السبت، 21 أكتوبر 2017

فڕۆكەكان بۆ هەڵنەستان...؟


  
حەسەن هەندرێنی

 سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، بەتایبەت (پارتی ) هەرگیز لەو باوەڕە دانەبوون كە سوپای عێراق هێڕش بكاتە سەر ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان، لەشیمانەی هێڕشكردنیشدا ئەوەیان دانەنابوو كە دەرەقەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێن، بەڵام ئەوەی لەڕۆژانی 16‌و 20 ی ئۆكتۆبەر روویاندا شتێكی دیكەی پێگوتین، كە ئەم دوو هێزە زۆر نابەرامبەرن، هەرچەندە لە شەوی 17لەسەر 18ی ئۆكتۆبەر لەشكری فێسبووك ئومێدێكیان دروستكرد كە فڕۆكەكانی ئیسڕائیل بۆردوومانی سوپای عێراق دەكەن، بۆ بەیانییەكەیشی گوتیان كردوویانە!!. بێئاگا لەوەی لەناو پێكهاتەی ژووری ئۆپەراسیۆن جگە لەسوپای عێراق ، هێزەكانی ئەمریكا‌و بەریتانیاشی تێدان!! بەجەختكردنەوەی بەردەوامیش لە هاوكاریی‌و پشتیوانی دەوڵەتی ئێران‌و توركیا.
 ئەم ئومێدە قووڵە سەرچاوەی لەبەڵێنەكانی پێش ریفراندۆمی 25ی ئەیلولەوە گرتبوو، كە ئیسرائیل  بۆرە بەڵێنێكی بە كورد دابوو، كە پاڵپشتیی دەوڵەتی كوردی دەكات!!.
 منیش دەڵێم‌و تەواو بڕوام بەوە هەیە كە ئیسرائیلی تاقانە لەناوچەكەدا دەخوازێ كورد ببێتە دەوڵەتێكی جمك لەگەڵییدا، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ پاڵپشتی نەكرد؟ بۆ لەناوەڕاستی هەڵمەتەكانی ریفراندۆم پاشگەزبوونەوە‌و سەرۆك وەزیران ( نەتانیاهۆ) ئیعازیی بە كارگوزارانی دەوڵەتدا باسی ریفراندۆم نەكەن؟ چ فشارێكی لەسەر دروستبوو تا پاشگەزیی بكاتەوە؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری هاوشێوە وەڵامەكەی ئەوەمان پێدەڵێن، حەجمی ئەو دەوڵەتانەی دژی دامەزراندنی دەوڵەت بوون، زۆر گەورەبوو، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ ئێران‌و توركیا، كە توركیا سوودمەندترین وڵات بووە لە 2003 بەولاوە تائێستا‌و گەورەترین پشكی ئابووری لێرە چنییوەتەوە...بەڵام بەرژەوەندی ئابووری شتێكە‌و دۆڕاندن لەسیاسەت شتێكی دی. كە كار گەیشتەسەر ئەوەی پرسێك ئاسایشی نەتەوەیی ئەخاتە مەترسی، بێگومان لێی ئەسڵەمێتەوە‌و ئەكەوێتە دژایەتییكردنی ، بەتایبەت كە توركیا بەدەستی دوو هەرێمی دیكەی كوردستان گرفتارە، كە ( رۆژئاوای كوردستان) لەسەر لێواری رێككەوتنە لەگەڵ رژێمی سوریا‌و بەرەو فیدرالی هەنگاودەنێ، ئەگەر نەشگات بە سەربەخۆیی.
 لەكۆتاییدا دەڵێم، ئێستای ئیسرائیل جیاوازترە لەبەرێ، ئێستا ئیسرائیل هەست بەنیگەرانیێكی زۆر دەكات لەبەرامبەر دەوروبەری خۆی، ئەو هەموو جوڵە دیبلۆماسییانەی نەتانیاهۆ بۆ ئیسرائیل‌و كەنداو‌و ئەمریكا‌و رۆژاوا، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە. ئەگەر جاران بەتەنها حزب الله‌و حەماس بوون، ئێستا سوریا‌و عێراق‌و لەهەمووشیان كاریگەرتر ئێرانی هاتۆتە نزیك سنوورەكانی‌و تەواو توانای بەسەر ناوچەكەدا دەشكێ، هەر لە مەزار شەریفەوە تا ئەگاتە باشووری لوبنان‌و جۆلان، بەهیلالێكی شیعی درێژدەبێتەوە، بۆیە ئاسان نیە لەنێو ئەو هەموو كائیوسەدا ( گێژاوەدا)  ئیسرائیلی خودان ئەزموونێكی زۆر موغامەرەبەخۆی بكات لەسەر كورد. 
 بینیمان لە 16 ی تشرینی یەكەم لەبەیاننامەی وەزارەتی بەرگری سوریا خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی راگەیاند‌و وەزیری بەرگری ئیسرائیل ( لیبرمان) یش هەر زوو كەوتە پاكانەی ئەوەی كە گرژی دروستنەبێ، ئەو دەزانێ لەمكاتەدا هیچ ناچنێتەوە بۆیە كەوتە پاشەكشە، هەرچەندە ئەگەر دەرفەت ببینێ  هاوكار‌و پشتیوان دەبێ بۆ كورد كە پەیوەندیێكی دوورودرێژیان لەنێواندا هەیە‌و ئەم پەیوەندییە درێژدەبێتەوە بۆ پێش راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل 1946 و دواتریش لە1964 ئەگاتە ئاستێكی پەسەند لەگەڵ مەرحوم بارزانی.   
     
  

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق