بارزانى بؤ وايكرد؟
حەسەن هەندرێنی
جێی پێناسەكردن نیە كە بارزانی لەناو ژینگەیەكی سیاسیی بنەماڵەیی گەورەبووەو پێگەیووەو گەیشتۆتە ترۆپكی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستان، بەڵام پێدەچێ لەو دەیان شكستو هەستانەوانەدا پەندێكی چاكی وەرنەگرتبێ یان گوێی دڵی خۆی بۆ هەموو ئەو هاوارانە نەكردیبَتەوە، كە لەلایەن نوخبەی رۆشبیرانو سیاسییەكانو دایكی شەهیدان...وەك پێشنیارو سەرنجو تێبینی دڵسۆزانەو نیشتمانییانە رووبەڕوویانكردۆتەوە.!! ئەمە یان پەیوەندیی بەو كورسییەوە هەبوو كە دەوروبەرەكەی ژینگەیەكی ناسروشتیان بۆ دروستكردبوو، كە وای لێبكەن واقیعییانە هەنگاوەكانی نەنێ یان ئەوەتا ئەوەندەی لە سیاسەت زانییوە یان گوێی لەڕای باشی هەندێكیش نەگرتووە ئەگەر جورئەتیان كردبێ خەوشەكانو حەقیقەتەكانیان بۆ گواستبێتەوەو ئاراستەیان كردبێ. ئەگینا ئەزموونی دورودرێژی شۆڕشی ئەیلولو دوایین رۆژە تاڵەكانی ئەم شۆڕشە كە بەئاشبەتاڵ كۆتایی دێ، گەورەترین پەندی مێژوویی بووە، كە هەر كوردێك ئەتوانێ وانەیان لێوەربگرێ.
بارزانی باوك ( مەلا مستەفا) بەدرێژایی سەركردایەتییكردنی شۆڕشی ئەیلول، تەواوی هەوڵی خۆی دا كە ئەمریكییەكان پەیوەندیێكی لەگەڵدا ببەستن، بەڵام ئەو ئاواتەی بردە ژێر گلو بەپەیوەندیێكی ئەمریكییەكان شادنەبوو، تەنانەت لەنەخۆشكەوتنەكەیشیدا ( شێرپەنجەی سییەكان) دوای چەندیین مانگ رێگەیان دا بەمەرج پێبنێتە ئەمریكا بۆ چارەسەر،. كەچی لەسەردەمی بارزانی كوڕ( مەسعود) نەوەك هەر ئەمریكا، تەواوی وڵاتەكانی ئەنجوومەنی هەمیشەیی ئاسایش، نەتەوەیەكگرتووەكان، یەكێتی ئەوروپا هاودەنگو پشتیوانی بارزانی كوڕ بوون... ئەتوانم بڵێم لەگەرمەی شەڕی داعشو تا رۆژی راگەیاندنی ریفراندۆمیش هەولێر ببووە تێرمیناڵی وەزیرەكانی وڵاتانی رۆژاواو دیبلۆماتكارە بیانییەكانو ناوەناوە سەرۆكەكانیش. بەواتایەكی دی ئەوەی بارزانی باوك شەووڕۆژ ئاواتی بۆ ئەخواست، ئەو هەموو ئەوانەی بەزیادەوە هاتبووە بەردەست، گەورەترین پاڵپشتی لەنامەكەی ریكس تیلرسۆن ( وەزیری دەرەوەی ئەمریكا) بەدیاردەكەوێ، كە هەر كەس بەوردی بیخوێنێتەوە، ئەزانێ چەند نامەیەكی بایەخدارو گرنگیی مێژووییە بۆ خودی بارزانی نووسراوە. بۆیە ئەوەی بۆتە پرسیار و دروستكردنی شۆك لای زۆربەمان ئەوەیە، با ئەگەر هاتوو بارزانی باكیشی بە میللەتو كەركوك نەبووبێ، ئەی خۆ دەبووا بیرێكی لەخۆی بكرباوە، خۆ ئەوان ( خانەوادەكەیان) ژیانێكی شاهانەیان هەبووە بەدرێژایی هیچ نەبێ ئەم بیستو شەش ساڵەی رابردوو، ژیانێك ژیاون كە مەگەر سوڵتانەكانی چاخی ناوەڕاست ئاوا ژیابن، بۆیە تائەمڕۆ، ئەم پرسیارە بێوەڵام دەبینم، بارزانی بۆ وایكرد؟
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق