر كۆمەڵگای رۆژاوادا. پێدەچێ رووداوەكانیشی لە ئیتاڵیا‌و ئەو دەورووبەرەدابن.
هیچ رۆمانێك نیە خاڵی بێ لەستاتیكا و جارجار زمانی شیعری، بەڵام ئەوەی تێبینییمكرد لەم رۆمانەدا خاڵی پۆزەتیڤی ئەوتۆی تیانەبوون كە بمباتەسەر كانیی جوانی، نازانم كارگەریی وەرگێڕانەكەیە لەسەری یان هەرخۆی ئاوا هیشك‌و بریشكە. هیچی نوێی بەمن نەبەخشی كە پێشتر نەمبیستبێ . ساردت ناكەمەوە لەخوێندنەوەی ... بیخوێنەوە بەڵكو خوێندنەوەیەكی تازە بەتۆ ببەخشێ.
ئەو سەردەمەیەم خۆش ئەوێ
لەگفتوگۆیەكی نێوان ماتیلد و ژوولییەنی پاڵەوانی رۆمانی "سوور‌و رەش"ی ستانداڵ لەلاپەڕە 408 دا ماتیلد بە ژوولییەن دەڵێ: ( جەنگەكانی "یەكگرتن" ی سەردەمی پاڵەوانی مێژووی فەرانسەیە. لەو سەردەمەدا هەموو كەس بەئارەزووی دڵی خۆی ئەچوو بۆجەنگ. هەموو كەس بۆسەركەوتنی پارتەكەی ئەچوو بۆجەنگ، نەك وەكو ئەم سەردەمی ئیمپراتۆرییەی ئێوە، لەڕێگەی خراپەكارییەوە مەدالیایەك بەدەستبهێنی، ئەبێ دان بەوەدابنێین كە لەو سەردەمەدا خۆپەرستی و سپڵەیی كەمتربوو. من ئەو سەردەمەیەم خۆش ئەوێ!"
منیش ئەو سەردەمەیەم خۆش ئەوێ كە شۆڕشی رزگاریخوازی كورد لەم بەشەی كوردستان سەرەڕای كەموكوڕیی زۆر‌و لەمپەری زۆر لەبەردەمییدا لەلایەك‌و ئەوپەڕی بەهێزی رژێمی بەعسیش لەلایەكی دیكەدا، بەڵام ئومێدێك و نەخشەیەك هەبوو بۆ دواڕۆژ ، ئەورۆژگار ئەگەرچی زۆر سەخت و بێ قوربانیی نەبوو، بەڵام بۆ شتێك دەژیاین كە سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری لەئامانجە مەزنەكانییبوون، ئەمڕۆ هەرچەندە بەڕووكەش لەدۆخێكی بەمشێوەیەداین، واتاخۆحوكمڕانیین، بەڵام لەسایەی ئەو حوكمڕانێتییەدا بەپێچەوانەی ئامانجە پیرۆزەكانی ئەوێ رۆژێ، تەواوی وڵات نغرۆبووە لەگەندەڵی" بە بێشەرمیش هەموویان دانی پێدادەنێن"، شتێك نەماوەتەوە بەناوی ئومێد، ئەوەی هەیە ژیانێكە لەپێناو ژیان ، لەپێناو مانەوەیەكی نەمرەو نەژی. ئەمە ئەو بەخششەیە كە بەمیللەتی رەوا دەبینن. ئەمە ئەو دەستكەوتەیە كە نابێ لەوە زیاتریان لێچاوەڕوان بكەین.
الاشتراك في:
الرسائل (Atom)