ئۆپۆزیسیۆنو دژەكانی

حەسەن هەندرێنی
لەهەر وڵاتێكدا كە پلۆرالیزم بوونی هەبوو، بەڕادەیەك نیشانەی ئەوەیە دیموكراسیی بوونی هەیەو كۆم ئەكەوێتە بەردەم بژاردەی دڵخواستی خۆی لەڕێی هەڵبژاردنو دەنگهەڵبڕینو رێكخستنو خۆپیشاندانو نواندنی چالاكیی جۆراوجۆر ...هتد. وەك ئامرازێكی دیموكراسیش بۆ داواو خواستەكانی خەڵك و كۆمەڵگا، چەندین پارتی سیاسی وەك مافێكی بنچینەیی لەململانێدا دەبن بۆ سەركەوتنو گەیشتنە دەسەڵات، تا بتوانن كارنامەكانیان جێبەجێبكەن. دواجار یەكێكیان یان زیاتریان بەپێی داخوازییەكانی كۆمەڵگاو لایەنگرانی هەر پارتێك لەم بوارەدا، كە خۆی لەهەڵبژاردندا دەبینێتەوە، دەگەن بەدەسەڵاتو ئەوانی دیكەیش دەكەونە دەرەوەی بازنەكە، یان خۆیان حەزەكەن لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات بمێننەوەو وەك پارتی ئۆپۆزیسیۆن لەكاردابن تا دەنگو داخوازییەكانی گەل بەپێداگرتنەوە لەكەنالە جۆربەجۆرەكانی خۆیان بەدەسەڵات بگەیەنن.وەك راستیێكیش یان بارێكی تەندروست، ئەوەندەی كارەكانی ئۆپۆزیسیۆن ئەكەونە چوارچێوەی ریفۆرمو ململانێی پۆزەتیڤ، ئەوەندە بەچاوێكی دوژمنكارانە لە هەنگاوەكانی ئەم دەسەڵاتە یان ئەوحكومەتە ناڕوانێ كە ئەكەوێتە بەرامبەری، بۆیە لە بەكارهێنانی چەمكی دژەكاندا، بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی باشووری كوردستانو ئەزموونی هەندێ رژێمی هاوشێوە، ئۆپۆزیسیۆنم بەرامبەر بەو حزبانە داناوە كە دەبنە رێگر لەبەردەم كارە پۆزەتیڤەكانیو وەك دژ لە ئۆپۆزیسیۆن دەڕوانن یان دەبنە ئاستەنگ لەبەردەمییدا، هەرچەندە ئەوەی زیاتر باوەو لەم بارەدا قسەی لەبارەوە دەكرێ، ئەو حزبانەن كە دەچنە دەسەڵاتەوە، بەڵام لێرەدا دەمەوێ جۆرێكی دی لە دژەكان بەدیاربخەم، كە دەبنە مایەی بێزاری بۆ حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەوانیش ئەو حزبانەن كە زۆرجار لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا رێژەی پێویستی دەنگیان بەدەستنەهێناوەو نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بكەونە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنو ببنە دەنگی ناڕەزایی، یان دان بەشكستەكانیاندا بنێنو گۆڕەپانەكە چۆلبكەنو بەشێوازێكی دیكە بێنەوە مەیدانی سیاسی، بەداخەوە زیاتر پەرۆشی راگرتنی هەژموونی دەسەڵاتی حكومەتن بەسەر خەڵكدا. لەزۆربەی حاڵەتەكانیشدا هۆیەكەی ئەوەیە، ئەم حزبانە لەدەرەوەی چوارچێوە یاساییەكان، مافی پاراستنو هاوكارییو پەروەردەكردنیان لەلایەن حزبەكانی دەسەڵاتەوە فەراهەم دەكرێ. بەداخەوە هەندێكیان ئەوەندە گوێ لەمست دەبن، وەك كورد دەڵێ: " لەمەلیك مەلیكترن". خۆ كفرە حزبێكی دەسەڵات پێشنیارێك بكاتو بیخاتە بەردەم رای گشتی، ئەم جۆرە حزبانە لێی وەردەگرنەوەو بەرگێكی رازاوەی ئەكەن بەبەرداو تەرویجی بۆدەكەن، وەك بڵێی ئەمان كۆمپانیای بەرهەمهێنانی ریكلامن بۆ حزبە دەسەڵاتدارەكان. ئەم شێوازە كاركردنەی حزبەكان لەجیاتی ئەوەی چارەسەری ئاستەنگییەكانی كۆمەڵگا بكەن، دەبنە ئامرازی قوڵكردنەوەی ئاستەنگییەكان، بەجۆرێك لەجۆرەكان كار لەحزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانیش دەكەنوكارەكانیان دوادەخەن. بەو مانایەی ئەگەر حزبێكیش بكەوێتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتو جەسوورانە بكەوێتە پشتی داخوازییەكانی گەلو شەقام بهەژێنێو لەدەسەڵات بێتەدەنگ، ئەوا حزبە دەسەڵاتدارەكان پاساو بەو حزبە سێبەرانە دەدەنەوە كە لەبازنەی خۆیاندا دەیانبیننو چەندایەتی دەخەنە سەر پارسەنگی چۆنایەتییو، بەمەش هاوكێشەیەكی لاسەنگو نەزۆك دێتە بەر.كەواتە ئەم حزبانە وەك پارێزەری خۆبەخش بۆ دەسەڵات كاردەكەن، گرنگترین ئەركێكیش كە رایپەڕێنن پاساو هێنانەوەیە بۆ كەموكوڕییەكانی پارتەكانی دەسەڵات. بەو مانایەی تا ئەو پارتانە لەدەسەڵات بمێنن، ئەم جۆرە حزبانەش دەمێنن، چونكە لەلایەك دەبنە هەوێنی وەڵامە حازربەدەستەكان بۆ پرسە گرنگەكانی دیموكراسیو پلۆرالیزمو لەلایەكی دیكەیش ئەتوانن شەڕە بچووكەكانی ئۆپۆزیسیۆنیان پێبكەن، ئەمەش دواجار كۆمەڵگا لەڕەشبینی دەهێڵێتەوەو ئەو پرسیارانە دەكوژێ كە پێویستە بكرێن، هەروەها فەزایەكی جەنجاڵو پڕ لەژاوەژاو دەخوڵقێنن، كە هەر دەبێ چاوێكی كۆمەڵگا لەسەر پیلانو تاكتیكەكانی ئەوان بێ. دواجار ئەمانە بۆ تێكدانی ئەو پردانە دەخوڵقێن، كە پێویستە هەبن لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنو دەسەڵاتێكی دیموكراسی!!.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق