ڕۆمانی بەندەر فەیلی
بەختیار عەلی
چاپی دووەم/ ٤٥۷ لاپەڕە
ئەم ڕۆمانە باس لە ژیانی کوڕێکی کوردانی فەیلی دەکات، لە زیندان لە دایکێکی کوردی فەیلی بەناوی ئیسرا مەلەکشاهی لەدایک دەبێ، دوای ئەوەی دایکی لەلایەن نەقیبێکی بەعسی بەناوی یاسر شاهین ئەلبوحەردان دەستدرێژیی سێکسی ئەکرێتەسەر.
ئەم ڕۆمانە پێداچوونەوەیەکی مێژووییە بە تراژیدیایەکی تری نەتەوەیی - مەزهەبی لەپاڵ ئەو تراژیایانەی بەسەر کورد و شیعە مەزهەبەکانی عێراقدا هاتوون لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا.
ماوەی باس و ڕووداوەکان بیست و سێ ساڵ لەخۆدەگرێت، واتا لە ساڵی ۱۹٨۰ بۆ ۲۰۰۳ .
گرنگیی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە نابێ هەر لەدیوە مێژووییەکەی سەیربکرێ، بەڵکو ڕەهەندە سایکۆلۆژییەکەی زۆر قووڵە و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە.
هێشتنەوەی بەندەر فەیلی لەزیندان، بە پلەی یەکەم بۆئەوەبووە بێچووە بەعسیێکی لێ بەرهەم بێنن، کە لە نەوزادەوە تا گەورە دەبێ لەژێر پەروەردەی چڕی بەڕێوەبەری زیندان و سەرپەرشتیاری بەشی سێدارە چاوی ببێتەوە و جەللادێکی توندوبەندی لێ دەربچێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، بەندەر لەبری ئەوەی ببێتە جەللاد دەبێتە ناودارترین خەتخۆشی وڵات.
بەهۆی ئەوەی ئەوانەی لەناو زیندان وانەی جۆراوجۆری فێردەکەن لە مەحکومانن بە سێدارە، سۆزێکی لە ڕادەبەری بۆ مەحکومان پەیدا دەبێ و تەنانەت لەگەڵ مامۆستا یوسرا، کە یەکەم ئافرەتە ئاشنای دەکات بە جەستەی ژن و بواری ئەوەی پێدەدات دەست لە لەشی بدات بە ڕووتی و وانەی خۆشەویستی دادەدا، هەروەها نەدا بوستامی یەکێکی ترە لەو ئافرەتانەی لە زیندان دەچێتە لای تا شتی لێوە فێرببێ، بەڵام جوانیی نەدا وای لێدەکات یەک لایەنی بکەوێتە داوی عەشق، کە پێشتر لەلایەن مامۆستا یوسراوە زۆری لەبارەی عەشق و خۆشەویستییەوە بۆ باس کرابوو، بۆ گەیشتن بە نەداش دوای ئازادبوونی بەهۆی لێخۆشبوونێکەوە، بەندەر هەوڵی ڕاکردن لە زیندان ئەدات، بە نەداش ئەگات، بەڵام ناتوانێ خەونەکەی بەدی بێنێ و بۆ جاری دووەم لە ڕاکردنی لە زیندان دەستگیر دەکرێتەوە و ئەمجارە، زۆر بەتووندی لەلایەن سەید شەهابی خوزاعی و بەڕێوەبەری زیندانەوە بەتوندترین شێوە سزادەدرێ و لە ژوورێک دەکرێت بۆ ماوەی حەوت ساڵ ڕووناکی دەرێ نابینێ و هەموو ئەو شتانەی لەماوەی ڕابردووش فێری ببوو ڕۆژ بەڕۆژ لەبیریان دەکات و تەنانەت وشەکانیشی بیرنامێنن و وێنەی درەخت و بەندییەکانیشی بیرنامێنێ، بەتەواوی لەو زووڵمەتە قووڵە ئەبێتە مەخلوقێکی ناوازە، تا دەگاتە ئەوەی ئەمریکییەکان بۆ جاری دووەم دێن و ئەمجارە دیکتاتۆر دەڕوخێنن و ئازاد دەبێ، بەڵام ئەو هەمیشە ئەو وشەیە دووبارە دەکاتەوە، من ئازادم؟ ئازادی ئەمەیە؟ تا دواجار بەهۆی ئەوەی ناگاتە پلەی کەمال لەو ئازادییەی هەموو باسی دەکەن دووچاری نەخۆشی تەنگەنەفەسی دەبێ و لەیەکێک لە ڕۆژانی ئەنجامدانی سزا بەسەر ئەو سێ تاوانبارەی پێشوو بەرپرس بوون لە لەسێدارەدانی هاوڵاتیان، بەتوندی ئەکەوێت بە زەوییدا و سەری بەر ناوکەوەکە دەکەوێ و بێهۆش دەبێ، بەهۆی ئەمەوە بۆ تاهەتا ئەکەوێتە ژێر چارەسەری هەناسەی سروشتی و بۆ ئەبەد ژیانی لە زیندانەوە دەکەوێتە ناو چوار دیوارەکانی نەخۆشخانە.
ڕووداوەکان ئەوەندە بەجوانی بەدوای یەک دادێن، هیچ گرێیەک لەگێڕانەوەدا نایێتەڕێت.
ئەم ڕۆمانەی بەختیار عەلی، هەموو ئەو پرسیار و گومانانە ڕائەماڵێ، کە هەبوون دەیانگوت، نووسەرە گەورەکانمان هیچیان نییە لەسەر تراژیدیاکانی نەتەوەکەمان، ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیش دوو هەوڵی جیاوازن لە لایەن نووسەرەوە لا لە پرسی نەتەوە دەکەنەوە.
یەک تێبینیی هەیە پێویستە لێرە بیخەمەڕوو، ئەم ڕۆمانە لە ۳۹ بەش و کۆتایێک پێکدێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەشی ۳٦ ی تێدانییە، پێئەچێ لە ڕیزبەندیی ژمارەکان ئەو ژمارەیە پەڕیبێ، چونکە لەنێوان بەشی ۳٥ و ۳۷ دا هیچ فاسیلەیەکی مێژووی ئەوتۆ بەدیناکرێت و ڕووداوەکان لەناو یەکدان. هیوادارم ئەم هەڵەیە لە چاپی سێیەمدا چاک بکرێتەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق