الثلاثاء، 20 فبراير 2024

دڵنیام هەموو بەیانیان

 دڵنیام هەموو بەیانیان

بەو تاقە جادەیەی ناو جەرگەی شار تێدەپەڕی

دوکان دوکان، لە دەرگای دڵی دوکانداران ئەدەی

بە ڕۆژباش تاک تاکیان بەسەرئەکەیتەوە

هەموویان باشترین ڕۆژت بۆ دەخوازن

هەموویان دەست لەسەر سنگ، سڵاو لە ڕۆحی سپییت ئەکەن

ئاسوودەن کە ئەبینن شادی

ئاسوودەن کە جێت نەهێشتوون.


تێبینی:

١- وێنەکەم لە ئەرشیفی هونەرمەند تەیب موعتەسەم وەرگرتووە.

٢-وێنەکە مامۆستا زرار محەمەد و هونەرمەند تەیب موعتەسەمن.

چاوەکانی

 ڕۆمانی چاوەکانی 


ئێران، یەکێکە لەو وڵاتانەی لەمێژووی بەردرێژی حوکمڕانێتییدا زۆرترین گۆڕانی سیاسی بەخۆوە بینیوە، شێوەی ڕژێمەکان و شێوازی دەسەڵات و کردەوەکانییان دەرخەری ئەو ڕاستییەن. 

زۆر نووسەری ئێرانی هاتوون ئەم گۆڕانکارییە سیاسیانەیان تێکەڵ بە بابەتەکانیان کردووە، یەکێک لە دیارترین سیما درەوشاوەکانی ئەم نووسینانە، بوزورگی عەلەوییە، لەڕێی چیرۆکە بە پێزەکانی توانیویەتی ڕەخنەی بنیاتنەر بگرێ و تراژیدیای ئەو نەهامەتیانەی دەسەڵات دەیانخۆڵقێنێ و لە هەمان کات کۆمێدیای کەوتنیان ئاوێتە بکات. 

ئەم دیاردەیە لە ڕۆمانی چاوەکانی زۆر بە جوانی ڕەنگدانەوی هەیە، لەلایەک ماکانی ئارتیست، کە بەهرەدارێکی بواری نیگارکێشانە و لە سەرانسەری ئێران نێوبانگی هەیە، لەپاڵ پیشەکەی وەک ڕابەرێکی ئۆپۆزیسیۆنیش کاردەکات و دەرەوەی وڵات بە ناوەوە لەڕێی تۆڕێک گەنجی ئۆپۆزیسیۆن بە دەسەڵاتی ڕەزاشا ڕایەڵ دەکات. 

یەکێک لەو گەنجانەی تێکەڵ بە کاری سیاسییان دەبێ کچێکی نەشمیل و چاوکەژاڵ و لەباری وەک فەڕەنگیسە، کە بەهۆی جوانییە سەرنجڕاکێشەکەی هەرچی گەنجی ئێرانی و فەڕەنسییە بەلای خۆیدا کەمەندکێش دەکات و تا تێردەبێ لە ئارەزووەکانی درێخی ناکات، بەڵام ئەوەی لەسەر دڵی ئەبێتە گرێ بێ توانایی خۆیەتی بۆ ڕاکێشانی مەیلی ماکان بەلای خۆیەوە. بۆیە بەخۆیشی نازانێ دواجار چۆن ئەکەوێتە داوی عەشقی ماکان، لەکاتێکدا ماکان کەمترین گرنگی پێدەدات و هیچ ڕۆژێک و لە هیچ دیدارێک ستایشی جوانییەکەی ناکات، فەڕەنگیش دەگاتە ئەو ئاکامەی ڕەنگە هەر ئەو بێ موبالاتییەی ماکان تاکە هۆکاربێ، کە خۆشی بوێ و ئامادەبێ هەموو قوربانیێکی لەپێناودا بدات، چونکە هەڵسوکەوتی ماکان تەواو جیاوازە لە هەڵسوکەوتی گەنجە چاپلووسەکانی تر، ئەو نازانێ مەرایی بکات، بەڵکو زۆر بە سادەیی و بە ساردی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات.

بۆ بەختی خۆی فەڕەنگیس ئارەزووی نیگارکێشانی هەیە، بەڵام بێ بەهرەیە لەو هونەرەدا، کەچی تابلۆکانی لەلایەن حەشاماتێک لە گەنج و تەنانەت ئەوانەی لە بواری نیگارکێشان خۆیان وەک مامۆستا نیشان دەدەن، ستایش دەکرێن و دەبرێنە ئاسمان. تا ڕۆژێک باوکی پێشنیاری بۆ دەکات، کە سەردانی ماکانی گەورە نیگارکێش بکات و دەچێت، بەڵام لەم دیدارەدا تووشی بێئومێدیێکی زۆر دەبێ، لەوەی ماکان هیچ گرنگی بە تابلۆکانی نادات و ناڕاستەوخۆش پێی دەڵێ بە کارێکی ترەوە خۆت سەرقاڵ بکەی باشترە. 

ئەم شکستە وای لێ دەکات ڕق لە ماکان هەڵبگرێ و بە کەسێکی خۆپەرست و لەخۆبایی بناسێ. تا دوای ئەوەی بۆ خوێندنی هونەر ڕوودەکات فەڕەنسا و لەوێشەوە سەردانی ستیڤانۆی گەورە هونەرمەندی ئیتاڵی دەکات، ئەویش بەهەمان شێوەی باوکی باسی گەورەیی ماکانی لەگەڵدا دەکات و لەوێ تێدەگات، ماکان چەند هونەرمەندێکی مەزنە، گەر وانەبێ چۆن ئاوا لەلایەن ستیڤانۆوە ستایش دەکرێ، بۆیە بڕیاردەدات هەرکە گەڕایەوە ئێران ڕاستەوخۆ سەردانی ماکان بکات. لەگەڕانەوەیدا نامەیەکیش بۆ ماکان دێنێ، کە لەلایەن کوڕێکی هاوڕێی خۆی کە هونەرمەندە بۆ ماکان دەنووسرێ، ئەویش بەهەمان شێوەی ماکان لەلایەن ستیڤانۆوە ستایش دەکرێ، کە ئەتوانین بڵێین ئەم کوڕە دیوێکی دیکەی ماکانە لەهەموو ڕووێکەوە. ئەم نامەیە فەڕەنگیس کێشی ناو دنیای سیاسەت دەکات و ئەبێتە جێی باوەڕی تەواوی ماکان، چەند جارێک پێکەوە دەردەچن و دەچنە سینەما و گفتوگۆ و تەنانە دەستگوشین و ماچیشی تێدەکەوێ، ئەمانە خواستی فەڕەنگیسن، بەڵام ماکان هیچ لە ئەتوارەکانی نەگۆڕاون ... هەمان ماکانی جارانە، بە پێچەوانەی لێکدانەوەی فەڕەنگیس، لەم بەشە نووسەر زیاتر مەبەستەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ماکان خەریکی کاری سیاسییە و پاڵنەری خۆشەویستی فەڕەنگیسیش بۆ ماکان وای لێدەکات بچێتە پاڵ خواستە ساسییەکانی و ببێتە هەمەکاریان. 

ئەم بڕیارە بە دڵی ماکان دەبێ، چونکە پێگەی خێزانی فەڕەنگیس زۆر گرنگە بۆیان، بە تایبەت، کە ئارامی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی خزمێکی نزیکیانە، هەر لە ڕێی ئارامەوە یەکێک لە هاوڕێ تێکۆشەرەکانی زیندانی پێ ئازاد دەکات. هەروەها دواجار فەڕەنگیس سەودا بەخۆی دەکات بۆ ئازادکردنی ماکان. ئەمەش تاکە مەرجی ئارامە کە ئەمانەی بۆ دەکات بەو مەرجەی ببێتە هاوسەری، دواجار بەم مەرجە ڕازیی دەبێ تەنیا لەبەرئەوەی ماکان لە زیندان ئازار نەدرێ و تاوانەکەی لەسەر سووک بکرێ. ئارام وادەکات، بەڵام لەبەرئەوەی تاوانباری پلە یەکە لەبەر شا ناتوانێ بە تەواوی ئازادی بکات، بەڵکو بۆ کاڵات دووری دەخاتەوە، ئەو شوێنەی دەبێتە دوا مەنزڵی ماکان و هەر لەوێ کۆچی دوایی دەکات. 

بەشی زۆری ئەو چیرۆکە لەلایەن فەڕەنگیسەوە بۆ چاودێری مۆزەخانەی ماکان دەگێڕدرێتەوە، کە دوای کۆچی دوایی ماکان شوێنەکەی دەکرێ بە مۆزەخانە و کارە هونەرییەکانی تیا نمایش دەکرێت. ئەم بە ئاسانی بە دەستەوە هاتنی فەڕەنگیسیش بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو ڕاستیانە بۆ چاودێر، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، کە تابلۆی چاوەکانی بۆ بێنێتە ماڵ و پێی بفرۆشێ، چونکە ئەم کارە ڕایەڵێکی بەهێزی نێوان ماکان و فەڕەنگیسە، کارێکە کە ماکان بۆی کردووە و تابلۆی چاوەکانی کێشاون. هەرچەندە  فەڕەنگیس لە دوایین ڕستە پێمان دەڵێ "تابلۆکەشتان بەرنەوە! ئیدی من هیچ پەیوەندییەکم بەم تابلۆیەوە نەماوە. مامۆستاکەی ئێوە بە هەڵەدا چووە ... ئەم چاوانە هیی من نین!" 

ئەمە پوختەی ئەم ڕۆمانەیە، لێرەدا نەمانتوانی باس لە تێکچوونی شیرازەی خێزانی فەڕەنگیس بکەین، کە باوکی بەهۆی بەشداریی سیاسی کچەکەی ئەکەوێتە زیندان و دواتر لەسەر داوای فەڕەنگیس ئەنێردرێتە کەربەلا و دایکیشی بەدواییدا سەری خۆی هەڵدەگرێ بۆ ئەوێ، یان کاراکتەرێکی گرنگ هەیە لە نێوان ماکان و فەڕەنگیس ئەویش ئاغا ڕەجەبی فەڕاشی ماکانە و پیاوێکی سەڕاست و دڵسۆزی ماکانە و ئەویش بەهۆی بەشداری سیاسی زیندانی ئەکرێ و دواتر ئازاد دەکرێ. لە لایەکی تر باسمان لە ڕاڕایی و هەلپەرستی ئارام نەکرد، کە ئەو باش دەزانێ ئەم دەسەڵاتە لەرزۆکە و لە کەوتن نزیکە و هەمان کات ئاوات بە شوێنگرتنەوەی شا دەخوازێ، لەم بەشە و بە خستنەڕووی ئەو ڕاستیانە کۆمێدیای دەسەڵاتمان نیشان دەدات، کە چەندە زەبر و زەنگ و زیندانەکان دەخەنەگەڕ ئەوەندەش بێ متمانەیی ناوخۆ و هەرەسی تەواو پاڵیان پێوە دەنێ ئەم کارانە بکەن. 

شایانی باسە ئەم ڕۆمانە پازدە جار بە کوردی چاپکراوەتەوە و لەلایەن وەرگێڕی بە توانا ئازاد بەرزنجی کراوەتە کوردی.


خوێندنەوەی: حەسەن هەندرێنی

٢٠٢٣/١٢/٦هەولێر

ماندێلا

 ماندێلا لە چاوەڕوانییدا 


من لە دوورگەی ڕۆبینم

لەگەڵ هاوڕێیانم، کاتێک بۆ دەرێ دەبردرێین، سەیری شەپۆلەکانی دەریا دەکەین. 

چەند لە ڕۆژانی ئێمە دەچن، شەپۆلەکان.

دەست لەناو دەست،

 یەک لەوەی تر وەریدەگرێتەوە. 

هەموویان بەخێرایی دەمرن، بەهەمان خێرایش تینیان تێ دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبوون، 

وەک ڕۆژانی نێو ڕۆژژمێری ئێرە ساردن، شەپۆلەکان. 

وەک ڕۆژانی زیندان، دڵپڕ و حەیرانن، شەپۆلەکان، 

کە بەسەرگەردانی خۆ پێکدادەدەن.

هەر ڕۆژێکی نوێ، ڕۆژێکی پڕ ئازار لە گۆڕدەنێ، 

وەک  شەپۆلەکان، ئەوە بە یاریێکی ژیان دەزانین.

سەیرە ...لێرە یاداشتی ڕۆژانی مردن دەکەم و 

کەچی ، لە پشت ئەو چاوە زیندانییە بچووکە

دوور دەڕوانم، چاوم لە هاتنی ویننی هاوژینمە، 

کەشتیێک، بۆ ئێرەی بێنێ.

ئای چەند بە لەنجەولار ڕێ دەکات کەشتی

چۆن شەپۆلەکان شەق دەکات

چۆن یاری بە چاوەڕوانییم دەکات 

خۆ ویننی دێت، تەنیا کاتژمێرێک لەلام دەمێنێتەوە و دەڕوات

ئای ئەو کەشتیەی تۆی هێنا، ویننی 

لێم دەبێتە دێوەزمە، کە هەڵتدەگرێ بۆ چوونەوە. 


ڕۆبین : ئەو دوورگەیەی ماندێلا لێیەوە زیندانی بوو، لەگەڵ هاوڕێکانی. 

ویننی: دووەمین هاوژینی ماندێلا. لەوێ سەردانی کردبوو.


حەسەن هەندرێنی

2023\12\10  هەولێر

دەروێشێ ئەڤدی

 ڕۆمانی دەروێشێ ئەڤدی ، داستانی کۆرژنێ لە خوێنەوە


ڕۆمانێکی ۲٦۹ لاپەڕەیە، تۆ بڵێ داستانە، چیرۆکە، ئەفسانەیە، دیرۆکە ...


داستانێک، کە لاوک بە (با)ی سپارد و گەرد و خۆڵی وڵاتی تەنی. گۆلم گۆلم تێکەڵ بوو بە هاژە و شەپۆلی ڕووبارەکان، لە گەردوگوڵی بەیانەوە چیا بۆ چیای گێڕایەوە و دۆڵەکانیان تژی کرد لە وشەی پڕ ئەڤینداری. ڕۆژ و مانگ و ساڵ لێکیان وەرگرتەوە و نەوە بە نەوەی دوای خۆی سپارد. شمشاڵ و تەنبور و حیلەی هەدبان بە سەد تەرز گێڕایانەوە. دەیان قوڕگیان داغکرد ئەوەندەی هاواری ئەیدلێیان تێدا بخنکێ، کە ڕۆژ نەبوو لە بن لێوانەوە نەڵێت:


ماچی دەروێشێ ئەڤدی

لەسەر ڕوومەتی ئەیدلێ خانێ

لێناچێتەوە بە سابوونی

حەمس و حەما و جزیری بۆتانێ

ماچی سەر کوڵمی ئەیدلێ 

کفنیش نایسڕێتەوە

دەمێنێ تا ڕۆژێ پەسڵانێ ..


کەو و کەڤۆک و قومری نەمان، ئەم لاوکە هەڵنەگرن لەسەر تەلی دەنگیان. ڕەوەز و زنار و داربەڕوو نەمان بە تیغی سووری خوێنی دەروێشی ئەڤدی ئەو چیرۆکەمان بۆ نەکەن بەیان. 

 

ئەوەی دەمان بیست نەعرەتەی شێرانی مەیدان بوو، هاوار هاواری ئۆسمانی و عارەبان بوو لە دەست ڕەوتی پڕ هەڵمەتی لاوانی کورد، دەنگی تیغی شمشێر و خیزەی هەڵکێشراوی خەنجەری ناو کالان و ناوە ناوەش قرمە قرمی تفەنگ و بەرۆک گرتنی هەڤدوو بوو. 

ئەمە هەر تەنێ ڕووداوێک ناهێنێتە زمان، ڕۆمانێکە خانی مەزنی تێدا یاد دەکرێتەوە، داستانێکی نوێی عەشق و وەفای دەروێشێ ئەڤدی و ئەیدلێیە، کە ئایین دەبێتە بەربەستی بەیەکگەیشتنیان، کچ موسڵمان و کوڕ ئێزیدییە. داستانێکە پڕە لە جوامێری و مێرخاسی دەروێش و باگر و دوازدە سواری ئێزیدی. وانەی ئارامیگرتن و دان بەخۆداگرتنە. قوربانی عەشقی نێوان دوو کەسە لە پێناو عەشقی خاک.


ئەوەندە جوان ڕووداو و وێنەکان پێک سپێردراون، مەگەر هەر (کەریم کاکە) بتوانێ ئاوا جوان تێکیان ببەستێتەوە. 

هەزارجار دەڵێم دەست خۆش هاوڕێ.

مۆرانە

 ڕۆمانی مۆرانە 

نووسینی :بزورگ عەلەوی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ڕەسووڵ سوڵتانی


ئەم ڕۆمانە ٣٧٠ لاپەڕەییە، سەربردەی کابرایەکی ساواکییە، کە لە خزمەت ڕژێمی پاشایەتی محەمەد ڕەزاشا بەرفەرمانە. نووسەر زۆر بە وریایی دەچێتە ناو وردەکارییەکانی کار و ئاکار و سایکۆلۆژیای کەسانێک، کە پیشەیان چاودێرییکردن و ڕاپۆرت نووسین و ملشکاندنی کەسانی گومانلێکرا و ئۆپۆزیسیۆنن بە دەسەڵاتی ڕەزاشا. 


لە هەر کوێ پێویست بکات (چ لە ناوەوەی وڵات، یان دەرەوە) درێخی ناکەن، دەبنە چاوی دەسەڵات و  گەنجان و خوێندکاران دەخەنە ئەڵقەی چاودێریی و تەڵەیان بۆ دائەنێنەوە و دەستەمۆیان ئەکەن و ڕایاندێنن لەسەر سیخوڕییکردن، لەبەرانبەر پارەیەکی کەم. 


باس لەوە دەکات، تەرکیزی شا و دارودەستەکەی زیاتر لەسەر چالاکیی چەپەکان بووە، بێئاگا لەوەی لەژێرەوە پیاوانی ئایینی خەریکی خۆڕێکخستن و بنکۆڵکردنی دەسەڵاتن. ئەوکاتەی بەئاگادێنەوە درەنگ دادێ. دەستەپاچە دەبن، دووچاری خیانەتی نێوخۆیی و ڕاکردنی وەزیر و گەورە کاربەدەستان و ئەفسەر و پلەداریی ساواکی و کەسە نزیکەکانی شا دەبن. نە چاکسازیی دادی شا دەدات، نە دیموکراسییەت لەژێر فشاردا، بۆیە ئەو کۆتاییە دەبینیین، کە دەیسپێرێتە سەرەتایەکی تازە و تا ئێستا بەردەوامیی هەیە. 


ئەوەی ڕۆمانەکەی جوانتر کردووە، خوشکی ئەو کابرا ساواکییەیە، کە لەبەرەی شۆڕشگێڕانە و سەرکەوتن بەدەست دێنێ. 

لێرە لەم لاپەڕەیە، هەر هێندە بوار هەیە بۆ نووسین و خستنەڕوو، هیوادارم ئەوانەی عاشقی خوێندنەوەی ڕۆمانن بیخوێننەوە. 

دەستخۆشانەش لە وەرگێڕ دەکەم، کە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

کوردبوون

 کوردبوون

بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی. 


لە چاپی سێیەمدا فریای خوێندنەوەی بەش بە بەش و تەواوی ئەو دەق و سەرچاوانەدا کەوتم، کە لە توێی کتێبەکەدا هەڵگیراون و دەوڵەمەندیان کردووە. 

پێشتر لە بەشێک لە هاوڕێیانی خوێنەر، ئەوانەی کتێبناسن زۆر ئاماژەیان بۆ ئەم بەرهەمە دەکرد، زۆر بە سەرسامییەوە باسیان لە ڕۆڵی کاپیتان حەمەدی مەولوودی دەکرد. کە خوێندمەوە، ئەڵێم هێشتاش ئەوان کەمیان گوتووە لەبارەیەوە، ڕاستە بە زمانێکی سادە نووسراوە، بەڵام هیچ لاپەڕەیەکی نییە بۆ لاپەڕەی دوای خۆی بەکێشت نەکات، ئاخر ئەو ژیانی کولەمەرگی خۆی زۆر بە ڕوونی باس لێکردووە و هیچی لێ نەبواردووە، جیا لەوەی زۆر ئازا و بە دەست و برد بووە، باسی کێماسییەکانی خۆیشی کردووە، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ خوێنەر کە باشتر سەرنجی بخاتە سەر دێڕەکان. 

ئەو پیاوە یەکێکە لە کەسە سەرنجڕاکێشەکانی نێو بزاڤی خەبات و تێکۆشان، ڕایەک هەیە ئەڵێ : پیرۆتی ناو ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی، کاراکتەری حەمەدی مەولوودییە، ئەو کە لە سەردەمی منداڵی خۆی و ئەو نەهامەتیانەی زڕدایکی بەسەریهێناون، دواجار پێدەچێ هەر بەو زەبرەی حەمەدی مەولوودی لەو زڕدایکەی داوە فەوتی کردبێ، دەست پێدەکات، تا دەگات بە تەمەنی هەرزەکاریی و ئەو هەموو ئیشانەی ڕۆژگار هێناویەتیە پێشی و دواجاریش وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ئازا، کە ناوبانگی لەهەموولایەک بڵاوبۆتەوە، تەنانەت لە دوای تێکچوونی کۆماری کوردستانیش لە مەهاباد، لە دیوی عێراقێ ڕژێمی پاشایەتی ئێران وازی لێناهێنن و داواکراوی ژمارە یەکیان دەبێ، لێرە چیرۆکێکی خۆش هەیە، کەسێک لە خزمەت شێخ عەلائەدینی خەلان، بەهەمان ناو لەسەر دەستی شێخ تەسلیم بە ئێران دەکرێت، بەڵام کە بۆیان دەرەکەوێ ئەو حەمەد مەولوودە هەمان ئەو داواکراوە نییە، پاش چەند مانگێک هێنان و بردنی ئازاد دەکرێ، ئەم چاکەیەی وەک منەتێک لەبیرناچێتەوە کە شێخ عەلاوەدین، بەزمانی خۆی کە ئاوا ناوی هێناوە لە بیرناچێتەوە. پاشان خۆی دەگەیەنێتە شۆرەوی و لە باکۆ دەگیرسێتەوە و لەوێ سەرلەنوێ خێزان پێکەوەئەنێ و کچێکی پەیدا ئەبێ بەناوی یای ڕووناک.

هەرچی سەبارەت بە پێشناوی کاپیتانیشە، پلەیەکی پێشمەرگایەتی بوو لە سەردەمی حکومەتی کوردستان و لەلایەن پێشەوا قازی پێی ئەبەخشرێ لەپای ئازایەتی و ئەو چالاکییانەی پێشکەش بە کورد و کوردستانی کردوون، هەروەها یەکەم میدالیای قارەمانێتی پێبەخشراوە، وەک  گیانفیدایەک. 

تا ژیاوە، بۆ کورد و کوردستان و ئاڵا و پێشەوا، دڵسۆز بووە و خیانەتی لەم ڕەمزانە نەکردووە. 

لەهەمووی کارەساتبارتر مردنەکەیەتی، ئەو شەوەی کچەکەی پێی ڕائەگەیەنێ کە ڕژێمی شا ڕووخا، ئەو شەوە لە خۆشیان ناخەوێ، خێرا بڕیار ئەدات سبەی ئەگەڕێتەوە مەهاباد، بۆ بەیانییەکەی کە کچەکەی ئەچێتە ماڵی لە دەرگا ئەدات دەرگا ناکرێتەوە، چەندجار لێئەدا هیچ وەڵام نییە، پاشان لە پەنجەرە ئەبینێ باوکی لەسەر کورسی بە قات و بۆینباخ دانیشتووە و لەوێ گیانی بەخشیووە. ئەم هەواڵە بۆ ناوەخۆی وڵاتیش ئەبێتە کارەساتێکی جەرگبڕ، چونکە خەڵکی مەهاباد چاوەڕوانی گەڕانەوەی کاپیتان بوون، بەتایبەت خورشیدی خێزانی و منداڵەکانی و دۆستە ئازیزەکانی. 

لە کۆتاییدا ئەڵێم هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو فەرماندە ئازا و چاونەترسەی کوردستان بێت.

هەروەها پیرۆزبایی لە دەرکردنی ئەم بەرهەمە بەپێزە لە خوێنەرانی کورد، بە تایبەتتریش لە کاک وریا ماملێ نەوەی کاپیتان ئەکەم، کە ئەرکی کۆکردنەوە و داڕشتنەوە و نووسینیەوەی سەرلەبەری یاداشتەکانی گرتۆتە ئەستۆ و زەحمەتیێکی زۆری لەگەڵدا بینیووە، شایانی باسە کاپیتان  ئەکاتە باپیری وریا ماملێ لەڕێی دایکییەوە، واتا ئامینەخانی کچە گەورەی کاپیتان.

بەندەر فەیلی

 ڕۆمانی بەندەر فەیلی 

بەختیار عەلی 

چاپی دووەم/ ٤٥۷ لاپەڕە


ئەم ڕۆمانە باس لە ژیانی کوڕێکی کوردانی فەیلی دەکات،  لە زیندان لە دایکێکی کوردی فەیلی بەناوی ئیسرا مەلەکشاهی لەدایک دەبێ، دوای ئەوەی دایکی لەلایەن نەقیبێکی بەعسی بەناوی یاسر شاهین ئەلبوحەردان دەستدرێژیی سێکسی ئەکرێتەسەر. 

ئەم ڕۆمانە پێداچوونەوەیەکی مێژووییە بە تراژیدیایەکی تری نەتەوەیی - مەزهەبی لەپاڵ ئەو تراژیایانەی بەسەر کورد و شیعە مەزهەبەکانی عێراقدا هاتوون لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا. 

ماوەی باس و ڕووداوەکان بیست و سێ ساڵ لەخۆدەگرێت، واتا لە ساڵی ۱۹٨۰ بۆ ۲۰۰۳ .

گرنگیی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە نابێ هەر لەدیوە مێژووییەکەی سەیربکرێ، بەڵکو ڕەهەندە سایکۆلۆژییەکەی زۆر قووڵە و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە. 

هێشتنەوەی بەندەر فەیلی لەزیندان، بە پلەی یەکەم بۆئەوەبووە بێچووە بەعسیێکی لێ بەرهەم بێنن، کە لە نەوزادەوە تا گەورە دەبێ لەژێر پەروەردەی چڕی بەڕێوەبەری زیندان و سەرپەرشتیاری بەشی سێدارە چاوی ببێتەوە و جەللادێکی توندوبەندی لێ دەربچێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، بەندەر لەبری ئەوەی ببێتە جەللاد دەبێتە ناودارترین خەتخۆشی وڵات. 

بەهۆی ئەوەی ئەوانەی لەناو زیندان وانەی جۆراوجۆری فێردەکەن لە مەحکومانن بە سێدارە، سۆزێکی لە ڕادەبەری بۆ مەحکومان پەیدا دەبێ و تەنانەت لەگەڵ مامۆستا یوسرا، کە یەکەم ئافرەتە ئاشنای دەکات بە جەستەی ژن و بواری ئەوەی پێدەدات دەست لە لەشی بدات بە ڕووتی و  وانەی خۆشەویستی دادەدا، هەروەها  نەدا بوستامی یەکێکی ترە لەو ئافرەتانەی لە زیندان دەچێتە لای تا شتی لێوە فێرببێ، بەڵام جوانیی نەدا وای لێدەکات  یەک لایەنی بکەوێتە داوی  عەشق، کە پێشتر لەلایەن مامۆستا یوسراوە زۆری لەبارەی عەشق و خۆشەویستییەوە بۆ باس کرابوو،  بۆ گەیشتن بە نەداش دوای ئازادبوونی بەهۆی لێخۆشبوونێکەوە، بەندەر هەوڵی ڕاکردن  لە زیندان  ئەدات، بە نەداش ئەگات، بەڵام ناتوانێ خەونەکەی بەدی بێنێ و بۆ جاری دووەم لە ڕاکردنی لە زیندان دەستگیر دەکرێتەوە و ئەمجارە، زۆر بەتووندی لەلایەن سەید شەهابی خوزاعی و بەڕێوەبەری زیندانەوە بەتوندترین شێوە سزادەدرێ و لە ژوورێک دەکرێت بۆ ماوەی حەوت ساڵ ڕووناکی دەرێ نابینێ و هەموو ئەو شتانەی لەماوەی ڕابردووش فێری ببوو ڕۆژ بەڕۆژ لەبیریان دەکات و تەنانەت وشەکانیشی بیرنامێنن و وێنەی درەخت و بەندییەکانیشی بیرنامێنێ، بەتەواوی لەو زووڵمەتە قووڵە ئەبێتە مەخلوقێکی ناوازە، تا دەگاتە ئەوەی ئەمریکییەکان بۆ جاری دووەم دێن و ئەمجارە دیکتاتۆر دەڕوخێنن و ئازاد دەبێ، بەڵام ئەو هەمیشە ئەو وشەیە دووبارە دەکاتەوە، من ئازادم؟ ئازادی ئەمەیە؟ تا دواجار بەهۆی ئەوەی ناگاتە پلەی کەمال لەو ئازادییەی هەموو باسی دەکەن دووچاری نەخۆشی تەنگەنەفەسی دەبێ و لەیەکێک لە ڕۆژانی ئەنجامدانی سزا بەسەر ئەو سێ تاوانبارەی پێشوو بەرپرس بوون لە لەسێدارەدانی هاوڵاتیان، بەتوندی ئەکەوێت بە زەوییدا و سەری بەر ناوکەوەکە دەکەوێ و بێهۆش دەبێ، بەهۆی ئەمەوە بۆ تاهەتا ئەکەوێتە ژێر چارەسەری هەناسەی سروشتی و بۆ ئەبەد ژیانی لە زیندانەوە دەکەوێتە ناو چوار دیوارەکانی نەخۆشخانە. 

ڕووداوەکان ئەوەندە بەجوانی بەدوای یەک دادێن، هیچ گرێیەک لەگێڕانەوەدا نایێتەڕێت. 

ئەم ڕۆمانەی بەختیار عەلی، هەموو ئەو پرسیار و گومانانە ڕائەماڵێ، کە هەبوون دەیانگوت، نووسەرە گەورەکانمان هیچیان نییە لەسەر تراژیدیاکانی نەتەوەکەمان، ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیش دوو هەوڵی جیاوازن لە لایەن نووسەرەوە لا لە پرسی نەتەوە دەکەنەوە.


یەک تێبینیی هەیە پێویستە لێرە بیخەمەڕوو، ئەم ڕۆمانە لە ۳۹ بەش و کۆتایێک پێکدێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەشی ۳٦ ی تێدانییە، پێئەچێ لە ڕیزبەندیی ژمارەکان ئەو ژمارەیە پەڕیبێ، چونکە لەنێوان بەشی ۳٥ و ۳۷ دا هیچ فاسیلەیەکی مێژووی ئەوتۆ بەدیناکرێت و ڕووداوەکان لەناو یەکدان. هیوادارم ئەم هەڵەیە لە چاپی سێیەمدا چاک بکرێتەوە.

: بازنەکانی شەقامی سوور

 ڕۆمانی: بازنەکانی شەقامی سوور 

کارزان حەیدەر 

۲٥٦ لاپەڕە


ڕۆمانێکی تەواو جیاوازە، لەو ڕۆمانە کوردیانەی پێشتر بەرچاوم کەوتوون. ستوونی سەرەکی ڕۆمانەکە لەسەر سێکسە، تەواوی دیمەنەکانی ناوەوە، دیمەنی پۆڕنۆیین. 


ڕۆمانێکە زیاتر پشتی بە بابەت بەستووە تا ڕووداو، کەمترین گێڕانەوەی تێدایە، دیمەنەکان دووبارەن، دیارە ئەمەش یەکێکە لە خاسیەتەکانی ڕۆمانی نوێ. 


تەواوی ڕۆمانەکە بۆ نیشاندانی ڕووێکی دیکەی دەسەڵاتدارانی کوردە، ئەویش ئەو دیوەیە کە لە بازنەکانی شەقامی سوور ڕۆژ دەکەنەوە. کۆشک و ژووری تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە سازکردوون و سەرپەرشتیاریان بۆ داناون، بە دابینکردنی ئاسایشێکی تۆکمەوە. کاری ئەم سەرپەرشتیارانە دۆزینەوەی ئافرەتی جوانە و هێنانیانە بۆ ئەم بازنە تایبەتییانە، کە نووسەر بازنەکانی هەریەکەی بەجۆرێک ناوناوە، بەپێی مواسەفاتی ئەندامەکان، بازنە هەیە تەنیا ئارەزووی مژین دەکەن، بازنە هەیە لەهەردوو ڕەگەزەکەیەوە لە دواوە دەیکەن و بازنەش هەیە لە هەردوو لاوە ... بازنەکان زۆرن. 


ئەوەی لەم ڕۆمانەدا جیاوازە ئەوەیە کاراکتەری سەرەکی ئافرەت نییە، بەڵکو کوڕێکە لە بیستەکانی تەمەنییدایە. ئەم گەنجە لە گوندەوە بۆ خوێندن ڕوو لە شارۆچکەیەکی نزیکی گوندەکەیان دەکات، لەم شارۆچکەیە بە ژنێک ئاشنا دەبێ، کە مێردەکەی شوفێری بارهەڵگرە و لەنێوان کوردستان و بەغدا کاردەکات، بەهۆی دروستبوونی گومان لەلایەن ژنەکەوە، کە پیاوەکەی بەهۆی مانەوەی زۆری لە دەرەوە، لە دیالا و شارەبان لەگەڵ ژنە ئەسمەرەکانی ئەوێ ڕادەبوێرێ، هەروەها دروستبوونی بۆشایی و نەمانی سۆزی هاوسەرگیری لەنێوان ئەو ژنە، کە بە تەنوورخان ناوی دێت لەگەڵ مێردەکەی. پەیوەندی لەگەڵ ئەو کوڕە گرێدەدات و لەژێرزەمینەکەیان دەستدەکەن بە سێکسکردن. ئەمە یەکەم ڕووداوە لە ڕۆمانەکە دواتر کە کوڕەکە (مەمۆ) دەچێتە زانکۆ، لەوێوە ڕووداوەکان گەرم دەبن، یەکەمجار لەڕێی سەرپەرشتیاری بەشەکەیان بانگی بەشەکەی دەکرێت و بەچاوێکی پڕ لە توڕەیی و زمانێکی پڕ لە سەرزنشتەوە پێی دەڵێ خۆت دیوە لەچاو هەموو خوێندکارەکان تۆ جیاوازی، ئەویش هیچ لەخۆی گومان نابات، زیاتر بۆی ڕوون دەکاتەوە و پێی دەڵێ ئێرە زانکۆیە و سیستمی تایبەت بەخۆی هەیە نابێ بە شلواری کوردی بێیتە دەوام، ئەویش بێدەنگ بەدیار مامۆستاکەی ڕادەوەستێ تا مامۆستا تەواو لێی نزیک دەبێتەوە و دەیەوێ باشتر تێیبگەیەنێ، کە ئەبێ پانتۆڵ لەبەر بکات و دەست ئەبات بۆ شلوارەکەی تا لە هەردوولاکەی بۆی ڕێکبخات و وەکو پانتۆڵی لێ بکات، بەڵام لەپڕ مامۆستا ئەسڵەمێتەوە لەبەرئەوەی لە لا ڕانێکی دەستی بە شتێکی نامۆ دەکەوێ، ئیدی تێدەگات بۆ ئەبێ هەر شلوار لەبەر بکات و لەو ڕۆژەوە مامۆستا شەیدای مەمۆ ئەبێ تا دەگاتە سەرجێییکردنی بەردەوام لەگەڵی، چونکە مامۆستا مێردەکەی دکتۆرە و لەدەرەوەی وڵات دەژیێ و منداڵەکانیشی هەروەها لەدەرەوەن، ئەویش لەو بۆشاییە دەژیێت و پێویستی بە هاودەمە.


هێشتا بابەتەکان گەرم دانەهاتوون، تا مەمۆ تێکەڵ بە تۆڕی سەرۆکی دەستەی ژنانی بازنەی سوور دەبێ ئیدی لەوێوە پانتایی ڕۆمانەکە زیاتر بەوەوە داگیرەبێ بەهۆی ئەوەی ئەندامی نێرینەی مەمۆ زۆر گەورە و نائاساییە بەتەواوی لەلایەن ئەم تۆڕەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ و لە دەستەی ئەم بازنەوە بۆ بازنەی تر دەستاودەستی پێدەکەن. ئەو ژنانە وەک دیاریێکی پیرۆز لێیدەڕوانن. پارە و ئاڵتوونێکی زۆری دەدەنێ لەبەرانبەر سەرجێیکردن لەگەڵیان. شایانی باسە تەواوی ئەو ژن و کچانە لە ژنان و کچانی بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتن. بەڕای من پەیامی ڕۆمانەکە لێرەوە دەست پێدەکات، کە بەرپرسان لە گەورەپیاوانی دەسەڵات هەر ئەوان نین لەگەڵ ژنان و کچان ڕادەبوێرن، بەڵکو کچ و ژنەکانیشیان هەمان ئارەزوویان هەیە و بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەم ئارەزووەیان شەو هەبووە پێنج دەفتەر دۆلاریان داوەتە مەمۆ. مەمۆ ئەوەندە خۆشەویست و نازدار بووە لەلایان، تەنانەت شەو هەبووە  لە ئاهەنگی تایبەت هەرچی خشڵ و زێڕی هەیانبووە لە بازنە و ملوانکە و ئەو جۆرە خشڵانەیان بە ئەندامی نێرینەی مەمۆیانەوە کردووە. 


تەواوی دیمەنەکانی ناو ڕۆمانەکە دیمەنی سێکسی و پۆڕنۆیین، پڕن لە سوکایەتییکردن بە ژن و کچ و پیاوانی دەسەڵات، بە ئەفسەرانی ئاسایشی بازنەکانی شەقامی سوور کە لەگەڵ هەر ناوهێنانێکیان بە قوندەر ناویان دێنێ، ئەوەندە ناشیرین و قێزەون نیشانیان دەدات هەندێکجار وەک زمانێکی بازاڕی لێدێ و کێشی ڕۆمانەکە سووک دەکات. 


لە تەواوی ڕۆمانەکە دوو ڕووداوی گرنگ بەسەر خێزانی کوڕەکە دادێن، یەکیان مردنی دایکیەتی، کە چەند هەفتەیەک لەژێر چاودێریێکی چڕی سەرۆکی بازنەکانی شەقامی سوور دەگەڕێتەوە گوند و  لای خوشکەکانی و خزمانی دەمێنێتەوە و هەر لەو سەفەرە کورتەدا هەرچی پارە و سامانی کۆیکردۆتەوە بەو میراتەش بۆیان دەمێنێتەوە دەیبەخشێتە خوشکەکانی و بەهۆی ئەمەوە ئەوانیش زۆر دەوڵەمەند دەبن و دەکەونە ناو کاری بازرگانی. ئەوەی دی تەواوی ڕۆمانەکە لەنێو ئەو ژوورانەدایە کە مەمۆ خەریکی کاری خۆیەتی کەسێکسکردنە. ڕەنگە ئەمە خەون و خەیاڵی زۆر لە گەنجان بێ لەو تەمەنە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا سوکایەتییە بە گەنجێکی زانکۆ کە دەکەوێتە ناو تۆڕێکی لەشفرۆشی، ڕاستە بەهۆی مامۆستاکەی لە زانکۆ هەموو ساڵەکان بە پلەی زۆرباش دەردەچێ، بەڵام لە زانستی ڕابواردن و ئەم ژوور و ئەو ژوور پێکران هیچ زانستێکی تر فێرنابێ، هەروەها دواجار ژیانیشی ئەکەوێتە مەترسی و تەقەیشی لێدەکرێ و درەنگ تێدەگات ئەو پارە و سامانەی لەم ڕێگەیەوە بەدەستیهێناوە هیچ بەهایەکی نییە لەبەرانبەر ڕۆژێک ئازادی، چونکە تەواو هەست بە ژێردەستەیی خۆی دەکات و تەواو هەست بەخۆی دەکات لە کۆیلەیەکی سێکس زیاتر هیچ بەهایەکی تری نییە. 


لە کۆتاییدا هەندێک پرسیار سەرهەڵدەدەن، ئایا پەیوەندی پۆڕنۆ و کولتوری کوردیی و ئەم دیاردەیە کە لەم ڕۆمانەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان باسکراوە لە کوێوە هاتووە و بەرهەمی چییە؟ ئەکرێ بڵێین بەرهەمی گڵۆباڵە؟ نووسەر بۆچ بە دەسەڵاتەوە گرێیداوە؟ دەسەڵات کە زیاتر دەسەڵاتێکی پیاوسالارە بۆچی ژن و کچەکانی تێکەڵ بەم بابەتەکراون، ئایا ڕاستی تێدایە، یان هەر ویستوویەتی لەم ڕێگەیەوە ئازاری پیاوانی دەسەڵات بدات؟ پرسیاری گوماناویش ئەوەیە بۆ ڕۆڵی سەرەکیی بە کوڕێکی زانکۆ بەخشیوە، دەیەوێ پێمان بڵێ زانکۆکانیشمان وا خەریکە بەتاڵ دەبنەوە لە مەعریفە؟


وێڕای ئەو تێبینییانەی خستمنەڕوو، بەشێوەیەکی گشتی ڕۆمانێکە و پێویستە بخوێندرێتەوە.

سۆران مامە حەمە

 سۆران مامە حەمە


نزیك گڕی باباگوڕگوڕ 

مەشخەڵێكی پڕ مەرەكەب

لە رووپەڕی كۆوارێكا

ویستی دووڕوویی هەندێ‌ روخسارمان پێ‌ بناسێنێ‌.

بۆ بەیانی،

مەشخەڵم دیت، لەجیاتی مەرەكەبی رەش

تنۆك تنۆك لێی دەچۆڕا خوێنێكی گەش.


حەسەن  هەندرێنی 29/8/2008 رواندز

ئاوارە

 هەندێکجار مرۆ لەتاو ژیانی سەخت و ناجوری ڕقی لەهەمووشتێک دەبێتەوە، هەموو ئەو ڕقانەش بە نیشتمانی هەڵدەڕێژێ، بەڵام نیشتمان خەتایەکی نییە، ئەوە مرۆڤەکانن دەستە بە چڵکەکانی خۆیان بە بەروانکەی نیشتمان دەسڕنەوە، ئەگینا نیشتمان دایکە، بوون و مانمانە. 

لەم تێکستە نۆستالیژیایەدا ئەگەڕێمەوە بۆ باوەشی خاک پێچەوانەی پرۆسەی ناشیرینکردنی نیشتمان قسەیەکی جیاواز دەکەم. 

 

ئاوارە


کە گەڕامەوە نیشتمان

یەکەمجار چیاکانم بینی، گەزگەز باڵایان کردبوو

کێلی گەردنیان وەک زێڕ بریسکەی دەدا

گەڕەکەکەمان، بە کۆڵانی نوێ ئاوس ببوو

کۆڵانیش لێوڕێژ ببوو، لە خانووی نوێ.


چاوم ئەگێڕا ئەو مێردمنداڵانەی هاوتەمەنم ببینیمەوە

یەک یەک گەنجی کەڵەگەت بەرەوپیرمەوە دەهاتن

هەبوو لاجانگی سپی ببوون

هەبوو ڕیش و سمێڵی ئەوەندە بەردابووەوە

بەئاستەم لەنێو ڕەشایی موودا ، دوو چاو 

وەک دوو بنکە مۆمی ناو شەمدان دەبریسکانەوە

هەموویان دەم بە خەندە و 

دەست ئاوەڵا بۆ باوەش وەستابوون 

پێکڕا دەیانگوت وای حەمە چەند گەورەبوویت

ئەو باوەشی پێکدادانە هێند گەرم بوو

دڵی دەتواندەوە و ڕۆحی دەفڕاند.


بە پەلەبووم 

تا کانیاو و ڕووبار و زنار و خەرەند و درەختەکانی ببینم

کە کانیاوێکی نییە، پۆرگێکی خەیاڵم نەتەقێنێ

ڕووباریشم دەویست، وەک جاری جاران ڕازی نوێی بدەم بە گوێدا

ئاخۆ دەتوانم وەک جاری جاران، چون سمۆرە

بە ڕەوەز و زناراندا هەڵگەڕێم؟

سەرسامانە لەدیار سەمای کۆترە شینەکانی خەرەند ڕابوەستم

دەتوانم  پیتە هەڵکۆڵراوەکانی خۆم و ئەو کیژەی بە خەیاڵ خۆشمدەویست لەسەر ئەو دارچنارە ببینمەوە؟


لەوێ شەو نەبوو خەون بە نیشتمانەوە نەبینم

ئای چەند شیرینە نیشتمان

وای چەند بیرم دەکردی پیرەشار.


  1. ۱۰ و ۱۱ی ۲ ی ۲۰۲٤ هەولێر

 

هۆكار ‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی راپه‌ڕینی ساڵی (1987)ی شاری ره‌واندز

هۆكار ‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی راپه‌ڕینی ساڵی (1987)ی شاری ره‌واندز

Closed
by May 18, 2011 مێژوو


       

پێشه‌كی :
 ئامانج له‌ ئاماده‌كردن ‌و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا لایه‌نێكی گه‌ش ‌و پڕشنگدار له‌ مێژووی شاری ره‌واندز ‌و ده‌وروبه‌ری تۆماربكرێ‌، تا دۆست ‌و دوژمن بزانن ئه‌م شاره‌ له‌ رابردوودا شارێك بوو له‌ قوربانیدان پڕ به‌خشش ‌و هه‌میشه‌ رۆڵه‌كانی ویستوویانه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ ‌و شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ بژیێن ‌و سه‌ر بۆ هیچ هێزێك نه‌وی نه‌كه‌ن گه‌ر بیه‌وێ‌  ئازاری خه‌ڵكه‌كه‌ی بدات ‌و بیانچه‌وسێنێته‌وه‌.
 راپه‌ڕینی 19\5\1987 نموونه‌یه‌كه‌ له‌ قاره‌مانێَتی خه‌ڵكی ره‌واندز، كه‌ به‌ رۆژی رووناك رووبه‌ڕووی داگیركه‌رانی كوردستان بوونه‌وه‌ ‌و چۆكیان پێدادان. به‌ڵام نابێ‌ ئه‌وه‌ش له‌یادبكه‌ین كه‌وا هیچ شۆڕش ‌و راپه‌ڕینێك بێ‌ قوربانیدان نه‌هاتۆته‌بوون، راپه‌ڕین واته‌ جۆش سه‌ندنی خه‌ڵك دژ به‌ داگیركاری ‌و ناهه‌قی، له‌هه‌مانكاتدا گیان خستنه‌سه‌ر له‌پی ده‌سته‌و چوون به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌. دیاره‌ شاری ره‌واندز بۆ ئه‌م كاروانه‌ هیچ رۆژێك درێخی نه‌كردووه‌ ‌و رۆڵه‌كانی بێباكبوونه‌ له‌ مردنێك له‌ڕێی نیشتمان ‌و په‌یڕه‌ویان له‌م دێڕه‌ شیعره‌ كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌:
 مردن له‌ڕێی نیشتمان بێ‌ سه‌د ژیانی به‌قوربان بێ‌
     ئاواش نه‌با هه‌ر ده‌مردم كه‌سیش یادی نه‌ده‌كردم
ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێین هیچ راپه‌ڕین ‌و شۆڕشێك بێ‌ هۆكارنیه‌، هۆكاره‌كانی پێش راپه‌ڕینی 1987 یش وه‌ك له‌ ناوه‌رۆكدا روونده‌بنه‌وه‌، ده‌ستپێشخه‌ری رژێمی به‌عسه‌ له‌په‌راوێزخستنی شار ‌و كوشتنی رۆڵه‌كانی گه‌ل  ‌و خاپوركردنی گوند ‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی شار ‌و سوتماككردنی ره‌ز ‌و باخ ‌و كوێركردنه‌وه‌ی كانیاو ‌و كارێز ‌و بیره‌كانه‌، بۆیه‌ كاردانه‌وه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ به‌تین ده‌بێ‌ كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كورتی پێوانه‌ییدا رژێم به‌ته‌واوی له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌چۆكدادێ‌. لایه‌نێكی تری ئه‌م نامیلكه‌یه‌ تیشك خستنه‌سه‌ر قوربانییه‌كانه‌، چ ئه‌وانه‌ی له‌ رۆژی راپه‌ڕینه‌كه‌ شه‌هید ‌وبریندار ده‌بن چ  ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیرده‌كرێن ‌و له‌ زیندانه‌كانی ئه‌منی هه‌ولێر سزاده‌درێن چ ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌رزانه‌ شه‌هید ده‌كرێن ‌و لاشه‌كه‌شیان نادرێته‌وه‌ كه‌سوكاره‌كانیان.چ ئه‌و رۆژانه‌ی شار له‌و په‌ڕِی ترس به‌ڕێیان ده‌كات. به‌ڵام دڵی زیندووی هه‌ر به‌ ئومێده‌وه‌ لێده‌دات ‌و چاوه‌ گه‌شه‌كانی بۆ دواڕۆژێكی گه‌ش ‌و پڕشنگدار ده‌ڕوانێ‌.
هه‌ر له‌م پێشه‌كیه‌دا ده‌مه‌وێ‌ ئه‌وه‌ بڵێم، له‌وانه‌یه‌ نه‌متوانیبێ‌ ناوی ته‌واوی ئه‌وانه‌ بێنم كه‌ به‌شدارییان دیاربووه‌ له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ نیه‌ خوانه‌خواسته‌ له‌یادیان بكه‌م ‌و نه‌مه‌وێت بكه‌ونه‌ نێو لاپه‌ڕه‌یه‌كی ئاوا پڕشنگدار. به‌ڵكو له‌به‌ر زۆری به‌شداربووانه‌ له‌لایه‌ك ‌و ناوهێنانی هه‌موو به‌شداربوویه‌كیش بۆ سیمینارێك كارێكی ئه‌سته‌مه‌. به‌ڵام هه‌تا توانیبێتم هه‌وڵم داوه‌ ناوی شه‌هیدان ‌و برینداربووان ‌و ئه‌وانه‌ له‌یاد نه‌كه‌م كه‌ بڕیاری دادگایان بۆده‌رچووه‌ بۆ ئیعدامكردن یان ئه‌وانه‌ی خانوویان لێڕوخێنراوه‌. هیچ كارێكیش بێ‌ كه‌موكوڕی نابێ‌ . هه‌موو گله‌ییه‌كیش له‌جێی خۆی بێ‌ ئه‌یخه‌مه‌ سه‌رچاو ‌و هه‌موو حه‌قیقه‌تێكیش به‌ ره‌های رێزی لێده‌گرم.

هۆكاره‌كانی راپه‌ڕین:
هه‌ر شۆڕش ‌و راپه‌ڕینێك كۆمه‌ڵێًك هۆكاری بابه‌تی ده‌بنه‌ زه‌مینه‌ خۆشكه‌ر بۆیان، ئه‌و راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی ره‌واندزیش زه‌مینه‌ی ره‌خسان‌و پێگه‌ینی بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌وانه‌، هه‌رزوو رژێمی به‌عس له‌دوای هاتنه‌سه‌ركاری سه‌دام حوسێن ‌و به‌دیاریكراویش  له‌ساڵی 1980 به‌ به‌رنامه‌  ره‌واندزی له‌ قه‌زاوه‌ كرد به‌ ناحیه‌ ‌و له‌نزیك ئه‌م شاره‌ دێرین ‌و پڕ سه‌روه‌رییه‌ش، قه‌زایه‌كی  له‌ چه‌ند ئۆردوگایه‌ك پێكه‌وه‌نا ‌و ناوی لێنا قه‌زای سه‌دیق تا باشتر بتوانێ‌ كۆنترۆڵی خه‌ڵكه‌كه‌ی پێبكات ‌و به‌حیسابی خۆیان خه‌ڵكه‌كه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌ له‌ كوانووی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان كه‌ ره‌واندز یه‌كێك بوو له‌وشاره‌ ستراتیژیانه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك هه‌روه‌ها هۆكاری زیادبوونی رۆژبه‌رۆژی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ نیوه‌ی دووه‌می هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، كه‌ ببووه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر پێگه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی رژێم له‌ ته‌واوی ناوچه‌كان ‌و رۆژانه‌ چالاكییه‌كی پێشمه‌رگانه‌ ده‌بووه‌ سه‌ردێڕی هه‌واڵی ئێزگه‌كان. دۆڵی ئاكۆیانی سه‌ر به‌ شاری ره‌واندزیش كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی زۆردا، واته‌ له‌هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلول‌و شۆڕشی نوێدا هه‌ر ناوچه‌ی ئازادبووه‌‌و به‌ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌بووه‌ ‌و رۆژبه‌ڕۆژیش كاریگه‌ری ئازادییه‌كه‌ی ره‌نگی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی تری ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێم ده‌دایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت شاری ره‌واندز، كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی كه‌م له‌م دۆڵه‌ دووره‌. هه‌روه‌ها هۆكاری ده‌ستدریژی‌وگه‌مارۆدان ‌و  په‌لاماری رژێمی به‌عس بۆ سه‌ر دۆڵی ئاكۆیان له‌ 18\5\1987ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ رۆژێك به‌ر له‌ روودانی راپه‌ڕینه‌كه‌، به‌ هێزێكی زۆری جه‌یش‌و جاش په‌لاماری دۆڵی ئاكۆیانی سه‌ر به‌ شاری ره‌واندزیدا، به‌ڵام به‌حوكمی ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس به‌ زنجیره‌ به‌رنامه‌یه‌كی عه‌سكه‌ری كه‌وتبووه‌ په‌لاماردانی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ش ده‌بوا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بۆ ئه‌و شوێنانه‌ چووبان كه‌ شه‌ڕی تێدا ئه‌نجامده‌درا ‌و هه‌مانكات هێزه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ به‌ هاناوه‌چوونی ناوچه‌كانی تر به‌ ئه‌رك رۆیشتبوون ‌و هێزی پێكهاتووی ناوچه‌كه‌ بریتی بوو له‌ ته‌نها چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك ‌و هێزی پشتگیری گونده‌كان. 
سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ كاتژمێر ( 4 تا 8) ی به‌یانی رۆژی ( 18\5 \1987 )  له‌به‌ری بانه‌شان  واته‌ له‌ پشتی به‌ڕه‌زان ‌و پشتی لۆغان ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام هه‌رزووبه‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێك به‌ژێرپێی خۆفرۆشێك ‌و كوژرانی ده‌ستبه‌جێ‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ‌و پشتگیری لێیان هاتنه‌ ده‌ست ‌و زیانیان لێدان. دواتر ویستیان دزه‌بكه‌ن بۆ ناوچه‌ی ئازادكراو، به‌ڵام به‌ هه‌وڵی هێزی پشتگیری شكستیان خوارد، هێزی پشتگیری له‌ ته‌واوی گونده‌كان به‌شێوه‌ی مه‌فره‌زه‌ دروستكرابوون بۆ به‌رگریكردن له‌ ناوچه‌كه‌ ‌و هێزێكی هاوشانی هێزی پێشمه‌رگه‌بوو، به‌چه‌ك ‌و تفاقی خۆیان ئاماده‌ی شه‌ڕه‌كان ده‌بوون ‌و به‌رگرییان له‌ گوند ‌و ره‌ز ‌و باخ ‌و گیانی خۆیان ده‌كرد. شۆڕشیش هاوكاریده‌كردن.
ئه‌م هێزه‌ هێزێكی ته‌واو رێكخراو نه‌بوو، به‌ڵام له‌ڕووی ئازایه‌تی ‌و به‌رگریكردنه‌وه‌ به‌ئه‌زموون ‌و هه‌موو سنوره‌كانی مه‌ردایه‌تیان تێده‌په‌ڕاند، ئه‌وان زۆر هه‌ستیان به‌مه‌ترسیده‌كرد، چونكه‌ ئه‌مانه‌ خێزانداربوون ‌و ئیلتیزامی خێزانیان له‌ئه‌ستۆدابوو، بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی جه‌سوری تێده‌كۆشان تا پریشكی ئاگر له‌ خێزان ‌و منداڵه‌كانیان دوورخه‌نه‌وه‌. ئه‌م هێزه‌ی دۆڵی ئاكۆیان له‌ ته‌واوی شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌شدارییان كردووه‌ ‌و هێزی ئاماده‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی شه‌ڕیش به‌پێی پلانێك كه‌ له‌ مزگه‌وتی ئاكۆیان داڕشترا به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شكران:

1- هێزێك بۆ كه‌پكی لۆغان
2- سه‌ربانه‌شان
 3-ره‌شكی بانه‌شان
4-گه‌رووی سه‌ران
5-كێل كێل
6-ئه‌شكه‌وتی مام شه‌مسێ‌
7- ره‌بایه‌ی گردبوزینا
8-بانكورته‌ك

چه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ ‌و پشتگیری كه‌ به‌كاریانده‌هێنا پێكهاتبوو له‌ چه‌كی سوك وه‌ك كلاشنكۆف ‌و بیكه‌یسی ‌و ئارپیجی ‌و دوو دۆشكه‌ یه‌كێكیان له‌ (سه‌ر ره‌شكی بانه‌شان) ئه‌وه‌ی تریشیان له‌بانێ‌ پاته‌كولا له‌سه‌ر نیشاوێ‌  ‌و هاوه‌نێكی 120 ملم له‌سه‌ر ده‌ره‌فرێ‌ له‌ زیخی گه‌ره‌وان.
كاره‌ساتێكی ناخۆش: له‌دوای كاتژمێر ( 8 ) ی به‌یانی  كه‌ هێڕشی دوژمن شكستی هێنا ‌و به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، تۆپ بارانێكی خه‌ست ده‌ستیپێكرد ‌و گولله‌یه‌كی راجیمه‌ به‌ردۆشكه‌كه‌ كه‌وت ‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ناوی ( ره‌فیق، كه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر بوو شه‌هید بوو حه‌وت پێشمه‌رگه‌ش برینداربوون كه‌ برینه‌كانیان سه‌خت بوو ئه‌وانیش بریتی بوون له‌ (جه‌مال كه‌ریم، عه‌لی بێجانی ، حه‌مه‌ قادر، قادر محه‌مه‌د زیاد، بێباك محه‌مه‌د،  كه‌مال هاشم،حه‌مه‌دبه‌گ) كه‌ ئه‌مه‌ ته‌واوی هێزه‌كه‌ بوو له‌سه‌ر دۆشكه‌.
هێڕشێكی تری دوژمن:
 دوای تۆپبارانكردن  ‌و له‌كاركه‌وتنی دۆشكه‌ی پێشمه‌رگه‌كان دوژمن جارێكی تر هێڕشی ده‌ستپێكرده‌وه‌، به‌ پانایی دۆڵه‌كه‌ ‌و ئه‌مجاره‌ ویستی له‌به‌ری بنه‌كاول واته‌ بناری چیای هه‌ندرێن دزه‌بكات، به‌ڵام ئه‌وێش هێزێكی ئاماده‌ ‌و به‌ئه‌زموونی لێبوو، له‌هه‌مووشی كاریگه‌رتر دانانه‌وه‌ی لوغمبوو له‌ (كه‌پكی لۆغان – بانه‌شان – گردبوزینا) كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ته‌واوی هاوكێشه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی گۆڕی به‌ قازانجی پێشمه‌رگه‌ ‌و به‌ ده‌یان جاش ‌و عه‌سكه‌ریش كوژران ‌و لاشه‌كانیان به‌ لوغم پارچه‌پارچه‌بوو،به‌تایبه‌ت له‌ گردبوزینا،  له‌گه‌ڵ  خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ده‌یانی تریان  ‌و ده‌ستكه‌وتنی ده‌یان پارچه‌چه‌ك. شایانی باسه‌ یه‌ك پێشمه‌رگه‌ش به‌ناوی ئیسماعیل سلێمان له‌به‌ری هه‌ندرێن برینداربوو.

وه‌زعی خێزانه‌كان:
بێگومان به‌درێژایی شۆڕش خه‌ڵكی گونده‌كان حه‌وانه‌وه‌یان نه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ رژێم به‌خه‌ستی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ده‌ستپێده‌كرد گه‌مارۆی ناوچه‌كانی ده‌دا. له‌م ماوه‌یه‌شدا ته‌واوی خێزانه‌كان له‌ترسی په‌لاماردان ‌وده‌ستگیركردن كه‌ هه‌رچوار ده‌وری دۆڵی ئاكۆیان گیرابوو بۆ ماوه‌ی مانگێك زیاتر روویان له‌ ئه‌شكه‌وته‌كانی ئه‌م ناوه‌ده‌كرد. پێویست به‌ وه‌سف ناكات كه‌ چۆن  له‌م ماوه‌یه‌دا ژیانیان گوزه‌راندووه‌.
ده‌ره‌نجامی هێڕشه‌كه‌:
پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌ شكست خواردووه‌كه‌ی رژێم به‌دۆڕاوی ده‌كشانه‌وه‌ دواوه‌ ‌و لاشه‌ی بریندار ‌و كوژراوه‌كانیان ده‌گواسته‌وه‌ به‌ناچاریش به‌به‌رده‌م چاوی خه‌ڵكی ره‌واندزیان دادێنانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجڕاكێشان بوو گردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی شار بوو بۆ بینینی هێزه‌ شكستخواردووه‌كه‌ی رژێم ‌و له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاژێرێكی ئه‌مبۆلانسیش هۆیهای مێردمنداڵ‌و گه‌نج‌و پیره‌كان به‌رزده‌بووه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆری دروستكرد بۆ قائیدی سوپای رژێم، كه‌  هه‌ڵسێ‌ به‌ده‌ركردنی بڕیاری رووخاندنی ئه‌و ریزه‌ خانووه‌ی گه‌ڕه‌كی ناوڕه‌زان، كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هۆیهایان له‌ په‌ناوه‌ده‌كێشا. بۆیه‌ بۆ رۆژی دواتر واته‌ 19\5\1987 هه‌ڵسا به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ شۆفڵێكی هێنا له‌گه‌ڵ شۆفرلێتێكی سوور كه‌ ئه‌فسه‌رێك به‌ پله‌ی نه‌قیب ‌و فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌یه‌ك ‌و چه‌ندین سه‌ربازی تێدابوو كه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ شۆفڵه‌كه‌ هاتبوون، ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن ژنێكی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ كه‌ ده‌یانه‌ویست خانووه‌كه‌ی لێبڕوخێنن قورئانی له‌به‌رده‌م راگرتن به‌ڵكو بۆ خاتری قورئان ده‌ست له‌ كاره‌كه‌یان هه‌ڵبگرن، كه‌چی ئه‌وان هه‌ر سووربوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌یان، به‌ڵام ئه‌م كاره‌یان به‌ئاسانی بۆ نه‌چووه‌سه‌ر ‌و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌كی زۆر دروستبوو له‌نێوان هه‌ندێك چه‌كداری ئاماده‌ له‌وێو جێبه‌جێكارانی بڕیاری قائیدی سوپا ‌و ئه‌و ناهه‌قیه‌یان قه‌بووڵنه‌كرد ‌و كه‌وتنه‌ ده‌ستڕێژی گولله‌‌و ته‌واوی ئه‌و هێزه‌یان گه‌مارۆدا ‌و له‌نێویدا ئه‌فسه‌رێك به‌پله‌ی نه‌قیب به‌ناوی ( ئه‌حمه‌د مه‌حمود سوڵتان ) لونێو كوژراواندابوو، ئه‌مه‌ بووه‌ ده‌ستپێكێك بۆ راپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری شار ‌و هه‌موو پێكهاته‌كانی شاری گرته‌وه‌.
مه‌لاكه‌مال یه‌كێك بوو له‌ به‌شدارانی راپه‌ڕین ‌و داواكراوی دادگای شۆڕش ( محكمه‌ الپوره‌) بوو له‌ ژماره‌ 47 ی زاری كرمانجی ئاوا باسی رووداوه‌كه‌ی كردووه‌: ئه‌و هێزه‌ی تر كه‌ ده‌یه‌ویست بگه‌ڕێته‌وه‌ ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ گه‌رده‌گه‌رد دامانه‌به‌ر ده‌ستڕێژ ‌و ده‌بابه‌یه‌ك ده‌یه‌ویست پشتمان لێبگرێ‌ كه‌ گه‌یشته‌ نزیك تانكی ئاو له‌گه‌ڕه‌كی شۆڕش تێمانگرت ‌و ناچاربوو بگه‌ڕێته‌وه‌. شایانی باسه‌ ره‌شاد ساڵح ناسراو به‌ ئارام له‌ مزگه‌وتی ناوشار بانگه‌وازی كرد تا خه‌ڵك به‌شداریبكات ‌و بچێت له‌ ماڵی مامۆستا خالد نوری بۆ لێدانی رژێم چه‌ك وه‌ربگرێت، چونكه‌ مامۆستا خالید جبه‌خانه‌ی خۆیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخانكرد، ئیدی له‌هه‌موو لایه‌ك له‌ ره‌بایه‌كانی ده‌وروبه‌ری ره‌واندز، له‌ ره‌بایه‌ی به‌نزینخانه‌، له‌ مونه‌زه‌مه‌ ‌و سه‌را به‌ تایبه‌تی كاتژمێر 3 ی ئێواره‌ شه‌ڕ گه‌رم بوو، كه‌ به‌ته‌واوی دوژمن تێكشكا. خالد حوسێن جۆڵا  یه‌كێكی تره‌ له‌ داواكراوه‌كانی دادگا ده‌ڵێت: دوای كوژرانی نه‌قیبه‌كه‌ ‌و ئه‌و هێزه‌ی له‌گه‌ڵیدابوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك براده‌ر روومان له‌ ره‌بایه‌ی به‌نزینخانه‌كرد، له‌و ره‌بایه‌ كۆمه‌ڵێك جه‌یشی ناشه‌عبی له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدابوون، به‌ڵام چه‌كمانكردن ‌و ئه‌وانیشمان به‌دیلی له‌گه‌ڵ خۆمان هێنان ‌و سواری هینۆیه‌كمان كردن كه‌ مامۆستا جه‌بار عه‌بدوڵا لێیده‌خوڕی ‌و به‌ره‌و گه‌لی مێگر رۆیشتین ‌و له‌به‌ر ده‌رنه‌چوونی هینۆكه‌مان له‌ بێشۆران سوتاند ‌و وه‌ك نیازپاكیه‌كیش دیله‌كانمان ئازادكردن كه‌ خه‌ڵكی رومادی بوون ‌و پێمان گوتن كه‌ چوونه‌وه‌ رووداوه‌كه‌ وه‌ك خۆی بگێڕنه‌وه‌. له‌ ره‌بایه‌ی ملتۆكریش هێزه‌كانی ئه‌وێ‌ چه‌ككران ‌و ده‌بابه‌یه‌ك ده‌ستی به‌سه‌راگیرا ‌و حه‌سه‌ن حوسێن لێیخوڕی كه‌ ئه‌ویش داواكراوێكی تری دادگای شۆڕش بوو. له‌ هه‌مان ژماره‌ی رۆژنامه‌ی زاری كرمانجی  فه‌تاح خالد داواكراوێكی تره‌ ده‌ڵێت: من له‌ قۆڵی ناوڕه‌زان له‌گه‌ڵ پۆلێك براده‌ر هه‌وڵماندا ره‌بایه‌ی سپیلك بگرین كه‌ ته‌واوی هێزه‌كان ‌و قایمقامیش روویان له‌وێ‌ كردبوو، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای چه‌ند ده‌بابه‌یه‌ك كه‌ له‌وێ‌ ته‌قه‌یان له‌ئێمه‌ده‌كرد. شه‌ڕه‌كه‌ تا ئێواره‌ درێژه‌ی كێشا به‌ڵام ره‌بایه‌كه‌ له‌به‌ر سه‌ختی شوێنه‌كه‌ی ‌و نابه‌رابه‌ری هێز نه‌گیرا.
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ باسكرا له‌هه‌موولایه‌ك هه‌ڵمه‌ت ده‌ستی پێكردبوو، هێزێكی چه‌كداریش  كه‌وتنه‌ هه‌ڵمه‌تی گرتنی مونه‌زه‌مه‌ی به‌عس‌و سه‌را ‌و ده‌ستیان به‌سه‌راگرت‌و ره‌فیق حزبیێك به‌ناوی فازل برینداربوو. ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ ‌و نابێ‌ هه‌رگیز له‌یادبكرێ‌ رۆڵی جوامێرانه‌ ‌و  پڕ له‌ قاره‌مانانه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ شه‌هید مه‌لا خدری وه‌رتی كه‌ ئه‌وكاته‌ ئیمام ‌و خه‌تیب بوو له‌ مزگه‌وتی ناوشار ‌و به‌ گوتاره‌ حه‌ماسیه‌كانی خه‌ڵكی جۆشده‌دا ‌و هه‌روه‌ها  شه‌هید مام محه‌مه‌د زێندین گه‌ره‌وه‌یی  كه‌ ته‌مه‌نی نزیكه‌ی حه‌فتا ساڵ ده‌بوو، به‌ڵام رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ جۆشدانی هاوڵاتیان‌و ناوبه‌ناو به‌بێ‌ ترس له‌ناوشاردا هوتافی ده‌كێشا‌و شادی ده‌رده‌بڕی به‌ سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌‌و شكستی رژێم ‌و بۆ رۆژی راپه‌ڕینیش به‌كرداری راستگۆ له‌گه‌ڵ گفتاره‌ راستگۆكانیدا ‌و به‌ تفه‌نگه‌ په‌ره‌شووته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ  هێزی ئاماده‌ی راپه‌ڕین ‌و لاوانی شار هه‌ڵمه‌تی برده‌سه‌ر مونه‌زه‌مه‌‌و له‌به‌رده‌رگای مونه‌زه‌مه‌ شه‌هید كه‌وت، مه‌هدی ئیبراهیم وه‌ك شایه‌تحاڵێك ‌و داواكراوێك له‌ دادگای شۆڕش ئاوا شه‌هیدبوونه‌كه‌ی محه‌مه‌د زێندین ده‌گێڕێته‌وه‌: من ‌و شه‌هید پاڵمان وه‌یه‌كتردابوو ، شه‌هید تفه‌نگێكی په‌ڕه‌شوتی پێبوو ته‌قه‌ی له‌باره‌گای منه‌زه‌مه‌ ده‌كرد، ناوه‌ناوه‌ش یه‌ك به‌ده‌نگی خۆی هاواری ده‌كرد لێیانده‌ن خه‌زایه‌، ره‌فیق فازڵ ‌و مه‌هدی چوونه‌ سه‌ربانی منه‌زه‌مه‌ ‌و ته‌قه‌یان له‌ئێمه‌كرد ، شه‌هید محه‌مه‌د زێندین ‌و سابیر ماویلی برینداربوون، شه‌هید محه‌مه‌د زێندین گولله‌یه‌ك به‌رسینگی كه‌وت ‌و به‌پشتیه‌وه‌ ته‌قیه‌وه‌.له‌ بنكه‌ی پۆلیسیش ته‌قه‌مان لێكرا  عومه‌ر ‌و محه‌مه‌د كورده‌ برینداربوون كه‌ دواتر شه‌هید محه‌مه‌د هه‌ر به‌هۆی ئه‌م برینه‌وه‌ شه‌هیدبوو.  له‌ قۆڵه‌كانی تریش ئه‌م هاوڵاتیانه‌ هه‌ریه‌كه‌ی به‌هۆیه‌ك شه‌هیدبوو له‌وانه‌(ئازاد عه‌زیز شاكر،جوان عیسا خدر، قادر سه‌رانه‌یی، محمد حسین فریاد). دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوی شار پاككرایه‌وه‌‌و هێزكانی رژێم  زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وكاته‌ له‌ ئێزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان زیانه‌كان به‌ (71) كوژراو به‌ پله‌كانی ئه‌فسه‌ر، ئه‌من، ره‌فیق حزبی ‌و جه‌یشی شه‌عبی  ‌و شه‌ش بریندار ‌و به‌دیلگیرانی شه‌ش جه‌یشی شه‌عبی ‌و تێكشكانی سێ‌ تانك ‌و سوتانی جێب قیاده‌یه‌ك راگه‌یه‌نرا كه‌ ئه‌مه‌ رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر بوو، بۆیه‌ خه‌ڵكی له‌ترسی كاردانه‌وه‌ی توندی رژێم  شاریان چۆڵكرد، هاوڵاتیان به‌ته‌واوی مه‌ترسیان لێنیشت، هه‌ربۆیه‌ زۆریان په‌یوه‌ندییان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌كرد ‌و ئه‌وانی تریش هه‌ریه‌كه‌ی بۆ رۆژانی دوایی گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر كار‌وباری خۆیان‌و له‌ دواییدا دادگای به‌ناو شۆڕش له‌ به‌غدا بڕیاری ژماره‌( 2823) ی ده‌ركرد بۆ ده‌ستگیركردنی (21) هاوڵاتی به‌م ناوانه‌:

1- ئه‌یوب حه‌مه‌ده‌مین عه‌بدوڵاماویلی
2- سابیر حه‌مه‌ده‌مین عه‌بدوڵا ماویلی
3-محه‌مه‌د مه‌غدید مسته‌فا
4- ئازاد مه‌غدید مسته‌فا
5-كه‌مال خالد ره‌شید ناسراو به‌ مه‌لا كه‌مال
6- دلێر ره‌شید بایز
7-محه‌مه‌د حه‌مه‌ده‌مین مسته‌فا
8-ئازاد حه‌مه‌ده‌مین مسته‌فا
9- تاهیر حه‌مه‌ده‌مین مسته‌فا
10- فه‌تاح خالد حه‌مه‌ده‌مین
11- مه‌غدید مسته‌فا ئه‌بوبه‌كر حه‌مه‌ده‌مین
12- خالد محه‌مه‌د ئه‌مین عومه‌ر سۆفی
13- ئه‌سعه‌د ساڵح حه‌كیم ناسراو به‌ مامۆستا ئه‌سعه‌د
14- خالد حوسێن حه‌مه‌ده‌مین جۆڵا
15- لوقمان حوسێن حه‌مه‌ده‌مین جۆڵا
16- زبێر حوسێن حه‌مه‌ده‌مین جۆڵا
17-شعیب كه‌ریم سه‌عید ناسراو به‌ شاهۆ كه‌ریم
18-حه‌سه‌ن حوسێن سه‌یدئه‌حمه‌د
19-عه‌دنان ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا
20- حه‌سه‌ن ره‌شید حه‌سه‌ن ناسراو به‌ حه‌سه‌ن عه‌ریف ره‌شید
21
– مه‌هدی ئیبراهیم عبدالله‌.
 ماوه‌ی سێ‌ رۆژیشی دیاریكرد بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانیان ‌و ئاماده‌بوونیان له‌به‌رده‌م دادگا، به‌و سكاڵایه‌ی له‌سه‌ریان تۆماركراوه‌ به‌ ژماره‌(1483) ی هه‌مان ساڵ، به‌ڵام ئه‌وكات هیچ یه‌كێك له‌م تێكۆشه‌رانه‌ خۆی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ تا بڕیارێكی لێخۆشبوون ده‌رچوو.
ئه‌م وه‌زعه‌ هه‌ر ئاوا مایه‌وه‌ تا هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال ده‌ستیان پێكرد ‌و ره‌واندز كه‌وته‌ نێو هه‌ڵمه‌ته‌كانی چواره‌م ‌و پێنجه‌م‌و شه‌شه‌م كه‌ له‌ نێوان ( 15/5 تا 28/8/1998) درێژه‌ی كێشا له‌ ناوچه‌كانی دۆڵی ئاكۆیان ‌و چیاكانی هه‌ندرێن ‌و كارۆخ ‌و ناوچه‌ی وه‌رتێ‌ ‌و كه‌ڵێته‌‌و زینی گه‌لی ‌و ده‌رگه‌ڵًه‌ ‌و به‌نی هه‌ریر ‌و خه‌لیفان ‌و له‌م گه‌مارۆدانانه‌شدا به‌سه‌دان خێزانی تر ئاواره‌ ‌و سه‌رگه‌ردانبوون ‌و ماڵ ‌و باخ ‌و ره‌ز ‌و مێشه‌ هه‌نگه‌كان ‌و وڵاخ ‌و گیانه‌وه‌ری ماڵی ‌و ته‌واوی سه‌روه‌ت ‌و سامانیان به‌تاڵان بردرا، هه‌روه‌ك رۆژنامه‌نووس محه‌مه‌د گه‌ڵاڵی له‌ به‌دواداچوونێك له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌ له‌ ژماره‌كانی(1423 ‌و 1426)نووسیویه‌تی: ( لیوا روكن یونس محه‌مه‌د) فه‌رمانده‌یی فه‌یله‌قی پێنج نامه‌یه‌كی به‌وپه‌ڕی نهێنی ‌و شه‌خسی نووسیوه‌ ‌و بۆ فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای ناردووه‌ ‌و تێیدا داوای دواخستنی پرۆسه‌كه‌ ده‌كات ‌و هه‌روه‌ها كاری شۆڕشگێڕی ‌و نه‌به‌ردی خه‌ڵكی ره‌واندز ئاماژه‌ پێكراوه‌ و كردویه‌تیه‌ بیانوێك بۆ دواخستنی پرۆسه‌ی پاكتاوكردن له‌ كه‌رتی ره‌واندز‌و شه‌قڵاوه‌، واته‌ هه‌ر داوای دواخستنی پرۆسه‌كه‌ی كردووه‌ تا دواجار رقی كۆنی خۆیان هه‌ڵڕشت ‌و له‌ رۆژی 1/6/1988 كه‌وتنه‌ روخاندنی  خانووی(24) هاوڵاتی شاریره‌واندز، كه‌ له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ به‌شدارییان كردبوو به‌م ناوانه‌: (مه‌لا ئه‌حمه‌د وه‌رتی،  مه‌لا مه‌مدوح سه‌لیم، سه‌ید ئه‌حمه‌د محمد یوسف ، ئه‌حمه‌د حاجی برایم سه‌رانه‌یی، خدر برایم مه‌حمود، سۆفی رسول عه‌زیز، ، عزیز مسته‌فا عه‌زیز، یوسف مسته‌فا جه‌عفه‌ر، خورشید میر ئه‌حمه‌د، حه‌سه‌ن حوسێن حمدامین، ره‌شید بایز عه‌لی، سه‌عید قادر ره‌شید، عه‌لی حه‌سه‌ن قه‌ڵه‌و، حسێن حمدامین جۆڵا، حاجی محمد ئه‌حمه‌د ئاكۆیی، زرار كه‌ڕه‌كی، حاجی موسلیح گه‌ره‌وه‌یی، ئیسماعیل محمدامین عومه‌ركه‌ڕه‌كی، ئه‌بوبه‌كر حوسێن حه‌سه‌ن، حاجی محه‌مه‌د مه‌لا، شێروان محه‌مه‌د ساڵح، جه‌لال سه‌یدا ئیبراهیم، جه‌لال مه‌حمود حمدامین، خدر حاجی حوسێن )، ئه‌مه‌‌و به‌تاڵانبردنی ماڵی ده‌یان هاوڵاتی تر كه‌ به‌شداری كاریگه‌ریان هه‌بوو له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌دا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی برینێكی قوڵ ‌و كاریگه‌ری له‌ دڵی شاردا دروستكرد پاش ئه‌م كاره‌ ناڕه‌وایه‌، تاریك ‌و روونی رۆژی (15/6/1988) رژێم ته‌واوی شاری گه‌مارۆدا ‌و نه‌یهێشت كه‌س بچێته‌ده‌ره‌وه‌ی شار ‌و ده‌ستی كرد به‌ پشكنین ‌و گه‌ڕان به‌دوای ئه‌وانه‌ی به‌شداریان كردبوو له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌دا، رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ده‌ستگیركرد، به‌پێی به‌ڵگه‌یه‌ك (180) هاوڵاتی ده‌بێت‌و سه‌ره‌نجام ( 13) رۆڵه‌ی دڵسۆز ‌و قاره‌مانی شاره‌كه‌یان گلدایه‌وه‌‌و شوێن بزركران كه‌ ئه‌مه‌ش ناوه‌كانیانه‌ (مه‌لا خدر باپیر وه‌رتی،  عه‌بدوڵا خدر جۆڵا، حه‌سه‌ن عه‌لی حوسێن، ئیسماعیل حاجی سه‌دره‌دین، وریا سه‌عید ره‌زاق، سه‌لیم ئه‌سعه‌د، ئه‌مین ناوخۆش، سه‌ردار ته‌ها به‌كر، رێبوار حه‌سه‌ن یوسف، شێرزاد جه‌بار مامشێخ، عه‌بدوڵڕه‌زااق خدر مامشێخ، فازیل وه‌ستا شافی، عیسا محه‌مه‌د عه‌لی).  

  
دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هیدان ‌و ده‌سته‌ی داكۆكیكردن   

 دوای ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ بێئومێدی كه‌سوكاری شه‌هیدان  ‌و ونبوونی رۆڵه‌كانیان، له‌رۆژانی یه‌كه‌می دادگایكردنی سه‌دام ‌و دار‌وده‌سته‌كه‌ی له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال ‌وئاماژه‌كانی نێو خوێندنه‌وه‌ی موڕافه‌عه‌ی داواكاری گشتی كه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌ ئه‌نفالی ره‌واندز كرا، دوای ئه‌و رۆژه‌ له‌به‌رواری( 24\8\2006) له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان له‌ شاری ره‌واندز ده‌سته‌یه‌كی خۆبه‌خش له‌ كۆمه‌ڵێك لاوی ئه‌م شاره‌ له‌ یاساناس ‌و رۆشنبیر ‌و رۆژنامه‌نووس ‌و مرۆڤدۆست ‌و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان پێكهات مه‌به‌ست له‌ دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ پشتگیریی ‌و پشتیوانیكردن بوو له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كان ‌و خستنه‌ڕووی تاوانه‌كانی سه‌دام ‌و دیاریكردنی مه‌زڵومیه‌تی سه‌ر گه‌لانی كوردستان ‌و چاره‌نووسی ( 13) ئه‌نفالكراوی شاری ره‌واندز‌و به‌دواداچوونی كه‌یسی ئه‌م شه‌هیدانه‌ ‌و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌كانیان بوو. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌ پێكهاتبوو : 

1-هیوا سه‌ید سه‌لیم 2- هاژه‌ سلێمان مسته‌فا  3–به‌ختیار سه‌باح ئه‌حمه‌د 4- عیسا محمد خدر( مه‌مه‌ده‌ڕه‌ش )5 -سه‌ید ئه‌حمه‌د سه‌ید جه‌رجیس 6- م\زرار محمد مسته‌فا 7- سه‌دیق سه‌عید 8- عمران عه‌زیز 9- حاكم\فازل مسته‌فا ئه‌حمه‌د 10 -یاسین برایم 11- مه‌ولان خدر جۆڵا 12- ابراهیم عه‌وڵا ئۆمه‌ر 13- هاوار عیسا محمد علی 14- ره‌شاد ساڵح حه‌كیم 15 – حوسێن كه‌ڕوب عه‌زیز 16- هاوار جه‌بار مامشێخ 17- زیره‌ك وریا سه‌عید 18 -م\ابراهیم ئه‌حمه‌د      19 – عه‌باس حه‌سه‌ن یوسف 20-حه‌سه‌ن مسته‌فا جه‌عفه‌ر. به‌ڵام دواتر هه‌ندێك گۆڕانكاری به‌سه‌ر ده‌سته‌كه‌دا هات.   

   
له‌م رۆژه‌ به‌دواوه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ كه‌وتنه‌ جێبه‌جێكردنی كاره‌ بڕیارلێدراوه‌كانیان ‌و گه‌ڕان ‌و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی شه‌هیدان ‌و هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌وه‌ی روفاتیان. ئه‌وه‌بوو له‌ كۆتایی ساڵی 2006 گۆڕه‌كان  له‌شاری هه‌ولێر له‌سه‌ر رێگه‌ی مه‌خمور دۆزرانه‌وه‌ ‌و شوێنه‌كه‌یان به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان  راگه‌یه‌نرا تا له‌مه‌ودوا سه‌ردانی گۆڕه‌كانیان بكه‌ن ‌و چه‌پكه‌ گوڵ له‌سه‌ر مه‌زاریان دابنرێ‌. هه‌ر له‌ درێژه‌ی كار‌وچالاكیه‌كانی ئه‌م ده‌سته‌یه‌دا، كه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون روفاتی شه‌هیده‌كان بێننه‌وه‌ شاری ره‌واندز‌و مۆنۆمێنتێكی شایسته‌یان بۆ دروستبكرێ‌، كه‌ ره‌زامه‌ندی له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێر وه‌رگیرابوو، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن شاره‌وانی ره‌واندزیش زه‌وی ته‌رخانكرابوو، به‌ڵام دوو كێشه‌ هاتنه‌پێش یه‌كێكیان ئه‌وه‌بوو، له‌ سه‌ردانی ده‌سته‌ی داكۆكیكردن له‌ ئه‌نفاله‌كانی ره‌واندز ‌و ده‌وروبه‌ری بۆ لای  وه‌زیری شه‌هیدان‌و كاروباری ئه‌نفاله‌كان به‌ڕێز (چنار سه‌عد) وای پێچاك بوو كه‌گۆڕی  شه‌هیده‌كان له‌ شوێنی خۆیان بمێننه‌وه‌، چونكه‌ پلان هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی نیشتمانی له‌ پایته‌ختی هه‌رێم‌و ئه‌وانیش وه‌خۆ ده‌گرێ‌، ئه‌وه‌یشی راگه‌یاند ئه‌وانه‌ هه‌ر به‌ ته‌نها شه‌هیدی سنورێك نین، به‌ڵكو شه‌هیدی كوردستانن، له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌بێته‌ پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال پێناسه‌ی جینۆساید وه‌ربگرێ‌، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤی بۆ ئاینده‌ی كوردستان ده‌بێ‌ له‌ به‌هێزكردنی دۆزه‌كه‌یدا له‌ سه‌كۆ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كاندا. هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تریش خواستی ته‌واوی خێزانه‌كان له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌م شه‌هیدانه‌ نه‌بوو، بۆیه‌ له‌وێ‌ له‌ته‌ك شه‌هیدانی تری كوردستان به‌ ئارامی لێی نووستوون تا ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م مۆنۆمێنته‌ نیشتمانییه‌. شایانی باسه‌ ساڵی 2009 له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌ به‌م بۆنه‌یه‌  به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان وه‌زیری شه‌هیدان ‌و ئه‌نفالكراوان ‌و وه‌زیری وه‌رزش ‌و لاوان له‌ چوارڕییانی  ره‌واندز- بێخاڵ به‌ردی بناغه‌ بۆ مۆنۆمێنتێك دانرا كه‌ گوزارشت له‌ 13 شه‌هیدی ئه‌م شاره‌ بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر  بڕیاره‌كه‌ تێپه‌ڕی ‌و ته‌واوی خه‌ڵكی شار له‌ چاوه‌ڕوانی دانانی مۆنۆمێنتدابوون ‌و نه‌یانبینی.  ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌مساڵ ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێبكرێ‌  ‌و شاره‌كه‌مان مۆنۆمێنتێكی شایسته‌ له‌باوه‌ش بگرێ‌  ‌و په‌یكه‌رێكی شایسته‌ش بۆ شه‌هید محه‌مه‌د زێندین سیمبولی راپه‌ڕینه‌كه‌ ‌و ئه‌م رۆژه‌ش به‌ فه‌رمی ببێته‌ رۆژی ره‌واندز.                                                                 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.