ڕۆمانی چاوەکانی
ئێران، یەکێکە لەو وڵاتانەی لەمێژووی بەردرێژی حوکمڕانێتییدا زۆرترین گۆڕانی سیاسی بەخۆوە بینیوە، شێوەی ڕژێمەکان و شێوازی دەسەڵات و کردەوەکانییان دەرخەری ئەو ڕاستییەن.
زۆر نووسەری ئێرانی هاتوون ئەم گۆڕانکارییە سیاسیانەیان تێکەڵ بە بابەتەکانیان کردووە، یەکێک لە دیارترین سیما درەوشاوەکانی ئەم نووسینانە، بوزورگی عەلەوییە، لەڕێی چیرۆکە بە پێزەکانی توانیویەتی ڕەخنەی بنیاتنەر بگرێ و تراژیدیای ئەو نەهامەتیانەی دەسەڵات دەیانخۆڵقێنێ و لە هەمان کات کۆمێدیای کەوتنیان ئاوێتە بکات.
ئەم دیاردەیە لە ڕۆمانی چاوەکانی زۆر بە جوانی ڕەنگدانەوی هەیە، لەلایەک ماکانی ئارتیست، کە بەهرەدارێکی بواری نیگارکێشانە و لە سەرانسەری ئێران نێوبانگی هەیە، لەپاڵ پیشەکەی وەک ڕابەرێکی ئۆپۆزیسیۆنیش کاردەکات و دەرەوەی وڵات بە ناوەوە لەڕێی تۆڕێک گەنجی ئۆپۆزیسیۆن بە دەسەڵاتی ڕەزاشا ڕایەڵ دەکات.
یەکێک لەو گەنجانەی تێکەڵ بە کاری سیاسییان دەبێ کچێکی نەشمیل و چاوکەژاڵ و لەباری وەک فەڕەنگیسە، کە بەهۆی جوانییە سەرنجڕاکێشەکەی هەرچی گەنجی ئێرانی و فەڕەنسییە بەلای خۆیدا کەمەندکێش دەکات و تا تێردەبێ لە ئارەزووەکانی درێخی ناکات، بەڵام ئەوەی لەسەر دڵی ئەبێتە گرێ بێ توانایی خۆیەتی بۆ ڕاکێشانی مەیلی ماکان بەلای خۆیەوە. بۆیە بەخۆیشی نازانێ دواجار چۆن ئەکەوێتە داوی عەشقی ماکان، لەکاتێکدا ماکان کەمترین گرنگی پێدەدات و هیچ ڕۆژێک و لە هیچ دیدارێک ستایشی جوانییەکەی ناکات، فەڕەنگیش دەگاتە ئەو ئاکامەی ڕەنگە هەر ئەو بێ موبالاتییەی ماکان تاکە هۆکاربێ، کە خۆشی بوێ و ئامادەبێ هەموو قوربانیێکی لەپێناودا بدات، چونکە هەڵسوکەوتی ماکان تەواو جیاوازە لە هەڵسوکەوتی گەنجە چاپلووسەکانی تر، ئەو نازانێ مەرایی بکات، بەڵکو زۆر بە سادەیی و بە ساردی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات.
بۆ بەختی خۆی فەڕەنگیس ئارەزووی نیگارکێشانی هەیە، بەڵام بێ بەهرەیە لەو هونەرەدا، کەچی تابلۆکانی لەلایەن حەشاماتێک لە گەنج و تەنانەت ئەوانەی لە بواری نیگارکێشان خۆیان وەک مامۆستا نیشان دەدەن، ستایش دەکرێن و دەبرێنە ئاسمان. تا ڕۆژێک باوکی پێشنیاری بۆ دەکات، کە سەردانی ماکانی گەورە نیگارکێش بکات و دەچێت، بەڵام لەم دیدارەدا تووشی بێئومێدیێکی زۆر دەبێ، لەوەی ماکان هیچ گرنگی بە تابلۆکانی نادات و ناڕاستەوخۆش پێی دەڵێ بە کارێکی ترەوە خۆت سەرقاڵ بکەی باشترە.
ئەم شکستە وای لێ دەکات ڕق لە ماکان هەڵبگرێ و بە کەسێکی خۆپەرست و لەخۆبایی بناسێ. تا دوای ئەوەی بۆ خوێندنی هونەر ڕوودەکات فەڕەنسا و لەوێشەوە سەردانی ستیڤانۆی گەورە هونەرمەندی ئیتاڵی دەکات، ئەویش بەهەمان شێوەی باوکی باسی گەورەیی ماکانی لەگەڵدا دەکات و لەوێ تێدەگات، ماکان چەند هونەرمەندێکی مەزنە، گەر وانەبێ چۆن ئاوا لەلایەن ستیڤانۆوە ستایش دەکرێ، بۆیە بڕیاردەدات هەرکە گەڕایەوە ئێران ڕاستەوخۆ سەردانی ماکان بکات. لەگەڕانەوەیدا نامەیەکیش بۆ ماکان دێنێ، کە لەلایەن کوڕێکی هاوڕێی خۆی کە هونەرمەندە بۆ ماکان دەنووسرێ، ئەویش بەهەمان شێوەی ماکان لەلایەن ستیڤانۆوە ستایش دەکرێ، کە ئەتوانین بڵێین ئەم کوڕە دیوێکی دیکەی ماکانە لەهەموو ڕووێکەوە. ئەم نامەیە فەڕەنگیس کێشی ناو دنیای سیاسەت دەکات و ئەبێتە جێی باوەڕی تەواوی ماکان، چەند جارێک پێکەوە دەردەچن و دەچنە سینەما و گفتوگۆ و تەنانە دەستگوشین و ماچیشی تێدەکەوێ، ئەمانە خواستی فەڕەنگیسن، بەڵام ماکان هیچ لە ئەتوارەکانی نەگۆڕاون ... هەمان ماکانی جارانە، بە پێچەوانەی لێکدانەوەی فەڕەنگیس، لەم بەشە نووسەر زیاتر مەبەستەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ماکان خەریکی کاری سیاسییە و پاڵنەری خۆشەویستی فەڕەنگیسیش بۆ ماکان وای لێدەکات بچێتە پاڵ خواستە ساسییەکانی و ببێتە هەمەکاریان.
ئەم بڕیارە بە دڵی ماکان دەبێ، چونکە پێگەی خێزانی فەڕەنگیس زۆر گرنگە بۆیان، بە تایبەت، کە ئارامی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی خزمێکی نزیکیانە، هەر لە ڕێی ئارامەوە یەکێک لە هاوڕێ تێکۆشەرەکانی زیندانی پێ ئازاد دەکات. هەروەها دواجار فەڕەنگیس سەودا بەخۆی دەکات بۆ ئازادکردنی ماکان. ئەمەش تاکە مەرجی ئارامە کە ئەمانەی بۆ دەکات بەو مەرجەی ببێتە هاوسەری، دواجار بەم مەرجە ڕازیی دەبێ تەنیا لەبەرئەوەی ماکان لە زیندان ئازار نەدرێ و تاوانەکەی لەسەر سووک بکرێ. ئارام وادەکات، بەڵام لەبەرئەوەی تاوانباری پلە یەکە لەبەر شا ناتوانێ بە تەواوی ئازادی بکات، بەڵکو بۆ کاڵات دووری دەخاتەوە، ئەو شوێنەی دەبێتە دوا مەنزڵی ماکان و هەر لەوێ کۆچی دوایی دەکات.
بەشی زۆری ئەو چیرۆکە لەلایەن فەڕەنگیسەوە بۆ چاودێری مۆزەخانەی ماکان دەگێڕدرێتەوە، کە دوای کۆچی دوایی ماکان شوێنەکەی دەکرێ بە مۆزەخانە و کارە هونەرییەکانی تیا نمایش دەکرێت. ئەم بە ئاسانی بە دەستەوە هاتنی فەڕەنگیسیش بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو ڕاستیانە بۆ چاودێر، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، کە تابلۆی چاوەکانی بۆ بێنێتە ماڵ و پێی بفرۆشێ، چونکە ئەم کارە ڕایەڵێکی بەهێزی نێوان ماکان و فەڕەنگیسە، کارێکە کە ماکان بۆی کردووە و تابلۆی چاوەکانی کێشاون. هەرچەندە فەڕەنگیس لە دوایین ڕستە پێمان دەڵێ "تابلۆکەشتان بەرنەوە! ئیدی من هیچ پەیوەندییەکم بەم تابلۆیەوە نەماوە. مامۆستاکەی ئێوە بە هەڵەدا چووە ... ئەم چاوانە هیی من نین!"
ئەمە پوختەی ئەم ڕۆمانەیە، لێرەدا نەمانتوانی باس لە تێکچوونی شیرازەی خێزانی فەڕەنگیس بکەین، کە باوکی بەهۆی بەشداریی سیاسی کچەکەی ئەکەوێتە زیندان و دواتر لەسەر داوای فەڕەنگیس ئەنێردرێتە کەربەلا و دایکیشی بەدواییدا سەری خۆی هەڵدەگرێ بۆ ئەوێ، یان کاراکتەرێکی گرنگ هەیە لە نێوان ماکان و فەڕەنگیس ئەویش ئاغا ڕەجەبی فەڕاشی ماکانە و پیاوێکی سەڕاست و دڵسۆزی ماکانە و ئەویش بەهۆی بەشداری سیاسی زیندانی ئەکرێ و دواتر ئازاد دەکرێ. لە لایەکی تر باسمان لە ڕاڕایی و هەلپەرستی ئارام نەکرد، کە ئەو باش دەزانێ ئەم دەسەڵاتە لەرزۆکە و لە کەوتن نزیکە و هەمان کات ئاوات بە شوێنگرتنەوەی شا دەخوازێ، لەم بەشە و بە خستنەڕووی ئەو ڕاستیانە کۆمێدیای دەسەڵاتمان نیشان دەدات، کە چەندە زەبر و زەنگ و زیندانەکان دەخەنەگەڕ ئەوەندەش بێ متمانەیی ناوخۆ و هەرەسی تەواو پاڵیان پێوە دەنێ ئەم کارانە بکەن.
شایانی باسە ئەم ڕۆمانە پازدە جار بە کوردی چاپکراوەتەوە و لەلایەن وەرگێڕی بە توانا ئازاد بەرزنجی کراوەتە کوردی.
خوێندنەوەی: حەسەن هەندرێنی
٢٠٢٣/١٢/٦هەولێر
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق