الأربعاء، 30 نوفمبر 2016

گرێدانەوەی خۆپیشاندان بەخیانەت


ئەوەی چەند رۆژە لەشەقامەكانی شاری سلێمانی (پایتەختی رۆشنبیری)‌و هەڵەبجە‌و شارۆچكەكانی دیكە دەگوزەرێ، لەخۆپیشاندان‌و بڵندكردنی دەنگی ناڕەزایی لەلایەن مامۆستا‌و فەرمانبەران هەر ئەوەیشە لەشەقامی شار‌و پایتەختی وڵاتەپێشكەوتووەكانەوە دەیبینین‌و دەكرێ، بەڵام لەوێ گوێیەك هەیە دەنگەكان دەبیستێ‌و دەستێك هەیە خەمەكانی ئاوێزانی خەمەكانیان دەكات، كەچی لێرە بەپێچەوانەوە، سەرەڕای راگرتنی تەواوی پرانسیپەكانی خۆپیشاندانی مەدەنییانە‌و دوور لەهەر هەڕەشە‌و گوڕەشە‌و هەڵكوتانەسەر دەزگا حكومی‌و حزبییەكان، هێمنانە لەشوێنێكی دەستنیشانكراو رێپێوان بەشێوەیەكی زۆر بەرپرسانە بەڕێوەدەچێ‌و داواكارییەكانیش هیچیان لەسەرووی داواكاریی ناواقیعیدانین، بەڵكو جەختكردنەوە‌و بیرهێنانەوەن بۆدەسەڵاتی كوردی كە ئەوەی دەرهەق بەتوێژی مامۆستایان‌و فەرمانبەران دەكرێ ناهەقییە‌و داوای گێڕانەوەی هەقە. 
 ئەم جۆرە رێپێوانانەمان پێشووتر لەوڵاتان بینیون، بەڵام لەبری ئەوەی وەزیری پەیوەست یان سەرۆك وەزیران بێمنەتی نیشانبدەن، تا لەتوانایاندابووبێ بەپیر داخوازییەكانەوە رۆیشتوون‌و ئەوەی نەشكراوە‌و لەدەسەڵاتیاندابووە‌و جێبەجێنەكراوە دەستیان لەكار هەڵگرتووە. 
ئەوەی زۆر جێی نیگەرانییە، ئەوەیە زۆربەی سەرچاوە بۆبەدەستهێنان‌وكەڵەكەكردنی سەرمایەی دارایی ناوچەكە لێرە هەڵدەقوڵێ، كەچی بێداراییترین تاكەكانی ئەوانەن لێرە چاو دەبڕنە خۆشییەكانی دەرەوە. بەدەر لەو رێژە سەرمایەدارە گەورانەی لێرە بوونیان هەیە‌و سەرمایەكانیان لەماوەی زێڕینی راپەڕینەوە تا ئێستا كەڵەكەكردووە...!!دەزانم هەیە لەم نیشتمانە دەژیێ لە فیلاكانییدا 80 ژووری نووستنی هەیە!! كەچی هەر لەسەر ئەم خاكەی ناوی هەرێمی كوردستانە هاونیشتمانی هەن بە گەرمای پوشپەڕ‌و سەرمای رێبەندان لەژێر نایلۆن دەیگوزەرێنن...نامەوێ زۆر بكەومە بەراوردكاریی چونكە تا زیاتر بڕۆم خەرەندەكە بەرینتردەبێ‌و هیچ پردێك ناتوانێ بەیەكەوەیان بگەیەنێ. 
كەواتە ئەو دەنگانەی ئەمڕۆ لەشەقام بڵنددەبنەوە، سەرچاوەیان لەم نادادپەروەرییە وەرگرتووە. 
لەیەكەم رۆژی راپەڕینەوە تائەمڕۆ گەورەترین پرسیار بۆ من ئەوەبووە، ئەوەی لەدوای بەعس كۆماندەكاتەوە تۆبڵێی شێوە ژیانێكی عادیلانە‌و یەكسان بێ، كە ئەمجارە وەك هاووڵاتیێكی ئاسایی ژیان بكەین، كەچی ئەفسووس، دوای راپەڕین...زۆرینەمان لەگەڵ  هەمان جۆری ژیان بەریەككەوتینەوە، بەجیاوازیی ئەوەی ئەمجارە لەژێر ناونیشانی دیكەی نیشتمانپەروەری‌و پێفرۆشتنی دروشمی كوردایەتی رووبەڕووبووینەوە !!...بەداخەوە بەم دروشمانە زۆربەمان كەوتینەوە ژێر باری چاوبەستن‌و چەوسانەوە‌و گیرفانێكی خاڵی‌و دڵێكی پڕ قەهر. كەچی هاوارێكی پڕ لەئازاریش رەوا نابینن‌و ناتوانن گرێی نەدەنەوە بەخیانەت لەنیشتمان!!. 

هناك تعليق واحد:

  1. دست خۆش هاوڕێ
    ئە وەی بە ڕێزت باست كردوە مافێكی ڕەوای هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستانە بەڵام لە ولاتان حزبی معارەزە پشتیوانی لە خەڵك دەكات ! ئێمە كە نیمانە
    لێرە حزب بە ڕۆژحكومەتە و بە شەو معارەزەن ، ئەوان خەریكی كڕین و فرۆشتنی مافی خەڵكن ، ئەوان. لە هەموو دەسكەوت و خێری ئەو وڵاتە شەریكن ،تەنها لە پێدانی مافی خەڵك نە بێت ،حزبی كوردی ئەوەندە دوو ڕوون سەریان لە لەخویان و لە خەڵكیش شیواندووە !
    كەس زاتی ئەوە ناكات بە خەڵكی ماف خوراو بڵێت خیانەتان كرد، تە نیا ئەندامانی ئەوحزبانە نەنێت كەمافی ماف خوراوان دەخۆن بە تەلە فۆنێك ڕێڕەوی خۆپشاندانە كان دە گۆڕن و بۆ مە رامی حزبە كانیان بە كاریان دێنن.
    لە گەڵ ڕێزو حورمەتم

    ردحذف