الاثنين، 14 أغسطس 2017

ئامانج دەوڵەتە، ژیان چیە؟!





















                    حەسەن هەندرێنی                                                    

  دوای ریفراندۆمی ساڵی 2005 كە گەل بەڕێژەی نەوەتو هەشت لەسەدا دەنگی بۆ سەربەخۆیی‌و جیابوونەوەدا، ئەمە بۆ جاری دووەمە ئەم ناونیشانەی سەرەوە دەبێتە دروشم یان راستتر بڵێم بۆتە وتەی بەشێك لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا بەر لەم بەروارە‌و بەدیاریكراویش بەر لە ڕاپەڕین‌و خۆحوكمڕانیی، ژیانی هەموومان هیچ نەبوو یان ئامادەبووین هەمووی تەرخانكەین‌و بیكەینە قوربانی پێكهێنانی ستاتۆیەك بەناوی كوردستان. بەڵام بۆچی دوای ئەو هەموو خواست‌و خەونە دیرۆكییانە، ئەو ئامادەییە بوونی نیە؟ یان هیچ نەبێ بەشێك لەگەڵ دروشمێكی پێچەوانەدان"  پرۆزترین بەها ژیانە، یان گەر ژیان نەبێ دەوڵەتمان بۆچیە؟" ، ئایا هەڵگەڕانەوەیەك هەیە لەئامانجی دەوڵەت؟ یان ئەو پێوەرانە گۆڕاون كە خەڵك ئازادی‌و مافەكانی پێدەپێوا؟ یان لەو ئازادییە پەشیمانن كە بەدەستهاتووە‌و پڕە لەكێماسی؟ ئاخر ئازادی نابێ گەردی پەشیمانی هەڵبگرێ ... نابێ تۆزی بێئومێدی لەسەر بنیشێ، ئایا دەكرێ بڵێین ئەو ئازادییەی بەدەستهاتووە ماكی بێئومێدی گرتووە؟ ئەگەر وایە پاسەوانانی ئازادی بۆ هێشتیان، بێئومێدی جەنگاوەرەكانی بە سنووری وڵاتی ئازاد وەربكا؟ ئەو هۆكارانە چین؟ ئەی كێ بوون ئەوانەی مژدەی ئازادییان راگەیاند؟ ئایا گەل هیچ بەشداریێكی نەبوو لەسەرخستنی ئازادییدا؟ ئەگەر بەشداربووە بۆ دەنگی ناڕەزایی هەڵدەبڕێ؟ یان ناڕەزایی بەرامبەر كێ؟ كێن ئەوانەی ناڕەزایەتیان بەرامبەر دەردەبڕدرێ؟ ئایا رووبەڕووی ئەوانەیە كە مژدەی ئازادییان پێبوو؟ ئەگەر ئەرێیە، ئەمە چ كارەساتێكە... چ وەیشومەیەكە رووی لە وڵات كردووە؟.
 وەڵامی ئەو پرسیارانە‌و دەیان پرسیاری دیكەیش لەتابلۆی ئێستای سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، گوزەرانی هاوڵاتیانی باشووری كوردستاندا رەنگدەداتەوە. هەریەكەمان وێڕای دەیان  پرسیاری دی، وەڵامیشمان بۆیان هەیە (بەئاراستەی جیاواز) بەڵام لەهەموو ئەو پرسیارانە گرنگتر بۆ ئەمڕۆ كە بۆتە وێردی سەر زاری هاوڵاتیان ئەوەیە: ( ئایا ریفراندۆم دەكرێ یان نا؟ ئەگەر كرا دەرەنجامەكانی چی دەبن؟).
 لە دروستكردنی ئەم پرسیارەدا ئەوانەی لەم هەرێمەدا هونەری سیاسەت بەڕێوەدەبەن كەسانی پڕۆفیشناڵن‌و قاڵبووەوەی نێو ئەزموونی سیاسین، چونكە لەوەدا سەركەوتن كە هاوسەنگیێك رابگرن لەنێوان ( ناڕەزایەتی‌و سەركێشانی بۆ تێكدانی بار) لەگەڵ ( دەنگهەڵبڕین بۆ سەربەخۆیی) كە لە ئەزەلەوە ئەمە داخوازیێكی ریشەیی هەر تاكێكی ئەم هەرێمەبووە، كەواتە گەڕانەوە بۆ ئەم یادەوەرییە‌و مژدەی بە پراكتیككردنی ئەو خەونە مەزنە،  هەموو تەمەكان دەڕەوێنێتەوە‌و هەموو دەردان چارەسەر دەكات‌و باری گوزەرانی خراپیش ناهێڵێ، عەسایەكی سیحرییە لەگەڵ یەكەم رۆژی دوای ریفراندۆم زگە برسییەكان تێردەبن، گیرفانەكان پڕدەبنەوە، گەندەڵی دەبێتە چەمكێكی لەبیرچووەوە‌و لەزاكیرەی خەڵكیدا  رەشدەبێتەوە، سەرە جەنجاڵەكان ئازاد‌و سەرفیرازدەبن، ئەو سیاسەتە چەوتانەی نەیانتوانی دوای بیست‌و شەش ساڵ حوكمڕانی ستراتیژێك بۆ ئاسایشی خۆراك دابنێن یان نەیانتوانی لەوەبەرهێنانی نەوت سەركەوتووبن، یان نەیانتوانی لەوەبەرهێنانی سامانی كشتوكاڵی‌و پیشەسازی‌و گەشتوگوزاری داهێنانێك بكەن، یان نەیانتوانی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە كە خۆی لە خۆراك، ئاو، كارەبا، خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان‌و پاراستنی ژینگە...دەبینێتەوە دابین بكەن، یان پەرەپێبدەن، ئەمانە هەمووی رێكدەخرێنەوە بەدەستی هەمان ئەو كەسانەی كە لەبەرپرسیارێتی راناكەن، چونكە ئەمان  نایانەوێ وڵات لە مەینەتی جێبێڵن، حاڵیان حاڵی میللەت بەخاك دەگیرسێنەوە، كوڕ‌و كچ‌و نەوەكانیان لەم هەوا ئازادە گۆش‌و پەروەردەدەكەن، نەفرەت لەژیانی هەندەران دەكەن، كورەیەكی گەورە لەسەر قەڵای هەولێر دادەگیرسێنن پاسپۆرتەكانیان تێدەهاوێن، لەیەكەم هەنگاودا قەرزێكی زۆر لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەكەن،  ئەو بارە لارەی پێڕاست دەكەنەوە‌و دواتریش كۆنتراكتی نوێ بۆ سامانە سروشتییەكان بە دەیان ساڵی دی لەگەڵ وڵاتان دەبەستن. دەسا ئەی گەل لەمە زیاتر چیتان دەوێ، خۆتان بۆ بیست‌و پێنجی نۆ ئامادەكەن ‌و بەبەڵێ دەنگی خۆتان بدەن!!. 



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق