الثلاثاء، 20 فبراير 2024

کوردبوون

 کوردبوون

بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی. 


لە چاپی سێیەمدا فریای خوێندنەوەی بەش بە بەش و تەواوی ئەو دەق و سەرچاوانەدا کەوتم، کە لە توێی کتێبەکەدا هەڵگیراون و دەوڵەمەندیان کردووە. 

پێشتر لە بەشێک لە هاوڕێیانی خوێنەر، ئەوانەی کتێبناسن زۆر ئاماژەیان بۆ ئەم بەرهەمە دەکرد، زۆر بە سەرسامییەوە باسیان لە ڕۆڵی کاپیتان حەمەدی مەولوودی دەکرد. کە خوێندمەوە، ئەڵێم هێشتاش ئەوان کەمیان گوتووە لەبارەیەوە، ڕاستە بە زمانێکی سادە نووسراوە، بەڵام هیچ لاپەڕەیەکی نییە بۆ لاپەڕەی دوای خۆی بەکێشت نەکات، ئاخر ئەو ژیانی کولەمەرگی خۆی زۆر بە ڕوونی باس لێکردووە و هیچی لێ نەبواردووە، جیا لەوەی زۆر ئازا و بە دەست و برد بووە، باسی کێماسییەکانی خۆیشی کردووە، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ خوێنەر کە باشتر سەرنجی بخاتە سەر دێڕەکان. 

ئەو پیاوە یەکێکە لە کەسە سەرنجڕاکێشەکانی نێو بزاڤی خەبات و تێکۆشان، ڕایەک هەیە ئەڵێ : پیرۆتی ناو ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی، کاراکتەری حەمەدی مەولوودییە، ئەو کە لە سەردەمی منداڵی خۆی و ئەو نەهامەتیانەی زڕدایکی بەسەریهێناون، دواجار پێدەچێ هەر بەو زەبرەی حەمەدی مەولوودی لەو زڕدایکەی داوە فەوتی کردبێ، دەست پێدەکات، تا دەگات بە تەمەنی هەرزەکاریی و ئەو هەموو ئیشانەی ڕۆژگار هێناویەتیە پێشی و دواجاریش وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ئازا، کە ناوبانگی لەهەموولایەک بڵاوبۆتەوە، تەنانەت لە دوای تێکچوونی کۆماری کوردستانیش لە مەهاباد، لە دیوی عێراقێ ڕژێمی پاشایەتی ئێران وازی لێناهێنن و داواکراوی ژمارە یەکیان دەبێ، لێرە چیرۆکێکی خۆش هەیە، کەسێک لە خزمەت شێخ عەلائەدینی خەلان، بەهەمان ناو لەسەر دەستی شێخ تەسلیم بە ئێران دەکرێت، بەڵام کە بۆیان دەرەکەوێ ئەو حەمەد مەولوودە هەمان ئەو داواکراوە نییە، پاش چەند مانگێک هێنان و بردنی ئازاد دەکرێ، ئەم چاکەیەی وەک منەتێک لەبیرناچێتەوە کە شێخ عەلاوەدین، بەزمانی خۆی کە ئاوا ناوی هێناوە لە بیرناچێتەوە. پاشان خۆی دەگەیەنێتە شۆرەوی و لە باکۆ دەگیرسێتەوە و لەوێ سەرلەنوێ خێزان پێکەوەئەنێ و کچێکی پەیدا ئەبێ بەناوی یای ڕووناک.

هەرچی سەبارەت بە پێشناوی کاپیتانیشە، پلەیەکی پێشمەرگایەتی بوو لە سەردەمی حکومەتی کوردستان و لەلایەن پێشەوا قازی پێی ئەبەخشرێ لەپای ئازایەتی و ئەو چالاکییانەی پێشکەش بە کورد و کوردستانی کردوون، هەروەها یەکەم میدالیای قارەمانێتی پێبەخشراوە، وەک  گیانفیدایەک. 

تا ژیاوە، بۆ کورد و کوردستان و ئاڵا و پێشەوا، دڵسۆز بووە و خیانەتی لەم ڕەمزانە نەکردووە. 

لەهەمووی کارەساتبارتر مردنەکەیەتی، ئەو شەوەی کچەکەی پێی ڕائەگەیەنێ کە ڕژێمی شا ڕووخا، ئەو شەوە لە خۆشیان ناخەوێ، خێرا بڕیار ئەدات سبەی ئەگەڕێتەوە مەهاباد، بۆ بەیانییەکەی کە کچەکەی ئەچێتە ماڵی لە دەرگا ئەدات دەرگا ناکرێتەوە، چەندجار لێئەدا هیچ وەڵام نییە، پاشان لە پەنجەرە ئەبینێ باوکی لەسەر کورسی بە قات و بۆینباخ دانیشتووە و لەوێ گیانی بەخشیووە. ئەم هەواڵە بۆ ناوەخۆی وڵاتیش ئەبێتە کارەساتێکی جەرگبڕ، چونکە خەڵکی مەهاباد چاوەڕوانی گەڕانەوەی کاپیتان بوون، بەتایبەت خورشیدی خێزانی و منداڵەکانی و دۆستە ئازیزەکانی. 

لە کۆتاییدا ئەڵێم هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو فەرماندە ئازا و چاونەترسەی کوردستان بێت.

هەروەها پیرۆزبایی لە دەرکردنی ئەم بەرهەمە بەپێزە لە خوێنەرانی کورد، بە تایبەتتریش لە کاک وریا ماملێ نەوەی کاپیتان ئەکەم، کە ئەرکی کۆکردنەوە و داڕشتنەوە و نووسینیەوەی سەرلەبەری یاداشتەکانی گرتۆتە ئەستۆ و زەحمەتیێکی زۆری لەگەڵدا بینیووە، شایانی باسە کاپیتان  ئەکاتە باپیری وریا ماملێ لەڕێی دایکییەوە، واتا ئامینەخانی کچە گەورەی کاپیتان.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق