السبت، 21 أكتوبر 2017

میدیاى زەرد


حەسەن هەندرێنى
میللەتى کورد میللەتێکى وشیارە، بەتایبەت بؤ وشیارى نەتەوەیی و نیشتمانى و تێگەیشتن لە پرسی دیموکراسییەت، بەڵام ئەوەى وەک تێبینییەک هەستی پێدەکەم لەڕووى وشیارى راگەیاندنەوە زۆر کڵۆڵین، بەو مانایەى لەڕۆڵ و وەزیفەى راگەیاندن تینەگەیشتووین، بۆیە زۆر خێرا ئەکەوینە ژێر هەژموونى راگەیاندن، گرنگە خەڵک لەبارودۆخى ناجێگییردا، وەک ئەوەى چەند رۆژە تەواوى سایکۆلۆژیاى ئێمەى تەنییوە، لەڕاگەیاندن دوورنەکەوينەوەو ئاگاداربین و لەگۆڕانکارییەکان تێبگەین، بەڵام پێویستە بەئاگاییەوە مامەڵەى لەگەڵدابکەین، پێویستە یەکەمجار راگەیاندنى سپى ( پیشەیی) و راگەیاندنى زەرد لەیەکتر جیابکەینەوە.  
راگەیاندنى زەرد: راگەیاندنێکى ناپیشەییە، کار ئەکات بۆ راکێشانى سەرنج و وروژاندنى راى گشتى بۆ زیادکردنى کێشەو ئارێشە لەناوکۆمەڵگادا، بەکارهینانى بۆ مەبەستێکى زۆر کاتى کە رەنگە لە چەند دەقیقەیەک تێپەڕنەکات یان بگاتە چەند کاتژمێرێک، ئەو هەواڵە یان راپۆرتەى بڵاویدەکاتەوە، بەلایەوە گرنگ نیە زیانەکانى چەندن تەنها ئەوەى بەلاوە گرنگە چەند سوودى پێدەگەیەنێ، ئەوەى هاوکاربوو لە گەشەسەندنى ئەم شێوازە لەڕاگەیاندندا رۆژنامەنووس ويليام راندولف هيرست بوو (1863- 1951) لە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.
ئەم راگەیاندنە زۆر ترسناکترە لە گولله هەروەک هەموومان ئەمجارەش (لەبارودۆخى ئەم چەند رۆژەى ناوچە دابڕێنراوەکان) هیچ نەبێ بۆ جارى دووەم دواى رووماڵکردنەکانى شەڕى داعش، کە بەهۆى ئەو رووماڵانەوە دەیان پێشمەرگە بوونە قوربانیی، ئەمجارەش هەمان بار بەسەر بەرەکانى شەڕو بارى سایکۆلۆژیاى خەڵکى داهات، بەداخەوە تا ئێستاش لەو بەزمەى خۆیان نەکەوتوون.
 نابێ وا سانایی لەم هونەرى راگەیاندنە بڕوانیین ئەمە زانستێکەو تائێستا توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى لەبارەوە دەکرێ، بۆیە زۆر گرنگە بۆ هاوڵاتییانى کورد، کە وشياريێکى بەرفراوانیییان هەیە لەسەر زۆر لەئاستەکان لەم بوارەشدا قووڵبن. نابێ هەڵمەتەکانى راگەیاندنى ١٤ و ١٥ ى ئۆکتۆبەر، دووڕۆژ پێش روودانى رووداوەکانى دوزخورماتوو کەرکومان لەبیربچێتەوە.
جێبەجێکارانى ئەجێنداى ئەمجۆرە راگەیاندنە، ناتوانن لەم جۆرە ئەتمۆسفێرانەدا داببڕێن، حەز بەشڵەژاندنى دەروونى هاوڵاتییان دەکەن. حەزەکەن پاڵپشت بن بۆ ئەو هێزانەى بۆ مەرامەکانیان تێدەکۆشن... ئەگەر لەڕووى سیاسی و بەرەییەوە حزبەکەى دۆڕاندی ئەوا ئەوان بتوانن بەو ئەرکە راببن  و دەستبارییان بۆ بگرن.
 بۆیە ئاسان نیە دەروونى خەڵکەکە ئاسوودەببێ تا ئەمجۆرە  راگەیاندنە لەکاردابێ، ئاسان نیە بەلەمى ئاشتى لە کەنارى ئارامى بنیشێتەوە، تا زمانى ئەم راگەیاندنە لەگەڕدابێ.
 ئەوەى ناوازەیە لەم جۆرە راگەیاندنە ئەوەیە، یەک: زۆر بەخێرایی، وەک خێرایی تیشک تەشەنە دەستێنێ. دوو: بەقوڕسی کاریگەریی دادەنێ، سێ: ئەوەندە بەبڕوابوونەوە قسەدەکات ناچارت دەکات باوەڕیی پێبکەی، چوار: هونەرکاریی زۆردەکات لەبەکارهێنانى بەڵگەو دۆکیۆمێنت، زۆرجار دەگەڕێ ئەو بەڵگانە بەکاردێنێ کە لەڕووى زەمەنییەوە زۆر دوورە لەو زەمەنەى تێدایە، ئێستاش بەهۆى تەشەنەسەندنى هونەرەکانى فۆتۆشۆپ وئیندیزاییین و هاتنە بەردەستى زانیارى لە یوتییوب و گوگل...کارەکانى ئاسان بووە. پێنج: ئاراستەى کەسانى سادەی دەکات و لەبەکارهێنانیشیدا کەسانى سادە بەکاردێنێ. شەشەم: کار لەسەر وروژاندنى هەست و سۆز دەکات بەدواى ئەو خاڵانەدا دەگەڕێ کە لەو ماوە دیاریکراوەدا سوودى پێدەگەیەنن.

 هەموو ئاماژەکانى راگەیاندنى زەرد لەم چەند رۆژەى رابردوودا بەدیارکەوتوون، بۆیە ئاسانە دەستنیشانکردنیان و وەرگرتنى زانیاری لەسەریان، کەوابێ ئەو لایەنەى کە وەک کەموکوڕیێک لەوشیارى ( راگەیاندنى) ئێمەدا بوونى هەیە، پێویستە دەرکى پێبکەین و زانیارییمان لەسەرى زیادبکەین تاهیچ نەبێ لەدۆخە نەخوازراوەکاندا کەمترین زیانمان پێبگەیەنێ.      

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق