ڕۆمانی مۆرانە
نووسینی :بزورگ عەلەوی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ڕەسووڵ سوڵتانی
ئەم ڕۆمانە ٣٧٠ لاپەڕەییە، سەربردەی کابرایەکی ساواکییە، کە لە خزمەت ڕژێمی پاشایەتی محەمەد ڕەزاشا بەرفەرمانە. نووسەر زۆر بە وریایی دەچێتە ناو وردەکارییەکانی کار و ئاکار و سایکۆلۆژیای کەسانێک، کە پیشەیان چاودێرییکردن و ڕاپۆرت نووسین و ملشکاندنی کەسانی گومانلێکرا و ئۆپۆزیسیۆنن بە دەسەڵاتی ڕەزاشا.
لە هەر کوێ پێویست بکات (چ لە ناوەوەی وڵات، یان دەرەوە) درێخی ناکەن، دەبنە چاوی دەسەڵات و گەنجان و خوێندکاران دەخەنە ئەڵقەی چاودێریی و تەڵەیان بۆ دائەنێنەوە و دەستەمۆیان ئەکەن و ڕایاندێنن لەسەر سیخوڕییکردن، لەبەرانبەر پارەیەکی کەم.
باس لەوە دەکات، تەرکیزی شا و دارودەستەکەی زیاتر لەسەر چالاکیی چەپەکان بووە، بێئاگا لەوەی لەژێرەوە پیاوانی ئایینی خەریکی خۆڕێکخستن و بنکۆڵکردنی دەسەڵاتن. ئەوکاتەی بەئاگادێنەوە درەنگ دادێ. دەستەپاچە دەبن، دووچاری خیانەتی نێوخۆیی و ڕاکردنی وەزیر و گەورە کاربەدەستان و ئەفسەر و پلەداریی ساواکی و کەسە نزیکەکانی شا دەبن. نە چاکسازیی دادی شا دەدات، نە دیموکراسییەت لەژێر فشاردا، بۆیە ئەو کۆتاییە دەبینیین، کە دەیسپێرێتە سەرەتایەکی تازە و تا ئێستا بەردەوامیی هەیە.
ئەوەی ڕۆمانەکەی جوانتر کردووە، خوشکی ئەو کابرا ساواکییەیە، کە لەبەرەی شۆڕشگێڕانە و سەرکەوتن بەدەست دێنێ.
لێرە لەم لاپەڕەیە، هەر هێندە بوار هەیە بۆ نووسین و خستنەڕوو، هیوادارم ئەوانەی عاشقی خوێندنەوەی ڕۆمانن بیخوێننەوە.
دەستخۆشانەش لە وەرگێڕ دەکەم، کە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق