الاثنين، 14 أغسطس 2017

كوردی تیرۆریست!


















                                                                                                       حەسەن هەندرێنی               

 یەكێك لەوچەمكانەی لەم دواییانە پێشخرا، چەمكی تیرۆریست بوو، بەتایبەت دوای هەرەسهێنانی یەكێتی شۆرەوی لە1989‌و دەركەوتنی رێكخراوە ئیسلامییە رادیكاڵییەكان، لەسەروویانەوە رێكخراوی ئەلقاعیدە (كە ئوسامە بن لادن رابەرایەتییدەكرد ‌و ئێستاش لەژێر رابەرایەتی ئەیمەن زەواهرییدایە). دەركەوتنی ئوسامە بن لادن تا مردنیشی  لەلایەن ناوەندەكانی رۆژاواو ئەمریكا، هەر بەگەورە تیرۆریست ناوی دەبرا. ئەمە ئەگەر سەرێكی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ئەو رێكخراوە كاری تێكدەرانە‌و قێزەونی دژ بەكۆمەڵگاكان‌و مرۆڤایەتی ئەنجامدەدا، سەرێكی دیكەی ئەوەیە ئەمانە كەوتنە بەرەی دژ بەئەمریكا‌و رۆژاوا. 

 ئەگەر زیاتر لەسەر ئەم باسە بڕۆم‌و بە قووڵاییەكانی مێژوودا بچمە خوارەوە، رەنگە دووربكەومەوە لەوەی مەبەستمە بیڵێم، ئەی تیرۆریستی كورد بۆ؟ ئایا كورد دەكەوێتە ئەم خانەیە كە تاكەكانی یان میلیتارەكانی وەك تیرۆریست ببینرێن، لەبری ئەوەی وەك شۆڕشگێڕ بناسرێن؟. چونكە مەعلومە كورد خاوەنی دۆزە، دۆزەكەیشی رەوایە‌و بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و دیموكراسییەكانی خەبات دەكات. 
 ئەوەی لای من‌و هەزارانی وەك من بۆتە پرسیار‌و لەهەمانكاتدا جێی نیگەرانیش ئەوەیە، تێڕوانینی وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمریكایە  بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان لەباكوری كوردستان‌و ناساندنی میلیتارەكانیەتی بەتیرۆریست، لەكاتێكدا هەموو جیهان دەزانێ  ئەوان لەناچاری دەستیان داوەتە چەك‌و چەندینجار یان بەبەردەوامیش لەڕێی تەواوی كەناڵەكانی موخاتەبەكردن پەیامی ئاشتییان بەرزكردۆتەوە.
 لەلایەكی دیكە ئەمریكا باش دەبینێ‌ كەوا خاكی كوردستان سوتماك دەكرێ، لەلایەن رژێمی ئێستا توركیا‌و گەلەكەی قڕدەكرێ... سیستەم بەباری نائاسایی بەڕێوەدەبرێ‌و ئۆپەراسیۆنە نەزۆكەكان درێژەیان هەیە‌و زیندانەكان ئاخنراون لەكەسانی تێكۆشەر، كە تاكە خواستیان ئاشتی‌و دیموكراسیی بووە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمان لەبەرامبەر دەوڵەتێك راساون، كە وەك هاوپەیمانێكی دێرین بۆ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبینرێ‌، بەتایبەت لەماوەی شەڕی سارددا، كە وەك پێگەیەك ‌و داردەستێكی ئیمپراتۆڕە تازەكەی جیهان ( ئەمریكا) گرنگییەكەی بەدیاركەوت.  لەسەرینی ئەمەوەیە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم پێناسەیەیان بەسەر خەباتی گەلی كورد داداوە لەباكوری وڵات، ئەگینا هەمان رۆح لەجەستەی كەسانی دیكەی پارچەیەكی دیكەی وڵات – رۆژاوا...(هەمان پەروەردە‌و كاریگەری) دەبینین وەك هاوپەیمان لێیان دەڕوانرێ . ئەمە ئەو دوالیزمەیە كە ئەمریكا بەهەمیشەیی كاری لەسەر دەكات، بۆیە ئەوانەی پێیان وایە ئەمریكا فریادڕەسە، لەهەڵەدان. ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی تەحەكومی پێدەكەن. لەسیاسەتدا مەحاڵ نیە ‌ودوور نیە ئەو رۆژەش ببینین كە سەربازە ئەمریكییەكان لەگەڵ گەریلاكانی باكور لەیەك سەنگەر ببینین، وەك چۆن لەكۆبانێ ‌و منبج‌و رەققە دەیانبینین. ئەمە ئەو چەمكەیە ئاوس نیە بە كردەوەی تێكدەرانە‌و دژە ئینسانییانە، بەڵكو چەمكێكە رۆژاوا دایدەتاشێ‌و ئەیدورێ  كێی مەبەست بێ ئەیكاتە بەری!!.



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق