(یەكێتی نیشتمانی) لەنێو دوو كەوانەدا

حەسەن هەندرێنی
لەڕۆژی راگەیاندنییەوە تا ئەمڕۆ ( یەكێتی نیشتمانی) بەپێچەوانەی هەندێك لەپارتو بزووتنەوەكانی گۆڕەپانی خەباتی سیاسی كوردستان زۆرترین باجی لەسەر هەڵوێستە نیشتمانیو نەتەوەییو دیموكراسییەكان داوەو هەمیشە رەوتێكی پێچەوانە هەبووە راستییەكانی هەڵگێڕاوەتەوەو چەواشەكاریی جێی پراگماتی سیاسیو میللی گرتۆتەوە.
نامەوێ بگەڕێمەوە سەرەتاكانی دامەزرانی یەكێتی كە لەبری ئەوەی وەك دەستكەوتێكی نەتەوەیی لەو هەوڵەی مامجەلال بڕوانرێ، كە توانی لەشەوەزەنگە هەرە تاریكەكانی شۆڕشی ئەیلول ( ئاشبەتاڵ) مەشخەڵانی شۆڕشی نوێ هەڵبكات لەچوارچێوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كەچی پۆلێك سەركردەی قارەمان بەدەستی ئەو دەستانە شەهیددەكرێن كە لەلایەن ئێرانو توركیاوە هاندران بۆ شەهیدكردنیان. یان نامەوێ باس لەو شەوو رۆژانەی هەشتاكان بكەم كە چۆن پێشمەرگەكانی یەكێتی تەنگیان بەو خۆفرۆشانە هەڵچنیبوو كە چەكی جاشایەتیان لەشانكردبوو بۆ دژایەتییكردنی شۆڕشی نوێ، بەڵام بەداخەوە دوای لێخۆشبوونی گشتی كەوتنە تۆڵە لەیەكێتیو لەسندوقەكانی دەنگدان ( 19-5-1992)توانیان تۆڵەی خۆیان بكەنەوە.
بۆیە لەو رابردووانە دەست هەڵدەگرمو بۆ مێژوونووسان جێیاندەهێڵم ودەچمە ناو ئەو ساڵانەی كە یەكێتی كەوتە بەرهەڵمەتی رقو سزاو توڕەیی خەڵك، بەڵام ئەمجارە جیاواز لەجارانی پێشتر جەماوەری خۆی سزاییدا لەسەر ئەوەی لەپەرلەمان بەدەستپێشخەری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوسا (ئەرسەلان بایز) ماوەی نایاسایی سەرۆكی هەرێمی دووساڵ بۆ بارزانی درێژكردەوە، ئەوەبوو بینیمان سزاكە زۆر كاریگەربوو بۆ یەكێتیو یەكێتییەكان، لەسەرووی هەموویانەوە بەلانسی هێز لەكورستان لاسەنگی تێكەوت، ئەمە ئەو خاڵەیە تائەمرۆِش خەڵك گیرۆدەیە بەدەستییەوەو تا ئەو بەلانسە راستنەكرێتەوە مەحاڵە چاوەڕێی دەستكەوتی باش بكەین. ئەوەی زیاتریش گورزی لەیەكێتییدا ئەوەبوو یەكێتی دەستەوەستان بوو لەوەڵامدانەوەو روونكردنەوە بۆ جەماوەرەكەی، ئەگینا یەكێتی ئەم هەنگاوەی بەبێ مەرج لەگەڵ پارتی نەكردبوو، بەڵام پارتی خاوەخاوەی كرد لەبەڵێنەكانیو تائەمڕۆش بەجێینەگەیاندن.
لەسەرینی ئەم سیاسەتەوە، وەك كاردانەوەیەك ئەو دەنگانەی یەكێتی نیشتمانی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان رۆیشتن، چونكە گۆڕان ئیشی ئەوەبوو كار لەسەر یەكێتی بكاتو لەوەشیاندا سەركەوتووبوو، دوای ئەو هەڵبژاردنەش لەهەڵبژاردنی دوای ئەویش بینیمان گۆڕان توانی دەست بەو رێژە كورسییەوە بگرێت كە لەسەر حسابی دەنگدەری یەكێتی بەدەستیهێنانو كەوتە سەوداو مامەڵە بەو دەنگانەوەو چەندین هەنگاو لەپارتی نزیككەوتەوەو هەوڵی جدیشیان بۆ ئەوەبوو كە یەكێتی ئاوت بكەن چونكە پێیان وابوو " یەكێتی تەواو بووە"!، بەداخەوە پێشتر دەیانگوت یەكێتی لەگەڵ پارتی سەودای بەدەنگی دەنگدەرانییەوە كردووە!!. هەرچەندە ئەمەی نێوان یەكێتیو پارتی چوارچێوەی رێككەوتننامەیەكی ستراتیژیی بوو بۆ كۆی پرسە گرنگەكانی گۆڕەپان، بەڵام ئەوەی گۆڕان تەنها لەكاری حكومەتدا زیاتر جێی دەگرت. كە بەهەموو پێوەرێك زۆر لەخوارترە لەرێككەوتنی ستراتیژی.
ئەمەی گۆڕان پێی هەڵسا پارادۆكسە لە گوتارو كرداردا. بۆیە لەو رۆژەوە تا بەئەمڕۆ دەبینین گۆڕان بەپێچەوانەی ئەو دروشمانەی بۆی هاتە پێشو بڕیاری تێكۆشانی بۆدا لە پارادۆكسدایە. لەدوایین هەڵوێستیش ئەم حاڵەتەمان زۆر بەڕوونتر هەستپێكرد، كاتێك گۆڕان لەتەواوی خاڵە بنچیینەییەكانی كە ئامادەیكردبوون بۆ گفتوگۆ هەڵگەڕایەوە، تەنها لەبەرئەوەی یەكێتی توانی لایەنەكان لەسەر حەوت خاڵ رازییبكات، لەسەروویانەوە پارتی دیموكرات، كە مەرجی لەسەر نەگەڕانەوەی دكتۆر یوسف هەبوو، لەكاتێكدا خاڵەكانی یەكێتی هەمان ئەو خاڵانەبوون پێشتر گۆڕان پێشكەشییكردبوون!!. دڵنیاشم هەر ئەو خاڵانە دەبنە بەرمەبنای رێككەوتنی گشتی لایەنەكان، بۆ لەمەولا.
ئەمەوێ لەكۆتاییدا ئەوەبڵێم: دوایین هەوڵی یەكێتی بۆ ناوبژیووانیو كاراكردنەوەی پەرلەمان، داخوازیی جەماوەرو لایەنە سیاسییەكانە، بۆ هەنگاوەكانی داهاتووش ئەو خاڵانە دێنەپێش كە جەماوەری كوردستان چاوەڕوانییانە، بەتایبەت چاككردنی گوزەرانی نالەباری خەڵكو موچەخۆران...
سەرەڕای هەموو ئەو فشارو باج وەرگرتنانە لە یەكێتی بەڵام یەكێتی هەمیشە بەهێزتر سەر دەردەهێنێتەوە، بەتایبەت لەو كاتە تەنگانەدا كە گەل وەك پێویستییەك چاوەكانی دەكەونە سەر یەكێتی، هەموومان شایەدی ئەو چركەساتانەین كە یەكێتی چۆن توانی بە بەرنامەیەكی تۆكمە لەو سنوورانەدا كە هێزی پێشمەرگەی زۆرینە یەكێتی بەكەمترین پشتیوانی دەرەكی كۆتایی بەتیرۆریستانی داعش بێنێ یان بۆ ئازادكردنی شارۆچكەی مەخمور كاروانی ئەو هێزانەمان لەبیرە كە لەسلێمانی بەڕێكەوتن بۆ ئازادكردنی، چونكە تیرۆریستان ترسێكی زۆریان خستبووە ناو جەرگەی هەولێرو هەمووی 10 كلم دووربوون لێی، یان ئەو هاوكارییانەی لەدژوارترین دۆخدا بۆ رۆژاوی كوردستان بەڕێكران. بۆیە دەڵێم هەمیشە سەركەوتن بۆ ئەو هێزو كەسانەبووە لەمێژوودا كە توانییویانە رێڕەوی مێژوویی دیاریبكەن، لەم پێناوەدا یەكێتی رێڕەوێكی دیاریكردووە بۆ لێكتێگەیشتنو مامەڵەی دیموكراسی و ئازادییەكان، بۆیە پێموایە یەكێتی لەوەش لاوازترببێ وەك هەندێك مەزەندەی دەكەن، دەستكەوتەكانی شایانی ئەوەن رۆڵەكانی ئێستاو ئاییندە بەشانازییەوە باسیان بكەن.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق